زەیتی زەیتون رێگری لە قەڵەوی دەکات
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکات، زەیتی زەیتون رێگری دەکات لە قەڵەوی و تەندروستیی مێشک دەپارێزیت.
لە نوێترین توێژینەوەی گۆڤاری "Nutritional Neuroscienceـدا، زانایانی بەرازیل لە رێگەی تاقیکردنەوەوە لەسەر مشکێکی قەڵەو، ئاشکرایان کردووە کە زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستمی خۆراکی، یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە هاتنە ئارای هەوکردن لە ناوچەی ژێرلانک "Hypothalamus"ـی مێشکدا، کە بەرپرسە لە رێکخستنی هەستی برسێتی و سیستمی زیندەچالاکیی جەستە.
هاوکات لە توێژینەوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو مشکانەی کە زەیتی زەیتونیان خواردبوو، کێشیان کەمتر زیادی کردبوو و پڕۆسەی زیندەچالاکی لە لەشیاندا باشتر ببوو.
گۆڤارەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمی توێژەران لە زانکۆی ساو پاولۆ خۆراکێکی پڕ چەورییان داوەتە مشکەکان، هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ سیستەمی خۆراکیی هەندێکیان.
پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، توێژەران کەمبوونەوەی هەوکردنیان لە ناوەندی بەرپرسیار بۆ جڵەوکردنی هەستی برسێتی لە مێشکی ئەو مشکانەدا بەدیکردووە کە زەیتی زەیتونیان پێدراوە، ئەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاستی قەڵەوییەوە هەیە.
توێژینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەکارهێنانی زەیتی زەیتون دەکرێت رێگە چارەیەکی باش بێت بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونەکانی نێو ئەو پرۆسانەی کردەی زیندەچالاکی کە پەیوەستن بە قەڵەوییەوە.
زەیتی زەیتون لە رێگەی گوشینی زەیتوونەوە بە شێوەیەکی میکانیکی بەرهەمدەهێنرێت، بەبێ پاڵاوتن یان کوڵاندن، ئەمەش وای لێدەکات دەوڵەمەند بێت بە هەریەک لە مادەکانی پۆلیفینۆڵ و ڤیتامین E، کە هەردووکیان دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنن، لە هەمانکاتیشدا رۆڵێکی سەرەکییان لە رێکخستنی تەندروستیی جەستەی مرۆڤدا هەیە.



