رۆژانی ١٧ و ١٨ی ئەم مانگە، کۆڕبەندی رێگەی ئاوریشم لە شاری پەکینی پایتەختی چین بەڕێوەدەچێت و نوێنەری ١٣٠ وڵاتی جیھان تێیدا بەشداری دەکەن، کە یەکێکیان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیایە.
چاوەڕوان دەکرێت، سەرۆکی روسیا چاوی بە شی جین پینگ سەرۆکی چین بکەوێت و بەھێزکردنی"ھاوبەشییە ستراتیژییەکان"ی مۆسکۆ و پەکین و پەرەپێدانی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تاوتوێ بکەن.
سەردانی پوتن بۆ چین دوای ئەوەدێت، بەھۆی جەنگی ئۆکراینەوە بەبڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی گەمارۆی لەسەرە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە سەردانی سنوری وڵاتەکەیی و کەرتی غەززەی کرد و داوای لە سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد ئامادە بن بۆ قۆناغی داھاتوو.
لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ناتانیاھۆ دەربڕی و رایگەیاند، ھێزەکانیان ئامادەن بۆ چوونەناو کەرتی غەززە و لەیەک کاتدا ھێرشی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی بۆسەر غەززە ئەنجام دەدەن.
لەم بارەیەشەوە کەناڵ ١٢ـی ئیسرائیلی لە سەرچاوەیەکی سوپای وڵاتەکەییەوە بڵاویکردەوە، سوپا ئامادەکاریکردووە و ئەمشەو ھێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە دەستپێدەکات.
ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو لەکاتی ئەرکی رەسمیدا و لە ھەوڵی دەستگیرکردنی تۆماتبارێکدا یەکێک لە کارمەندەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی قەزاکە بەناوی ئێداق زوھێر بە چەقۆ برینداربوو.
راشیگەیاند، دەستبەجێ ئەو کارمەندەی پۆلیس رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەتن کرا و چارەسەری پێویستی بۆ کرا، لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستی جێگیرە.
وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەلایەن ھێزەکانیانەوە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا داوا لە ھاوڵاتییانی مەدەنی ناو کەرتی غەززە دەکات لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان ماڵەکانیان چۆڵبکەن و بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن بە مەرجێک نزیکی سنووری خاکی ئیسرائیل نەبنەوە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چەند رۆژی داھاتوودا بە چڕی کەرتی غەززە بۆردومان دەکەن و نایانەوێت ھاوڵاتی مەدەنی ببێتە قوربانی.
ھەروەھا، ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە بەکارھێنانی ھاوڵاتی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە تونێل و باڵەخانە مەدەنییەکاندا خۆیان حەشارداوە.
مانگی سوری فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مەحاڵە ھاوڵاتییانی مەدەنی ناو کەرتی غەززە، کە ژمارەیان لە یەک ملیۆن کەس زیاتر بتوانن لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ماڵەکانیان چۆڵبکەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی سوپای ئیسرائیل، کە داوای لەو ھاوڵاتییانە کرد ماڵەکانیان بەرەو باشووری کەرتی غەززە بەجێبھێڵن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھیچ رێگەیەک نییە بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە لە ھاوڵاتی مەدەنی لەماوەی ٢٤ سەعاتدا، جگەلەوەش ھیچ گەرەنتییەک نییە ئەو ھاوڵاتییانە لە باشووری کەرتی غەززە ژیانیان پارێزراو دەبێت.
لای خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس داوای لە ھاوڵاتییانی مەدەنی کەرتی غەززە کردووە، داواکارییەکی سوپای ئیسرائیل جێبەجێنەکەن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە
حسێن ئەمیرعەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد، گەیشتە بەیروت و لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان رەوشی فەڵەستینیان تاوتوێکرد، دواتریش لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، کۆچپێکردنی دەیان ھەزار فەڵەستینی و بڕینی ئاو و کارەبا، تاوانی جەنگە و ئەگەر ئیسرائیل لەسەر ئەو تاوانکارییانەی بەرامبەر فەڵەستینییەکان بەردەوام دەبێت، لە چەندین لایەنەوە وەڵامدەدرێتەوە، کە بەرپرسیارێتی ئەوەش لە ئەستۆی ئیسرائیلە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتیووانیی وڵاتەکەی بۆ فەڵەستین دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، کرانەوەی بەرەیەکی تری شەڕ، ئەگەرێکی کراوەیە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا، رۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم، لە شاری ئەنقەرەی پایتەخت، پارتی چەپی سەوز-یەسەپە کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت، کە چاوەڕوان دەکرێت ناوی پارتەکە و ھاوسەرۆکان و ھاو وتەبێژان و بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتییەکانی پارتەکە بگۆڕدرێن.
ھەر لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکاری لە بەشێکی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەسەپە دەکرێت، ھاوکات بانگھێشتنامە بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان جگەلە ئاکەپە و مەھەپە نێردراوە و پێشبینی دەکرێت رێژەیەکی زۆر میوان بەشداریی کۆنگرەکە بکەن.
لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و لەو بارەیەوە پەیامێک ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت.
پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، بە میراتگری پارتی دیموکراتی گەلان-ھەدەپە دادەنرێت، چونکە بەھۆی مەترسیی داخستنی ھەدەپە، ناوەکەی بۆ یەسەپە گۆڕا.
لقی فەڵەستینی جوڵانەوەی نێودەوڵەتی بۆ داکۆکیکردن لە منداڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، ٣٢٦ منداڵ لە کەرتی غەززە و شەش منداڵ لە کەناری رۆژئاوا کوژراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەھۆی نەبوونی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ خۆی ھەڵکردووە بۆ بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و کوشتنی منداڵانی فەڵەستینی.
، لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە، بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە تادێت ئاماری کوژراو و بریندارانی ھاوڵاتییانی فەڵەستین روو لە زیادبوونە و ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە ھەزار و ٣٥٠ کەس و زیاتر لە شەش ھەزاری دیکەش برینداربوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ئیدریس مینبەری خەڵکی شاری سنە و چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە، بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی گشتی سزای یەک ساڵ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندراوە، ھەروەھا دووریش خراوەتەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئیدریس مینبەری لە ماوەی رۆژانی دەستبەسەرکرانیدا، ڕەتیکردووەتەوە بە زمانی فارسی قسە بکات و لەکاتی لێپرسینەوەدا بە ھێزەکانی ئیتلاعاتی راگەیاندووە، تەنیا بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
ئیدریس مینبەری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە، رۆژی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا، دوای ٤٣ رۆژ دەستبەسەرکردن بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن بەشێوەیەکی کاتی ھەتا تەواوبوونی ماوەی دەستبەسەرکرانی ئازادکرابوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە سزای لەسێدارەی پێنج بەندکراو کە ناسنامەی یەک کەسیان ئاشکراکراوە بەناوی حسێن محەممەدی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، کە پێشتر بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی ھۆشبەرەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.
راشیگەیاند، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی دیکە و بەھەمان تۆمەت جێبەجێکراوە کە ناسنامەیان تائێستا ئاشکرانەکراوە.
ھاوکات ھاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی یارسان بەناوی رەزا رەسایی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەحنەی سەر پارێزگای کرماشان کە لە نارەزایەتییەکانی"ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکراوە، لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکان لە کرماشان، بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی ھێزە ئەمنییەکان سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رەزا رەسایی لە ماوەی دەستگیرکردنیدا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجەدراوە و بەمەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی دادوەری، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە.
میدیای نزیک لە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل ھێرشێکی دوژمنکارانەی بۆ سەر ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب ئەنجامدا و لە ئەنجامیشدا خزمەتگوزارییەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەکە بەکاتی راگیران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکانەوە، فڕۆکەخانەی حەلەب زیانی ماددیشی بەرکەوتووە، بەڵام ھیچ ھەواڵێک لەبارەی بوونی زیانی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.
بۆردومانەکەی ئیسرائیل ھاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بڕیارە لەچەند سەعاتی داھاتوودا سەردانی دیمەشق بکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشھاتەکانی تایبەت بە ھێرشەکانی سەر فەڵەستین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا پەرلەمانی ئیسرائیل دەقی رێککەوتنەکەی نێوان بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیران و بینی گانتس، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەسەندکرد بۆ گۆڕانکاری لە حکومەتی وڵاتەکە و پێکھێنانی حکومەتی "باری نائاسایی".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حکومەتی ئیسرائیل ئەنجومەنێکی وەزاری بچوکراوە پێکدەھێنێت و تەواوی بڕیارە سەربازیی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی بەدەستدەبێت و لە پێنج کەس پێکدەھێندرێت.
حکومەتە تازەکەی ناتانیاھۆ ھەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان تێدانەکرد، یائیر لاپید سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە و یەکێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، ھێرشەکەی شەممەی رابردوو شکستێکی گەورەی حکومەتە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، بۆیە ئەو بەشداری لە حکومەتی کاتی جەنگدا ناکات.
جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکاتی جەنگ دەکات، داواشیان لە ئیسرائیل کردووە و مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت.
وتیشی، نابێت ھیچ وڵات و لایەنێک دۆخی ئێستای ئیسرائیل بقۆزێتەوە و کاری دوژمنکارانە بەرامبەر ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیانلەدەستداوە، بەزربووەتەوە بۆ ھەزار و ٤١٧ کەس.
باسی لەوەشکردووە، لەناو ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە ٤٤٧ منداڵ و ٢٤٨ ژن ھەیە ھەروەھا شەش ھەزار و ٢٦٨ کەسیش بریندارن کە ٩٣٢یان ژن و ھەزار و ٥٣١ی دیکەشیان منداڵن.
لای خۆیەوە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین بەر لە دیدارەکەی سبەینێ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بڕیارە لە عەممانی پایتەخی ئوردن ئەنجام بدرێت، لە پەیامێکدا رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە رابگیرێن و دەرگا بەڕووی ھاوکاری مرۆیی و تەندروستیدا بکرێتەوە، داواشیکرد بەچارەسەری سیاسی و ئاشتی و گفتوگۆ ئامانجی فەڵەستینییەکان بھێندرێتەدی.
ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەعات "٥:١٠ " خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، بوومەلەرزەک لە نزیکەی ٢٩ کیلۆمەتر لە باکووری شاری ھێرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان روویداوە، بەڵام تائێستا ژمارەی قوربانییەکان و زیانە ماددیەکان نەزانراوە.
ئەو بومەلەرزەیە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە بومەلەرزەیەک بە ھەمان گوڕ لە ھەمان ناوچەی ئەفغانستان روویداو، ئاژانسی ئیدارەی کارەساتەکان لە ناوچەی ھیرات رایگەیاند زیاتر لە دوو ھەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣ گوندیش بەتەواوەتی وێرانبوون.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پێگەی "ئێکس" بڵاوکردەوە، بۆ گفتوگۆکردنی راستەخۆ لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە ئیسرائیل و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و چۆنییەتی ھاوکاریکردنی ئیسرائیل لە جەنگی دژ بە بزوتنەوەی حەماس، بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوێت، بلینکین راشیگەیاند، پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل جێگیرە و ناگۆڕێت.
پێشتر، ماسیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بلینکین لە رۆژی چوارشەممەوە سەردانێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، سەرەتا دەچێتە ئیسرائیل بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تەلئەبیب، پاشان دەچێتە ئۆردن و چاویدەکەوێت بە گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ھێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا راستەخۆ پشتوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردووە، لە چوارچێوەی ئەو پشتوانیانەشدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ "ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا "فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، گەیشتنی یەکەم قۆناغی ھاوکاریە سەربازیەکانی ئەمریکای بۆ ئیسرائیل راگەیاند، کە بریتیە لە کەشتی فڕۆکەھەڵگری "جیراڵد فۆرد" لە دەریای ناوەڕاستدا جێگیرکراوە.