حازم كەریم بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان رایگەیاند، تا ئێستا 3 جار حاڵەتی دزیكردن لە ئاسنی تاوەرەكانی كارەبای نێوان شار و شارۆچكەكانی گەرمیان روویداوە و لەسەر ئەو رووداوانەش چەند كەسێك دەستگیركراون و روبەڕوی دادگا كراونەتەوە.
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر چەند بڕیارێكیان دەركرد پێناو پاراستنی سهلامهتی تهندروستی گشتیی شارهكهمان و هەستیاری و مەترسیداری ئهو دۆخه نهخوازراوهی کە بههۆی هەڵکشان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته ئاراوه
بڕیارەكان پێكهاتووە :
یهكهم/ داوا لە هاوڵاتییانی شارەکەمان دەکەین لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەی لە هۆڵی مزگەوتەکان، ماڵ، شوێنە گشتییەکان، بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی فەخری کائینات پیشەوای مرۆڤایەتی (محمەد)(د.خ) لەسەربێت ڕابگرن، لەهەولێری پایتەخت ئەوەی پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لەئەنجامدانی ڕێورەسم و یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە ئەنجامدراوە، بۆیە داوکارین هاڵاتییان و هاوشاریانی شارەکەمان پابەندبن بەم بڕیارەوە.
دووەم/ سهرجهم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی سنووری پارێزگای ههولێر، دهبێت تەواوی ئهو رێكارانهی ژووری ئۆپەراسیۆن وهكو خۆی جێبهجێ بكهن، دهسهڵاتی تەواویشیان پێدهدرێت له ههر شوێنێك پێویستی کرد رێكارهكان توندتر بكهن.
سێیەم/ بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان چاودێری دەکەن.
چوارهم/ سهرجهم فهرمانگه و بهڕێوهبهرایهتییهكانی سنووری پارێزگای ههولێر، دهبێت ڕێنماییه تهندروستییهكان و ڕێكارهكانی خۆپارێزی جێبهجێبكهن بهتایبهتی بهستنی (ماسك) و دروستنهكردنی گردبوونهوه و قهرهباڵغی، ههروهها ڕێگهنهدهن هیچ هاوڵاتییهك بۆ ڕاییكردنی مامهڵهكانی بهبێ بهستنی (ماسك) بچێته نێو هیچ فهرمانگه و دام و دهزگایهكی حكومی، ههر بهڕێوهبهرایهتی و فەرمانگە و فهرمانبهرێك سهرپێچی لهو بڕیاره بكات، بهڕێوهبهر و بهرپرسانی ئهو فهرمانگه و بەڕێوەبەرایەتییە بهرپرسیارن.
پێنجەم/ ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکومی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قهدهغهیه و ههر كهسێك پابهند نهبێت سزا دهدرێت و بنکەکانی پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێری سنوورەکانی خۆیان بکەن.
حەوتەم/ ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستەکارتی ڤاکسینیان ھەبێت.
ههشتهم/ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 2021.12.1 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.
نۆیهم/ داوادهكهین ههروهك چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوکارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
دەیەم/ دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 2021.10.31 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
یازدهیهم/ لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت، یاخود پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنی (هوتێل، هۆڵ، شوێنەکان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێری دەکرێن.
دوازدەیەم/ له دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیندراوە، ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر، هێزهكانی پۆلیسی هاتووچۆی ڕاسپاردووە ڕێکاری تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانی بگرنەبەر کە پابەند نین بە ڕیکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەتایبەتی بەستنی (ماسک).
سێزدەیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەک و کۆڵانێک هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و مەترسیەکان پەرەی سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شارهكهمان، رێكارهكان توندتر دەکرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
چواردهیهم/ ئهم رێكارانه لهكاتژمێر 12ی ئهمشهو 25 لهسهر 26ی 10ی 2021 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر چاویكەوت بە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە دیدارێكدا ، گۆڕانكارییە سیاسییەكان و قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عێراق و چاكسازییەكانی یەكێتی گفتوگۆیان لەبارەوە كراو هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، سەرباری سەرنج و تێبینییەكان لەسەر هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكان بەڵام دەتوانن بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە كاربكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە رەنگدانەوەی گلەیی و ناڕەزایی و پێویستییەكانی ئەمڕۆی عێراق و هەرێم بێت، رونیشیكردەوە، زەمینە لەبارە كە وەك كورد خۆیان رێكبخەنەوە و بە یەكڕیزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش، شەراكەت و تەوافق كە بەرژەوەندی گشتی تێدا رەچاوبكرێت گفتوگۆبكەن و پێكەوە حكومەتێك بنیادبنێن كە لە ئاست چاوەڕوانییەكانیان بێت.
سەبارەت بە چاكسازی و رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبی یەكێتی، هاوسەرۆك ووتی یەكێتی سەرلەنوێ بۆ ئەركەكانی خەباتی حزبی، نەتەوەیی، كوردستانی، عێراقی و هەرێمی خۆی سازدەداتەوە و دەیانەوێت یەكێتییەك بنیادبنێینەوە كە یەكێتی مام بێت و لە ئاست خەبات و قوربانیدانی هەموو ئەوانە بێت كە ماندووبوون بەو حزبەوە.
میدیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، لە ڕێگەی نێوان شارەکانی مەریوان و نۆدشە و لە ناوچە شاخاوییەکانی "داڵانی" ھەورامان، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری "پڕاید" کە ھەڵگری شەش کۆڵبەر بووە، وەرگەڕاوە و لە ئاکامدا سێ لە کۆڵبەرەکان گیانیان لە دەستداوە و سیانەکەی تریش برینداربوون و باری تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لە دەستداوە، خەڵکی گوندەکانی "قەڵاشێخان" و "تووەسورانی" شاری مەریوان بوون.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاماری تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستیش داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا.
دەشڵێن، ڤاکسین بۆ مامۆستایان و ئەو کارمەندانەی لە شوێنە داخراوەکان کار دەکەن، دەکرێتە ناچاری و دەبێت ھەرچی زووتر ڤاکسینەکە وەربگرن.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کردووە ئامادەی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە بن کە تیایدا گفتوگۆ دەکرێت لە بارەی خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و کارەکانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەکەمەکان و وانەبێژان و ئامادەکارییەکان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی لیژنەکان لە بارەی گرفتتی سوتەمەنی و چارەسەرەکانی تاوتوێ دەکات، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە پەرلەمان بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ تاوتوێ دەکات.
حکومەتی ھەرێم باسی لەوەشکردووە، گرفتی سوتەمەنی تەنھا بەرۆکی ھەرێمی نەگرتووە، بەڵکو ئەم گرفتە ڕووبەڕووی ھەموو جیھان بووەتەوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش درێغی نەکردووە، حکومەتی ھەرێم ھاووڵاتییانیشی دڵنیا کردووەتەوە لەوەی ھەموو ھەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ دووپاتیان کردەوە، تا ئەو کاتەی وەڵامیان دەست دەکەوێت بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن.
ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەکێتی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو وەفدی یەکێتی سەردانی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بکات و ئامانجی سەردانەکەش بۆ دروستکردنی کۆدەنگییە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم بۆ ئەوەی پێکەوە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی بچنە بەغداد و پێکەوە شەڕی بەدەستھێنانی ماف و داخوازییەکانی کورد بکەن.
پاولا غانلی باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و دوای دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاداری ڕایگەیاند، مام جەلال سەرکردە و کاریزمای گەورەی عێراق و کوردە و لە دەستدانی زیانێکی گەورە بوو بۆ کوردستان و عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ھەموومان شانازی بەو ڕۆڵە گەورەیەوە دەکەین کە مام جەلال لە ڕابردوودا بینیوەیەتی و ئەوەش وەک بەشێکی گەورە لە مێژووی ئەو سەرکردە و ڕابەرە مێژوویەدا دەمێنێتەوە.