حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لەھەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردن و بەدیھێنانی ھەماھەنگییەکی تەواو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە مەبەستی راگەیاندنی یەک ھەڵوێست لە دژی ئیسرائیل پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی.
وتیشی، ئێران و سعودیە ھاوڕان لەسەر ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی فرشتنی نەوت بە ئیسرائیل قەدەغە بکەن، لە ھەر وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامیش باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ھەبێت دابخرێت و باڵیۆز و فەرمانبەران و دیبلۆماتکارەکانیان دەربکرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و رەوشی مرۆیی غەززەی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەبڕیارێکی روسیا خرایە دەنگدانەوە، کە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، بەڵام لە کۆی ١٥ دەنگ تەنھا پێنج دەنگی پشتیووانیی بەدەستھێنا، چوار وڵاتیش رەتیانکردەوە و شەش وڵاتیش دەنگیاننەدا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا.
ھاوکات"عەلی ڕەزایی"پارێزەری ساڵح نیکبەخت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی پارێزەری، دادگا قورسترین سزای بەسەر پارێزەرەکەیاندا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکردنە.
"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، دوو ھەزار و ٨٧٣ کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن کوژراون و نزیکەی ١٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون، وتیشی تەرمێکی زۆر تا ئێستا بێسەروشوێنن و لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
ھەروەھا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی لێکەوتووەوە کە ٢٥٨ یان سەربازن و چوار ھەزار و ٢٢٩ کەسی دیکەش بریندارن، ٢٥٠ کەسیش بەدیلگیراون.
ھاوکات، رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون.
رێکخراوی یونسیف داوایکرد بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە.
ئابیر عاتیفا، وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆراک لە کۆگاکانی کەرتی غەززە بەرەو نەمان دەچن و بەشی چوار بۆ پێنج رۆژ خۆراک لە کۆگاکاندا ماوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارودۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە لە مەترسیدایە و تادێت بارودۆخی مرۆیش لەو ناوچەیە خراپتر دەبێت.
وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراک راشیگەیاندووە، لە زۆرینەی گەڕەکەکانی کەرتی غەززە فرۆشگاکان داخراون و ھاوڵاتییان بۆ ماوەی چەندین سەعات نۆرەدەگرن بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، زیاتر لە سێ ھەزار کەس کوژراون و ١٢ ھەزارو ٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، دۆخی نەخۆشخانەکانی غەززە بەھۆی نەبوونی کارەبا و کەمبوونەوەی سوتەمەنییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، بەجۆرێک سوتەمەنی تەنھا بەشی ٢٤ سەعاتی دیکە ماوە و لە ئەگەری تەواوبوونیدا، ھەزاران بریندار ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ھەروەھا سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی لێکەوتووەوە کە ٢٥٨ یان سەربازن و چوار ھەزار و ٢٢٩ کەسی دیکەش بریندارن، ٢٥٠ کەسیش بەدیلگیراون.
پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە دەنگی ٣٥٧ پەرلەمانتار نووسراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای پەسەندکرد، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵی داھاتوو.
سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسراوەکەدا، کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کردبوو، تیایدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا داوایکردبوو ئەرکی سوپای تورکیا لەو دوو ناوچەیە بۆ ماوەی دوو ساڵی داھاتوو درێژبکرێتەوە.
جێی باسە ھەریەک لە پارتەکانی ئاکپارتی، مەھەپە، ئاییندە، سەرلەنوێ رەفاح و ھوداپار دەنگیاندا بە نووسراوەکەی سەرۆک کۆمار، ھەریەکە لە جەھەپە و ھەدەپ دەنگیان بە نووسراوەکەدا نەدا.
ساڵی ٢٠١٣ تورکیا لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سوپای وڵاتەکەی رەوانەی عێراق و سوریا کرد و لەدوای کۆتایی ھاتنی ئەو رێکخراوەش بە رەسمی لە ساڵی ٢٠١٧، تورکیا بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی یەپەگە لە خاکی عێراق و سوریا ماوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەی عەرەبی ناحکومییان لە غەززە بۆردومانکردووە و لە ئەنجامیشدا لانیکەم ٨٠٠ کەس بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش ٥٠٠ کەس لەو بۆردومانەدا کوژراون.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ھێرشەکەی ئیسرائیل تاوانی جەنگە چونکە ئەو کەسانەی بۆردومانکراون ئاوارەبوون و بەمەبەستی خۆپاراستن لە بۆردومانەکان، خۆیان لەناو سنوری نەخۆشخانەکە حەشار دابوو.
لەسەر ئەو روداوەش سەرۆکی فەڵەستین سێ رۆژ ماتەمینی بۆ قوربانیانی بۆردومانی نەخۆشخانەکە لە غەززە راگەیاند.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی میسریش بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە مەدەنییەکان پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی حکومەتی فەڵەستین، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، تائێستا زیاتر لە ٣٢٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٢٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکەی غەززە یەکەمجار نییە و ئیسرائیل لە داگیرکردنی فەڵەستیینەوە کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، جەختیشیکردەوە، تاکو ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین دەردەکەن بەردەوام دەبن لە شەڕکردن.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وتیشی، پێویستە فەڵەستینییەکان دژی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە و کەناری رۆژئاوا خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامبدەن و ھاوکات لەگەڵ ئەوە پێویستە ھەموو ھاوڵاتییانی عەرەب دژی کۆمەڵکوژییەکە بێنەسەر شەقام، پێویستیشە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ھاریکاری ئیسلامی سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکە بکەن.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکانی فەڵەستین رایگەیاند، دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەیەک ھیچ شوێنێکی ئارام بۆ ھاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە نەماوە.
ھاوکات یەکێتی ئەوروپاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ھێرشکردنەسەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە و خاپوورکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبیش بە توندی ھێرشەکەی سەر غەززەی سەرکۆنەکرد و بە تاوانی جەنگ ناوی برد.
ھاوکات تورکیا و ئێرانیش لە ئاستی باڵا ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەھلی عەرەب (مەعمەدانی)یان سەرکۆنەکرد و ھێرشەکەیان بە "دڕندانە" ناوبرد، داواشیان لە ھەموو مرۆڤایەتی کرد دژی ھێرشەکە بێتە دەنگ.
لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشیش، ئیمارات و روسیا داواکارییەکی ھاوبەشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و تاوتوێکردنی ھێرشەکەی غەززە و دۆخی مرۆیی ھاوڵاتیانی فەڵەستین.
کاردانەوەکان تەنھا لە ئاستی رەسمی وڵاتان نەبوون، بەڵکو لە فەڵەستین، تونس، ئوردن و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی ھاوڵاتیان دژی ھێرشەکەی سەر غەززە ھاتوونەتەسەر شەقام و داوای بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەکەن.
لە ویلایەتی ئیلینوی ئەمریکا کەسێک ھێرشی کردە سەر ژن و منداڵێک کە دایک و کوڕ بوون و ٢٦ چەقۆی لە منداڵەکە دا کە تەمەنی شەش ساڵ بوو و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دایکیشی برینداربوو کە تەمەنی ٣٢ ساڵە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خێزانە فەڵەستینییە لە دەستی توندوتیژی ھەڵاتبوون و گەیشتبوونە ئەمریکا بۆئەوەی بە ئارامی بژین نەک روبەڕووی ئەو کردەوە ناشرین و دڕندانەیە ببنەوە.
راشیگەیاندووە، ئەو جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دڕندانەیە لە ئەمریکا جێگەی نابێتەوە و پێچەوانەی بەھا مرۆییەکانە و داواشی لە سەرجەم گەلی ئەمریکا کردوە لە دژی توندوتیژی بووەستنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ویلایەتی ئیلینوی، ئەو کەسەی ھێرشی کردووەتە سەر کوڕ و دایکەکە ناوی (جۆزێف چوبا)یە و تەمەنی ٧١ ساڵە و رووداوەکەش پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە ھەیە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو لێپرسراوی میسرەوە رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە باشوری غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی، کە لە سەعات ٩ی بەیانی ئەمڕۆوە دەستپێکردووە بۆ ماوەی پێنج سەعات.
رۆیتەرز راشیگەیاندووە، ئەو ئاگربەستە ھاوکاتە لەگەڵ ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی رەفح بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام ھێشتا دیار نییە کە دەروازەکە کراوەتەوە یان نا.
بەڵام بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، ئاگاداری ئەو ئاگربەستە نین کە لە باشوری غەززە راگەیەندراوە.
ھەروەھا نوسینگەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش وتی، ھیچ رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕ بەشێوەیەکی کاتیی لە باشوری غەززە نەکراوە و ھیچ رێککەوتنێکیش نییە بۆ رزگارکردنی بیانییەکان لەبەرامبەر گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی.
تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لە سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بۆ چەند سەعاتێک دەروازەی رەفح دەکرێتەوە و دواتر لە درەنگانێکی ئێوارەدا دادەخرێت، بەبێ ئەوەی کاتەکەی بە دیاریکراوی ئاشکرا بکات. لێپرسراوێکی فەڵەستینیش بە تۆڕی ئێن بی سی رایگەیاندووە، دەروازەکە سەعات ٩ی بەیانی ئەمڕۆ دەکرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا کاروانەکانی ھاوکاری کە لە میسرەوە دەنێرێنە غەززە لە نزیک دەروازەی رەفح وەستاون و چاوەڕێی کردنەوەی دەروازەکەن بۆ چوونە ناو خاکی فەڵەستینەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا بەشداری لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ناکەن، ھەروەھا ھێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و داگیرکردنەوەی شارەکە ھەڵەیەکی گەورە دەبێت.
وتیشی، لە ناوبردنی بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵای لوبنان لە بنەڕەتەوە کارێکی پێویستە، ئەمریکا پشتیوانی تەواوەتی ئەو ھەوڵانە دەکات.
بایدن، ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەست نییە، کە ئێران لە پشت یاخود داڕێژەرەی ھێرشەکانی حەماس بێت بۆ سەر ئیسرائیل.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا لەبارەی گەمارۆکانی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە و کرد نەئامانجی ھاوڵاتیانی مەدەنی رایگەیاندووە، پێویستە لە ھەموو شەڕ و ئاڵۆزییەکدا خەڵکی مەدەنی بپارێزرێت و لایەنە بەشەڕ ھاتووەکان بەھیچ شێوازێک نەیانکەنە ئامانج، بەڵام گەمارۆخستنە سەر کەرتی غەززە و رێگرتن لە گەیشتنی کارەبا و خۆراک و ئاو لەلایەن ئیسرائیلەوە بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدانی تاوانی جەنگە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانێکی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی زیانەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل جێگەی نیگەرانییە، چونکە تەنھا باسی زیانەکانی ئیسرائیلی کردووە و باسی بۆردوومان و ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززەی نەکردووە کە بەھۆیانەوە ھەزاران خەڵکی مەدەنی کوژراون و برینداربوون و ماڵ و شوێنەکانیان بەجێھێشتووە.
گەلعاد ئیردان نوێنەری ئیسرائیل لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رەوشی ئێستای وڵاتەکەی بەرگرییە لە پێناوە مانەوەدا، چونکە بزوتنەوەی حەماس کە زۆربەی وڵاتان خستوویانەتە لیستی تیرۆرەوە دەستپێشخەری کردووە بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ و ئیسرائیلیش مافی خۆیەتی بەرگری لە خاک و گەلی و مانەوەی بکات.
وتیشی، سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کە روبەڕووی ھێرش و بۆردومانەکانی حەماس بوونەتەوە، ئامانجیان داگیرکردن و مانەوە نییە لە کەرتی غەززە، بەڵام وڵاتەکەی ھەرچی پێبکرێت بۆ لەناوبردن و ریشەکێشکردنی حەماس دەیکات و بۆئەوەش پرس و راوێژ بە ھیچ وڵاتێک ناکات و چاوەڕوانی مۆڵەتی ھیچ ھێز و لایەنێکیش نییە، چونکە تا ئەو کاتەی حەماس لە کەرتی غەززە بێت، ئاسایش و ئارامی بەدی نایەت.