شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، حزبەکەی بڕیاریداوە لە بەغداد ئامادەییەکی گەورەی ھەبێت و ئەو ھەنگاوەشیان بۆ بەردەوامیدانە بە  خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە ئابڵوقەیەکی زۆری ماددی لەسەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ھەبووە، بۆیە ئەوەی یەکێتی لە یاسای بودجەی عیراق جێگیریکرد بۆ ئەوەبووە کە غەدر لەو ناوچەیە نەکرێت.

باسی لەوەشکردوە، پارتی وای دانابوو کە خۆی بە تەنھا نوێنەرایەتی کورد لە حکومەتی عێراق بکات، یەکێتیش داوای دەکرد کە ھەموو حزبەکان بەیەکەوە بچنە بەغداد، بەڵام پارتی زۆر پێشتر لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێککەوتبوو. لەم کاتەشدا یەکێتی لە عێراقدا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع دەکات.

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی باوەڕیوایە ئاراستەیەکی ناو پارتی ھۆکاربووە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئاماژە بەوەدەکات کە پێش تەواوبوونی کۆبوونەوکان، ئاراستەیەکی پارتی دەیگوت کۆبوونەوەکان سەری نەگرت، ھەڵبەتە بۆ تێکدانی کەشی کۆبوونەوەکان بووە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ھاتنی سەرۆک بافڵ بۆ کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی بۆ بڕیاردانی کۆتاییە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک.