بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە حکومەتەکەی دەستبەرداری بارمتەکان لە غەززە نابێت و هەموو کارێک دەکات بۆ گەراندنەوەیان.
ئەم راگەیاندنەی ناتانیاهۆ چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی کردە سەر کەرتی غەززە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە دیلەکان بەدی نەهێنرێت.
حەماس لە 17ی نیساندا پێشنیارێکی ئیسرائیلی بۆ ماوەی 45 رۆژ ئاگربەست لە بەرانبەر ئازادکردنی 10 دەستگیرکراوی زیندووی ئیسرائیلی رەتکردەوە و داوای رێککەوتنی هەمەلایەنەی کرد، بۆ راگرتنی شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە، لەبەرانبەر ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکانی.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هەرەشە دەكات و دەڵێت، هەر هێرشێك بكرێتەسەر وڵاتەكەی بە مانای تەقاندنەوەی بەرمیلە بارودێكە كە هەموو ناوچەكە دەتەقێنێتەوە .
ئاژانسی هەواڵی مهری ئێران ئاشكرایكردوە ، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە كۆبونەوەیەكی پەرلەماندا رایگەیاندووە، هەرەشەكانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشكردنە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، تەنها وتاری بێ بەهان و كاریگەری لەسەر دانوستانە ناراستەوخۆكانی نێوان تاران و واشنتۆن دروست ناكەن و ئێران بە جددی وەریان ناگرێت.
هەروەها رایگەیاندوە كە ئێران گومانی نیە لەوەی ئیسرائیل هیچ سەركێشییەك بەبێ رێگە پێدانی ئەمریكا ناكات و هەرەشەشی كردوە كە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران بە مانای سوتاندنی بەرمیلە بارودێك دێت كە هەموو ناوچەكە بە تەواوی دەتەقێنێتەوە و سەرجەم سەربازگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەخاتە بەردەم وەڵامدانەوەی ئێران .
ئێدوارد مارتن، داواکاری گشتی فیدڕاڵی ئەمریکا، ئینسایکڵۆپیدیای ئەلیکترۆنی "ویکیپیدیا" تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دەستکاریکردنی زانیارییەکان کە پەیوەندیدارن بە مێژووی ئەمریکاوە.
لە نامەیەکدا کە ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی لێوەکردووە، داواکاری گشتی نووسیویەتی: "ویکیپیدیا رێگە دەدات بە دەستکاریکردنی زانیارییەکان لەسەر پلاتفۆرمەکەی، لەوانەش دووبارە نووسینەوەی روداوە مێژووییە سەرەکییەکان و بایۆگرافیای سەرکردە ئەمریکییە کانی ئێستا و ئەوانەی پێشوش، لەگەڵ بابەتی دیکە کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان".
مارتن پێی وایە ئەو کارانەی کە بە "ویکیپیدیا" دەکرێن، پێچەوانەی ئەرکی پەروەردەیی دامەزراوەی ویکیپیدیان. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە داواکاری گشتی نزیکەی 10 پرسیاری ئاراستەی دامەزراوەکە کردووە سەبارەت بە سیاسەتەکانی شەفافیەت، لێپرسینەوە و ئاسایش کە پەیڕەو دەکرێن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکدا، و چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیان دەکات پێش 15ـی مایس. ئامانجی لێکۆڵینەوەکە دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا ئەم کردارانە پێشێلکردنی دۆخی رزگاربوون لە باج دەکەن کە رێکخراوەکە هەیەتی.
جێی باسە کە بزنسمان ئیلۆن ماسک لە دیسەمبەری 2024دا داوای کردبوو کۆتایی بە بەخشینی پارە بە "ویکیپیدیا" بهێنرێت هەتا سیاسەتەکانی دەستکاریکردنی وتارەکان بگۆڕێت، هەروەها یەک ملیار دۆلاری پێشنیاز کردبوو بە ئینسایکڵۆپیدیاکە بەرامبەر بە گۆڕینی ناوەکەی بۆ دەستەواژەیەکی ناشیاو.
ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاند کە خولی چوارەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بڕیارە رۆژی شەممە، سێی مانگی مایس لە رۆما، پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە بچێت. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلیش، ئیسرائیل پێشبینی دەکات کە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بە گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی پێ بێت.
رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە 27ـی نیسان لە کۆنفرانسی هەواڵدەریی "سەندیکای هەواڵی جولەکە" لە ئۆرشەلیم (بێت المقدس) رایگەیاند کە پێی وایە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا قایل نابێت بە رێککەوتنێکی ناوەکی "خراپ" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
دێرمەر گوتی: "زۆر دڵنیام کە ترامپ ئەمڕۆ خۆی دەپارێزێت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی خراپ."
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل بە تەنیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتی کە دەربارەی "کاروباری سەربازی" قسە ناکات، بەڵام پێویستە قسەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهەند وەربگیرێت کاتێک دەڵێت؛ هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی یەکشەممە لە وتارێکدا لە هەمان کۆنفرانس وتی: "رێککەوتنی کاریگەر، رێککەوتنێکە کە توانای پیتاندنی ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوەکی لەناو ببات. ئەگەر ئەوان ئامرازی هاویشتن، مووشەکی بالیستی و مووشەکی بالیستی قاڕەپێویان لەبەردەستدا بێت، هەڕەشە لە هەموو شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نموونەی لیبیای بە "تەنیا رێککەوتنی باش" زانی و وتیشی: "رێککەوتنێکی خراپ لە نەبوونی رێککەوتنی زۆر خراپ باشترە."
رۆژنامەی جێروزالیم پۆست رۆژی دووشەممە بە گوێرەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەرپرسان، دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ئەگەری هەیە بگاتە رێککەوتن.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە وتیشی، کە وڵاتەکەی هێشتا نازانێت ئایا ئەم رێککەوتنە لەگەڵ داواکارییەکانی ئیسرائیل واتە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم"ی ئێران گونجاو دەبێت یان هاوشێوەی بەرجام دەبێت. ئیسرائیل چەندین جار گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی بەرجامی بە "رێککەوتنی خراپ" ناو بردووە.
هەروەها ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیەکە ئاشکرایکرد، پێی وایە مۆڵەتی 60 رۆژەی دۆناڵد ترامپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران درێژ دەکرێتەوە.
هێزی دەریایی ئەمریکا بڵاوی کردەوە لە روداوێکی کتوپڕدا، فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی جەنگی بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار کەوتە نێو ئاوەکانی دەریای سورەوە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە رۆژی سێشەممە، فڕۆکەیەکی جەنگی گرانبەهای لە دەریای سور لەدەست داوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم فڕۆکەیە لە جۆری سوپەر هۆرنێتی ئێف-18 بووە، کە بەهاکەی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارە.
سەرچاوە فەرمییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا رونیان کردەوە کە فڕۆکەکە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ترومان جێگیر کرابوو، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی بۆ فڕین و خستنە سەر رێڕەوی گونجاو، بەهۆی هەڵەیەکەوە خلیسکاوە و راستەوخۆ کەوتۆتە نێو ئاوەکانی دەریای سورەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ کە لەم روداوەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە، تەنیا دەریاوانێک بە سووکی بریندار بووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
هێزی دەریایی ئەمریکا، تیمێکی تایبەتی لە شارەزایان بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێناوە.
فڕۆکەی سوپەر هۆرنێت ئێف-18 بە یەکێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا دادەنرێت و بەهۆی تەکنەلۆژیای بەرزی و توانای جەنگیی باڵاوە، بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ هێزی دەریایی ئەمەریکا.
پێشبینی دەکرێت پارتی لیبراڵی کەنەدا بۆ چوارەمین جاری یەک لە دوای یەک لە هەڵبژاردنی فیدراڵی وڵاتەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لیبراڵەکان، بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مارک کارنی، کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی جەستن ترۆدۆ لە سەرەتای ئەمساڵدا پۆستەکەی وەرگرت، لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەیان بەدەستهێناوە.
مارک کارنی، بە ناوبانگە بە لێدوانە توندەکانی بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ و وەستانەوەی لە بەرانبەر لێدوانەکانی لەسەر کەنەدا، کە باس لە لکاندنی دەکات بە ئەمریکاوە.
تا درەنگانی دوێنێ دووشەممە، پارتی لیبراڵ بە بەدەستهێنانی161 کورسی لە پەرلەمان لە پێشەوە بوو لە بەرامبەر 150 کورسی پارتی پارێزگاران. بەپێی یاسای هەڵبژاردن، بۆ بەدەست هێنانی زۆرینە، پارتێک پێویستی بە بردنەوەی 172 کورسی لە کۆی 343 کورسی پەرلەمان هەیە.
بەمنزیكانە خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان عراقچی و ویتكۆڤ بەڕێوەدەچێت، وەفدێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە تارانە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێشتا وادەی چوارەمی دانوستانەكانی ناڕاستەوخۆی تاران و واشنتۆن رانەگەیەنراوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری تایبەتی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكەن.
هەروەها وتی، وەفدێكی تەكنیكی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە تارانەو گفتوگۆیان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران كردووە.
لای خۆیەوە مەجید تەخت روانجی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر هیچ كات دانوستان لەسەر هێڵە سورەكانی ئێران ناكەن، لەوانەش سیستمی موشەكی بالیستی و وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە کارەبا پچڕا و زیاتر 50 ملیۆن کەس بێ کارەبا بوونە، حکومەتی ئیسپانیاش دەڵێت، لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین.
پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، سەردانی ناوەندی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیای تۆڕی کارەبای ئیسپانیای کرد و رایگەیاند؛ دەبێت بە زوترین کات ئەو قەیرانە چارەسەربکرێت و هۆکارەکەشی بدۆزرێتەوە.
بەڕێوەبەری تۆڕی کارەبای ئیسپانیا مەزەندەی کردوە، گەڕاندنەوەی کارەبا 6 بۆ 10 کاتژمێری بوێت، ئەگەر هەموو کارەکان بەباشی بەڕێوەبچن.
هاوکات کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پرتوگالی "ئی-رێدیس"، رایگەیاندووە، پچڕانی کارەبا لە ئەنجامی "کێشەیەکە لە سیستەمی کارەبای ئەوروپادا هەبووە".
لای خۆیەوە سەنتەری نیشتمانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پرتوگال ئاشکرایکرد، هیچ ئاماژەیەک نییە کە پچڕانەکە بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیەوە بوبێت.
جێگەی ئاماژەیە بەهۆی پچڕانی کارەبا لە ئیسپانیا و پورتوگال، کە پایتەختەکانی هەردوو وڵاتی گرتوەتەوە، تۆڕەکانی میترۆ و هێڵەکانی تەلەفۆن و ترافیک لایت و ئامێری ATMی پەکخستووە.
ئیلۆن مەسک، ئەو گەنجەی بە داهێنانەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، جارێکی دیکە جیهانی سەرسام کردووە بە باسکردنی رۆڵی سەرەکی رۆبۆتەکان لە داهاتووی زانستی پزیشکیدا.
ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی و خاوەن و جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و سەرۆکی تێسلا باس لەوەدەکات، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا رۆبۆتەکان تواناکانی پزیشکێکی باش تێدەپەڕێنن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا، هەروەها تەنها لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا توانای باشترین پزیشکەکانی ئەو بوارە تێدەپەڕێنن.
مەسک باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەناوی "نیورالینک" بۆ تەکنەلۆجیای تایبەتمەند بە مێشک و دەمار، رۆبۆتێکی بەکارهێناوە بۆ چاندنی چەند ئەلیکترۆکۆدێک لە مێشکدا، کە ئەوە زۆر ئەستەم بووە بۆ مرۆڤەکان بتوانن لەو ماوە کەمەدا و بەو وردییە ئەو کارە بکەن.
داهێنانەکانی مەسک لە بواری تەکنەلۆجیادا لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا وای کردووە، مەسک لە پێشەنگی بوارەکەدا بمێنێتەوە و رۆژ بە رۆژ میدیاکان بە بابەتی سەرسوڕهێنەرەوە سەرقاڵ دەکات.
لەماوەی رابردووشدا توانیویەتی لەرێگای چاندنی چیپی بچووک لە مێشکی مرۆڤەکاندا، توانای گفتوگۆ و قسەکردن بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی توانای قسەکردنیان نییە.
ڤلادیمێر پوتن بۆماوەی سێ رۆژ ئاگربەستی لەگەڵ ئۆکراین راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئۆکراین پێشێلکاری بکات، وەڵامیان دەبێت.
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، بەهۆی پشووە رەسمییەکانی مۆسکۆ تایبەت بە ئاهەنگەکانی سەرکەوتنی روسیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، سێ رۆژ ئاگربەستی لە مانگی داهاتوودا راگەیاند.
کۆشکی کرملن ئەوەشی خستووەتە روو، ئاگربەستەکە لە 8ی ئایار تاوەکو 11ی ئایار دەبێت.
راشیگەیاندووە، "روسیا پێی وایە ئۆکرانیاش بەهەمان شێوە پەیڕەوی ئاگربەست دەکات، ئەگەر هەر پێشێلکارییەک رووبدات، ئەوا هێزەکانی روسیاش وەڵامی گونجاو و چالاکیان دەبێت".
ئەوەشی خستووەتە روو، مۆسکۆ ئامادەیە دانوستانەکانی ئاشتی بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە ئەنجام بدات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێ تەواوەتی کێشەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش لە جەژنی ئیستەردا بۆماوەی سێ رۆژ ئاگربەستی راگەیاند.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازربایجان کۆبونەوە.
سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ وڵاتی ئازەربایجان یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ ئازەربایجان لە شەش ساڵی رابردودا، هەروەها لە سەردانەکەدا چەند رێککەوتنێک ئیمزاکران و پزیشکیان رایگەیاند، "ئێران دۆستی ئازەربایجانە، پەیوەندیمان مێژوییە".
لە رابردودا پەیوەندی هەردوو وڵات بەرەو خراپی دەرۆشت بەهۆکاری ئەوەی کە ئێران پێی وابو ئازەربایجان لەگەل ئیسرائیلدا پەیوەندی هەیە.
سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان لەکاتێکدایە کە ساڵرۆژی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران نزیکدەبێتەوە.
رۆژی 20ـی 5ـی 2024، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران دوای گەڕانەوەی لە کردنەوەی خاڵێکی سنوری لە نێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ ووەفدی هاوڕێی هێلیکۆپتەرەکەیان تێکشکاو گیانیان لەدەستدا.
ئیران دەڵێت نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا دانوستان لە بارەی سیستمی موشەكیی و وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم ناكات.
مەجید تەخت روانجی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی وڵاتەكەی راگەیاند، لە دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر هیچ كات دانوستان لەسەر هێڵە سورەكانی ئێران ناكەن، لەوانە سیستمی موشەكی بالیستی و وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئیبراهیم رەزایی سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشمانی لە پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران پێی راگەیاندوون دانوستانەكان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیاندایە.
سوپای ئەمریكا دەڵێت، هێرشەكانیان لە دژی حوسییەكان بەردەوام دەبێت و لە دوایین بۆردومانیشدا 30 كەس كوژران.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا كە بە ینتكۆم ناسراوە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆپراسیۆنەكانیان، سنوریان بۆ ئاشكراكردنی وردەكاری هێرشەكانیان لە یەمەن داناوە و لە داهاتووشدا وردەكاری ئۆپراسیۆنەكان ئاشكرا ناكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشەكانی ئەمریكا كاریگەری گەورە و كوشندەی لەسەر حوسییەكان هەیە.
حوسییەكانیش ئاشكرایكردوە، لە بۆردومانێكی ئەمریكا بۆسەر سەنتەری داڵدەدانی پەنابەرانی ئەفریقا لە شاری سەعدە لە باكوری یەمەن 30 كەس كوژراون، ئێوارەی یەكشەممەش ئەمریكا دوو بەڕێوەبەرایەتی لە یەمەن كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت كەس كوژراون كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن.
بەپێی داتاكانی سوپای ئەمریكا، لە مانگی ئازارەوە تائێستا زیاتر لە 800 جار حوسییەكانیان بۆردومانكردووە و سەدان چەكدار و ژمارەیەكی زۆری سەركردەی حوسیی كوژراون و چەندین دامەزراوەی سەربازیشیان لەناوبراون.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوا دەكات بە تەواوی ژێرخان و سیستمی ئەتۆمی ئێران لەناو ببرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران رایگەیاند، تەنها رێککەوتنێک كە باش بێت لەنێوان تاران و واشنتۆندا، رێككەوتنێكە كە لە رێگەیەوە بە تەواوی ژێرخان و سیستمی ئەتۆمی ئێران لەناوببرێت، هاوشێوەی ئەو رێككەوتنەی لیبیا كە لە ساڵی 2003 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا كردی و بە تەواوی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی و چەكە كیمیایی و بایلۆجی و موشەكییەكانی بوو.
ناتانیاهۆ دووپاتیشیكردەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئەمریكا و سورن لەسەر ئەوەی كە نابێت ئێران چەكی ئەتۆمیی هەبێت.
هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی رەوشی ئۆکراین بەردەوامە و کۆشکی کرملنیش رایدەگەیەنێت، تێگەیشتنی ترەمپ لەگەڵ روسیا تا رادەیەکی زۆر هاوتەریبە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرملن" رایگەیاند، کار بۆ چارەسەرکردنی رەوشی ئۆکراین بەردەوامە، بەڵام ناتوانرێت بە ئاشکرا بەڕێوە بچێت.
پێسکۆڤ وتیشی: تێگەیشتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رەوشی ململانێکانی ئۆکراین، تاڕادەیەکی زۆر هاوتەریبە لەگەڵ روسیا، زۆر بابەت هەن مۆسکۆ و واشنتۆن هەمان بۆچونیان هەیە.
کۆشکی کرملن راشیگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەیی پیشانداوە بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراین.
جێگەی ئاماژەیە دوێنێ ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین، هەڕەشەی سەپاندانی سزای بەسەر روسیادا کرد.
بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەر عەباسەوە حکومەتی ئێران سبەینێ دووشەممەی وەک رۆژی ماتەمینی گشتی لە سەرجەم ئێراندا راگەیاند.
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەر رەجایی سەر بە بەندەر عەباسی ئێران رویدا، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار و 100 کەسیش بریندار بوون، هەروەها هێشتا گەڕانی تیمەکان بەردەوامە.
بەهۆی تەقینەوەکەوە، سێ رۆژ ماتەمینی لە تەواوی پارێزگای هورمزگان راگەیەنرا و حکومەتی ئێرانیش سبەینێ دووشەممەی وەک رۆژی ماتەمینی گشتی لە سەرجەم ئێراندا راگەیاند.
لە راپۆرتێکدا، کۆمپانیای "ئەمبرێی" بەریتانی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی راپۆرتێکی لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەر عەباسی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بارێکی سوتەمەنی تایبەت بە موشەک لە چینەوە گەیشتووەتە بەندەرەکە، تەقینەوەکەش لە ئەنجامی هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارەدا رویداوە، کە تایبەت بووە بە سوتەمەنی رەق بۆ موشەکی بالیستی.