ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی ھێزی ئاسمانی سوپای پاسداران رایگەیاند، موشەکی دوورھاوێژی سوپای پاسداران، کە لە دوری ٢٠٠٠ کیلۆمەتر ئامانجەکانی دەپێکێت، دەتوانێت کەشتییەکانی ئەمریکا لە زەریای ھندی، دەریای سوور و ناوەراست بکاتە ئامانج.
وتیشی موشەکی نوێی کروز، لە جۆری پاوە دەتوانێت ١٦٥٠ کیلۆمەتر ببڕێت، فرۆکە بێفرۆکەوانەکانیش توانای ھەڵگرتنی نۆ بۆمبیان ھەیە.
ئەمیرعەلی حاجی زادە، ئەوەشی راگەیاند، بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدایە، کە ئاسایشی خۆرئاوای ئاسیا و جیھان بشێوێنێ.
بایدن لە میانەی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، کە بریارە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بەرێوەبچێت خۆی کاندید دەکاتەوە.
بایدن کە تەمەنی ٨٠ ساڵە، بە تەمەنترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا، لە وەڵامی ئەوەی کە تەمەنی رێگر نابێت لە خۆ کاندید کردنەوەی، رایگەیاند، ئەوەی باس دەکرێت تەنیا لەناو خەڵکدابووە بە باس، تەمەن رێگر نییە لە پرۆژەکەی .
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پابەندن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵگەنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی چین دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ قەیرانی ئۆکراین بەشێوەیەکی ئاشتیانە.
ھاوکات، رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە دواین کۆبوونەوەیاندا لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا ئامۆژگاری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیان کردووە بۆئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا دەستپێبکات، پێیان وتووە، نە ئۆکراین بە ھێرشەکانی روسیا کۆتایی دێت و نە روسیاش بە سزاکان و روبەڕوبوونەوەی لەلایەن وڵاتانی جیھانەوە لەناودەچێت، بۆیە چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ باشترین رێگەیە بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و کۆتایی ھێنان بەشەڕ.
لای خۆیەوە ستیڤان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی چین ھاوکار و ھەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕی نێوان روسیاو ئۆکراین، بەرپرسیارێتی سەرشانی ھەمووانیشە پشتیوانی ھەر ھەوڵێک بکەن کە بۆ بەدیھێنانی ئاشتی دەدرێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیاوە، ئۆکراین لە رووی ھاوکاری مرۆیی، سەربازیشەوە ھەرچییەکی پێویست بووبێت ئەمریکا پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەو وڵاتە لەئێستادا پێویستی بە فڕۆکەی ئێف١٦ نییە، ئامادەشنین پێیبدەن بۆئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی روسیا بەکاری بھێنێت.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاندووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تائێستا قەبارەی ھاوکارییە سەربازیی و مرۆییەکانیان بۆ ئۆکراین گەیشتووەتە ٣٢ ملیار دۆلار، بەڵام بە فەرمانی جۆ بایدن ھاوکارییە سەربازییەکان فڕۆکەی ئێف١٦ ناگرێتەوە.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان, لە کۆبوونەوەیەکدا لە نیویۆرک، بە دەنگی ١٤١ وڵات داوای کشانەوەی خێرا و بێ مەرجی ھێزەکانی روسیای کرد لە ئۆکراین، داواشی کرد ئاشتی دادپەروەرانە و ھەمیشەیی بەدیبھێندرێت. ھاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین دەربڕی، داواشی کردەوە توندوتیژییەکان رابگیرێن، ئاشتی دادپەروەرانە و ھەمیشەیی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراین بەدیبێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکە، ٣٢ وڵات لە نێویاندا ھندستان، چین دەنگیان نەدا، حەوت وڵاتیش کە روسیا، بیلاروس، کۆریای باکور، مالی، نیکاراگوا، سوریا و ئیریتریا بوون، لە دژی بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی روسیا لە ئۆکراین دەنگیاندا.
وەزارەتی دەرەوەی چین، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستپێشخەرییەکەیان بۆ چارەسەری قەیرانی روسیا و ئۆکراین لە ١٢ خاڵ پێکدێت، تێیدا جەختکراوەتەوە لەسەر، گرنگی رێزگرتن لە سەروەری خاکی وڵاتان بەبێ رەچاوکردنی قەبارە، ھێز، سامانەکەی و دەبێت رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.
ھەروەھا، داواکراوە واز لە عەقڵییەتی شەڕی سارد بھێندرێت، چونکە ناکرێت گرەنتی ئەمنیەتی وڵاتێک لەسەر حسابی وڵاتێکی تر بکرێت.
چین داواشی کردووە بە زووترین کات جەنگ و ئاڵۆزییەکان رابگیرێت، چونکە ھیچ لایەنێک لە جەنگدا براوە نییە.
داواشیکردووە بە زووترین کات، دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێێڤ دەستپێبکاتەوە، چونکە دانوستان تاکە رێگەیە بۆ چوونە دەرەوە لە قەیرانی ئۆکراین.
یەکێتی ئەوروپا، سوککردنی سزاکانی بەشێوەیەکی کاتیی بۆ سەر سوریا راگەیاند، لەپێناو خێراکردنی گەیاندنی ھاوکارییەکان، بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە بەھێزەکەی شەشی شوبات.
بەپێی ئەو بڕیارە، رێکخراوە مرۆییەکان پێویستیان بە ماوەی شەش مانگ نابێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ گەیاندنی ھاوکاریی و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە.
یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە بەھای ٢٧.٤ ملیار یۆرۆ ھاوکاری پێشکەشی سوریا و وڵاتانی دراوسێی کراوە کە پەنابەرانیان لەخۆگرتووە، لە دوای بومەلەرزەکەشەوە، یەکێتی ئەوروپا بڕی ٣.٥ ملیۆن یۆرۆ ھاوکاری مرۆیی پێشکەشی سوریا کردووە.
سزاکانی یەکێتی ئەوروپاش لە ساڵی ٢٠١١وە سەپێندراوە و ٢٩١ کەس و ٧٠ قەوارەی سوری دەگرێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، پیۆنگ یانگ چوار مووشەکی کروزی ستراتیژی، لە جۆری (ھواسال_٢) لە ناوچەی کیم چیک بە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆن تاقیکردووەتەوە.
مووشەکەکان ئامانجەکانیان پێکاوە، مەودای دوو ھەزار کیلۆمەتریان بڕیوە.
ئاژانسەکە راشیگەیاندووە، تاقیکردنەوەکە ئاماژەیەکە بۆ توانای سەربازی، مووشەکی کۆریای باکور، ھەروەھا لە چوارچێوەی تاقیکردنەوە و راھێنانەکانی ئەو وڵاتەدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر دوژمنکارییەک.
بەپێی ھەواڵەکە، شیار کۆچ لە گوندی مەندەرەی ناوچەی نسێبین نیشتەجێ بووە، بە شێوەیەکی خۆبەخش سەردانی ناوچەی بومەلەرزەکانی کردوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی لەو ناوچانە لە ماڵکەکەی خۆیدا دەستگیردەکرێت، لە ئێستادا رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری مێردین کراوە.
سولەیمان سوەیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی سوریا و تورکیای ھەژاند یەکێک بووە لە بەھێزترین بومەلەرزەکان لە جیھاندا، بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکانیش، ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا بۆ ٤٣ ھەزار و ٥٥٦ کەس بەرزبووەتەوە.
حکومەتی سوریاش رایگەیاندووە، تائێستا ھەزار و ٤١٤ کەس لە پارێزگاکانی حەلەب، حەما، لازقیەو تەرتوس گیانیانلەدەستداوە، دوو ھەزار و ٣٥٧ کەسیش برینداربوون، لە ناوچەکانی باکوری سوریاش ژمارەی گیانلەدەستدان ٣٥٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیھانیش رایگەیاندووە، ٢٣ ملیۆن کەس لە سوریا و تورکیا بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەردەوام تەرمیش لەژێر داروپەردووەکاندا دەردەھێندرێنەوە.
مات گەیتز ئەندامی کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کردووە، کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ناچار دەکات بە کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا.
لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سوریا ٩٠٠ کەس دەبێت، لەکاتێکدا کۆنگرێس بە ھیچ شێوەیەک رەزامەندی لەسەر بوونی ئەو ھێزانە لە سوریا نەداوە.
ئەو ئەندامەی کۆمارییەکان راشیگەیاندووە، دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەی ١٨ رۆژدا پڕۆژە یاساکە بخاتە دەنگدانەوە، چونکە پەیوەندی بە دۆسیەی جەنگ و ئاشتییەوە ھەیە.
ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤ەوە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراق دەستپێکرد، لە ساڵی ٢٠١٩شدا ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکای لە خاکی سوریا کشاندەوە.
میدیای چین بڵاویکردەوە، لە ناوچەی مەنگۆلیا لە باکوری چین، کانێکی خەڵوز بە ھۆکارێکی نادیار داڕماوە، بەھۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٥٠ی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای رووداوەکە چەندین تیمی فریاگوزاری رەوانەی ناوچەکە کراون، ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان بەردەوامە
پۆلیسی فلۆریدا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئورانج لە ویلایەتی فلۆریدا شەڕە تەقە روویداوە، چەند سەعاتێکی خایاندووە، رووداوەکە کاتێک دەستیپێکردووە کە تەقەکەرەکە لە ئۆتۆمبێلێکدا تەقەی لە ژنێک کردووە و گیانیلەدەستداوە.
پاشان تەقەکەرەکە خۆی کردووە بە ماڵێکدا، تەقەی لە ژن و منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان کردووە، منداڵەکە کوژراوە.
دواتر تەقەکەرەکە گەڕاوەتەوە شوێنی رووداوەکە، تەقەی لە رۆژنامەنووسان و وێنەگران کردووە، بەھۆیەوە رۆژنامەنووسێک لە کاتی رووماڵی رووداوەکەدا کوژراوە، یەکێکی تر بریندار بووە.
پۆلیسی فلۆریدا بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە ناوی کیس ملفینە، تەمەنی ١٩ ساڵە، پێشینەی زۆری تاوانی ھەیە
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین و زریانی بەھێز ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، داکۆتا و چەند ویلایەتێکی تری گرتووەتەوە، بەوھۆیەوە نزیکەی پێنج ھەزار گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە چەند سەعاتی داھاتوو، ئاستی بەفربارین لە چەند ناوچەیەکی باکوری ئەمریکا، دەگاتە ٦٠ سانتیمەتر، ئەوەش لە سێ دەیەی رابردوودا بێ وێنە بووە.
ھاوکات کەشناسی ئەمریکا پێشبینی کردووە، لە ھەندێک شوێن خێرایی زریانەکە دەگاتە ٨٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەوەش پلەی گەرما بۆ ٤٥ پلە ژێر سفر دادەبەزێنێت.
بە پێچەوانەشەوە لە ھەندێک لە ویلایەتەکان کەشوھەوا ئاساییە، پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە بەشێوەیەک لە واشنتۆنی پایتەخت، پلەی گەرما لەمکاتەدا دەگاتە ٢٦ پلەی سیلیزی، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ١٨٧٤وە تا ئێستا، واشنتۆن گەرمای لەو شێوەیەی لە وەرزی زستاندا بەخۆیەوە نەبینیوە.
موراد کۆڕووم وەزیری ژینگەی تورکیا، سەردانی ویلایەتی ئەدیامانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، پشکنینیان بۆ چوار ملیۆن و ٥١١ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ١١ ویلایەتی تورکیا کردووە، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ٥٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەھۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون یان پێویستە بەپەلە بڕوخێندرێن، جەختیشیکردەوە حکومەتی ئەنقەرە لە ماوەی یەک ساڵدا قەرەبووی ھەموو ئەو کەسانە دەکاتەوە کە ماڵ و باڵەخانەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەشی ئەم مانگە، دوو بوومەلەرزەی بەھێز بە گوڕی ٧.٧ _ ٧.٦، باکور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریایان ھەژاند، بەھۆیانەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەس گیانیانلەدەستداوە.
لەسەر بانگھێشتی ھاوتا عێراقییەکەی، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێکی یاوەری بەرەبەیانی ئەمرۆ گەیشتنە فرۆکەخانەی بەغداد و لەلایەن ھیشام عەلەوی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیان لێکرا، دواتریش سەردانی شوێنی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیسیان کرد لە نزیک فڕۆکەخانەکە.
بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانەکەی عەبدوڵاھیان دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ھەردوو وڵات زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییە و لێپرسراوانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات.