لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پڕبوونی رەفەی مارکێتەکان بە شیرینی، زۆر کەس ئەوەیان لەبیردەچێت کە ئەم وەرزە خۆی جێگرەوەی تەندروستی و سروشتیی تێدایە، پسپۆڕانیش رێنمایی دەدەن کە دەبێت چوار جۆر میوە ببنە بەشێک لە خۆراکی رۆژانەمان.

رۆب هۆبسۆن، پسپۆڕی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات، لەبری کڕینی شیرینی و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر و چەوری و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکری خوێن، پێویستە سێو، هەرمێ و تووەکان لە ماڵەکاندا هەبن.

ئەمانە گرنگترین میوە زستانییەکانن کە هۆبسۆن پێشنیاریان دەکات:

توی رەش:
دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و مادەی ئەنسۆسیانین کە بۆ تەندروستی دڵ، بۆرییەکانی خوێن و مێشک بەسودە، لە هەمان کاتدا رێژەی شەکر تێیدا کەمە. ئەم میوەیە دژە ئۆکسانی بەهێز و ڤیتامین C و Kـی تێدایە. دەتوانرێت بەیانیان لەگەڵ ماست یان شۆفان بخورێت.

هەرمێ:
سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵە بەتایبەت ئەگەر بە توێکڵەوە بخورێت، یارمەتی هەرس دەدات و کێشەی قەبزی چارەسەر دەکات کە زۆرجار بەهۆی سەرماوە دروست دەبێت. هەروەها ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B و مادەی پۆلیفینۆڵی تێدایە کە بۆ بۆرییەکانی خوێن باشە.

سێو:
بە یەکێک لە بنەماکانی خۆراکی زستان دادەنرێت بەهۆی بوونی ریشاڵی تواوە (پێکتین) کە بۆ تەندروستی ریخۆڵە و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ بەسودە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2019 دەریخستووە خواردنی دوو سێو لە رۆژێکدا کۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت.

توی سوور:
ئەم میوەیە بەناوبانگە بە توانای پاراستن لە هەوکردنی میزەڵدان، چونکە مادەی تێدایە رێگری دەکات لەوەی بەکتریای ئیکۆلای بە دیوارەکانی میزەڵدانەوە بنووسێت. توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتەکەی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان بەڕێژەی 54% کەم دەکاتەوە، هەروەها سیستمی بەرگری لەش لە زستاندا بەهێز دەکات.