ئاسایشی ھەولێر رێگریکرد پارێزەران و کەسوکاری گۆھدار زێباری کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامبدەن
کوردسات نیوز
١٦ی ئابی ٢٠٢٣
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گۆھدار زێباری کە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی تاکو ئێستا ئازاد نەکراوە و کاتی ئازادبوونیشی نادیارە.
ھەروەھا، بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گۆھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر پرسی ئازادنەبوونی ناوبراو و رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا.
پێشتر کارزان دزەیی لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، گۆھدار زێباری گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی ھەرێم و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکان بۆ ئازادبوونی.