کۆکا کۆلا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1886 لەلایەن پزیشکی دەرمانساز، د. جۆن سیس پێمبێرتۆنەوە لە جۆرجیا بەرهەمهێنرا، کە لە بنەڕەتدا وەک چارەسەرێکی پزیشکی بەکارهاتووە.

د. پێمبێرتۆن لە پاش برینداربوونی لە جەنگی ناوخۆی جۆرجیادا لە ماوەی ساڵانی 1880کاندا و ئالوودەبوونی بە ماددەی "مۆرفین" کە وەک ئازارشکێنێک بەکاری دەهێنا، بەدوای دۆزینەوەی ئازارشکێنێکی جێگرەوەدا وێڵبوو.

پزیشکەکە چەندین ماددەی یەک لەدوای یەکی لە تاقیگەدا تاقیکردەوە. دواجار پاش دەیان تاقیکردنەوە، گیراوەیەکی نوێی خستەڕوو کە بە "کۆکاکۆلا" ناسرا؛ گیراوەکە تێکەڵەیەک بوو لە پوختەی گەڵای "کۆکایین" و تۆوی درەختی "کۆلا". بڕی کەم کۆکایین لە پێکهاتەی گیراوەکەدا هەبوو، کە وەک ئازارشکێنێک کاری دەکرد. هاوکات تۆوی رووەکی کۆلا، بەهۆی ئەوەی ماددەی کافایینی لەخۆگرتبوو، وەک وریاکەرەوەیەک لە گیراوەکەدا بەکاردەهات.

"کۆکاکۆلا" لە دەرمانخانەیەکی شاری ئەتلەنتا دەفرۆشرا؛ گیراوەکە گازی تێدەکرا و لە شێوەی سۆدەدا بە نرخی 5 سەنت بۆ هەر پەرداخێک دەفرۆشرا. لەو ساتەوەختەدا، بەکارهێنان سەرەکیی کۆکاکۆلا بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بووە، بە دیاریکراوی بۆ چارەسەری ژانەسەر، بێهێزی و تێکچوونە دەمارییەکان.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەکارهێنانی ئەم گیراوەیە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و خەڵکی زیاتر وەک خواردنەوەیەکی چێژبەخش تەماشایان دەکرد، لەبری بەکارهێنانی وەک چارەسەرێکی پزیشکی، تاوەکو لە سەرەتای ساڵانی 1900ـەکاندا کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کۆکاکۆلا پێکهاتەی "کۆکایین"ـی لە گیراوەکەدا لابرد و لە شێوەی خواردنەوەیەکی چێژبەخشدا تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەفرۆشرێت.

مەترسییە تەندروستییەکانی کۆکاکۆلا

ماڵپەڕی “WebMD” دەڵێت، خواردنەوە گازییەکان، لەنێویشیاندا کۆکاکۆلا، هۆکارن بۆ تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو، لاوازبوونی گورچیلەکان و جگەر، شێرپەنجە و چەندین گرفتی تەندروستیی دیکە.