هەڵامەت یان ئەنفلۆنزا یان کۆرۆنا؟ رێگەیەکی خێرا بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشییە هاوشێوەکان
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە ئێستادا جیهان رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا و "کۆڤید-19" و هەڵامەت بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی پاییز.
هەردوو ڤایرۆسەکە (هەڵامەت و کۆڤید-19) چەندین نیشانەی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش جیاکردنەوەیان قورس دەکات، بەڵام جیاوازی هەیە لە شێوازی دەرکەوتن و ئەو مەترسییانەی کە دروستی دەکەن، پێویستە ئەم زانیارییانە بزانین بۆ دیاریکردنی دروستیی تووشبوونەکە بە مەبەستی دڵنیابوون لە وەرگرتنی چارەسەری کاریگەر و خۆپاراستن لە ئاڵۆزییە مەترسیدارەکان.
چۆن بزانم تووشی هەڵامەت بووم؟
هەڵامەت (ئەنفلۆنزا) هەوکردنێکی کۆئەندامی هەناسەیە کە بە توندی لە وەرزە ساردەکاندا بڵاودەبێتەوە و دەکرێت زیانێکی زیاتری بە جەستە بگەیەنێت و لاوازتری بکات، لە کاتێکدا سەرمابوونی ئاسایی دەبێتە هۆی پژمین، فرمێسکی چاو و هەوکردنێکی سووکی قورگ، هەڵامەت زیاتر بە شێوەیەکی لەناکاو دەردەکەوێت لەگەڵ تا، ئازاری جەستە و ماندویەتی.
هەڵامەت ساڵانە هەزاران کەس ناچار دەکات بچنە نەخۆشخانەکان و مەترسییەکی تایبەتە بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستی درێژخایەنیان هەیە یان کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە.
کوتان بەهێزترین رێگەی بەرگرییە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە پێکوتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی نەخۆشی قورس و چوونە نەخۆشخانە کەم دەکەنەوە.
چۆن بزانم تووشی "کۆڤید-19" کۆرۆنا بووم؟
"کۆڤید-19" هێشتا نەخۆشییەکی مەترسیدارە، بە تایبەت لە نێو ئەو کەسانەی کە لاوازن. ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە گەشەکردن، چونکە گۆڕاوە نوێیەکان بە ئاسانی لە رێگەی پرژاندنی هەناسەوە بڵاودەبنەوە.
نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە لە سەرەتای پەتای گشتگیرییەوە گۆڕاون، ئێستا زۆرێک لە خەڵک تووشی نیشانەی هاوشێوەی سەرمابوون دەبن، وەک هەوکردنی قورگ یان گیرانی کونەکانی لووت. بەڵام ئەوانی تر هێشتا باسی تا یان لەرزین، یان کۆکەی بەردەوام، یان ماندویەتی، یان سەرئێشە، یان تەنگەنەفەسی دەکەن. هەروەها کێشەی گەدەش رەنگە روبدات وەک دڵ تێکەڵهاتن و سکچوون.



