دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان جێگران و سەرکردایەتی پارتی
بە بۆنەی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامان و جەماوەری پارتی دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ھەم خەڵک و ھەم دۆستان و خەمخۆرانی گەلەکەشمان، چاویان لە ھەنگاوی کردەییە لەلایەن جەنابی کاک مەسعود بارزانی و جەنابی سەرۆک بافڵ و سەرۆک و سەرکردایەتی لایەنەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بە یەکڕیزی و یەک گوتاریی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بتوانین پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێز بکەینەوە و پێکەوە باشتر داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی ھەرێم بکەین.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
لە راگەیەنراوێکیدا د.نەرمین مەعروف باسلەوەدەکات، کۆبوونەوەکەیان لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانیاندا بووە بۆ مافەکانی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە کردووە، لەوانەش کێشەی خاوەندارانی ٢٥ دیناری کە نزیکەی ٣٠ ساڵە قەرەبوونەکراونەتەوە.
دەشڵێت، باسیان لەدابینکردنی دۆلار بە نرخی رەسمی بۆ بازرگانانی خاوەن بازرگانی بچووک و مامناوەندا لە ھەرێم کردووەو لەگەڵ کردنەوەی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی و دووبارەکردنەوەی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین لە ھەرێم.
د.نەرمین مەعروف باس لەوەدەکات، پارێزگاری بانکی ناوەندی سەرەڕای ھەڵوێستی ئەرێنی ھاوکات بەڵێنیداوە کاری جددی لەسەر پرسەکان بکەن و لەئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێیبکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گۆھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی تاکو ئێستا ئازاد نەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
ھەروەھا، بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گۆھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر پرسی ئازادنەبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا.
پێشتر کارزان دزەیی لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، گۆھدار زێباری گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی ھەرێم و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان بۆ ئازادبوونی.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
کەسوکارو خانەوادەی سەربەرزی شەھیدی سەرکردە کاک شەوکەتی حاجی موشیر
بەڕێزانمان لە خزمانی عەشیرەتی یاروەیسی جاف
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی کۆمەڵایەتی و دیاری عەشیرەتی یاروەیسی جاف ( محەمەد حاجی موشیر ) برای شەھیدی سەرکردە کاک شەوکەتی حاجی موشیرمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسەو ھاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەو بنەماڵە تێکۆشەرو سەربەرزەکەتان دەکەم کە لە قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ رۆڵتان دیارو بەرچاوە .
لەخوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بەبەھەشتی بەرین شادبکات ، سەبووری و ئارامیش بە ھەموولایەک ببەخشێت .
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە باسی لەوەکردووە، ھەڵەبجە یەکێکە لە نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری رژێمی پێشوو، بۆیە وەک رێزێک لە قوربانییەکانی و پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، وەزارەتی پلاندانان نەخشەی گۆڕینی ھەڵەبجەی لە قەزاوە بۆ پارێزگا پەسەندکردووە.
ئەوەشی خستووەتەروو، لەئێستاشدا بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لە چوارچێوەی راگەیاندنی بەپارێزگابوونی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەکراوە، بۆیە ئومێدەوارە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت، مێژووی وڵات و پارێزگای ھەڵەبجە یادی ھەموو ئەو کەسانە بەرز رادەگرێت کە ھاوکاربوون لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژە نیشتیمانییە گەورەیە.
فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێ رۆژ لەمەوبەر ھادی عامری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لەگەڵ لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندوون، کە ئەو ١٠٠ ملیار دینارەی بۆ ماددەی ١٤٠ تەرخانکراوە، زۆرینەی بۆ ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق تەرخاندەکرێت کە بەھۆی سیاسەتەکانی بەعسەوە زیانیان بەرکەوتووە.
وتیشی، ئەو لێدوانەی ھادی عامری پێچەوانەی بڕیارێکی ساڵی ٢٠١٨ـی دادگای فیدڕاڵییە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە، چونکە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سنوری ماددەی ١٤٠ تەنھا ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەگرێتەوە.
لیوا حیکمەت عومەر بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان، لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانان، بڕیاری یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوامە، لیواکانی "٢٦، ٢٨، ٣٠"سێ لیوای دیکەی نوێن کە دروستکران و خراونەتەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لیواکانی "٢٦، ٢٨، ٣٠"ژمارەیان پێنج ھەزار و ٤٠٠ ئەفسەر و پێشمەرگەیە و لە ھێزەکانی یەکەی ٧٠ دروستکراون، ئێستا لە ژێر سەرپەرشتیی فیرقەی دووی سەرۆکایەتیی ئەرکان کۆ کراونەتەوە.
بەپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەشکردوەتەوە، بە ھاوکاریی تیمی ھاوپەیمانان، چاکسازییەکان لە ڕێگەی تیمێکی نوێوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، ھەردوو لیوای ٢٥ و ٢٧یش لەناو پرۆسەی یەکخستنەوەدان تائێستا ٩٠٪ی کارەکانیان تەواو بووە و بەم نزیکانە دەخرێنەسەر میلاکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
دەشڵێت، تائێستا ٢٨ لیوا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەت پێک ھێنراون، پرۆسەکەش لە ژێر سەرپەرشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە پێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، تا دوو بۆ سێ ساڵی تر لە تەواوی ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر کارەبا بۆ زیاتر لە پێنج ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا توانای بەرھەمھێنانی کارەبا لە نێوان سێ ھەزار و ٢٠٠ بۆ ٣ ھەزار و ٣٠٠ مێگاواتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا بەھۆی کاریگەریی پاڵەپەستۆی گەرما توانای وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە دابەزین دایە.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستەسەر دواین ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەھەماھەنگی بەردەوامدان و لەماوەی رابردوودا ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو داواکاریانەی جێبەجێکردووە کە لەیاساکەدا ھاتووە، تیمە ھونەریەکانی ھەردولا بەبەردەوامی لەسەر خەتن بۆ ھەماھەنگی و رەخساندنی کەشێکی گونجاو تا ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد ھیچ بیانویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
لای خۆشیەوە زەھرا بێل جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەھەولێر، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستان دوپات کردەوە و ھیوای خواست حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندی پابەند بن بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەو ئەرکەکانیان بەرامبەر یەکتر جێبەجێ بکەن.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی جەختی کردەوە کە ماوەی دوو ساڵە ھەماھەنگی و پەیوەندی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیەو وردبینی لە سەرجەم ئەو داتاو ڕاپۆرتانە کراوە کە ھەرێمی کوردستان دەربارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داھاتە نانەوتیەکان پێشکەشی حکومەتی ناوەندی کردووە.
شانەی مدیای ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ١٦ بۆردومانی پێگەیەکی داعشیان کردووە لە سنوری پارێزگای کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بۆرودمانەکەوە پێگەکە خاپوربووە و ئەو چەکدارانەی لەناویدا بوون کوژراون.
دەقەی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەرێزان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
لەیادی حەفتاوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و لایەنگرانتان دەکەین.
بەو ھیوایەی ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانی ھێز و لایەنە سیاسییەکان لەم ھەلومەرجەدا کە پێویستی بە رێکخستنەوەی ئەولەویاتەکانی خەبات ھەیە بە قازانجی چاککردنی ژیان و گوزەرانی میللەتەکەمان، تەئکید دەکەینەوە کە کوردستان و ئەزموونەکەی بەرھەمی خوێنی گەشی ھەزاران شەھید و قوربانیە، بۆیە پاراستنی قەوارەی ھەرێم و دەستکەوتەکان پێویستی زۆری بە ھەماھەنگی و لە خۆبردوویی نەتەوەیی و گەشانەوەی شەراکەتە.
جارێکی تر پیرۆزە و سەرکەوتووبن...
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە ھەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و تیمەکانی شارەوانی سلێمانی دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر تواندرا ئاگرەکەی چیای ئەزمەڕ، بە دیوی پشت پارکی ھەواری شار کۆنترۆڵبکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم پوش و پاوان لە چیای ئەزمەڕ بە دیوی شارباژێڕ و پشت پارکی ھەواری شار سووتاوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، تاکو ئێستا ھۆکاری ئاگرکەوتنەوە دیارنییە و بڕیارە لە سبەینێوە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە رووداوەکە دەستپێبکات.
ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی ھەرێم لەگەڵ وەفدێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر کۆبوەوە و رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەھەماھەنگی بەردەوامدان، لەماوەی رابردووشدا ھەرێمی کوردستان ھەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووە کە لەیاساکەدا ھاتووە، تیمە ھونەرییەکانی ھەردولاش بەبەردەوامی لەسەر خەتن بۆ ھەماھەنگی و رەخساندنی کەشێکی گونجاو تا ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەمێنێت.
وتیشی، دوو ساڵە ھەماھەنگی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیەو وردبینی لە سەرجەم ئەو داتاو ڕاپۆرتانە کراوە کە ھەرێم دەربارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داھاتە نانەوتیەکان پێشکەشی حکومەتی ناوەندی کردووە.
لای خۆیەوە، زەھرا بێل جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکاش لەھەولێر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستورییەکانی ھەرێم دوپاتکردەوە، ھیوای خواست حکومەتی ھەرێم و ناوەند پابەند بن بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەو ئەرکەکانیان بەرامبەر یەکتر جێبەجێ بکەن.
شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، حزبەکەی بڕیاریداوە لە بەغداد ئامادەییەکی گەورەی ھەبێت و ئەو ھەنگاوەشیان بۆ بەردەوامیدانە بە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە ئابڵوقەیەکی زۆری ماددی لەسەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ھەبووە، بۆیە ئەوەی یەکێتی لە یاسای بودجەی عیراق جێگیریکرد بۆ ئەوەبووە کە غەدر لەو ناوچەیە نەکرێت.
باسی لەوەشکردوە، پارتی وای دانابوو کە خۆی بە تەنھا نوێنەرایەتی کورد لە حکومەتی عێراق بکات، یەکێتیش داوای دەکرد کە ھەموو حزبەکان بەیەکەوە بچنە بەغداد، بەڵام پارتی زۆر پێشتر لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێککەوتبوو. لەم کاتەشدا یەکێتی لە عێراقدا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع دەکات.
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی باوەڕیوایە ئاراستەیەکی ناو پارتی ھۆکاربووە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئاماژە بەوەدەکات کە پێش تەواوبوونی کۆبوونەوکان، ئاراستەیەکی پارتی دەیگوت کۆبوونەوەکان سەری نەگرت، ھەڵبەتە بۆ تێکدانی کەشی کۆبوونەوەکان بووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ھاتنی سەرۆک بافڵ بۆ کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی بۆ بڕیاردانی کۆتاییە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک.
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی دەڵێت، ڕێژەی بارانبارین و کەشوھەوا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەرھاتووە، بەتایبەتی ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تائێستا ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتیش لەسنوری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی لە مەترسییدا بێت.
وتیشی، بەھۆی ئەوەی ئاوی سەرزەوی بەشی پێویستی ناکات، پێویستییەکان زیاتربوون، بۆیە قەبارەی ئاوی ژێرزەوی کەمبووەتەوە لەو سنورانەدا .
لەبارەی وشکەساڵیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی راشیگەیاند، ئەمساڵ کێشەی ئاوی کشتوکاڵیان نەماوە کە ماوەی دوو ساڵی رابردوو کێشەی ئاویان هەبووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، لەسنوری شەش گوندی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ١١ ھاووڵاتی کورد لەلایەن ھێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەستگیرکراون.
باسی لەوەشکردووە، لە شارۆچکەی جەندرێسی سەر بە عەفرینیش گروپە چەکدارییەکانی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵانیان لە خێزانەکەی رفاندووە و تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەری.
گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆن و ھێزەکانی تورکیا کە پێنج ساڵە عەفرینیان داگیرکردووە، چەندینجاری دیکە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی ھاووڵاتیانی کورد و پێشێلکردنی مافەکانیان تۆمەتبار کراون.