ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی سزاکانی سەر روسیا تاوەکو مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، بەھۆی ئەو جەنگەی بۆ سەر ئۆکراین بەرپایکردووە.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە، یەکێتیی ئەوروپا نۆ زنجیرە سزای بەسەر روسیا سەپاندووە، کە کۆتوبەندی دارایی و بازرگانی و سزای تاکەکەسی گرتووەتەوە. لەو کاتەشەوە سزای بەسەر ھەزار و ٣٨٦ کەس و ١٧١ دامەزراوە و رێکخراوی روسی سەپاندووە.
لای خۆشیەوە "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا رایگەیاند، سزاکان و ھەوڵەکان بۆ لاوازکردنی مۆسکۆ گورزێکی کوشندەیە بۆ ئابوری ھەمووو جیھان، جەختیشیکردەوە لەوەی سزاکان رێگری لە گەشە و پەرەسەندنەکانی روسیا ناگرن.
ناوەندیی بومەلەرزە لە پەیمانگای جیۆفیزیای زانکۆی تاران بڵاویکردەوە، سەعات ٤:٤١خولەکی بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەزرەیەک بە گوڕی ٥.٥ پلە بە پێوەری رێختەر گوندی ( درز)ی شاری لارستانی سەر بە پارێزگای فارس لە باشوری رۆژئاوای وڵات روویداوەو ھیچ زیانێکی نەبووە.
ھەر ئەمرۆ دوو پاشلەرزەیەکی تر بە گوڕەکانی ٤ و ٤.١ پلە بە پێوەری رێختەر لە شارەکانی ئامەد و مەڕەشی باکوری کوردستان روویاند. لە کەناراوەکانی لوبنانیش بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٢ پلە بە پێوەری رێختەر و بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە ناو دەریای ناوەڕاست روویداو دانیشتوانی شاری سەیدای لوبنان و بەشێک لە دانیشتوانی فەڵەستین ھەستیان پێکرد.
ئیدارەی "بایدن" پێشنیازی سەپاندنی کۆتوبەندی زیاتریکردووە بۆ داواکارانی مافی پەنابەری، بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی کۆچبەران بکات لە سنورەکانی باشورەوە، لە دوای ھەڵگرتنی رێکارەکانی کۆرۆنا لە مانگی ئایاری داھاتوودا.
بەپێی ئەو رێکارە نوێیانەی کە حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت جێبەجێی بکات، دەبێت کۆچبەر پێشتر داوای مافی پەنابەری بکات نەک لەگەڵ گەیشتنی بە سنورەکان، ئەگەر نا بە نەشیاو بۆ مانەوە لە قەڵەمدەدرێن.
لێپرسراوێکی ئەمریکیش کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە دەڵێت، ئیدارەی "بایدن" نایەوێت پشێوی لەسەر سنورەکانی دروست بێت، بەتایبەت ئەگەر کۆنگرێس شکستیھێنا لە گرتنەبەری ھەر رێکارێک.
بڕیارە ئەو رێکارە نوێیانە راستەوخۆ لە دوای ھەڵگرتنی کۆتوبەندەکانی کۆرۆناوە لە مانگی ئایاری داھاتووە دەستپێبکات.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێزێکی تایبەتی سەر بە سوپای ئیسرائیل، ھەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ناوچەیەک لە شاری نابلس لە کەرتی خۆرئاوا لە فەڵەستین و دواتر ھێزی سەربازی زیاتریان رەوانە کردووە و لە چەند میحوەرێکەوە ھەڵیانکوتاوەتە سەر شارەکە و پێکدادانی چەکداری دروست بووە.
ھەروەھا گەمارۆی ژمارەیەک گەنجیان لە ماڵێکدا داوە، پێکدادان دروست بووە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش بڵاویکردەوە، لەو پێکدادانەدا نۆ ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون، ٩٧ی تر برینداربوون کە رەوشی تەندروستی شەش کەسیان خراپە، ھەروەھا ٢٥٠ حاڵەتی تەنگەنەفەسیش تۆمارکراوە.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندییەکانی نێوان بەیجین و مۆسکۆ لە ھەموو بوارەکاندا بەھێزتر دەبێت، رێگە بە دروستبوونی ھیچ ئاستەنگ و رێگەرییەکیش نادەن بۆیان دروست بکرێت بە مەبەستی کۆتایی ھێنان یان لاوازبوونی ئەو پەیوەندییانە، جەختیشیکردەوە، ھەموو بڕوا و متمانەیەکیان بە حکومەت و گەلی چین ھەیە.
پوتن وتیشی، لە ئێستادا قەبارەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان روسیا و چین گەیشتووەتە ١٨٥ ملیار دۆلار، ھەردوولاش کار بۆ ئەوە دەکەن تا پێش کۆتایی ھاتنی ئەمساڵ قەبارەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوانیان بگەیەننە ٢٠٠ ملیار دۆلار
ئانالینا بێربووک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای سەپاندنی سزای لەسێداردان بەسەر ھاووڵاتییەکی ئێرانی - ئەڵمانیی لەلایەن ئێرانەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێرانیان لە بەرلین بانگکردووە، نیگەرانی خۆیان لەو ھەنگاوە پێگەیاندووە و داواشیان کردووە ئێران بڕیارەکە جێبەجێ نەکات.
راشیگەیاند، دوو دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە، کە بە زووترین کات خاکی ئەڵمانیا جێبھێڵن.
ھەروەھا ئۆلاڤ شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا، لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، ئەڵمانیا ئەو ھەنگاوە قبوڵ ناکات، داواشی کرد بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت.
جەمشید شارمەھدی تەمەن ٦٧ ساڵ، ھاووڵاتییەکی بە رەگەزی ئێرانی-ئەڵمانیی، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ھێرشێکی چەکداری بۆ سەر مزگەوتێکی شیراز، لە ساڵی ٢٠٠٨، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکانی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی ئەو دوو بوومەلەرزەیەی شەوی رابردوو بە گۆڕی ٦.٤ و ٥.٨ پلەی رێختەر لە پارێزگای ھاتای روویاندا، شەش کەس گیانیانلەدەستداوە و ٢٩٤ کەسیش برینداربوون و رەوشی تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە. ھەروەھا ژمارەیەک باڵەخانە بە تەواوی تەختی زەوی بوون و ھێڵەکانی کارەباش پچڕان.
روانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو دوو بوومەلەرزەیی ھاتای ھاووڵاتیانی پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب و دیمەشق ماڵەکانیان لە ترسی دارمان چۆڵکرد، ھەروەھا لە ناوچەی جەندریسی سنوری تورکیا و عەزازیش ژمارەیەک باڵەخانە رووخان.
ھاوکات بەھۆی دروستبوونی ترس و پاڵنانیشەوە لەدوای بوومەلەرزەکە لە حەلەب و تەرتوس و حەما چوار کەس گیانیانلەدەستداوە، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە نزیکەی ٤٧٠ کەس.
شەوی رابردوو لە تورکیا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی ٦.٤ و ٥.٨ بە پلەی رێختەر لە ھاتای روویاندا و دواتریش ٢٠ پاشلەرزە روویانداوە. ھاوکات باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە داوای لە رەوەندی عێراقی کرد کە لە ھاتای نیشتەجێن، لە باڵەخانە و شوێنە مەترسیدارەکان دوور بکەونەوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سزاکانی ئەمدواییەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ژمارەیەک قەوارە و دامەزراوەی وڵاتەکەی، بەمنزیکانە کۆماری ئیسلامی ئێران لیستێکی سەپاندنی سزا بەسەر یەکێتی ئەوروپادا بڵاودەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا تێکدەرانەیە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و وڵاتان مافی ئەوەیان نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی سەربەخۆدا بکەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت رۆژی دوشەممە یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر دوو قەوارەی یاسایی ئێران و ٣٢ کەس لە وەزیرانی رۆشنبیری و خوێندن و ژمارەیەک لێپرسراوی ھەواڵگری و دادوەری وڵاتەکەدا سەپاند بە تۆمەتی دەست ھەبوون لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.
یەکێتیی ئەوروپا سامانی ئەو کەس و قەوارانە بلۆک دەکات و گەمارۆی گەشتکردنیان دەخاتەسەر، چونکە تێوەگلاون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، ئەوە پێنجەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.
"رەزا فاتمی ئەمین" وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران رایگەیاند، قەبارەی ھەناردەی کاڵا و شمەکی وڵاتەکەی بۆ عێراق لە ماوەی دە مانگی رابردوودا بەپێی ساڵنامەی ئێرانی واتە لە ٢١ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ەوە، بەڕێژەی ٢٣٪ بەرزبووەتەوە. وتیشی، ھەناردەی ئێران ٥٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ھاوکات ھەناردەی ئێران بۆ تورکیا بەڕێژەی ٤٦% و بۆ روسیا ٢٣% و بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەڕێژەی زیاتر لە ٢٠% زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوو مامۆستای ئاینیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی جەعفەر پەروینی و عەلی رەحیمی، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێرانەوە لە شاری پیرانشار بانگھێشتکراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مامۆستا عەلی ڕەحیمی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی کۆنەخانێی پیرانشار دوای لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە ئازادکراوە، بەڵام مامۆستا جەعفەر پەروینی، یەکێک لە مامۆستایانی خوێندنگای زانستە ئاینییەکانی سەلاحەدین ئەیوبی پیرانشار دەستبەسەرکراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ئەو دوو مامۆستایە پێشتر پشتیوانیان لە مافی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان کردووە، ئیدانەی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانیان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کردووە، ھەر بەوھۆیەشەوە بانگھێشتکراون.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی پێنج مانگی رابردووی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ١٠ مامۆستای ئاینیی دەستبەسەرکراون کە تائێستاش بەشێکیان ئازاد نەکراون.
فەرمانگەی کارەسات و باری لە ناکاوی تورکیا( ئافاد) رایگەیاند، ٩٠ بومەلەرزە کە بەھێزترینیان ٥.٨ پلە بوە بە پێوەری رێختەر لە دوای دوو بومەلەرزە بەھێزەکەی شەوی رابردووی ناوچەکانی سامانداغ و دەفنە لە پارێزگای ھاتای تۆمار کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئەو زنجیرە بومەلەرزەیەوە ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٢٩٤ کەسیش بریندار بوون. ٦ ھەزار خێمەش رەوانە ناوچە کارەساتبارەکان کراون.
لای خۆیەوە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لە سوریا بەو ھۆیەوە ٥ کەس گیانیان لە دەست داوە و نزیکەی ٥٠٠ کەسیش برینداربوون، لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەڵەب و دیمەشقیش زۆرینەی خەڵک شەوی رابردوویان لەسەر شەقامەکان بەسەر برد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی شارەوانی دیاربەکر، لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا، بەردەوامن لە دیاریکردنی زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکان.
لەو میانەیەشدا ئەو بینایانە دیاریکراون کە بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ھەڕەشەن بۆ سەر و ماڵی ھاووڵاتییان.
لە یەکەم قۆناغیشدا، بڕیاری رووخاندن بۆ ٣٥ بینا لە ناوەندی پارێزگاکە و لە شارۆچکەکانی سوور، یەنیشەھیر و باغلار دەرکرا و دەستکرا بە رووخاندنی سێ بینا لە شارۆچکەی باغلار.
وەزارەتی بەرگری بێلارووس لە راگەیانراوێکدا ئاشکرای کردوە، رەوانەکردنی ھێزەکانیان بۆ سنورەکان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەرەشەیەکە کە سوپای ئۆکراین بەھۆی مەشقە سەرازییەکان لە نزیک وێستکەی چیر نۆبڵ ئەتۆمی دروستی دەکات.
لێپرسراواێکی باڵای سەربازی بێلارووس رایگەیاندووە، کۆکردنەوەی ھێزی زۆر لە سنورەکانمان، ئەگەری پێکدادانی سەربازی دروست دەکات، لەبەرئەوە ھەموو رێوشوێنەکانیان توندوتۆڵ کردوە.
رۆژی دوو شەممەش ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بێلارووس رایگەیاند، ھەر ھەوڵێکی دوژمنکارانە بە خێرایی وەڵام دەدەنەوە و ھیچ ھەڕەشەیەکیش قبوڵ ناکەن.
میدیاکانی حکومەتی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و مووشەکەکان دوو ئامانجیان لە مەودای ٣٩٥ کیلۆمەتری و ٣٣٧ کیلۆمەتری بەباشی پێکاوە.
وەزارەتی بەرگری ژاپۆنیش ھەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بە ھاوکاری ئەمریکا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری وردن لەسەر تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە کۆریای باکور رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیی کیشوەربڕی لە جۆری (ھواسۆنگ ١٥) تاقیکردووەتەوە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ تورکیا و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو ھاوتا تورکەکەی رایگەیاند، واشنتۆن و ئەنقەرە ھەماھەنگی سەربازی و ئابووریان ھەیە و ئەو ھەماھەنگیانەش بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرژەوەندی ئیدارەی بایدندایە پەرە بە پیشەسازی فڕۆکەی ئێف ١٦ بدات و جۆری نوێی ئەو فڕۆکەیەش رادەستی تورکیا بکات.
بلینکن راشیگەیاند، ئەمریکا نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لەسەر سنورەکانی لە باشوری وڵاتەکە بە رەسمی دەناسێنێت و بەڵێنیدا بە ھاوکاری و لەنزیکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانە بکەن.
ھاوکات مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەوبڕوایە دایە، ھاوکاریکردنی ھەر گروپێک دژی گروپێکی تر ھەڵەیەکی کوشندەیە، داواشی لە ئەمریکا کرد پابەندی رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٩ بێت.
چاوشئۆغلۆ بە جەختکردنەوە لەسەر لابردنی گەمارۆکانی سەر پیشەسازی بەرگرییانەی تورکیا رایگەیاند، پەیوەندی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەردوامە و ھەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو پەیوەندیانە دەدەن.