رۆژی ھەینی ئەڵمانیا نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەکە کرد و داوایکرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامبدات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت خراپی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و رەوشی ژنان و منداڵان بە تایبەت.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە پێویستی بە دەنگی یەک لەسەر سێی ٤٧ ئەندامەکەیەتی و ئەڵمانیاش لە نامەکەیدا ئاماژەی بە کۆکردنەوەی دەنگی پێویست بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کردووە.
ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران چەندین سزایان بەسەر بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە و لەماوەی رابردووشدا داواکرا ئێران لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان دەربکرێت.
جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو لە پەراوێزی لوتکەی گروپی ٢٠ کە لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ سەرۆکی چین لە دورگەی بالی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە بایدن بە سەرۆکی چین دەڵێت دەتوانێت رۆڵی گەورەی ھەبێت لە روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی تاقیکردنەوە موشەکییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور.
وتیشی، پەرەپێدانی موشەکی بالیستی و چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و چین دەبێت، چونکە کۆریای باکوور تەنھا مەترسییە نییە بۆ ئەمریکا، بەڵکو ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئارامی تەواوی وڵاتانی جیھان.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەوەڵامی ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر مۆسکۆدا سەپاندویەتی، سزایان بەسەر ٢٠٠ ھاوڵاتی ئەمریکیدا سەپاندووە کە چیتر رێگەیان پێنادرێت سەردانی روسیا بکەن و براکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لەناو ئەو کەسانەدا کە سزاکە دەیانگرێتەوە.
راشیگەیاندووە، (کارین جان بیێر) وتەبێژی کۆشکی سپیش لەناو ھاوڵاتییە سزادراوەکانی ئەمریکادایە و رێگەی پێنادرێت سەردانی روسیا بکات.
تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، حکومەت و ھەموو لایەنە سیاسییەکانی سودیش بە درێژایی مێژوو دژی چەکی ئەتۆمی بوون و ھەمیشە لەو بەرەیەدا بوون کە دژی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمین و ھیچ کاتێکیش دەستبەرداری ئەو بنەمایە نابن، بۆیە ئەگەر وڵاتەکەیان بێتە ئەندامی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆش، رێگە نادەن چەکی ئەتۆمی لەسەر خاکی سوید جێگیر بکرێت.
ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی سوید دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە بڵاویکردبووەوە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، دوای بوون بەئەندامی ناتۆ، چەکی ئەتۆمی لە خاکی سوید جێگیر دەکرێت.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی جیھان رایگەیاندووە، تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە ژمارەکە دەگاتە ھەشت ملیار کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان دەگاتە نزیکەی ٨.٥ ملیار کەس و لە ساڵی ٢٠٥٠ش ئەو ژمارەیە بۆ ٩.٧ ملیار کەس بەرزدەبێتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٨٠دا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی بۆ ١٠.٤ ملیار کەس بەرزببێتەوە و تاوەکو ساڵی ٢١٠٠ش لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.
لە ئەمریکاش رەوشی لە ناکاوی کۆرۆنا کە لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە راگەیەنراوە درێژەی ھەیە و تا مانگی نیسانی داھاتوو ملیۆنان ئەمریکی دەتوانن بێ بەرامبەر پشکنین بکەن و ڤاکسین وەربگرن.
دەسەڵاتدارانی چین بڵاویانکردەوە، رۆژی پێنجشەممە ١٠ ھەزار و ٥٣٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە ناوخۆی وڵات تۆمارکراوە، کە بەرزترین رێژەیە لە دوای ٢٩ی نیسان کە لەو کاتەدا بەھۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەوە ناوەندی بازرگانی شەنگەھای داخرا.
ھەرچەندە بە پێی پێوەرە تەندروستییەکان بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی چین کە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن کەسە، ژمارەی توشبووان کەمە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پرۆسەکانی داخستن و کۆتوبەندەکانیان بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە چڕکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی کەرەنتینەیان لە ١٠ رۆژەوە بۆ ٨ رۆژ کەمکردەوە.
دامەزراوەی ئەدیسۆن ریسێرچ بڵاویکردەوە، لە ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس، کۆمارییەکان تا ئێستا ٤٩ کورسی و دیموکراتەکان ٤٨ کورسی ئەنجومەنی پیرانیان بەدەستھێناوە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی دەنگەکانی ھەرسێ ویلایەتی جۆرجیا و ئەریزۆنا و نیڤادا دەکرێت بۆ دەرکەوتنی لایەنی باڵادەست لە ئەنجومەنەکەدا.
لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا، کۆمارییەکان بەرەو یەکلاکردنەوەی زۆرینە دەچن و تا ئێستا لە کۆی ٤٣٥ کورسی ئەنجومەنەکە ٢١١ کورسییان بەدەستھێناوە و حەوت کورسییان پێویستە ببنە زۆرینە، دیموکراتەکانیش ٢٠٩ کورسییان ھەیە.
لە ھەڵبژاردنی ویلایەتی جۆرجیا کاندیدی ھەردوو پارتەکە بۆ ئەنجومەنی پیران نەیانتوانیوە ٥٠٪ زیاتری دەنگەکان بەدەستبھێنن و بڕیاردراوە لە ٦ی مانگی داھاتوو دەنگدان دووبارە بکرێتەوە.
لای خۆشییەوە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بووە و ئەنجامەکەی قبوڵ دەکەن.
وێب سایتی زە ڤێرج تۆمارێکی ئلیۆنی مەسکی دەست کەوتووە کە دەڵێت "دەبێت بری قازانجمان لە بری خەرجییەکانمان زیاتر بکەین، تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەو کارە بکەین، ئەگەر کارەکانمان راست نەکەینەوە دوورنییە مایەپووچ ببین".
لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئیلیۆن مەسک ئاماژەی بەوەداوە کەوا پێویستییان بە یەک ملیار بەکارھێنەری تویتەر ھەیە ، لە پێناوی بەدیھێنانی ئەو ئامانجەدا، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن وەھا بکەین خەڵک ببنە بەکارھێنەری تۆری تویتەر، ھەشت ملیار مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی دەژین ، ئەگەر کەمتر لە یەک ملیار بەکارھێنەری تویتەر لە جیھاندا بوونی ھەبێت ئەوا پشکی قازانجمان زۆر کەم دەبێت.
ھێزی دەریایی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر بەلەمێکی رزگارکەر لە کەناراوەکانی ویلایەتی ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، تیمەکانیان چوونەتە شوێنەکە و شەش کۆچبەری نایاساییان رزگارکردووە کە لەلایەن ھێزەکانی یۆنانەوە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا.
رونیشیکردەوە، کۆچبەرەکان گواستراونەتەوە بۆ فەرمانگەی کۆچی ئیزمیر بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.
شەوی رابردووش میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی (ئاڵتنداغ) لە ئەنقەرە تەرمی پێنج کەسیان لەنێو ماڵێکدا دۆزیوەتەوە کە کۆچبەری ئەفغانین و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ماوەی ھەفتەیەکە گیانیان لەدەستداوە و پێدەچێت بە چەقۆ ھێرشیان کرابێتەسەر.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، بەتۆمەتی ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش ،ھاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە چەند پەیامێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، سوپای تورکیا لە شەڕی دژ بە گەریلادا، چەکی کیمیایی بەکارھێناوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە سکاڵاکەیدا تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی قەدەغەکراو و سوکایەتیکردن بە دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەتی، داوەتە پاڵ دەمیرتاش.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، "عەبدوڵا یاسر سەبعاوی گەورە تیرۆریستی داعش"، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر داواکراو بووە، لە لوبنان دەستگیرکراوە و رۆژی شەممە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دەزگای ھەواڵگیریی نیشتمانی، دەگەڕێندرێتەوە عێراق.
لە ١٢ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، داعش لە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی ھەزار و ٧٠٠ خوێندکاری سەربازیی کوشت.
(جەیمس کلێڤەرلی) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ھەمیشە رووبەڕووی ھەڕەشەی وڵاتانی بیانی دەبێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا کاربەڕێکەری ئێرانیان لە لەندەن بانگھێشتکردووە، بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە ھەرگیز رێگە نادەن ھەڕەشە لە ژیانی رۆژنامەنووسەکانیان یان ھەر کەسێکی نیشتەجێی بەریتانیا بکرێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاند، ئێران بەھۆی خۆپیشاندانەوە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی دەستپێکردووە کە ھەڵمەتەکە، کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندنیشی گرتووەتەوە و زیاتر لە ٤٠ رۆژنامەنووس دەستگیر کراون.
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، کەناڵی "بی بی سی"ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دوو رۆژنامەنووسی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە و بە زمانی فارسی پەخشی بەرنامەکانی دەکات، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە "ھەڕەشە"یان لێکراوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، دیموکراسی وڵاتەکەی روبەروی تاقیکردنەوە بووەتەوە، وتیشی، نیازی ئەوەی ھەیە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندیدبکاتەوە، بەڵام چاوەڕوانی کاتێکی گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری کۆتایی.
ھەروەھا بایدن، دڵنیاییدا لەوەی کاردەکات لەپێناوی ئەوەی ڕێگری بکات لە دووبارە گەڕانەوەی دۆنالد ترامپ بۆ کۆشکی سپی.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی توانای خۆی دەخاتەگەڕ لەپێناوی دووبارە یەکخستنەوەی وڵاتەکەی و ئامادەشە لەگەڵ کۆمارییەکاندا کاربکات لەپێناوی گەرنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
(حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان) وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر نوسیویەتی، ھەڵوێستی ئیستیفزازی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات بەڵگەیەک نیە بۆ پێگەیشتوویی و دانایی ، رونیشیکردەوە، وێرانکردنی پەیوەندییە مێژوییەکان کاریگەری دوورمەودای دەبێت.
(عەبدوڵاھیان) پەیامێکی ئاراستەی ھاوتا ئەڵمانییەکەی کرد و رایگەیاند، بەرلین دەتوانێت لە نێوان ھەماھەنگی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان و رووبەرووبوونەوە یەکێکیان ھەڵبژێرێت، کاردانەوەشیان گونجاو و یەکلاکەرەوە دەبێت.
پێشتر (ئەنالینا بیربوک) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتەر رایگەیاندبوو، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات ھەفتەی داھاتوو سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داھاتوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە "برۆکسل" کۆببنەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووشدا یەکێتی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە ١١ لێپرسراوی باڵای وڵاتەکەی گرتەوە و لە نێویاندا وەزیری پەیوەندییەکان ھەبوو.
نوسینگەی جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، دوای ھەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی، دەسەڵاتدارانی ئێران ھاووڵاتیەکی وڵاتەکەیان بەناوی ( ئەلیسیا پپیرنۆ) تەمەن ٣٠ ساڵ ئازادکردووە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوودا لەگەڵ ٩ بیانی تر بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوو.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا دەستگیرکردنی دووەم ھاووڵاتی وڵاتەکەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا راگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، ھەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران دەستپێکردووە بۆ ئازادکردنیان.
وەزیری دەرەوەی سوید لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ھاوتا ئەڵمانییەکەی لە بەرلین، ئاماژەی بەوەکرد، سەردانی رۆژی دووشەممەی رابردووی (ئۆلف کریسترسۆن) سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا دەریخست ھێشتا زۆر پرس ماوە لە نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر بکرێت سەبارەت بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات، بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی پەیوەست بەناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و سوید و فینلەندا ئیمزاکراوە و سوید ئامادەیە داواکارییە یاسایی و رێکخراوەییەکانی بە ئەندامبوون جێبەجێبکات.