كەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاد دەکات
هەژان قادر
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
زانکۆی جۆنس هۆپکینزی لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کەمخەویی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لاوازبوونی یادگە و توانای بڕیاردان زیاتر دەکات.
پسپۆڕانی تەندروستیی زانکۆکە رایدەگەیەنن، تێکچوونی ماوەدرێژی کاتەکانی خەوتن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن 36% زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی تێکدانی سەعاتی بایۆلۆجیی جەستەی مرۆڤەوە کە بەرپرسیارە لە جڵەوکردنی خەو و هەزاران فرمانی دیکە لە لەشدا.
لێکەوتە نەرێنییە تەندوستییەکانی دیکەی کەمخەوی خۆیان دەبیننەوە لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی لە 48%، لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگریی و مەترسیی زیاتری تووشبوون بە پەتای وەرزی. لە هەمانکاتیشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە سێ هێندە زیاددەکات.
پسپۆڕانی زانکۆکە باس لەوەش دەکەن، هەستەوەریی وەرزی و رەبۆ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر کوالێتیی خەو دەبێت. تەنانەت نەخۆشیی شەکرەش بەهۆی زیادکردنی رێژەی میزکردنەوە، وادەکات خەوی کەسەکە پچڕپچر و خراپ بێت.
دەشڵێن دڵەکزەش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خەو هەیە، بەجۆرێک بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە هەر چوار کەسێکدا کە دڵەکزەیان هەیە، سێ کەسیان شێوازی خەوتنیان ناڕێک و پچڕپچڕە.
بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، پێویستە کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست لە هەر رۆژێکدا بەلایەنی کەمەوە 7 سەعات بخەوێت، لە کاتێکدا گەنجان و هەرزەکاران پێویستیان بە نزیکەی 8 بۆ 10 سەعات خەو هەیە. واتا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا پێویستیی خەو کەمتر دەبێتەوە.



