ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ٧٨ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، جیاوازی لەنێو پێکھاتەکانی عێراق ناکەن و پشتگیری لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی رێگەی گەشەپێدان، کە بە کەنداوی بەسڕەدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە تورکیا و ئەوروپا.
"ئەردۆغان" باسی لە قەیرانی ئۆکراینیش کرد و وتی، تورکیا ھەوڵی جدی داوە بۆ کۆکردنەوەی کیێڤ و مۆسکۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ، چونکە لە جەنگدا سەرکەوتوو نییە و لە ئاشتیشدا دۆڕاو نییە.
سەبارەت بە سوریاش وتی، ژیان و گوزەران لە سوریا دوای ١٣ ساڵ لە جەنگی ناوخۆیی خراپتربووە، بۆیە پێویستە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ئاست چاوەڕوانی گەلی سوریا بدۆزرێتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاوینکردەوە، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایی توندکردنەوەی باڵاپۆشی ژنان و کچانی پەسەندکرد، ئەوەش لەپێناو رێگریکردن لەو ژنانەی کە لە شوێنە گشتییەکانی ئەو وڵاتەدا جلی نەشیاو دەپۆشن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەپێی یاساکە ھەر کەسێک پابەندنەبێت بە باڵاپۆشییەوە ئەوا سزای ماددی دەدرێت، ئەگەر کارمەندیش بێت لە دامودەزگا حکومییەکان، لە کارەکەی دوردەخرێتەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ھیچ کەرتێکدا کاری پێنادرێت.
لە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی پۆلیسی رەوشتی ئەو وڵاتە گیانیلەدەستدا بە بیانوی ئەوەی پابەندی باڵاپۆشی نەبووە، ژنانی ئێرانیش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو کارەی دەسەڵاتداران بەشێوەیەکی تەواو پابەندی یاساکانی باڵاپۆشی وڵاتەکەیان نابن.
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشی کرملن رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا پێی وایە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و خۆشی بەو شێوەیە نابینێت کە داببەزێت بۆ ئەو ئاستە نزمەی بایدن و پێویستی بە وەڵامدانەوەش نییە، چونکە ئاستی جەماوەریی بایدن و پوتنیش لەناو وڵاتەکانیان ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە بایدن لە چ ئاستێکدایە و پوتنیش لە چ ئاستێکی جەماوەریدایە.
ئەو وەڵامەی وتەبێژەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەسەرکردنەوەی کامپێکی ئاوارەکانی ئۆکراین لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا رایگەیاند، پوتن دیکتاتۆرە و تاوانباری جەنگە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا، محەمەد شیاع سودانی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا بایدن و سودانی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد و دوایین پێشھاتە ئابووری و سیاسییەکان لە عێراق تاوتوێبکەن، کۆبوونەوەکە جەختکردنەوەیە لە سەربەخۆی بوونی کابینەی حکومەتەکەی سودانی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئێستادا لە ئەمریکایە بۆ بەشداریکردن لە ٨٧ھەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارە لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەشدا، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان ئەنجامبدات.
ماسیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری پیشەسازی درۆن و فڕۆکەی سەربازی، ئەمەریکا تۆڕێکی ١١ کەسی و قەوارەیەکی لە چوار وڵات سزاداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆڕەکە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی پیشەسازی بەرھەمھێنانی درۆن و فڕۆکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە سیان لە ئەندامەکانی لە ئێرانن و ئەوانەی دیکە لەچین و روسیا و تورکیان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، ئەمریکا ھەموو ھەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ راگرتنی بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ھاوکاریکردنی روسیا لە جەنگی ئۆکراین.
بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا دەستپێبکات و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان وتار پێشکەشدەکەن و وەفدی حکومەتی عێراقیش بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەشداری دەکات کە کۆبوونەوەکان لە ئەمڕۆوە تا ٢٦ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانیشدا چەندین کۆبوونەوە و دیداری نیوان سەرکردەکانی جیھان بەڕێوەدەچێت.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خولی ٧٨ھەمینە، بریتین لە کاریگەری خراپی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و یەکخستنی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەشوھەوا.
پارێزگاری ویلایەتی ئەمازۆن لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، فڕۆکەکە لە پایتەختی ویلایەتی ماناوسەوە بەرەو بارسێلۆس بەڕێکەوتوە، لە ناوچەی ئەمازۆنی بەڕازیل لە نزیک شارۆچکەی بارسێلۆسی باکوری ئەو وڵاتە کە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیارییە تێکشکاوە و بەھۆیەوە"١٢" سەرنشین و دوو ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان بەڕازیلی بوون.
میدیاکانی بەڕازیل دەڵێن ھیچ کەسێک لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ڕزگاری نەبووە.
ریکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھەژار لە شارۆچکەی زانکۆی سەقز لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزە ئەمنییەکان رێگەی چون بۆسەر گۆڕی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچیان-یان داخستوە و ھێزێکی زۆریش لەناو شاری سەقزدا بڵاوەپێکراوە، بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەشی بڵاوکراونەتەوە، ئەمرۆ لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، کامێران،، دیواندەرە، بانە و چەند شارێکی تر مانگرتنی گشتی بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران چەند رۆژێکە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان کردووە، بە گوێرەی ئامارەکان لەماوەی دوو ھەفتەدا ٩١ ھاووڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ھەروەھا بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە،دوێنێ لە شاری زاھیدان خۆپیشاندان کراوە، شەوی رابردووش لە شارەکانی بانەو پیرانشار، ھاووڵاتیان بە راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لێدانی ھۆڕن ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە.
ئەحمەد مەساری وتەبێژی سوپای لیبیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەشاری بەنغازی رایگەیاند، زریانی دانیال کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١١ ھەزار کەس تەنھا لە شاری دەرنە کە زیاتر لە ٨٠٠ یان سەربازبوون، زیانی زۆریشی بە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار ھاوڵاتی لیبیا و بیانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەش گەیاندووە و زۆربەی رێگە سەرەکییەکانیش بە تەواوی داخراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە، جگە لە تیمە فریاگوزارییەکان کە رەوانەی ئەو وڵاتە کراون، ملیۆنێک دۆلاریشیان وەک ھاوکاری مرۆیی بۆ لیبیا تەرخانکردووە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی ھێڵی ئاسمانییەوە دوو فڕۆکەی پڕ لە ھاوکاری مرۆیی و کەرەستەی بە پەلە و پێویست رەوانەی لیبیا دەکەن.
مەحمود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمنی، ٥٧٠ خۆپیشاندەر کەلە نێویاندا ٦٨ منداڵ و ٤٩ ژن ھەیە گیانیانلەدەستداوە و زۆرینەشیان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بووە.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری کوژراوان لە ٢٦ شاری جیاواز تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە پارێزگای بلوجستان ١٣٦ کەس ، لە تاران ٧٧کەس، لە کوردستان ٥٧ کەس، لە ئازەربایجان ٥٦ کەس ، لەمازندەران ٤٢ کەس گیانیانلەدەستداوە.
بەپێی ھەواڵی ئاژانسەکانی رۆژئاوا، ئەمڕۆ جارێکی تر سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەتورکیا دەستیان کردووە بە بۆردوومانکردنی گوندی ھۆشەرێی لە باکووری منبج.
راشیگەیاندوە، بۆردومانەکانی تورکیا لە مەنبج و دەوروبەری بەردەوامە، بەڵام تائێستا زیانە گیانی و ماددیەکان ئاشکرا نەکراون.
سامانسا پاوەر بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، دوای کشانەوەی روسیا لە رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین، ئەمریکا و ھاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی لەمانگی تەمووزی رابردووەوە تائێستا کڕین و ھاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینیان لە رێگەی ئاوی و وشکانی و ھێڵە ئاسنینەکانەوە بەڕێژەی ٨٠٠٪ زیادکردووە.
لێدوانەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دوای ئەوە دێت کە لە ١٨ی تەمووزی رابردوودا رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین کۆتایی ھات و روسیاش تورکیا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆکراینی ئاگادارکردەوە کە دژی درێژکردنەوەی ئەو رێککەوتنەیە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی نیوز رایگەیاندووە، راگرتنی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین کارێکی ھێندە قورس و مەحاڵ نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت، چونکە کیێڤ و مۆسکۆش ئامادەن شەڕ رابگرن بەتایبەتیش خودی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا کە چەندینجار ھەوڵیداوە ئەو شەڕە رابگرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە چەند وڵاتێک ھەن رێگرن لە راگرتنی شەڕی نێوان ئۆکراین و روسیا، چونکە بەرژوەندییان لەگەڵ بەردەوامی شەڕدایە لە ھەر شوێن و وڵاتێک بێت.
وتیشی، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی تەنھا ٢٤ سەعاتدا شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین رابگرێت.
فیدیریکۆ فوسی وتەبێژی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، لە رۆژانی دوو شەممە بۆ چوارشەممە ٨٥٠٠ کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونسەوە گەیشتوونەتە دوورگەی لامبیدوسای ئیتاڵیا لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی دوورگەکە حەوت تەنھا ھەزار کەسە.
ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوای لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد دەستوەردان بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە، وتیشی، رەوشەکە شیاوی پشتگوێخستن نیەو رەوشی ئەفریقا نەک مایەی تەقینەوەیە، بەڵکو بە کردەوە تەقیوەتەوەو داوای لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد دەستوەردان بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فشارانەی بەھۆی زیادبوونی کۆچبەرانەوە رووبەرووی وڵاتەکەی بووەتەوە.
فەریق خۆسیە ئەنتۆنیۆ سەرۆکی نوێنەرایەتی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨_ەوە تائێستا ھیچ ھێزێکی شەڕکەریان لەعێراق نەماوە و ئەرکیان تەنھا ھاوکاریکردنی بەغدادە لە دروستکردنەوەو بنیاتنانەوی سوپای عێراق بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتیش لە رێگەی مەشق و راھێنانەوە بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.
وتیشی، مانەوەی ھێزەکانیان لە عێراق بە تایبەتیش لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی داعشەوە، لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە و ھەموو چالاکییەکانیشیان بە ھەماھەنگییە لەگەڵ حکومەتی بەغداد.
مانگی سووری لیبی بڵاویکردەوە، بەھۆی زریانی دانیاڵ کە شاری دەرنەی گرتەوە، تائێستا ١١ ھەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕانی تیمەکانی فریاگوزاریش بەدوای ئەو کەسانەی گیریانخواردوووە و یان بێسەروشوێنبوون بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە سەرۆکی شارەوانی دەرنە رایگەیاند، پێشبینیدەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس بەرزببێتەوە.
ھاوکات تائێستا زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسیش بێسەروشوێنن و زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەسیش بێماڵ و حاڵبوون و پێویستیان بە کۆمەک و ھاوکاریی مرۆیی بە پەلەیە.
زریانی دانیاڵ ماوەی ٤ تا ١٢ی ئەم مانگەی خایاند و بەھۆی بارانبارینی زۆر و قوڕ و لیتەوە شاری دەرنەی لیبیا دووچاری کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بووەوە.