مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بۆ کۆچی دوایی مامۆستا ئیکرام عەلی پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
دەقی پرسەنامەکە :
بەڕێزان کەس و کارو خانەوادەو ھەڤاڵانی مامۆستا ئیکرام ، لە ناخی دڵمانەوە ھاوبەشی خەم و پەژارەی بەڕێزتانین بۆ کۆچی دوایی ئەم ھەڤاڵە دێرینەمان کە لە ھەڕەتی لاوێتیەوە و لە سەردەمی شۆرشی ئەیلولەوە لە نێو ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دا چۆتە نێو ڕیزی تێکۆشانەوە .
ھەڤاڵ مامۆستا ئیکرام بۆ تێھەڵچونەوەی خەبات و تێکۆشان لە ساڵی ١٩٧٩ دا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە کردوە و لە ساڵی ١٩٨٢ دا ئەو کاتەی کە مامۆستا بوە لە گوندی مەسۆیی سەنگاو پەیوەندی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردوە و وەک ئەندامێکی کەرتی ڕێکخستن ڕۆڵی بەرچاوی لە گرێدان و جۆشدانەوەی ڕێکخستنە نھێنیەکانی ناو خورماتو و شارۆچکە و گوندەکان ئاوەسپی و بناری گل ڕۆڵی گێڕاوە .
لە دوای راپەڕین ھەڤاڵ مامۆستا ئیکرام وەک لێپرسراوی رێکخستنی بەتالیۆنی قەرەداغ و دواتر لەساڵی ١٩٩٣ لەمەڵبەندی رێکخستنی ١١ی گەرمیان ئەرکی ئەندامی مەڵبەند و جێگری مەڵبەندی لەئەستۆ گرتووەو ڕۆڵی چالاکی لە نێو ڕێکخستنەکاندا ھەبووەو ئەندامی کۆنگرەکانی ١ و ٢ و ٣ و ٤ ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوە. بەم ڕۆڵە چالاک و بەرچاوانەی لەکۆنگرەی سێ بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان .
لە پاش کۆنگرەی دوو ھەڤاڵ مامۆستا ئیکرام بووە ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکان. لەساڵی ٢٠٠٥ یشدا ئەرکی لێپرسراوی مەڵبەندی ١٦ی حەمرینی پێ سپێردراوە، ھەروەھا لەکۆنگرەی چواری یەکێتیدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی تێکۆشەران لەمەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەران .
بەڕێزان کەسوکاری شەھید پەروەرەی ھەڤاڵی کۆچکردو مامۆستا ئیکرام، ئەو ڕۆڵە پڕ لە جوامێریەی ئێوەمان لەبەرچاوە کە لە پێناوی شۆڕشی کوردایەتی و ڕێبازی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا سێ کوڕی ترتان لە سەنگەری بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان گیانیان بەخت کردوە و کاک عەلی باوکیشیان ھەر لەو پێناوەدا لە ئاوارەییدا کۆچی دوایی کردوە.
ئیمڕۆش بۆ ئەم کۆچە خەمناکە دووبارە پرسەو سەرەخۆشی لەخۆمان و خانەوادە و کەس و کارو ھاورێ و ھاوسەنگەرانی مامۆستا ئیکرام دەکەین و داواکارین خوای گەورە ئارامی و سەبوری بەھەموو لایەک بدات و ڕۆحی پاکی کۆچکردومان بە بەھەشتی بەرین شاد بکات .