پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، گفتوگۆ و دانووستانی نێوان وەفدی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم و خەرجی کۆمپانیاکان و پشکی ھەرێم بەردەوامە و تاکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەوەشی خستەڕوو، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان وەفدی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێمە، کە بەغداد داوای ٪١٠٠ی ئەو داھاتە دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە گەنجینەی عێراق و دواتر بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێتەوە، بەڵام ھەرێم ئامادە نییە ٪١٠٠ی ئەو داھاتە رادەست بکات.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ئەگەر وەفدی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان، ئەوا بەغداد مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم دەنێرێت.
لەچەند مانگی رابردوودا چەند جارێک وەفدی ھەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم سەردانی بەغدادیان کردووە و رۆژی سێشەممەش بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بەغدادیان کرد، بەڵام تاکو ئێستا گفتوگۆکانیان بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
گوھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، رۆژی رابردوو دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردنی ماوەی سزاکەی تەواوبوو، بەڵام تائێستا ئازادنەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
ھەروەھا، بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گوھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر پرسی ئازادبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا.
پێشتر "کارزان دزەیی" لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گوھدار زێباری گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی ھەرێم و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان بۆ ئازادبوونی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی لە چەند پەیجێکی نافەرمی ھەواڵێکی ناڕاست بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی روداوی تەقەکردنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، سەرلەبەری ئەم جۆرە ھەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
راستی رووداوەکەش دەخاتەڕوو و دەڵێت، سەعات ٤:١١ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەرەکی مامۆستایان لە شاری رانیە دەستڕێژی گولـلە لەماڵێک کرا، دەستبەجێ ھێزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە، بنکەی پۆلیسی ڕزگاری و بەھەماھەنگی ھێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە کرا، بەڵام کەمێک دوای رووداوی تەقەکردنی یەکەم رووداوێکی تری تەقەکردن لە گەڕەکێکی کێوەڕەشی شارەکە روویدا، لەوکاتەشدا ھێزەکان کە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردن و لێکۆڵینەوە بوون لە رووداوی تەقەکردنی یەکەم، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوی تەقەکردنی دووەم و بارودۆخی رووداوی تەقەکردنی دووەمیش کۆنتڕۆڵکرا.
ئاشکراشکرد، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دوو کەس لە سەر ھەردوو رووداوی تەقەکردنەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، کە ھەردووکیان کارمەندی ھێزە ئەمنییەکانن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
گوھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، رۆژی رابردوو دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندانیکردنی ماوەی سزاکەی تەواوبوو، بەڵام تائێستا ئازادنەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، ئازادکردنی گوھدار زێباری بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و تائێستاش ھۆکارەکەی رووننەکراوەتەوە.
بڕیاریشە لە چەند سەعاتی داھاتوودا تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گوھدار زێباری، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەرپرسی ئازادبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام لەبەردەم دادگای ھەولێر ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمنی جێگیرکراون، سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە رێگریان لێکرا کۆنگرەکە ئەنجامبدەن.
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەغداد سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی ١٠٠٪ی داھاتی نانەوتی ھەرێم و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی عێراق و دواتر دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا، بەڵام تائێستا ھەرێم ئامادەنییە ١٠٠٪ی ئەو داھاتە رادەستی بەغداد بکات.
ئەوەشی خستەتەڕوو، تەنھا رێگاچارە لەئێستادا بۆ ھەرێمی کوردستان رازیبوونە بە داواکەی بەغداد و گەیشتنە بە رێککەوتن.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەشڵێت، رازینەبوونی ھەرێم بە داواکەی بەغداد بۆ رادەستکردنی تەواوی داھاتی نانەوتی، تەنھا دواکەوتنی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردە، لە ھەردوو خولی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا ٤٧ ھەزارو ٦٩٢ خوێندکار لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەرچوون کە رێژەکەیان دەگاتە ٤٥٪ و پۆینت ٨٩.
وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەی وەک ماوەی پەڵپدانی لە ئەنجامەکان بۆ خوێندکاران داناوە، کە دەتوانن لە رێگەی ئەو لینکەی دایانناوە خوێندکاران پەڵپ لە ئەنجامەکان بگرن.
دەشڵێت، لە پێش کۆتایی ئەم مانگە داتا و کۆنمرەی ھەموو قوتابیان و خوێندکاران پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینێ ھەینی و دوو سبەی ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور بێت و لە ناوچە شاخاویەکان ھەوری تەواو بێت.
دەشڵێت، ئێوارەی رۆژی شەممە بەھۆی چڕ بوونەوەی ھەورەکان لە ناوچە شاخاویە سنوریەکانی ھەولێر، ئەگەری کەمێک نمە باران و ھەورە بروسکە ھەیە ھەروەھا پلەکانی گەرما یەک پلە نزم دەبنەوە.
رەنج پشدەری چالاکوانی بواری کۆچبەران رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە کوردو ئەفغانیانە ژمارەیان ٨١ کۆچبەرەو بەھۆی شەپۆلی زۆرەوە لەدەریایی ئیجە گیریانخواردوەو داوای بەھاناوەچون دەکەن.
وتیشی، ئەو کۆچبەرانە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە، بەھۆی ناجێگری دۆخی کەشوھەواوە گیریان خواردووە، بەڵام تائێستا سەرجەم کۆچبەرەکان سەلامەتن.
ئەو چالاکوانەی بواری کۆچبەران ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان رێکخراوەکان و ھێزی دەریایی یۆنانیان ئاگادارکردووەتەوە و بڕیارە بچن بەھانایانەوە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە و شاستە داراییەکانی ھەرێم گەڕاوەتەوە بەغداد و شەوی رابردوو لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی ھەرێم و عێراق لە بەغداد بەردەوام دەبن.
بە پێی زانیارییەکانیش، تەنھا ناکۆکی لەنێوان ھەرێم و بەغداد مابێت لەسەر بابەتی رادەستکردنی داھاتە نانەوتییەکانە کە حکومەتی فیدراڵ داوای رادەستکردنی تەواوی داھاتەکەی لە ھەرێم دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و چەند رۆژێک وردبینیان بۆ داھاتە ناوخۆییەکان کرد.
ھاوکات پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو وەفدێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.
وتیشی، ئەوان چاوەڕێدەکەن بەمزووانە بەغداد مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت، چونکە ھیچ پاساوێکیان بۆ حکومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە کە بیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
"زێدان محەمەد ئەمین" برای "گوھدار زێباری" بە کوردسات نیوزی وت، بەپێی بڕیاری دادگا، ئەمڕۆ دوارۆژی گوھدار زێبارییە لە زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر و ئازاد دەکرێت.
وتیشی، دوای ئەوەی ھەموو رێکارە یاساییەکان تەواودەبن، دەیگەڕێننەوە گوندی "ھەشتکا" لە ئاکرێ.
گوھدار زێباری رۆژنامەوان و چالاکوانێکی بادینانە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بە ٦ ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەی کەمکرایەوە.
بە ئازادبوونی گوھدار زێباری، تەنھا شێروان شێروانی رۆژنامەنووسی بادینان لە زیندان دەمێنێتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا ٤ ساڵی دیکە زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سێ رۆژە ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوەتی گیراوەتەوە و ئەو ئاوەی بۆی دەچێت تەنھا لە کانی و سەرچاوە بچووکەکانەوەن، تا ئێستاش دیار نییە کە ئێران کەی ئاوەکە بەردەداتەوە.
وتیشی، گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کاریگەری لەسەر دانیشتووانی قەڵادزێ دروستکردووە و چەندین گەڕەک کێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروستبووە. ھەوەرھا کاریگەری لەسەر چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵ و حەوزی ماسی دروستکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر بەھۆی گرتنەوەی ئاوەکە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان کەمبووەتەوە و، چونکە بەشێک لە ئاوەکەی لە زێی بچووکەوە بۆ دەچێت.
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری ئاشکرایکردوە، تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم شەش مەرجی بۆ حکومەتی عێراق دیاریکردوە مەرجی یەکەمیشی راگرتنی ئەو رێککەوتنەیە کە لەماوەی رابردوودا لە نێوان عێراق و ئێراندا کراوە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بە غاز لەبەرئەوەی تورکیا و ھەرێم گرێبەستی پەنجا ساڵەیان کردووە.
مەرجی دووەمی تورکیا تایبەتە بە بابەتی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەبەرامبەر رێگەدانی بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم کە بڕەکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، مەرجی سێیەمیش کشاندنەوەی سکاڵای دووەمە کە بەغداد بۆ قەرەبووکردنەوەی لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ لە دادگای نێوبژیوانی تۆماری کردووە.
مەرجی چوارەمی تورکیا بەردەوامبوونی ئەو داشکاندنەیە کە لە نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆی کراوەو بۆ ھەر بەمیلێک نەوت ١٣ دۆلارە. بەوتەی نەبیل مەرسومی تورکیا داواشیکردوە، پێدانی کرێی گواستنەوەی نەوت بە کۆمپانیای بوتاش بەردەوام بێت کە بۆ ھەر بەرمیلێک حەوت دۆلارە ، مەرجی شەشەمیش کە تورکیا بۆ عێراقی دیاریکردووە، بریتییە لەوەی عێراق تێچووی چاککردنەوەی ھێڵی نەوتی عێراق – تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.
لەدوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی لە بەرژەوەندی سکاڵایەکی عێراق کە دژی رێگەدانی تورکیا بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٨ تۆماری کردبوو، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئادارەوە بۆ تورکیا راگیراوەو ھەوڵەکانی عێراق بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا بێئەنجام بوون.
فیدراسیۆنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتان و رایگشتی کردووە رایگەیاندووە، دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای ھەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.
دەشڵێت، بڕیاروایە لە داھاتوویەکی نزیکدا، دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بەدۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بۆیە پێویستە بەرلە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، لە رێگەی ھەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری بەکۆمەڵ کارێک بکرێت کە دادگا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.
فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ لەسەر ئەو پرسە داواشیان لە نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوەکان کردووە، چالاکی و فشارەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی ھەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:
برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت
بەبۆنەی حەفتا و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵم کە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان بکەم و لە ڕێگەی ئێوەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بنەماڵەی شەھیدان و تەواوی ئۆرگانەکان و ئەندامان و پێشمەرگە و جەماوەری حیزبە تێکۆشەرەکەتان و ھەموو گەلەکەمان دەکەم.
لە کاتێکدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبیردەھێنیەوە، لەم قۆناغە گرنگەدا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەعێراق لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش ھەیە.
لە پێناوی پتەوکردن و پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسیەت لە واقیعی عێراقدا و جێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدیھێنانی خواست و ئارەزووەکانی گەلی عێراق. ئێمە ئیلھاممان لە گیانی خۆڕاگری و ئەو ویستە بەھێزی حزبە تێکۆشەرەکەتان وەرگرتووە، بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاشتی وئارامی و چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەری یاسا و مسۆگەرکردنی مافەکانی ھاوڵاتیان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەند لە کوردستان و ھەموو عێراق.
لەخودای گەورە داواکارین کە حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەردەوام بێت لە ڕێبازەکەی لە پێناوی یەکڕیزی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە و ھیوای تەندروستی و سەرکەوتنی ھەمیشەییتان بۆ دەخوازم .
سڵاو لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا
نەمری بۆ شەھیدان
لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێزان خانەوادەی کاک محەمەد حاجی موشیر
بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری جاف (محەمەد حاجی موشیر)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و جوامێری کوردایەتی و نەبەردی یەکێتی و برای شەهیدی سەرکردەمان (شەوکەتی حاجی موشیر) بوو، کۆچکردنی جێگای ئەسەفی هەموومانە.
بۆ ئەم خەمە، پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێی بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال