تەندروستی

مێشک رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زۆربەی کارە جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەکاندا، بەڵام هەندێک خۆراک و خواردنەوە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی مێشک هەیە و مەترسی  تێکچوونی فرمانەکانی مێشک زیاد دەکەن.

ماڵپەڕی پزیشکی "هێڵس لاین" لیستێکی لەو خۆراک و خواردنەوانە بڵاوکردووەتەوە کە ئامۆژگاری دەکرێت کەمبکرێنەوە بۆ پاراستنی مێشک لە زیانە جۆراوجۆرەکان، کە بریتین لە:

خواردنەوە شەکرییەکان

ئەم خواردنەوانە وەک خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوەکانی وزەبەخش، خواردنەوە وەرزشییەکان و شەربەتی میوەکان دەگرێتەوە. بەکاربردنی بەرزی ئەم خواردنەوانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و کلۆربوونی ددانەکان زیاد دەکات، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر مێشک.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کە بڕێکی زۆر شەکریان خواردووە، دوو هێندەی ئەوانەی بڕێکی کەمتریان بەکارهێناوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە (خەرەفان) زیاتر بووە. هەروەها توێژینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان دەریانخستووە کە بەکاربردنی زۆری شەربەتی گەنمەشامی کە فرەکتۆزی بەرزە، رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەی "هیپۆکامپەس"ی مێشک هەبێت کە بەرپرسە لە فێربوون و یادەوەری. بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە زانستییەکانی وەک بیرچوونەوە زیاد بکات.

کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان:

ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە دانەوێڵە زۆر پاڵاوتەکان وەک ئاردی سپی لەخۆدەگرن. تایبەتمەندی ئەم کاربۆهیدراتانە ئەوەیە کە جەستە بە خێرایی هەرسان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر و ئەنسۆلین لە خوێندا. خواردنیان بە بڕی زۆر، دەبێتە هۆی "باری گڵایسیمی بەرز"، واتە کاریگەری گشتی خۆراک لەسەر ئاستی شەکری خوێن. دەرکەوتووە ئەو خۆراکانەی کە نیشانەی گڵایسیمی و "باری گڵایسیمی بەرز"یان هەیە، کار لە فرمانەکانی مێشک دەکەن. هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکاربردنی درێژخایەنی کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان لەوانەیە کاربکاتە سەر ناوچەکانی وەک "هیپۆکامپەس" و بەشی پێشەوەی مێشک کە پەیوەستن بە یادەوەری، فێربوون، بڕیاردان و رەفتاری کۆمەڵایەتییەوە.

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەورییە گۆڕاوەکان:

چەورییە گۆڕاوەکان جۆرێکن لە چەورییە ناتێرەکان کە رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مێشک هەبێت. سەرەڕای بوونی سروشتی ئەم چەورییانە لە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا، بەڵام جێگەی نیگەرانی چەورییە گۆڕاوە پیشەسازییەکانە (زەیتە هایدرۆجینکراوەکان). بەپێی توێژینەوەکان، خواردنی بڕێکی زۆری چەورییە گۆڕاوەکان لەوانەیە یادەوەری لە کەسانی خوار تەمەنی 45 ساڵ لاواز بکات. هەروەها، ئەم چەورییانە لەوانەیە هەوکردن و ئاستی ئەنسۆلین و کۆلیسترۆڵ زیاد بکەن، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت. لە بەرامبەردا، ئەو چەورییانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا-3 بەسوودن و رەنگە مێشک لە تێکچوونی زانستی و نەخۆشی ئەلزەهایمەر بپارێزن.

خۆراکە زۆر پێشکەوتووەکان (Ultra-processed foods)

ئەم خۆراکانە بڕێکی زۆر لە شەکر، چەوری، سۆدیۆم و ماددەی پارێزەریان تێدایە، وەک جپسی پەتاتە، شیرینییەکان، نۆدڵز، پۆپکۆرنی مایکرۆوەیڤ، ژەمە ئامادەکراوەکان و پیتزای بەستوو. بەپێی توێژینەوەیەک، بەکاربردنی زیاتر لە %19.9ی کالۆری رۆژانە لەم خۆراکانەوە بۆ ماوەی  8ساڵ، مەترسی پاشەکشەی توانای مێشک زیاد دەکات. مەترسی ئەم خۆراکانە لەوەدایە کە هەوکردن لە جەستەدا زیاد دەکەن و قەبارەی ناوچەی "هیپۆکامپەس" و ماددەی خۆڵەمێشی مێشک کە پەیوەستە بە بیرکردنەوە، یادەوەری و سۆزەوە، کەمدەکەنەوە.

ئەسپارتام:

ئەسپارتام شیرینکەرێکی دەستکردە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە بۆ بەکارهێنان لە بەرهەمە بێ شەکرەکاندا. بەکارهێنانی ئەسپارتام بە سەلامەت دادەنرێت ئەگەر لە سنووری دیاریکراودا بێت. بەڵام بەپێی توێژینەوەکان، زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانیدا مەترسییەکانی وەک کێشەی فێربوون، دڵەڕاوکێ، سترێس و خەمۆکی لێدەکەوێتەوە، چونکە رەنگە دەستوەردان لە بەرهەمهێنانی گەیەنەرە دەمارییەکان بکات و مێشک بخاتە ژێر فشاری ئۆکسانەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شوکولاتەی تاڵ تەنها خواردنێک نییە کە بۆ چێژوەرگرتن بخورێت، بەڵکو ژەمێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە خۆراکییەکان و چەندین سوودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت، وەک باشترکردنی میزاج، پاراستنی تەندروستیی دڵ، و یارمەتیدان لە رێکخستنی کێشی لەشدا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "فێری وێڵ هێڵس" (verywellhealth)، بەدەستهێنانی ئەم سوودانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کاتی خواردنی شوکولاتەکەوە هەیە، بەجۆرێک کە هەر سوودێکی کاتی تایبەت بە خۆی هەیە.

باشترین کات بۆ خۆشترکردنی ڕۆژەکەو کاریگەری دانان لەسەر میزاج:

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ وەک ژەمێکی سووک لە دوانیوەڕواندا، یەکێکە لە هەڵبژاردە گونجاوەکان بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باشترکردنی میزاج.

ئەم جۆرە شوکولاتەیە کافاین و ماددە وروژێنەرە سروشتییەکانی تێدایە کە یارمەتی بەئاگاهێنانەوەی جەستە دەدەن و هەستی ماندوێتی ناهێڵن کە بەهۆی دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا دروست دەبێت.

هەروەها دەرکەوتووە کە شوکولاتەی تاڵی رێژە %85، بەهۆی کاریگەریی لەسەر مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە، میزاج باشتر دەکات، چونکە بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ریخۆڵە زیاد دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ماددەی پۆلیفینۆڵ کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە و لە کاکاودا هەیە، یارمەتی کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ دەدات لە رێگەی کەمکردنەوەی هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ و ئێپینفرین.

باشترین کات بۆ دابەزاندنی کێش

پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە بۆ دابەزاندنی کێش، باشترە شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیاندا بخورێت.

توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەو کەسانەی لە کاتێکی زووی رۆژدا شوکولاتە دەخۆن، کێشیان زیاد ناکات. تێبینی ئەوەشکراوە کە ئارەزوویان بۆ خواردنی شیرینی کەمتر دەبێتەوە و برسێتییان کەمدەکات، هاوکات ئاستی شەکری خوێن و کەمەریان بچووکتر دەبێتەوە.

جگە لەمانە، دژەئۆکسان و کانزاکانی ناو شوکولاتە وەک مس و مەگنیسیۆم، لە ڕێگەی باشترکردنی سووڕی خوێن، بەهێزکردنی مێتابۆلیزم و بەرهەمهێنانی وزەوە، یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێش دەدەن.

باشترین کات بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە خواردنی شوکولاتەی تاڵ لە بەیانیان یان دوانیوەڕواندا سوودی بۆ تەندروستیی دڵ هەیە.

پێوایە خواردنی لە بەیانیاندا یارمەتی رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە بە بەراورد بە خواردنی لە شەواندا.

ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان خواردنی شوکولاتەیان بەستووەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، و جەڵتەی مێشک. بۆ نموونە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی بەردەوام شوکولاتە دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی %37 و مەترسیی جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی %29 کەمدەبێتەوە.

سوودەکانی تری پێکهاتەکانی شوکولاتەی تاڵ بریتین لە خاوکردنەوەی بۆرییەکانی خوێن، دابەزاندنی فشاری خوێن، و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.

سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟

گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.

سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.

 

"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"

 

لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.

تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.

ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.

 

چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟

چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.

تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.

ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!

 

"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"

 

لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.

 

"سێ خۆزگەکەی من"

 

لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.

 

"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"

 

بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.

لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.

 

"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"

 

لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.

لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.

 

چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟

لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.

 

وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا

 

 

"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"

 

لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.

باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.

لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.

 

وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان کە رێگە نەدەن منداڵەکانیان پێش تەمەنی هەرزەکاری مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، چونکە مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی دەروونییان دەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەک، کە لە گۆڤاری "گەشەپێدانی مرۆیی و توانا مرۆییەکان" (Journal of the Human Development and Capabilities) بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵەوە، دەتوانێت زیانێکی گەورە بە تەندروستیی دەروونییان بگەیەنێت.

توێژینەوەکە، کە لەلایەن رێکخراوی "سەیپیەن لابز" (Sapien Labs) ئەنجامدراوە و پشتی بە داتای نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە 163 وڵات بەستووە، دەریخستووە کە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەو تەمەنەدا پەیوەستە بە زیادبوونی بیری خۆکوشتن، نائارامیی سۆزداری، کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوون و دابڕان لە واقیع، بەتایبەتی لەنێو کچاندا.

هەروەها دەرکەوتووە هەرچەندە منداڵ لە تەمەنێکی کەمتردا ببێتە خاوەنی مۆبایلی زیرەک، ئەگەری تێکچوونی باری دەروونی زیاتر دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم منداڵانە زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، تووشی تێکچوونی خەو و گێچەڵی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لاواز دەبێت.

تارا تیاگاراجان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "ئەم دەرەنجامانە پێویستییان بە گرتنەبەری رێکاری بەپەلە هەیە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی منداڵانی خوار 13 ساڵ بە مۆبایلی زیرەک، هەروەها دانانی رێسای وردتر بۆ ئەو ژینگە دیجیتاڵییەی گەنجان تێیدا دەژین."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێدانی مۆبایلی زیرەک بە منداڵ پێش تەمەنی 13 ساڵی بیرۆکەیەکی خراپە و ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن تا تەمەنی 16 ساڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

جۆناسان هایت، دەرونناسێکی کۆمەڵایەتی بەناوبانگ، لە کتێبە پڕفرۆشەکەیدا "نەوەی دڵەڕاوکێ" (The Anxious Generation) پێشنیازی کردبوو کە پێویستە تا تەمەنی 16 ساڵی چاوەڕێ بکرێت ئینجا رێگە بە منداڵان بدرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.

سەرەڕای ئەم هۆشداریانە، زۆرێک لە دایکان و باوکان دەترسن منداڵەکانیان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە داببڕێن ئەگەر لەو تۆڕانەدا بوونیان نەبێت. بۆیە شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دایکان و باوکان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کاربکەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، ئەو نەخۆشییەی بە بکوژە بێدەنگەکە دەناسرێت، دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا.

رۆژی 28ی تەمموزی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر دانراوە، وەک رۆژێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە، کە تیایدا لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەی نوێ بەڕێوەدەچن.

هۆکاری دیاریکردنی رۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی لەدایکبوونی د. باری بلومبێرگی زانای ئەمریکی، کە ئەو بوو لە ساڵی 1952دا هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B دۆزیەوە و دواتریش پێکوتەی بۆ دانا.

جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە، کە کێشی بە گشتی لەنێوان 1.2 بۆ 1.6 کیلۆگرامدایە، لەش لە زۆرینەی ژەهرە مەترسیدارەکان رزگار دەکات و بەرپرسە لە دەردانی چەندین ئەنزیم، جگە لە کۆکردنەوەی شەکر و چەوری و پرۆتینەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لەکاتی پێویستدا.

چەند ڤایرۆسێک دەبنە هۆکاری هەوکردن لە جگەردا و پێنج جۆر لە هەوکردنی جگەر هەیە کە A, B, C, D, E و هەریەکەیان دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک و شێوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و توندییەکەیان جیاوازە، بەڵام ئەوەی کوشندەیە هەوکردنی جگەرە لە جۆریB  و C، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن "سیرۆسیسی جگەر" و شێرپەنجە.

لە رێگای کوتانەوە دەتوانرێت رێگە لە هەندێک لە جۆری هەوکردنەکانی جگەر بگیرێت.

 

جۆرەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر:

جۆری A

لە رێگای ئاو و خواردنی پیس، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی و پاشەڕۆی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، توشبوون بەم جۆرەی هەوکردنی جگەر کاتییە و بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، لە منداڵاندا زیاتر باوە.

 

جۆری B

جۆرێکی مەترسیدارە و هەندێک جار نیشانەکانی بەشێوەی کتوپڕ دەردەکەون، بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە وەک "خوێن، لیک، دەردراوەکانی جەستە".

ئەم جۆرەی هەوکردن پێکوتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەرێگەی پێکوتەکەوە رێگری لە توشبوونی دەکرێت.

 

جۆری C

بەهەمان شێوە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی جگەرە، بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت چارەسەر بکرێت ئەگەر نیشانەکانیشی قورس بن، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام پشتگوێخستن و وەرنەگرتنی چارەسەردا دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.

بەهەمان شێوە بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و لە نیشانە دیارەکانی "زەردویی، تا، شەکەتی و رشانەوە و ئازاری ناوسک، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی رەنگی میز".

 

جۆری D

بەبێ توشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری "بی" کەسەکە توشی نابێت، ئاستی مەترسییەکەشی لە هەمان ئاستی جۆری "بی"دایە و بە هەمان رێگاکانی ئەویش دەگوازرێتەوە.

 

جۆری E

لە رێگای ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە و بە گشتی لەو وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا باوە، هاوشێوەی هەوکردنی جگەرە لە جۆری "ئەی".

 

دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە

دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، بەڵام هۆشیاری بەرانبەر نیشانەکان هاوکاری سەرەکییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.

لەدوای ئەوەشی پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی نەخۆشییەکە و جۆرەکەی دەستنیشانکرد، پزیشک دیاری دەکات چ چارەسەرێک بدات بە نەخۆشەکان.

 

خۆپاراستن

باشترین رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، وەرگرتنی پێکوتەیە لەکاتی خۆیدا.

هەروەها پاکوخاوێنی جەستە و خۆراک و ئاو، دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی چ خۆراکێک و لەکوێ دەیخۆیت، هەروەها دڵنیابیتەوە لە پاکی ئەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنیت بۆ خواردنەوە.

پێویستە بەر لە بەکارهێنانیان سەوزە و میوە بە جوانی بشۆردرێنەوە.

هەروەها پێویستە هەرگیز دەرزی و سرنج،فڵچەی ددان و گوێزانی کەسانی دیکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی سلێمانی هۆشدارییەکی تایبەت بەو شۆفێرانە بڵاوکردووەتەوە کە بەردەوام بە تیژڕەوی شۆفێری دەکەن و چەند راستییەکی زانستی لەو بارەیەوە خستووەتە روو.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەگەر شۆفێری لە خێرایی 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بکەیت، ئەوا نزیکەی 9 مەتر دەبڕی لەیەک چرکەدا، هەروەها ئەگەر خێراییەکەت بەرزبکەیتەوە بۆ 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەوا 28 مەتر دەبڕیت لەیەک چرکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بە خێرایی 70 کیلۆمەتر شۆفێری بکەیت لە سەعاتێکدا، ئەوا مەترسییەکەی بەراورد بە 65 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا چوار هێندەیە، ئەگەرچی نێوانی ئەو دوو ژمارەیەش هێندە زۆر نییە، بەڵام مەترسییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر لە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا توشی روداوی هاتوچۆ ببیت بەبێ پشتێنی سەلامەتی و لە جامی ئۆتۆمبێلەکەتەوە بپەڕیت، ئەوا وەک ئەوە وایە لە باڵيخانەیەکی 13 بۆ 14 نهۆمییەوە بکەویتە خوارەوە، کە گریمانەی گیانلەدەستدان لەو جۆرە روداوانەدا دڵنیاییە.

هاتوچۆی سلێمانی لە کۆتاییدا دەشڵێت، دوو رێگا هەیە بۆ شۆفێریکردن، لەکاتی شۆفێریدا دوو رێگە هەیە یان رێگای نایاسایی و نەپارێزراو، یان رێگای یاسایی و پارێزراو، لەدەست شۆفێراندایە کامیان هەڵبژێرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خواردنەوەی قاوە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، و کاریگەریی ئەم خواردنەوەیە بەپێی سروشتی زیندەچالاکیی (میتابۆلیزم)ی کەسەکان، بڕی کافایینی بەکارهاتوو، و ئەوەی کە ئایا قاوەکە لەسەر گەدەی بەتاڵ یان لەگەڵ خواردندا دەخورێتەوە، جیاوازە.

بەپێی وتەی پسپۆڕان، کافایینی ناو قاوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کاتیی شەکری خوێن، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە بەرگریی ئینسۆلینیان هەیە یان لە قۆناغی پێش شەکرە یان نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمدان.

پێدەچێت کافایین هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم کاریگەرییە بێت، چونکە هانی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس دەدات وەک ئەدرنالین، کە لەوانەیە رێگری لە کاری ئینسۆلین بکەن. هەروەها کافایین دەتوانێت جگەر هان بدات بۆ ئازادکردنی گلوکۆزی پاشەکەوتکراو، کە وا دەکات خانەکان بە زەحمەت بتوانن ئەم شەکرە لە خوێنەوە هەڵبمژن.

کاندیس بامپەر، پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندی پزیشکیی وێکسنەر لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە "هەڵمژینی کافایین خێراترە کاتێک لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە،" ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری شەکری خوێن، بەتایبەتی ئەگەر قاوەکە شەکر یان سپیکەرەوەی شیرینکراوی تێدابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کاریگەرییانە زۆربەی کات کاتین.

ئامۆژگاری بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قاوە لەسەر شەکری خوێن

ئەگەر نیگەرانی کاریگەریی قاوەیت لەسەر ئاستی شەکری خوێنت، ئەوا ئەم چەند ڕاسپاردەیە لەبەرچاو بگرە کە لە رووی زانستییەوە پشتڕاستکراونەتەوە:

  • قاوە لەگەڵ خواردن یان دوای خواردن بخۆرەوە: ئەمە یارمەتیدەرە لە هێواشکردنەوەی هەڵمژینی کافایین و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن سنووردار دەکات.

  • هەڵبژاردەی بێ شەکر یان بە شێوەی سروشتی شیرینکراو هەڵبژێرە: شیرینکەری سروشتی  بەکاربهێنە.

  • بڕی کافایین کەم بکەرەوە: دەتوانیت قاوەی بێ کافایین هەڵبژێریت یان ئەگەر هەستیاریت بە کافایین هەیە، قاوەی ئاسایی لەگەڵ قاوەی بێ کافایین تێکەڵ بکەیت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانایانی زانکۆی هارڤارد لە نوێترین توێژینەوەدا باسیان لە هۆکارێکی تایبەت بە دایکانەوە کردووە لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا و ئاماژە بەوە دەکەن، زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی هەیە بە دیاریکدنی رەگەزی کۆرپەلەوە.

ئەگەرچی لە رابردوودا دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە رێژەیەکی یەکسانی هەبوو لەنێوان رەگەزی نێر و رەگەزی مێ'دا، بە جۆرێک، دایکان تەنها خاوەنی کرۆمۆسۆمی X  و باوکانیش خاوەنی هەریەک لە کرۆمۆسۆمیX  وY 'ن. کە ئەگەر باوکەکە کرۆمۆسۆمی X  بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە مێ دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی Y بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە نێر دەبێت.

ئێستا زانایانی زانکۆی هارڤارد باس لەوەدەکەن، تەمەنی دایکیش دەتوانێت بەشدار بێت لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 28 ساڵی بەدواوە ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی لەدوای منداڵی یەکەم دەیبێت هەمان رەگەز بن بە رێژەی 43٪ـە.

هەروەها ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 23 ساڵی ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی دیکەی هەمان رەگەزی منداڵی یەکەم بن کەمدەبێتەوە بۆ 34٪.

ئەگەرچی زاناکان هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکانی جەستەی دایکەکەوە هەیە، کە بەگوێرەی هەڵچوونی تەمەنی دەگۆڕێت و کاریگەریی دروست دەکات.

زانایانی زانکۆی هارڤارد ئەوەشیان روونکردووەتەوە، "سەرەڕای گەیشتن بەو ئەنجامە لە توێژینەوەکەماندا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کەسەکان وەڵامندانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکان جیاوازە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆتدا دەکرێت هاوکار بێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 30 کەس و توشبوونیش گەیشتە 231 کەس.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگای زیقار و واست بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بۆ ساڵی 2025 لە عیراقدا گەیشتووەتە 231 کەس.

بەپێی وتەی سەیف بەدر، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوون بە پەتاکە بەم جۆرەیە: دهۆک- یەک گیانلەدەستدان و سێ توشبوون، هەولێر و سلێمانی هەریەکی یەک توشبوو".

پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.

پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.

ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.

 

هۆکارەکانی توشبوون:

ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.

هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.

بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.

 

بۆ خوێندنەوەی زانیاری تەواو لەسەر نیشانەکان و رێکاری خۆپارێزی کلیک لێرە بکە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین لە عیراق و زیانەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، زیانەکانی خۆڵبارین لە عیراق رۆژانە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی سروشت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و شێوەی ژیان و تەندروستی و خۆراک و خاک دروست دەکات و زیانەکانی لە رووی ئابووریشە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە راپۆرتەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، تێچوونی ئابووری گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی زۆرە، بەوپێیەی سەرچاوەی رێژەی 80٪ی خۆڵی جیهان لە بیابانەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە.

بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی ساڵانەوەی رووبەڕووبوونەوەی گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی ساڵانە بە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە

 

ئەوەش هاتووە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە عیراقیش زریانی بەهێز رویداوە، کە بەهۆیەوە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لەو نەخۆشانەی گرفتی هەناسەدانیان هەیە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راشیگەیاندووە، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی و خۆڵبارین لە عێراق زیادیکردووە و روانگەی "عیراقی سەوز" زیانەکانی خۆڵبارینی بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا خەمڵاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لە گەردەلولەکانی خۆڵبارین بەرکەوتووە و تەنها لە ساڵی 2023دا 158 رۆژ خۆڵبارین تۆمار کراوە.

باس لەوەشکراوە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە خۆڵبارین بخەنە ناو ئەجێندای جیهانی و نیشتمانییەوە، چارەسەر هەیە بەڵام پێویستی بە "بڕیار و بودجەی بەکۆمەڵ" هەیە بۆ فراوانکردنیان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر 330 ملیۆن کەس و 150 وڵات لە جیهاندا هەیە، ئەگەرچی گەردەلولەکان بوونەتە دیاردەیەکی ناسراو، بەڵام دەبێت هەنگاوی کرداریی و مەبەستدار و هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

هاوکات، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گەردەلولەکانی خۆڵبارینەوە ساڵانە حەوت ملیۆن کەس پێشوەختە گیان لەدەست دەدەن، یان توشی گرفت و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ دەبنەوە، ئەوە جگە لە کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە و بوون بە هۆکارێک بۆ دیاردەی کۆچکردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە لە ئێران 31 کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و کەسێک گیانی لەدەستداوە، هەروەها پێنجی دیکە لە چاودێری چڕدان.

محەمەد عەلی شەفیعی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گەنجویان لە پارێزگای خوزستانی ئێران رایگەیاندووە،ەهۆی خواردنەوەکحولییە ساختەکانەوە 31 کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانە،کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەسێکیان گیانی لەدەستداوە، حەوت لە نەخۆشەکان دەبێت لەرێگای گۆڕینی خوێنەوە خوێنیان پاکبکرێتەوە و پێنجیشیان لە ژووری چاودێری چڕ خەوێنراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ساڵێکە بڵاوبوونەوەی خواردنەوە کحولییە ساختەکان لە ئێراندا بووەتە دیاردە و ساڵانە چەندین کەس بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدەن، یان ژەهراوی دەبن و تەندروستیان تێکدەچێت، کە بەشێکیان توشی نەخۆشی درێژخایەنیان دەکات و بەدرێژایی ژیانیان پێوەی دەناڵێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خوێندکارێکی زانکۆی راپەڕین هەڵەیەکی زانستی لە پەرتوکی Lewis’s Medical-Surgical Nursing eleventh edition  دەدۆزێتەوە و دەزگای بڵاوکردنەوەی پەرتوکەکەش هەڵەکە راست دەکاتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، 'ژیوار حسن خدر' خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی ڕاپەڕین هەڵەیەکی زانستی لەچاپتەری ٣٣ی کتێبی Lewis’s Medical-Surgical Nursing eleventh editio  دۆزیوەتەوە لەبارەی،Fibric acid debriative  کە ئاماژە بەوە دەکات کاریگەری نییە بەسەر خەستی LDLدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرتوکەکە لەلایەن دەزگای(Elsevier)  بڵاوکراوەتەوە و دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگاکە، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی تری زانستی ئاستبەرز، هەڵەکە راستکراوەتەوە.

خوێندنی باڵای هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، دوای راستکردنەوەی هەڵەکە لەلایەن دەزگاکەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی خوێندکار ژیوار حسن کراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، تەنها لە هەفتەی رابردوودا 17 توشبووی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراو و کەسێکیش بەهۆی پەتاکەوە گیانی لەدەستداوە.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 17 توشبووی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە توشی پەتاکە بوون گەیشتە 184 کەس.

باسی لەوەشکرد، لەو 17 کەسەی هەفتەی رابردوو کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 24 کەس.

 

ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتاکە لە عیراق بەم جۆرەیە:

زیقار: 60 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

بەغداد: 34 توشبوو، شەش گیانلەدەستدان

واست: 17 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

بەسڕە: 13 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

موسەنا: 11 توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

میسان: 11 توشبوو

دیالە: هەشت توشبوو، سێ گیانلەدەستدان

نەینەوا: حەوت توشبوو

کەرکوک: پێنج توشبوو، چوار گیانلەدەستدان

دیوانیە: چوار توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

دهۆک: سێ توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

نەجەف و بابل: هەریەکێکیان دوو توشبوو، یەک گیانلەدەستدان

سلێمانی و هەولێر: هەر یەکێکیان دوو توشبوو

کەربەلا و ئەنبار و سەڵاحەدین: یەک توشبوو

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێكخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە چین دەكات زانیاریی ورد لەسەر كۆڤید-19 بە رێكخراوەكە بدات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی پەتاكە.

تێدرۆس ئادهانۆم سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO رایگەیاند، هەرچەندە پەتای كۆڤید-19 بەشێوەیەكی بەربڵاو تێپەڕیوە، بەڵام مەترسیەكانی هەر ماون و بەردەوامیشە لە پەرەسەندن، بەجۆرێك هێشتا ملیۆنان كەس تووشی دەبن.

وتیشی، زۆر شت دەربارەی پەتاكە دەزانن، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەست نەكەوتووە كە چۆن پەتاكە دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی بكەن.

بۆ ئەو مەبەستەش، رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی چین كردووە، چەندین زنجیرەی DNAـی ڤایرۆسەكە لەناو نمونەی تووشبووان و زانیاریی وردی لەسەر ئەو ئاژەڵانەی لە وهان دەفرۆشرێن رادەستی رێكخراوەكە بكات، بۆ ئەوەی توێژینەوەی فراوانی لەسەر بكەن.

 لە هەرێمی كوردستان، تاكو مانگی 12ی 2023 زیاتر لە 466 هەزار و 900 حاڵەتی تووشبوون بە كۆڤید-19 تۆماركراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 459 هەزار و 400 كەس چاكبوونەتەوە، حەوت هەزار و 468 كەسیش گیانیان لەدەستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانایان هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی و دەڵێن لە پێكهاتەكەیدا ماددەیەك هەیە 13 هەزار جار لە شەكر شیرینترە.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لەلایەن زانایانی كۆلێژی پزیشكی هەردوو زانكۆی ییل و دیۆكی ئەمریكی ئەنجامدراوە و رۆژنامەی نیویۆرك پۆست بڵاویكردووەتەوە، لە كۆی 73 جۆر جگەرەی ئەلیكترۆنی، لە 57یاندا ماددەی نیوتام هەیە كە 13 هەزار جار لە شەكر شیرینترە، ئەوەش وا دەكات ئەو جۆرە جگەرەیە مەترسی زیاتر لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستیی سلێمانی رێنماییەکانی قوربانیکردنی بڵاوکردووەتەوە، بە جۆرێک کە قوربانییەکە بەشێوەیەکی تەندروست ئەنجام بدرێت و هاووڵاتیان لە مەترسی توشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون دوور بخاتەوە.

دەقی رێنماییەکان:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕخانانەدا بێت كە رێگەپێدراون و پزیشكی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەكات.

2- لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی جل و بەرگی خۆپارێزی وەك (دەستكێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسكی دەموچاو) بەكاربهێنرێت.

3- نابێت خانەوادە یان خەڵك كۆببنەوە لە چواردەوری قەساب و نابێت هاوكاری بكەن لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی.

4- بەبێ دەستكێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەكە و دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەكە پارچە پارچە بكە.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی كیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەكردنی تایبەت بەگۆشت و شتن و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان دوای بەكارهێنانیان.

7- پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی كلۆریینی روونكراوە.

8- باشتر وایە گۆشت ماوەی 12 بۆ 24 كاتژمێر لەناو ساردكەرەوە هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنریت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە تای خوێن بەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنەی هەبوو باشتر وایە نەكڕێت یان سەری نەبڕێت بۆ دووربوون لە نەخۆشی تای خوین بەرببوون، چونكە نەخۆشیەكە دەگوازرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...12