د.لەتیف رەشید لە کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاو: عێراق روبەڕووی قەیرانێکی بێوێنەی ئاو بووەتەوە
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٣
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە وتارەکەیدا رایگەیاند، عێراق روبەڕووی قەیرانێکی بێ وێنە ئاو بووەتەوە و کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فوراتیش خراپترین قەیرانی ئاوی لە مێژووی عێراقدا دروستکردوە.
لە وتارەکەیدا د. لەلەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق وتی، "عێراق روبەڕووی قەیرانێکی بێ وێنەی ئاو بووەتەوە کە بەھۆی کاریگەرییە ئاڵۆزەکانی گۆڕانی کەشوھەوا خراپتر بووە و کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاویش لە سنوورەکانەوە بۆ ڕوبارەکانی دیجلە و فورات بەھۆی سیاسەتی ئاوی وڵاتانی دراوسێ، خراپترین قەیرانی ئاوی لە مێژووی عێراقدا دروستکردوە، چونکە عێراق بە پلەی یەکەم پشت بەو ڕووبارانە دەبەستێت."
سەرۆک کۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، قەیرانی ئاو تا ئاستێکی مەترسیدار بووەتە ھەڕەشە لەسەر ژیان و ھەلی کار و ئاسایشی خۆراک لە عێراق، ئەگەر چارەسەریش نەکرێت ھێندەی تر مەترسییەکە زیاد دەکات.
د. لەتیف رەشید وتیشی، لە ساڵانی داھاتوودا پێویستی ئاو زیاتر دەبێت و لە ئێستاشدا نزیکەی ٤٠%ی عێراق لەژێر ھەڕەشەی بە بیابانبووندایە، بۆیە پێویستیان بە ھاوکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە و حکومەتی عێراقیش پلانی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو بەتایبەتی دروستکردنی بەنداو لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باشوور و خۆرئاوای عێراق.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، "پێشبینی دەکرێت لە دەیەی داھاتوودا پێویستی ئاو لە عێراق زیاد بکات بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی ئابووری و گۆڕانی کەشوھەوا، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاویش کە دیجلە و فوراتن بەردەوام لە کەمبوونەوەدان."
لە بەشێکی تری کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو لە جیھاندا پێویستی بەدەستپێشخەری و کارکردنی جدییە.
ئامانجی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە لە رێگەی دەستپێشخەری و پلانی وڵاتانی بەشداربوو، چارەسەرێکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ قەیرانی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و مەترسییەکانی بە بیابانبوون.