تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری لەدایکبونی منداڵی لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری سلێمانی  بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکەیان زیاتر لە نۆ هەزار  800 منداڵ لەدایک بوون، لەو ژمارەیە 179 حاڵەتیان دوانە بوون و نۆ حاڵەتی سیانەش تۆمار کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماری لەدایکبونی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرە ئامارەکە، ساڵی 2025  نۆه ەزار و 848 منداڵ لە دایک بوون.

لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 96 منداڵیان کوڕ بوون و چوار هەزار و 752 منداڵیشیان کچن، تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەوەڕوو پێنج هەزار و 528 منداڵیان بە سروشتی لەدایک بوون، لە بەرانبەردا چوار هەزار و 320 منداڵیشیان لە رێگەی نەشتەرگەریەوە بووە.

بەگوێرەی راگەیەنداروەکە ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری 179 حاڵەتی لەدایكبوونی دووانە و 9 حاڵەتی لەدایكبوونی سیانە تۆماركراون.

تەندروتسی سلێمانی دەشڵێت؛ 42 هەزار و 723 نەخۆش سەردانی  ل نەخۆشخانەی مناڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری کردوە و لەو ژمارەیە 13 هەزار و 101 نەخؤش داخڵ کراون و  چارەسەریان وەرگرتوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پڕبوونی رەفەی مارکێتەکان بە شیرینی، زۆر کەس ئەوەیان لەبیردەچێت کە ئەم وەرزە خۆی جێگرەوەی تەندروستی و سروشتیی تێدایە، پسپۆڕانیش رێنمایی دەدەن کە دەبێت چوار جۆر میوە ببنە بەشێک لە خۆراکی رۆژانەمان.

رۆب هۆبسۆن، پسپۆڕی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات، لەبری کڕینی شیرینی و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر و چەوری و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکری خوێن، پێویستە سێو، هەرمێ و تووەکان لە ماڵەکاندا هەبن.

ئەمانە گرنگترین میوە زستانییەکانن کە هۆبسۆن پێشنیاریان دەکات:

توی رەش:
دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و مادەی ئەنسۆسیانین کە بۆ تەندروستی دڵ، بۆرییەکانی خوێن و مێشک بەسودە، لە هەمان کاتدا رێژەی شەکر تێیدا کەمە. ئەم میوەیە دژە ئۆکسانی بەهێز و ڤیتامین C و Kـی تێدایە. دەتوانرێت بەیانیان لەگەڵ ماست یان شۆفان بخورێت.

هەرمێ:
سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵە بەتایبەت ئەگەر بە توێکڵەوە بخورێت، یارمەتی هەرس دەدات و کێشەی قەبزی چارەسەر دەکات کە زۆرجار بەهۆی سەرماوە دروست دەبێت. هەروەها ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B و مادەی پۆلیفینۆڵی تێدایە کە بۆ بۆرییەکانی خوێن باشە.

سێو:
بە یەکێک لە بنەماکانی خۆراکی زستان دادەنرێت بەهۆی بوونی ریشاڵی تواوە (پێکتین) کە بۆ تەندروستی ریخۆڵە و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ بەسودە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2019 دەریخستووە خواردنی دوو سێو لە رۆژێکدا کۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت.

توی سوور:
ئەم میوەیە بەناوبانگە بە توانای پاراستن لە هەوکردنی میزەڵدان، چونکە مادەی تێدایە رێگری دەکات لەوەی بەکتریای ئیکۆلای بە دیوارەکانی میزەڵدانەوە بنووسێت. توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتەکەی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان بەڕێژەی 54% کەم دەکاتەوە، هەروەها سیستمی بەرگری لەش لە زستاندا بەهێز دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکات، زەیتی زەیتون رێگری دەکات لە قەڵەوی و تەندروستیی مێشک دەپارێزیت.

لە نوێترین توێژینەوەی گۆڤاری "Nutritional Neuroscienceـدا، زانایانی بەرازیل لە رێگەی تاقیکردنەوەوە لەسەر مشکێکی قەڵەو، ئاشکرایان کردووە کە زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستمی خۆراکی، یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە هاتنە ئارای هەوکردن لە ناوچەی ژێرلانک "‌Hypothalamus"ـی مێشکدا، کە بەرپرسە لە رێکخستنی هەستی برسێتی و سیستمی زیندەچالاکیی جەستە.

هاوکات لە توێژینەوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو مشکانەی کە زەیتی زەیتونیان خواردبوو، کێشیان کەمتر زیادی کردبوو و پڕۆسەی زیندەچالاکی لە لەشیاندا باشتر ببوو.

گۆڤارەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمی توێژەران لە زانکۆی ساو پاولۆ خۆراکێکی پڕ چەورییان داوەتە مشکەکان، هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستەمی خۆراکیی هەندێکیان.

پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، توێژەران کەمبوونەوەی هەوکردنیان لە ناوەندی بەرپرسیار بۆ جڵەوکردنی هەستی برسێتی لە مێشکی ئەو مشکانەدا بەدیکردووە کە زەیتی زەیتونیان پێدراوە، ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاستی قەڵەوییەوە هەیە.

توێژینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەکارهێنانی زەیتی زەیتون دەکرێت رێگە چارەیەکی باش بێت بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونەکانی نێو ئەو پرۆسانەی کردەی زیندەچالاکی کە پەیوەستن بە قەڵەوییەوە.

زەیتی زەیتون لە رێگەی گوشینی زەیتوونەوە بە شێوەیەکی میکانیکی بەرهەمدەهێنرێت، بەبێ پاڵاوتن یان کوڵاندن، ئەمەش وای لێدەکات دەوڵەمەند بێت بە هەریەک لە مادەکانی پۆلیفینۆڵ و ڤیتامین E، کە هەردووکیان دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنن، لە هەمانکاتیشدا رۆڵێکی سەرەکییان لە رێکخستنی تەندروستیی جەستەی مرۆڤدا هەیە.  

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە بۆ ماوەی 22 ساڵ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان دواخستنی ژەمی بەیانیان و تێکچوونی تەندروستی و زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەدا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوودا.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە گۆڤاری "BBC Science Focus" بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە بەردەوام ژەمی بەیانیانیان دواخستووە، تێکڕای تەمەنیان 10 ساڵ کەمتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە کاتی خۆیدا نانی بەیانیان خواردووە.

توێژەران لە ماوەی بەدواداچوونە دوورودرێژەکەیاندا تێبینیی ئەوەیان کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات، بەشداربووان زیاتر ژەمی بەیانیان و ئێوارانیان دواخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ نانخواردن لە رۆژێکدا بەردەستە.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە خواردنی نانی بەیانی لە کاتێکی درەنگدا (بەتایبەت لە کاتژمێر 9ی بەیانی یان دواتر) لەوانەیە پەیوەندی بە چەندین کێشەی تەندروستییەوە هەبێت، وەک:

  • خەمۆکی

  • ماندوێتیی بەردەوام

  • تەندروستیی خراپی دەم و ددان

دکتۆر حەسەن داهتی، یەکێک لە توێژەرەکان، دەڵێت: "گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکیی کەسانی بەساڵاچوودا، بەتایبەتی کاتی نانی بەیانی، دەتوانێت وەک نیشانەیەکی ئاسان بۆ بەدواداچوونی تەندروستیی گشتییان بەکاربهێنرێت."

توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە زیادبوونی دیاردەی "رۆژووی پچڕپچڕ"، کە تێیدا خەڵک بە ئەنقەست ماوەی نێوان ژەمەکان درێژ دەکەنەوە و نانی بەیانی دوادەخەن، رەنگە کاریگەریی لەسەر ئەم دەرئەنجامانە هەبووبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زۆربەی شۆفێران پێیان وایە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زیاتر لەوەی لە شەقامەکاندا دیاریکراوە، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام شیکارییەکان دەریدەخەن کە ئەو کاتەی بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە زۆر کەمترە لەو مەترسییە گیانی و ماڵیەی کە لە بەردەمیاندایە. 

بڕی ئەو کاتەی کە بەهۆی خێرالێخوڕینەوە بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە، پشت بە سێ هۆکاری سەرەکی دەبەستێت: درێژیی گەشتەکە، جیاوازیی خێرایی، و بەربەستەکانی وەک ترافیک لایت، قەرەباڵغی، و یاساکانی هاتوچۆ.

لەسەر بنەمای یاسا فیزیاییەکان، کات بریتییە لە دابەشکردنی ماوە بەسەر خێراییدا. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 10 کیلۆمەتری: ئەگەر بە خێرایی 50 کم/سەعات بیبڕیت، 12 خولەکی پێویستە. بەڵام ئەگەر خێراییەکەت بۆ 60 کم/سەعات زیاد بکەیت، 10 خولەکی پێویستە. واتە لەم گەشتەدا تەنها دوو خولەک دەگەڕێتەوە بۆ شۆفێرەکە.
  • گەشتە کورتەکانی ناو شار: لە گەشتە کورتەکانی ناو شاردا کە چەند کیلۆمەترێکن و ترافیک لایتی زۆریان تێدایە، زیادکردنی خێرایی لە نێوان ترافیکەکاندا تەنها 20 بۆ 90 چرکە کات دەگەڕێنێتەوە، کە بڕێکی ئەوتۆ نییە هەستی پێبکرێت و هیچ بگۆڕێت.

لەسەر رێگا خێراکان و لە گەشتە درێژەکاندا کاریگەرییەکەی زیاترە، بەڵام هێشتا سنووردارە. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 100 کیلۆمەتری: زیادکردنی تێکڕای خێرایی لە 90 کم/سەعاتەوە بۆ 110کم/سەعاتێک، کاتی گەشتەکە لە سەعاتێک و 7 خولەکەوە بۆ 54 خولەک کەمدەکاتەوە، واتە نزیکەی 13 خولەک پاشەکەوت دەکرێت. هەرچەندە ئەمە سوودی هەیە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی و بەربەستەکانی دیکەوە، دەگمەنە شۆفێرێک بتوانێت بە درێژایی رێگاکە پابەندی ئەو خێراییە بەرزە بێت و لە رێگاکانی دەرەوەی شاریشدا هەمیشە مەترسی هاتوچۆی ئاژەڵان و چاککردنی رێگاکان رەنگە وابکات توشی روداوی هاتوچۆبین.

 

ئەو کاتە کەمەی بۆ شۆفێر دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەر چەندین تێچووی گیانی و ماڵی هەیە:

سەلامەتی
: مەترسیی روداوی هاتوچۆ بەشێوەیەکی نایەکسان لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا بەرز دەبێتەوە. خێرایی زیاتر هەم ئەگەری پێکدادان و هەم سەختیی زیانەکان زیاد دەکات.

  • خەرجیی سووتەمەنی و چاککردنەوە: خەرجیی سووتەمەنی و دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا، بەتایبەت لە سەرووی 80-100 کم/سەعاتەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. هاوکات تەمەنی تایە، برێک و بزوێنەریش کەم دەکاتەوە.
  • ئاکامە یاسایی و داراییەکان: سزای دارایی، زیان بەرکەوتن بەر ئۆتۆمبێل و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە و سزاکانی پۆلیسی هاتوچۆ

    چەند رێنماییەکی پراکتیکی لەبری خێرا لێخوڕین:

لەبری خێرا لێخوڕین، دەتوانیت ئەم رێگایانە بەکاربهێنیت بۆ کورتکردنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکەت:

  • هەڵبژاردنی کات و رێگای گونجاو: لە کاتێکدا گەشت بکە کە قەرەباڵغی کەمترە و رێگایەک هەڵبژێرە کە خێراترە و کورتترە.
  • کەمکردنەوەی وەستان: تا دەتوانیت لە وەستانی ناپێویست دووربکەوەرەوە.
  • پاراستنی خێراییەکی جێگیر: هەوڵبدە خێراییەکەت لە نزیک سنووری رێپێدراو بهێڵیتەوە و جڵەوی خێرایی (Cruise control) بەکاربهێنە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانکۆی جۆنس هۆپکینزی لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کەمخەویی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لاوازبوونی یادگە و توانای بڕیاردان زیاتر دەکات.

پسپۆڕانی تەندروستیی زانکۆکە رایدەگەیەنن، تێکچوونی ماوەدرێژی کاتەکانی خەوتن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن 36% زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی تێکدانی سەعاتی بایۆلۆجیی جەستەی مرۆڤەوە کە بەرپرسیارە لە جڵەوکردنی خەو و هەزاران فرمانی دیکە لە لەشدا. 

لێکەوتە نەرێنییە تەندوستییەکانی دیکەی کەمخەوی خۆیان دەبیننەوە لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی لە 48%، لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگریی و مەترسیی زیاتری تووشبوون بە پەتای وەرزی. لە هەمانکاتیشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە سێ هێندە زیاددەکات.

پسپۆڕانی زانکۆکە باس لەوەش دەکەن، هەستەوەریی وەرزی و رەبۆ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر کوالێتیی خەو دەبێت. تەنانەت نەخۆشیی شەکرەش بەهۆی زیادکردنی رێژەی میزکردنەوە، وادەکات خەوی کەسەکە پچڕپچر و خراپ بێت.

دەشڵێن دڵەکزەش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خەو هەیە، بەجۆرێک بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە هەر چوار کەسێکدا کە دڵەکزەیان هەیە، سێ کەسیان شێوازی خەوتنیان ناڕێک و پچڕپچڕە.

بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، پێویستە کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست لە هەر رۆژێکدا بەلایەنی کەمەوە 7 سەعات بخەوێت، لە کاتێکدا گەنجان و هەرزەکاران پێویستیان بە نزیکەی 8 بۆ 10 سەعات خەو هەیە. واتا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا پێویستیی خەو کەمتر دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە باشووری رۆژهەڵاتی وێڵز، بۆ یەکەمجار زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی بیرچوونەوە بە شێوەیەکی خێراتر و وردتر،  تاقیکردنەوەکە بەجۆرێکە  سەرەتا کەمتر لە هەزار نەخۆش و دواتر هەزار کەس لە سەرانسەری بەریتانیا بەشدار دەبن.

لە هەوڵێکی دیکەی زانستیدا لە بواری پزیشکی شێوازێکی نوێی پشکنینی پێشکەوتووی خوێن بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی بایۆمارکەرەکان، بەمەبەستی  دەستنیشانکردنی پڕۆتینە بچووکەکان کە پەیوەندییان بە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی بیرچوونەوە هەیە.

لە دوای پشکنینەکان بە زیرەکی دەستکرد،  ئەنجامەکانیش هەر لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە شیدەکرێنەوە و ئەمە بە هەوڵێکی نوێێ زانستی اددەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی لەبیرچونەوەی پێشوەختە.

 لە بەریتانیا نزیکەی ملیۆنێک کەس تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوون و وڵاتەکە بەدەەست ئەو نەخۆشیەوە دەناڵێنێت؛  پێشبینیش دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاتر بەرزبێتەوە لەگەڵ پیربوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە ئەو کەسانەی لە کاتژمێرە درەنگەکانی شەودا مۆبایل بەکاردەهێنن، زۆرجار باری دەروونییان ناسەقامگیرە.

لێکۆڵینەوەکە، کە لە گۆڤاری "ساینتێفیک ریپۆرتس" بڵاوکراوەتەوە و داتای بەکارهێنانی 310 کەسی پێگەیشتووی بۆ پلاتفۆرمی "ئێکس" شیکردووەتەوە، نیشانیداوە کە ئەو کەسانەی لە نێوان کاتژمێر 11ی شەو و 5ی بەیانیدا پۆست دەکەن یان چالاکن لە پلاتفۆرمەکەدا، ناسەقامگیریی دەروونییان تێدا بەدی کراوە، بە بەراورد بەو کەسانەی لە رۆژدا پلاتفۆرمەکە بەکاردەهێنن.

دانیال جۆنسۆن لە زانکۆی "بریستۆڵ"ی بەریتانی، کە لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ توێژەرانی دیکەی هەمان زانکۆ ئەنجامداوە، رایگەیاند: "ئەم ئەنجامانە گومان دەخەنە سەر ئەو سەرقاڵییە سیاسییەی کە هەوڵدەدات کاتی بەکارهێنانی شاشە کەم بکاتەوە، و لە تێگەیشتن لە کاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی نزیکمان دەکاتەوە."

جۆنسۆن لە وتارێکدا کە لە پلاتفۆرمی "زە کۆنڤێرسەیشن" بڵاوکراوەتەوە، رونیکردەوە کە کێشەی لێکۆڵینەوەکانی پێشوو ئەوەیە کە تەنها سەرنجیان لەسەر ماوەی بەکارهێنان بووە، ئاماژەی بەوەشدا کە رەفتاری بەکارهێنەر و ئەو پلاتفۆرمەی کە بەکاریدەهێنێت دوو هۆکاری گرنگن بۆ دیاریکردنی ئەنجامەکان.

جۆنسۆن و هاوکارانی پشتیان بە "پێوەری خۆشگوزەرانی دەروونی" بەستووە، کە لە 14 خاڵ پێکدێت و بۆ پێوانەکردنی هەست و کارکردنی کەسەکە بەکاردێت.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کاتی پۆستکردن لە "تویتەر" پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی دەروونییەوە هەیە، هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە خۆشگوزەرانیی دەروونی لەو کەسانەی کە شەوانە چالاکن کەمترە، بە بەراورد بەوانەی کە لە کاتژمێرەکانی رۆژدا پۆست دەکەن.

لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی نیشاندا کە پەیوەندیی نێوان کاتی پۆستکردن و نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەهێزتر بووە، بە تایبەتی لە بەشداربووانی بەتەمەنتردا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆکا کۆلا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1886 لەلایەن پزیشکی دەرمانساز، د. جۆن سیس پێمبێرتۆنەوە لە جۆرجیا بەرهەمهێنرا، کە لە بنەڕەتدا وەک چارەسەرێکی پزیشکی بەکارهاتووە.

د. پێمبێرتۆن لە پاش برینداربوونی لە جەنگی ناوخۆی جۆرجیادا لە ماوەی ساڵانی 1880کاندا و ئالوودەبوونی بە ماددەی "مۆرفین" کە وەک ئازارشکێنێک بەکاری دەهێنا، بەدوای دۆزینەوەی ئازارشکێنێکی جێگرەوەدا وێڵبوو.

پزیشکەکە چەندین ماددەی یەک لەدوای یەکی لە تاقیگەدا تاقیکردەوە. دواجار پاش دەیان تاقیکردنەوە، گیراوەیەکی نوێی خستەڕوو کە بە "کۆکاکۆلا" ناسرا؛ گیراوەکە تێکەڵەیەک بوو لە پوختەی گەڵای "کۆکایین" و تۆوی درەختی "کۆلا". بڕی کەم کۆکایین لە پێکهاتەی گیراوەکەدا هەبوو، کە وەک ئازارشکێنێک کاری دەکرد. هاوکات تۆوی رووەکی کۆلا، بەهۆی ئەوەی ماددەی کافایینی لەخۆگرتبوو، وەک وریاکەرەوەیەک لە گیراوەکەدا بەکاردەهات.

"کۆکاکۆلا" لە دەرمانخانەیەکی شاری ئەتلەنتا دەفرۆشرا؛ گیراوەکە گازی تێدەکرا و لە شێوەی سۆدەدا بە نرخی 5 سەنت بۆ هەر پەرداخێک دەفرۆشرا. لەو ساتەوەختەدا، بەکارهێنان سەرەکیی کۆکاکۆلا بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بووە، بە دیاریکراوی بۆ چارەسەری ژانەسەر، بێهێزی و تێکچوونە دەمارییەکان.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەکارهێنانی ئەم گیراوەیە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و خەڵکی زیاتر وەک خواردنەوەیەکی چێژبەخش تەماشایان دەکرد، لەبری بەکارهێنانی وەک چارەسەرێکی پزیشکی، تاوەکو لە سەرەتای ساڵانی 1900ـەکاندا کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کۆکاکۆلا پێکهاتەی "کۆکایین"ـی لە گیراوەکەدا لابرد و لە شێوەی خواردنەوەیەکی چێژبەخشدا تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەفرۆشرێت.

مەترسییە تەندروستییەکانی کۆکاکۆلا

ماڵپەڕی “WebMD” دەڵێت، خواردنەوە گازییەکان، لەنێویشیاندا کۆکاکۆلا، هۆکارن بۆ تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو، لاوازبوونی گورچیلەکان و جگەر، شێرپەنجە و چەندین گرفتی تەندروستیی دیکە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئێستادا جیهان رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا و "کۆڤید-19"  و هەڵامەت بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی پاییز.

هەردوو ڤایرۆسەکە (هەڵامەت و کۆڤید-19) چەندین نیشانەی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش جیاکردنەوەیان قورس دەکات، بەڵام جیاوازی هەیە لە شێوازی دەرکەوتن و ئەو مەترسییانەی کە دروستی دەکەن، پێویستە ئەم زانیارییانە بزانین بۆ دیاریکردنی دروستیی تووشبوونەکە بە مەبەستی دڵنیابوون لە وەرگرتنی چارەسەری کاریگەر و خۆپاراستن لە ئاڵۆزییە مەترسیدارەکان.

چۆن بزانم تووشی هەڵامەت بووم؟
هەڵامەت (ئەنفلۆنزا) هەوکردنێکی کۆئەندامی هەناسەیە کە بە توندی لە وەرزە ساردەکاندا بڵاودەبێتەوە و دەکرێت زیانێکی زیاتری بە جەستە بگەیەنێت و لاوازتری بکات، لە کاتێکدا سەرمابوونی ئاسایی دەبێتە هۆی پژمین، فرمێسکی چاو و هەوکردنێکی سووکی قورگ، هەڵامەت زیاتر بە شێوەیەکی لەناکاو دەردەکەوێت لەگەڵ تا، ئازاری جەستە و ماندویەتی.

هەڵامەت ساڵانە هەزاران کەس ناچار دەکات بچنە نەخۆشخانەکان و مەترسییەکی تایبەتە بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستی درێژخایەنیان هەیە یان کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە.
کوتان بەهێزترین رێگەی بەرگرییە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە پێکوتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی نەخۆشی قورس و چوونە نەخۆشخانە کەم دەکەنەوە.

 

چۆن بزانم تووشی "کۆڤید-19" کۆرۆنا بووم؟
"
کۆڤید-19" هێشتا نەخۆشییەکی مەترسیدارە، بە تایبەت لە نێو ئەو کەسانەی کە لاوازن. ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە گەشەکردن، چونکە گۆڕاوە نوێیەکان بە ئاسانی لە رێگەی پرژاندنی هەناسەوە بڵاودەبنەوە.
نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە لە سەرەتای پەتای گشتگیرییەوە گۆڕاون، ئێستا زۆرێک لە خەڵک تووشی نیشانەی هاوشێوەی سەرمابوون دەبن، وەک هەوکردنی قورگ یان گیرانی کونەکانی لووت. بەڵام ئەوانی تر هێشتا باسی تا یان لەرزین، یان کۆکەی بەردەوام، یان ماندویەتی، یان سەرئێشە، یان تەنگەنەفەسی دەکەن. هەروەها کێشەی گەدەش رەنگە روبدات وەک دڵ تێکەڵهاتن و سکچوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمخەویی ماوەدرێژ، تەنها کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆگرامی خەوتن دروست ناکات، بەڵکو توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای دەکات کە دەتوانێت پیربوونی مێشکیش خێراتر بکات. ئەم دۆزینەوەیە جەخت لەسەر گرنگیی خەوێکی تەندروست دەکاتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک بە درێژایی تەمەن.

لێکۆڵینەوە زانسییەکە کە لە گۆڤاری زانستیی "Neurology" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی تووشی کەمخەویی ماوەدرێژ دەبن – یان لانیکەم سێ شەو لە هەفتەیەکدا بۆ ماوەی سێ مانگ یان زیاتر گرفتی خەوتنیان بۆ دروست دەبێت – بە ڕێژەی 40% زیاتر لەو کەسانەی خەوێکی ئاساییان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و لاوازبوونی هزری هەیە؛ بە گوتەی توێژەران، ئەمە یەکسانە بە 3.5 ساڵ زیادبوونی پیریی مێشک.

دکتۆر دیێگۆ ز. کارڤالیۆ، یەکێک لە نووسەرانی لێکۆڵینەوەکە و پسپۆڕی دەمار و مێشک لە ناوەندی تەندروستیی مایۆکلینیکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەم دۆزینەوانە دەبنە بەشێکی دیکە لەو کۆمەڵە بەڵگەیەی کە نیشانی دەدەن خەو تەنها بۆ پشوودان نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی گرنگی بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری و پاراستنی تەندروستیی مێشکە."

تیمەکەی کارڤالیۆ زیاتر لە 2750 کەسایەتی گەورەی ئەمریکی، کە لە روی دەروونییەوە تەندروست بوون، بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد. 16%ی بەشداربووان تووشی کەمخەوی بوون. ئەوان بە بەردەوامی تاقیکردنەوەی یادەوەری و بیرکردنەوەیان بۆ ئەنجامدرا و هەندێکیشیان پشکنینی تیشکیی مێشکیان بۆ کراوە.

بە گشتی، 14%ی ئەو کەسانەی تووشی کەمخەوی بوون، دواتر تووشی خەمۆکی یان لاوازبوونی هزری بوون، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لەو کەسانەدا کە کەمخەوییان نەبووە، 10% بووە. هەروەها، ئەو کەسانەی کەمخەوی درێژخایەنیان هەبووە، بە درێژایی ئەو ساڵانە، لەروی توانای بیرکردنەوەوە لاوازییەکی زۆریان بە خۆیانەوە بینیوە.

کارڤالیۆ گوتیشی: "ئێمە دابەزینێکی خێراترمان لە تواناکانی بیرکردنەوە و گۆڕانکاری لە مێشکدا بەدی کرد، کە نیشان دەدات کەمخەوی ماوەدرێژ دەتوانێت هۆشدارییەکی پێشوەختە بێت، یان تەنانەت هۆکارێکی بەشداربێت لە کێشەکانی ناسینی داهاتوودا." ئەم ئەنجامانە تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک تەمەن، بەرزی فشاری خوێن، خەوی پچڕپچڕ و بەکارهێنانی دەرمانی خەویش، جێگیر مانەوە.

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکە سەلمێنەری ئەوە نییە کە کەمخەوی راستەوخۆ دەبێتە هۆی کێشەی مێشک، بەڵام تەنها نیشانی داوە کە پەیوەندییەک لەنێوان کەمخەوی و تەندروستی مێشکدا هەیە. پێویستە توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی ئەم پەیوەندییە.

هاوکات توێژینەوەکە نیشانی دا کە کەمخەویی ماوەدرێژ رەنگە کاریگەریی زیاتر لەسەر تەندروستی مێشکی هەندێک کەس هەبێت وەک لەوانی دیکە. بەشداربووان کە دەیانگوت کەمتر لە ئاستی ئاسایی دەخەون، خاڵی سپی زیاتر لە پشکنینی مێشکیاندا دەرکەوتبوو، کە نیشانەی زیان گەیشتنە بە مێشکیان، هەروەها ماددەی ئەمیلۆیدیش زیاتر بینرابوو؛ پڕۆتینگەلێکن کە لە مێشکدا کۆدەبنەوە و پەیوەندییان بە سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە. ئاستی ماددەی ئەمیلۆیدی ئەوان هاوشێوەی ئەو کەسانە بوو کە جینی APOE4ـیان هەیە؛ جینێکە مەترسیی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات. هەروەها لەنێوان خۆبەخشەکاندا کە ئەم جینەیان هەبوو، دابەزینێکی زیاتر لە یادەوەری و تواناکانی بیرکردنەوەدا بەدی کرا.

کارڤالیۆ گوتی: "ئەنجامەکانمان نیشان دەدەن کە کەمخەوی رەنگە بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر مێشک هەبێت، نەک تەنها لە رێگەی ئەمیلۆیدەوە، بەڵکو لە رێگەی دەمارە خانە بچووکەکانی مێشکیشەوە."

ئەم دۆزینەوانە نوێترین بەڵگەن لەسەر پەیوەندیی نێوان خەو و تەندروستی مێشک. کەمخەوی ماوەدرێژ مەترسییەکانی بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشیی دڵ، شەکرە، خەمۆکی و قەڵەوییش زیاد دەکات.

بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشبووی خەمۆکین و کەمخەویش نزیکەی 16.2%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی تووش کردووە کە داتای باوەڕپێکراویان هەیە.

لە کۆتاییدا کارڤالیۆ وتی: "ئەم لێکۆڵینەوەیە گرنگیی چارەسەرکردنی کەمخەوی ماوەدرێژ دووپات دەکاتەوە، نەک تەنها بۆ باشترکردنی کوالیتی خەو، بەڵکو رەنگە بۆ پاراستنی تەندروستی مێشکیش لە پیریدا."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كیتۆ، ئەو بەرنامە خۆراكییەی زۆرترین پرسیار و گومان لەبارەی سەلامەتی و كاریگەرییەكانییەوە لەئارادایە.

كیتۆ بریتییە لە جۆرە رێجیمێك كە تێیدا پەیڕەوكەرانی دووردەكەونەوە لە خواردنی كاربۆهیدرات و زیاتر پشتدەبەستن بەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە  چەوری، بەجۆرێك نزیكەی %90ـی رێجیمەكە چەورییە و بەشێكی كەمیشی پرۆتینە.

زانكۆی هارڤارد لە دوایین بڵاوكراوەكانیدا ڕایگەیاند، لە بنەڕەتدا رێجیمی كیتۆ بۆ چارەسەركردنی گەشكەیە لە منداڵاندا، بەڵام هەندێك جار خەڵكی بۆ دابەزاندنی كێش پشتی پێدەبەستن، لەم حاڵەتەشدا دەبێت بۆ ماوەیەكی كورتخایەن پەیڕەو بكرێت، نەك بۆ هەمیشەیی.

پسپۆڕانی زانكۆی هارڤارد دەشڵێن، رێجیمی كیتۆ بەهۆی ئەوەی وا لە جەستە دەكات رەوتی دەستكەوتنی وزە لە لە گلوكۆزەوە بگۆڕێت بۆ چەوری، دەشێت بە تێپەڕبوونی كات ببێتەهۆی تووشبوون بە جۆرێك لە شێواوی و هەستیاریی دەروونی، تەنانەت رەنگە لاوازیی یادگەشی بەدوادا بێت، چونكە باشترین سەرچاوەی وزە بۆ كاركردنی مێشك گلوكۆزە، نەك چەوری.

رێجیمی كیتۆ بەدەر لە گۆشت، مریشك، ماسی و هێلكە، هەر یەك لە جۆرە جیاوازەكانی چەرەس، پەنیر، سەوزەكانی وەك سپێناخ، كاهوو، برۆكلی، كەلەرم، بیبەر، پیاز، سیر، قارچك و خەیار لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە كاتێكدا پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵەكان، شەكر و میوە لەخۆناگرێت.

زانكۆی هارڤارد باس لەوەش دەكات، پەیڕەوكردنی ئەم رێجیمە بۆ ماوەیەكی درێژ هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش، تووشبوون بە كەمیی مەگنیسیۆم و ڤیتامین B و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە قەبزی.

زانكۆی هارڤارد سەبارەت بەوەی كە بۆچی خەڵكانێكی زۆر پەیڕەوكاری ئەم رێجیمە، دەڵێت "باس و خواسی ئەم رێجیمە لە هەموو شوێنێكە، خەڵكی بەردەوام گوێیان لە كۆمەڵێك چیرۆك دەبێت لە هاوڕێ و چواردەورەوە كە چۆن ئەم رێجیمە كاریگەر بووە لە دابەزاندنی كێشدا؛ بەشێك لە زانایان هۆكاری كاریگەربوونی رێجیمەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئەم بەرنامە خۆراكییە بەدەر لەوەی چەوری خەزنكراوی جەستە دەسووتێنێت، لە هەمانكاتیشدا ئارەزووی كەسەكە بۆ خواردن كەمدەكاتەوە، چونكە هەرسكردنی چەوری لە كۆئەندامی هەرسدا كاتی زۆری پێویستە و هەستی تێری درێژ دەكاتەوە."

لە كۆتاییدا زانكۆی هارڤارد جەخت دەكاتەوە لەوەی سەرجەم بەرنامە خۆراكییە جیاوازەكان لە سەرتاسەری جیهاندا بەبێ جیاوازی، ئەگەر سنووربەندییەكی توندی تێدابێت و خۆراكە فرەجۆرەكان لەخۆ نەگرێت، نابێت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ پەیڕەو بكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرونناس و پسپۆڕی ماددە هۆشبەرەکان، ئەلێکسی کازانتسێڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە هەمووان دەزانن کحول کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی دەتوانن بە تەواوەتی وازی لێ بهێنن.

کازانتسێڤ کحول بە "چەکێکی کوشندە" وەسف دەکات.

ناوبراو دەڵێت: "بۆ مێشک، گرنگ نییە رێژەی کحول لە خواردنەوەکەدا بەرز بێت یان نزم، واتە خواردنەوەی چەند لیترێک بیرە یان شەراب مەترسییەکی راستەقینە دروست دەکات."

بە وتەی ئەو، لە سەدەی بیست و یەکدا کحول وەک ماددەیەکی کاریگەر لەسەر دەروون دانانرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هۆشیاری لاواز دەکات و کارکردنی بەشی پێشەوەی مێشک (ناوچەی نێوچەوان) سست دەکات، پاشان کەسەکە خەواڵوو دەبێت یان خاو دەبێتەوە. ئەم حاڵەتە بۆ گەنجان گونجاو نییە، چونکە ئەوان پێویستیان بەوەیە بەردەوام چالاک و بەرهەمدار بن و بیرۆکەکانیان ئازاد بکەن.

هەروەها دەڵێت: "بەڵام بۆ کەسانی بەساڵاچوو، زۆرجار کحول وەک رزگارکەرێک وایە، واتە وەک ماددەیەکی سڕکەری لە کۆمەڵگادا پەسەندکراو، دەمارەکان خاو دەکاتەوە و ئارامیان دەکات و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی دادەنێت."

شارەزاکە ئاماژە بە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی خود دەکات، چونکە دەبێتە هۆی بۆشاییەکی بایۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و رۆحی، و سەرەنجام جەستە وێران دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی کێشە پزیشکییەکانی سنووری سلێمانی چارەسەرکرا، ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی پارەی دەرمان کرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی درا ئەمڕۆ دەستکرا بە خەرجکردنی پارەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەمەش کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پێویستی پزیشکی لە سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتاییهات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خوێن کۆڵەکەی سەرەکیی تەندروستیی مرۆڤە؛ بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراکەماددە بۆ سەرجەم خانە و شانە جۆراوجۆرەکانی جەستە، هاوکات بەشێکی گرنگە لە کۆئەندامی بەرگری و پرۆسەی دەردانە دەروەی پاشەڕۆ لە جەستەدا، ئەمەش وێڕای رۆڵی کارای لە رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە و بوون بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی هۆرمۆن لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە.

پێکهاتەی خوێن %55ـی شلەی پلازمایە،کە لە ئاو  و پرۆتین پێکدێت، هاوکات %45ـەکەی دیکەشی بریتییە لە خرۆکە سوورەکان، خرۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن.

دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا دەڵێت، هەر دڵۆپێک خوێن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستەدا دەبڕێت؛ یەکسانە بە نیو خول سووڕانەوە بە دەوری زەویدا.

پیاوێکی پێگەیشتووی تەندروست نزیکەی 5 بۆ 6 لیتر خوێن لە جەستەیدایە، لە کاتێکدا رێژەکە بۆ خانمان نزیکەی 4 بۆ 5 لیترە. هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان بڕێکی زیاتر ماسوولکە لە جەستەیاندا هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتری خوێنە بۆ دابینکردنی خۆراکەماددە و ئۆکسجینی تەواو بۆ ماسوولکەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دوور لە گۆشت، کاریگەریی پاراستنی جەستەی دەبێت دژی چەندین جۆری نەخۆشیی شێرپەنجە.

گۆڤاری "American Journal of Clinical Nutrition" بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی 80 هەزار کەس لە کەنەدا و ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە لە سەرەتای توێژینەوەکەدا هیچ کامێکیان تووشبووی شێرپەنجە نەبوون. زانایان بۆ ماوەی 15 ساڵ چاودێریی سیستمی خۆراکی و دۆخی تەندروستییان کردوون.

دوای بەراوردکردنی داتاکان دەرکەوت، ئەو کەسانەی پشتیان بە سیستمی خۆراکیی روەکی بەستووە، مەترسیی تووشبوونیان بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە بە ڕێژەی %12کەمیکردووە، هەروەها بۆ ئەو گرێیانەی کە "کەمتر دووبارە دەبنەوە" رێژەکە %18بووە.

جیاوازییەکە بەتایبەتی لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بەرچاو بووە؛ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ریخۆڵە ئەستوورە لەناو روەکخۆرەکاندا بە ڕێژەی %21، شێرپەنجەی گەدە بە رێژەی %45، و نەخۆشییە لیمفاوییەکان (lymphoproliferative diseases) بە ڕێژەی%25 دابەزیوە. هەروەها، کەمبوونەوە لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستاتیشدا بەدیکراوە.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەدا کە سیستمی خۆراکیی روەکی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و ماددە کیمیاییە روەکییەکان کە دەتوانن هەوکردن کەمبکەنەوە و کرداری مێتابۆلیزم لە لەشدا باشتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان دا کە ئەم ئامارە دڵخۆشکەرانە مانای پارێزگاریی تەواوەتی نییە لە شێرپەنجە، و پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ زانینی میکانیزمی کاریگەریی سیستمی خۆراکی لەسەر کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...12