لەسەرەتای جەنگەوە روسیا زیاتر لە 114 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردوە
رەوەز فازیل
١٥ی ئابی ٢٠٢٥
لە سەروبەندی بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا، چاودێرانی سیاسی و سەربازی، پێشبینی دابەشکردنی خاکی ئۆکراین لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەن، کە زیاترە لە 114 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە ئەگەری رادەستکردنی زەویە داگیرکراوەکانی ئۆکراین بە روسیا، بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەلای هاوپەیمانە ئەوروپییەکان، ئۆکراینیش رەتیدەکاتەوە لە خاکە داگیرکراوەکانی وڵاتەکەی خۆشبێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، روسیا 114 هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنتڕۆڵکردوە، کە دەکاتە 19٪ی خاکی ئۆکراین، ئەو ناوچانەش پێکدێن لە نیمچە دورگەی کریمیا و باشور و رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
روسیا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ناوچەکانی نیمچە دورگەی کریمیا، دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن، لەگەڵ روخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا وەک بەشێک لە ئۆکرانیان ناساندوە، بەڵام ئێستا بەشێکن لە روسیا.
لەلایەکی دیکەوە، ئۆکراین چەندین جار رایگەیاندوە، دان بە داگیرکاری روسیا بۆ سەر خاکەکەی نانێت، هەروەها زۆربەی وڵاتانی جیهان دان بە سنورەکانی ئۆکراین دەنێن کە لەساڵی 1991 دیاریکراون.