بومەلەرزەیەک بە گوڕی حەوت پلە بە پێوەری رێختەر مەغریب دەهەژێنێت
کوردسات نیوز
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
پەیمانگای نیشتمانی جیۆفیزیای مەغریب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ بەدووری ٣٢٠ کلیۆمەتر لە ریباتی پایتەخت بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ پلە بە پێوەری رێختەر روویداوەو چەقی بومەلەرزەکەش ھەرێمی حەوز بووە و لە شاری مەراکیش و چەند شارێکی دەوروبەری زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوەو ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لە نێو دانیشتوانی وڵاتەکەدا بڵاوکردەوەو لە سەرشەقامەکان رۆژیان کردەوە.
پەیمانگای نیشتمانی جیۆفیزیای مەغریب ئاماژەی بەوەشکرد، بومەلەرزەکە بەھێزترینە لە ماوەی سەد ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا و دوای بومەلەرزە سەرەکییەکەش ژمارەیەک پاشلەرزەی تر روویانداوە کە بەھێزترینیان ٦ پلەبووە، پێشبینیشی کرد، لە رۆژانی داھاتوودا پاشلەرزەکان بەردەوامیان ھەبێت.
رەشید خەلفی ئەمینداری وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەوە ٦٣٢ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٣٢٩ کەسی تریش برینداربوون، داواشی لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامبگرن و ھەموو توانا و کەرەستەیەک خراوەتە بەردەست بۆ بەھاناوەچوونی لێقەوماوان.
لەلایەکی ترەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەغریب ھۆشداریدا لە دروستبوونی شەپۆلەکانی تسونامی لە کەناراوەکان ، نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و سەرۆک وەزیرانی ھندستان ھاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکە راگەیاندو ئامادەیی ھەموو ھاوکارییەکیان بۆ لێقەوماوان دەربڕی.