رۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی پلانی درێژخایەنی تایبەت بە غەززە ناکۆکن
کوردسات نیوز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، لەئێستادا ئەمریکا پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات، بۆئەوەی یەکگرتوویی ھاوپەیمانەکانی لە دژی ئێران و ڕوسیا و چین بپارێزێت، بەھۆی زیادبوونی رەخنەی دیموکراتەکانیش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ناچاربووە سیاسەتی خۆی لەبارەی شەڕی غەززەوە بگۆڕێت.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئیدارەی ئەمریکا ئیسرائیلی ناچار کردووە لە ھێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە، قوربانیانی مەدەنی کەم بکاتەوە، ھێرشی زیاتریش بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس ئەنجام بدات.
لەبارەی پلانی درێژخایەنی تایبەت بە غەززە و فەڵەستینیش، رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، پلانی درێژخایەنی واشنتۆن دروستکردنی دەوڵەتە بۆ فەڵەستینییەکان، بەڵام پلانی درێژخایەنی ئیسرائیل لەم کاتەدا لە لەناوبردنی تواناکانی حەماس و کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززدا خۆی دەبینێتەوە.