رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی شەممەی رابردوو ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارۆچکەی نەوسوودی سنووری پارێزگای کرماشان، دەسترێژی گولـلەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا لانیکەم ١٠ کۆڵبەر برینداربوون، کە زۆرینەیان خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، ھێزە ئەمنییەکانی ئێران دوای ئەوەی دەسترێژی گولەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە، دەستیان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلەکانیاندا گرتووە و بەشێکیان لە بەرزاییی سنوورەکانی "تەتە"ی ھەورامان سووتاندووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتی سەردانێکیدا بۆ نیپاڵ رایگەیاند، بەھەر رێگە و شێوازێک بێت پێویستە شەڕ و خوێنڕشتن لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل رابگیرێت، چونکە سەعات لە دوای سەعات رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەرەو داڕوخانێکی یەکجاری و مەترسیدار دەچێت و بە بەرچاوی ھەمووانەوە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە غەززە دروستبووە.
وتیشی، چڕکردنەوەی ھێرش و بۆردومانەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە مایەی نیگەرانییە، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیھان داوای ھێورکردنەوەی رەوشەکە و ئاگربەستێکی کاتی دەکەن لە پێناو گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی لێقەوماو کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسن و بێبەشن لە خۆراک، ئاو، شوێنی مانەوە و چاودێری پزیشکیی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیا عەرەبییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسییەوە بڵاویانکردووەتەوە، دەسەڵاتی فەڵەستین کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتی دەکات پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە و تیایدا داوایکردووە بە زوترین کات رێگری لە ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکرێت بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتی فەڵەستین لە پەیامەکەیدا بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئامارەکان بەھۆی ھێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لەکەرتی غەززە ھەر ١٥ دەقەیەک منداڵێک دەکوژرێت، کە ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەززە ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوی (نێت بلوکس) کە چاودێری ھێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات لە غەززە رایگەیاندووە، بەشێوەیەکی سنوردار ھێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بۆ چەند ناوچەیەکی غەززە گەڕاوتەوە بە تایبەتیش بەشی باشوری شارەکە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای گەڕانەوەی ھێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سنوردار، توانیویانە پەیوەندی بە تیمە پزیشکییەکانیانەوە بکەن کە بۆ ھاوکاریکردنی کەرتی تەندروستی غەززە لەو شارەن، بەڵام بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.
روانگەی سوری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا سنوری شاری ئەلبو کەمالیان لە دێرەزوور بۆردومان کردووە، کە دەکەوێتە سنووری نێوان سوریا و عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دەوروبەری پارێزگای دەرعایان لە سوریا کردووەتە ئامانج.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک و دوای تێپەڕبوونی ٤٨ سەعات بەسەر بۆردومانکردنی بنکەکانی ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی بێفڕکەوان لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان مەشق و راھێنانی سەربازیان لە کێڵگەی نەوتی عومەر لەسنوری دێرەزور ئەنجامداوە، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ھاوپەیمانانە لەسوریا.
دانیێل ھەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە کەناڵی ABCـی ئەمریکی راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی رابردو بۆسەر کەرتی غەززە ھێرشی زەمینی نەبووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووە، لە رۆژانی داھاتووشدا ئۆپەراسیۆنی فراوانتر ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھێرشەکانی شەوی رابردودا ١٥٠ پێگەی حەماسیان لە ژێر زەوییدا کردووەتە ئامانج، ھاوکات لە ھێرشەکاندا عەسام ئەنو رکبە، بەرپرسی ھێرشە ئاسمانییەکانی حەماس کوژراوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەرو، لە ئۆپەراسیۆنەکەی سەر باکوری غەززەدا زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی و سەدان مووشەکھاوێژ بەشدارییانکردووە، لە ئەنجامیشدا دەیان تونێل و ژێرخانی سەربازیی حەماسیان لەژێر زەوییدا لەناوبردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەشێک نییە لەو ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ئەنجامی دەدات بەڵام پەیوەندیی بەردەوامی سەربازییان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە.
میدیای سوریی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی پارێزگای حمسەوە بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە گروپە چەکدارییەکان بە دوو درۆن ھێرشیانکردەسەر بنکەی تەنەفی ھێزەکانی ئەمریکا کە دەکەوێتە نزیک سنوری عێراق و سوریا و ئوردن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، سیستمی بەرگری ئەمریکا ھەوڵیداوە روبەڕوی ھێرشەکە ببێتەوە، بەڵام درۆنەکان توانیویانە بگەنە ئامانجەکانیان و بۆردومانی بکەن.
ھێرشەکە دوای چەند سەعاتێک بوو لە تەقینەوەیەک کە لە بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رویدا و بەگوێرەی روانگەی سوریش، ھێرشەکان لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراون.
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە لەناوچەیەکی پیشەسازی کازاخستان کانێکی سەر بە گەورە کۆمپانیای ئاسیلۆ مێتاڵ تەقییەوە و لە ئەنجامیشدا ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان کارمەندی دیکەش لەژێر زەوی کانەکەدا ماون و تائێستا رزگار نەکراون.
کۆمپانیای ئاسیلۆ مێتاڵ کە بارەگاکەی لە لۆکسمبۆرگە چەندینجار تۆمەتبار کراوە بە رێزنەگرتنی سەلامەتی و پاراستنی کرێکاران، ساڵی ٢٠٠٦یش لە روداوێکی ھاوشێوەدا ٤١ کرێکاری ھەمان کۆمپانیا گیانیان لەدەستدابوو.
دوای روداوەکەش ھەردوو حکومەتی کازاخستان و کۆمپانیاکە، بەڵێنی لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوواندا.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگەوە تا رۆژی شەممە ٧٧٠٣ کەس لە غەززە کوژراون، لەو ژمارەیەش ٣٥٠٠ کەسیان منداڵ بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل لە سێ ھەفتەی رابردودا لە ٥٣ ناوچەی غەززە کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە بەھۆی بۆردومانی چڕەوە بۆسەر ناوچەکانی دانیشتوان، لە ھەمان کاتیشدا زیاتر لە ١٩ ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانەوە برینداربوون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکای کردووە ئاماژەی بەوەداوە، ئامانج لە ھێرشکردنەسەر ئەو گروپە چەکدارانە لە سوریا وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەن، کە لەماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا ئەو گروپانە کردوویانەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کە برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لێکەوتووەتەوە.
جەختیلەوەشکردووەتەوە، ئەگەر پێویست بکات رێوشوێنی زیاتر لە عێراق و سوریا دەگرنەبەر، بۆ وەڵامدانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لەو ناوچانە.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئیسرائیل ھەموو بژاردەیەکی ھەیە بۆ گەرەنتیکردنی ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان لەدەستی چەکدارە فەڵەستینییەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٢٠ کەسە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، شەوی رابردوو یەکەکانیان چوونەتە ناو کەرتی غەززە و ئەو ھێرشە زەمینییەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە، وتیشی، شەڕەکە لە غەززە سەختە، بەڵام پاشگەزنابنەوە و لە ژێرزەوی و سەرزەوی حەماس لەناودەبەن.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە فراوانکردنی چالاکییە زەمینییەکانیان لە کەرتی غەززە و کۆمەڵە ھێزەکانی زرێپۆش و ئەندازیی و پیادەکان لە باکووری غەززەوە لە چالاکییدان.
یەحیا سنوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ئامادەن دەستبەجێ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردن بە سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بکەن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان کە لەلای ئیسرائیلن.
لای خۆیەوە، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام-باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل رووبەڕووی شکستێک دەکەنەوە، کە پێشبینی نەکردبێت، وتیشی، لەسەر دۆسیەی دیلەکان پەیوەندیی ھەیە و دەرفەتیش ھەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل دوای دەخات.
وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل تەنھا یەکجار ئامادەبێت، ئەوان ئامادەن بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی دیلەکان.
مایک پێنس کە یەکێک بوو لە رکابەرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان کشانەوەی خۆی لە رکابەریکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند.
مایک پێنس دەڵێت، دوای پێداچوونەوە و بیرکردنەوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەیشتووەتە ئەو بۆچوونەی ئێستا کاتی ئەوە نییە بۆیە بڕیاریداوە بکشێتەوە، بەبێ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ ھیچ کام لە کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا رابگەیەنێت.
بڕیارە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ھەڵبژاردنی ٦٠ھەمین سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ھەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رکابەری بەھێزن بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل لە ھێرشەکەی شەوی ھەینی رابردووی بۆسەر کەرتی غەززە شکستیھێناوە، ئەوەش دووەمین سەرکەوتنە بۆ حەماس.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لەدوای ئۆپراسیۆنەکەی حەماسەوە، ھیچ دەستکەوتێکی نەبووە، ئەوەش شکستێکی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە. وتیشی، ئەمریکا داوای لێکردوون جموجۆڵ نەکەن بەرامبەر ئیسرائیل لەکاتێکدا واشنتن پشتیوانی تەلئەبیب دەکات، بۆیە داواکارییەکەیان ھیچ بنەمایەکی نییە .
سەرۆککۆماری ئێران راشیگەیاند، وەکو ئێران پشتگیری لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن، بەڵام ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئاگربەست نین.
جەختیلەوەشکردەوە، بەرەی بەرگریی لە فەلەستین و ناوچەکە سەربەخۆیە و فەرمان لە تارانەوە وەرناگرن.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە، ھێزەکانی وڵاتەکەی دوو دامەزراوەی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانیان لە رۆژھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێرشەکان لە وەڵامی ئەو ھێرشانەیە لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە کراوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ھەروەھا پەیامێکە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، کە ھەر ھێرشێک بۆسەر ھێزەکانیان دەکرێت ببێتە ھۆی فراوانبوونی زیاتری گرژییەکانی کەرتی غەززە.
شەوی رابردوو، پات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا ١٢ جار لە عێراق و چوار جار لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران ھێرشکراوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا و لەئاکامی ئەو ھێرشانەش، ھاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئەمریکی گیانیلەدەستداوە و ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.