وەزیرێکی حکومەتی ئیسرائیل بەکارھێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە غەززە بەدوور نازانێت
لاڤە
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
"عەمیحای ئلیاھو" وەزیری کلتوری ئیسرائیل رایگەیاند، بەدووری نازانێت بۆمبی ئەتۆمی لە غەززە بەکاربھێندرێت و ئەوە یەکێکە لە بژاردەکان بۆ لەناوبردنی حەماس. ھەروەھا دژایەتی خۆی دەربڕی بۆ چوونە ناوەوەی ھەر ھاوکارییەکی مرۆیی بۆ غەززە و رایگەیاند، ھاوکاری مرۆیی نانێرن و ئەوانەی لەو شارەن تاوانبارن و مەدەنی نین.
بەڵام بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەو وەزیرە وتی، قسەکانی دوورە لە واقیعەوە و ئیسرائیل و سوپاکەی بەپێی پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەجوڵێنەوە بۆ ئەوەی زیان بە کەسانی بێتاوان نەگات و تا سەرکەوتن لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبن.
پێشتریش ژمارەیەک وڵات و رێکخراوی ناحکومی، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی لە غەززە دژی فەڵەستینییەکان.