کوردستانکوردستان

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێشەممەی (٢ـی ئایار) مووچەی لیوا ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگی چوار دابەشدەکرێت.

پەیوەست بە خشتەی مووچەی فەرمانبەرانیش سەرچاوەکە وتی، تائێستا ھیچ زانیارییەکی نوێ لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لەبەردەست نییە و ئەوانیش چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەکەن سەبارەت گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا.

٢٤ـی ئەم مانگەش ھونەر جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکەن و ھەموو ھەوڵێک دەدەن دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دوانەکەوێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی خەبات لە سلێمانی گەنجێک کە لەدایکبووی ساڵی١٩٩٦ە، برا گەورەکەی خۆی کوشتووە کە تەمەنی ٤١ ساڵە، دوای رووداوەکە بکوژەکە ھەڵھاتووە.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و ھەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەدات.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین رایگەیاند، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێری وورد لە پێناو ئارامی کوردستان و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ھەر جۆرە ماددەیەکی ھۆشبەر کە زیان بە کۆمەڵگا و ئابوری وڵاتەکەمان دەگەیەنێت دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە، دوو تۆمەتبارمان دەستگیرکرد و دەستمانگرت بەسەر بڕی (٢٤،١٩٥) گرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی ھۆشبەر، کە مەبەستیان بووە بازرگانی پێوەبکەن.

راشیگەیاند، تۆمەتباران بە ماددەی ٢٦  لە یاسای ( بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ) ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان بەردەوامە. 

جۆر و بڕی ماددە ھۆشبەرەکان : 

‌‎بڕی (١٨،٥٠٠) گرام ( ماددەی کریستاڵ)

بڕی (٤،٥٠٠) گرام ( ماددەی حەشیش )

بڕی (١٩٥) گرام ( ماددەی جامایکای گیایی )

بڕی (١٠٠٠) گرام ( ماددەی ھێرۆین )

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای ھەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریوودەریان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قوتابیان و خوێندکاران فریوو دەدەن بە بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵاکاردەبن لەسەر ھەر کەس و باندێک، کە بانگەشەی نایاسایی لەبارەی تاقیکردنەوەکان بکات و رووبەڕووی دادگاکانیان دەکەینەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ چەند کەسێک ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستایەک لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند و دوای تێکدانی کەلوپەلی ناوماڵەکە، مامۆستاکەیان بە بەستراوی جێدەھێڵن.

وتیشی، ھێزەکانی پۆلیس بە ھاوبەشی ئاسایش، لەھەوڵی ھەڵگرتنەوەی شوێن پێی تۆمەتبارەکان و  سەرەداویان دەستکەوتووە.

سەرچاوەکە دەڵێت، ئەوکارەی کردوویانە بۆ مەبەستی دزیکردن و دەستکەوتنی زێڕ و پارە و شتی بەنرخ بووە، بەڵام کارێکی نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە و وەکو مافی گشتی و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان ھێزە ئەمنییەکان ڕاناوەستن تا تاوانباران دەستگیرنەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی:

-گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
-چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی ھاتوچۆ لە نێوان ھەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە ھەولێرە بە ھەر پێنج قۆناغەکەیەوە
-لەپلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێکی تر داوای بودجەمان کردوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە

دەقی رونکردنەوەکە:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.

لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان ھەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتوە لەم رێگایانە:

ا- رێگای ھەولێر-کۆیە-دوکان
ب-رێگای ھەولێر-سماقوڵی-دوکان
ج-رێگای ھیران-شەقڵاوە
د- رێگای دۆڵی بالیسان

ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان ھەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە ١٥٠٠٠ ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر و تێیدا ٣٠٠٠ تانکەر و بارھەڵگرن و زۆربەی بارھەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.

ئێمە وەک وەزارەت ھەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە ھەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی نزیکەی ٤٢ ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی ھەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت ھاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبھێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بوە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن ھاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە  رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارھەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی ھاتوچۆ و بە تایبەتیش بارھەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

ھاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی ھاتوچۆ لە نێوان ھەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای ھەولێر کۆیەیە (بە ھەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت ھەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە ھۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی ٢٠٢٣ وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی.

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین؛ تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردو ھەمیشە لەخزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بوە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی ھاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن 
٢٠٢٣/٤/٣٠

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکە...

شەوی ڕابردوو بە داخەوە لە شاری سلێمانی ھونەرمەندی دیاری بواری نواندن و درامای کوردی، ھادی مەحموود ناسراو بە "حەمە تاڵ" بە ھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنە خەمناکەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە پرسەنامەیەکدا ، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو و سەرجەم ھونەرمەندانی کوردستان کرد.

ھونەرمەندی کۆچکردوو، بە ڕۆڵگێڕانی لە بەرھەمە ھونەرییەکاندا جێگەیەکی دیاری لە دڵی بینەرانیدا کردبوویەوە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بە ئاکار و خەسڵەتە مرۆڤانەکانی خۆشەویستی ھەموو لایەک بوو.

ھونەرمەند ھادی مەحموود، لە ١٩٧٠ لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ماوەی ژیانی ھونەریدا بەشداری لە چەندین بەرھەمی ھونەریدا کردووە، دیارترینیان گێڕانی ڕۆڵی "حەمەتاڵ" بوو لە درامای "گەردەلوول"دا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکە...

لە ناخەوە بۆ کۆچی دوایی ھونەرمەند (ھادی مەحمود) غەمبارین.

ھونەرمەندی کۆچکردوو لە ژیانی خۆیدا گەلێک خزمەتی بە ھونەری شانۆو درامای کوردی کرد؛وەک روخسارێکی دیار تا کۆتا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو بە خزمەتکردن  بەرەوتی ھونەری کوردی؛ کۆچکردوو خاوەن کەسایەتییەکی خۆشەویستی نێو خەڵکی شاری سلێمانی و کوردستان بوو.

ھاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و کەسوکارو ھونەرمەندانی شاری سلێمانی و کوردستان دەکەین.

لە یەزدان داواکارین کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین بسپێرێت و  ئارامی و سەبوری ببەخشێت بە خێزان و کەسوکاری خوالێخۆش بوو.


باڵیۆز د.محەمەد سابیر 
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە...

لە یەکی ئایار جەژنی جیھانیی کرێکاراندا، پیرۆزبایی گەرم لە کرێکارانی کوردستان  و عێراق وجیھان دەکەین. 

کرێکاران لە گەشە و بونیادنانی وڵاتەکەماندا، لە کەرتی گشتی وکەرتی تایبەتدا رەنجی بازوییان بۆ رۆڵگێڕانی بەرچاوی ئاوەدانی خستۆتەگەڕ، وەک توێژێکی کارای کۆمەڵایەتیش ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ رزگاری و ئازادی ئامادەیی مەیدانییان ھەبووە. خەباتی چینایەتی و نیشتمانیی کرێکارانی کوردستان و عێراق ھوشیاری سیاسیی و سەندیکایی ئەوانی پێشخستووە و بۆ داکۆکی لەسەر ماف و داخوازییەکانیان شیلگیری کردون، بەڵام ھێشتا ھەلومەرجی کار و سەلامەتی ژیان و ئاستی گوزەرانیان بە ئەندازەی کۆششی ئاوەدانی و بارتەقای رەنجی خەباتی سیاسییان نییە.

لەساڵی ٢٠١٢ وە یاسای (بیمەی کار) و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ شەوە  بەکۆششی تیمی حکومیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و فراکسیۆنەکەی  یاسای کار  لە پارلەمانی کوردستان  دەرچوون و ماوە بکەوێتە بواری جێبەجێکرددنەوە.

وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سونگەی باوەڕبوون بە دادپەروەری کومەڵایەتی و چینایەتی، پێداگری دەکەین لە بەدەستھێنانی مافەکانی کرێکاران و ھەرچی زووە ئەو دوو یاسایە جێبەجێبکرێت و شوێنەواری  یاساکانی رژێمی بەعسی ڕووخاو بە تایبەتی یاسای ناسراو بە ( ١٥٠)  کە مافی خۆرێکخستن و بیمەی کرێکارانی ھەڵوەشاندبۆوە نەھێڵڕێت، ھەموو ئەمانە لە پێناوی باشکردنی بژێو و ژینگەی کاری کرێکاراندایە .

داواش دەکەین سەندیکاکانی کرێکاران شیلگیرانەتربن لە خەباتیان بۆ بەدیھێنانی گشت مافەکانی کرێکاران .
ھەر لەم بۆنەیدا درود بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی لە مەیدانی کار وتێکۆشاندا گیانیان بەخشی ، دەنێرین .

سڵاو لە رەنجدەرانی بیرو بازووی کوردستان.
    

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پیرۆزباییەکە...

بەرێز حەربی خالد سەرۆکی ھەڵبژێردراوی لقی کەرکوکی لیژنەی ئۆڵمپی عیراق   

بە بۆنەی ھەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی نوێی لقی کەرکوکی لیژنەی ئۆلمپی عیراق لە پێکھاتەی کورد و لە ناویشیاندا وەک کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ستافە نوێکەتان، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین وھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین  بۆ  گەشەپێدانی چالاکیە وەرزشیەکان لە پارێزگای کەرکوکدا و لەو ڕێگەیەوە بە گیانی وەرزشییەوە کار بکەن بۆ قوڵکردنەوەی ھەستی  پێکەوە ژیان لە نێو گشت پێکھاتەو نەتەوەکانی پارێزگای کەرکوک.    

مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کورستان لە ئەمریکاوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕۆسەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان بەردەوامە، بڕیارە مانگی ئایاری داھاتوو ئەو شوێنانەی زەوییان بۆ دروستکردنی یەکەکان دیاریکرد،وە، دەست بەدروستکردنیان دەکرێت.

وتیشی، وەبەرھێنەرانی ھەولێر و زاخۆ زەوییان بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە، سلێمانی و ھەڵەبجە و سۆران و شوێنی زەوییەکان دیاریکراوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەشێکیان لە زەوی کشتوکاڵیدان پڕۆسەی وەرگرتنی زەییەکان تەواو نەکراوە، ھەوڵەکانیشیان چڕکردوەوتەوە، بۆ ئەوەی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواو بکرێن و لە ھەموو شارەکان دەست کرێت بە دروستکردنی یەکەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەی دارایی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی میوانداری وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدڕاڵی کردوە و گفتوگۆ لەسەر پرسی گوستنەوەی میلاکات بۆ سەر وەرزارەتی پەروەردە و خەرجی خوێندنی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان کراوە.

وتیشی، پشتبەست بە بڕگەی ٢١ی کارنامەی پەسەندکراوی حکومەتی فیدڕاڵ، وەزیری پەروەردە جەختی لەوەکردوەتەوە کە گوستنەوەی میلاکات و خەرجی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە کە نزیکەی ١٣ ھەزار کەسە پەسەندکراوە و بەشێکە لە بودجەی خەمڵێنراوی وەزارەتی پەروەردە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی (سی پی)ی ئەمریکی، پێنج کۆمپانیای بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان کە بە ھەموویان رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە، گروپێکیان پێکھێناوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوتی ھەرێم رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکەن دژی وەستاندنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆیەوە ناچاربوون بەرھەمھێنانی نەوت رابگرن.

رۆژی ١٨ی ئەم مانگەش نوێنەری ھەر پێنج کۆمپانیاکە ترس و نیگەرانییەکانیان لە داھاتووی کارەکانیان گەیاندووەتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، داواشیان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردووە فشارەکانیان بۆسەر ھەرێم و بەغداد و ئەنقەرە زیاتر بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و بە وردی چاودێری ھەر رێککەوتنێکیش بکەن کە لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا ئەنجام دەدرێت.

لە نامەیەکدا بۆ ئەمریکا و بەریتانیا، ئەو پێنج کۆمپانیایە دەڵێن، بەھۆی زیادبوونی ناکۆکی و ململانێکانەوە ناتوانن وەبەرھێنانی نوێ لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی نەوت توشی داڕوخان دەبن و بە ھیچ جۆرێک ھەلی وەبەرھێنان لە غازی سروشتیدا نایەتە دی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میتحەت سانجار ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانجیانە ببنە گەورەترین و کاریگەرترین ھێز لە تورکیا و لەو رێیەوە کۆتایی بە سیستمی تاکڕەویی لە وڵاتە بھێنن، ئاشکراشیکرد لە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆک کۆماریی تورکیادا پشتیوانی لە کەمال کلچدارئۆغڵو کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت دەکەن چونکە کەسێکی میانەڕەوە و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات.

پێشتر پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی ھەدەپە رایگەیاندبوو، دوای جەژنی رەمەزان ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی تورکیا ئاشکرا دەکەن و رایدەگەینن کە پشتیوانی لە کام کاندیدە دەکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم لە راگەیەندراوێدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی دەڤەری شنگال، دژی گەڕانەوەی ژماریەک خێزانی عەرەب بۆ دەڤەرەکە، ئاڵۆزی کەوتووەتەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەک کەس ھێرشیان کردووەتە سەر حەرەمی مزگەوتی شارەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەتوندی ئیدانەی بێڕێزی و دەستدرێژیکردنەوە سەر مزگەوت و ھەر ناوەندێکی تری ئایینی دەکەن، پێشیانوایە ئەو کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی ڕەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پیلاندارێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایینی لەناوچەکەدا.

وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ھەرێم راشیگەیاندووە، ئەو جۆرە کردەوانە پلانی کەسین و پەیوەندی بە ھیچ ئاینێکەوە نییە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەن، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا بکەن، بکەرانی ڕووداوەکە دەستنیشان بکەن و  ڕووبەڕووی سزای یاسایی خۆیان بکەنەوە .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند... 

ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک لە پڕۆسەیەکی دیمۆکراسیدا ستافی نوێی لقی کەرکوکی لیژنەی ئۆڵمپی عیراق ھەڵبژێردران، لەو پڕۆسەیەدا کاندیدانی پێکھاتەی کورد، و لە ناو کوردیشدا کاندیدانی یەکێتیی سەرکەوتنیان بەدەستھێنا، و ھەڤاڵێکیشمان بە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپی کەرکوک ھەڵبژێردرا.

بەم بۆنەیەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی لقی کەرکوکی لیژنەی ئۆڵمپی عیراق، و سەرۆکی لیژنەی خانمان دەکەم، و ھیوای سەرکەوتنیش بۆ تەواوی ستافەکە دەخوازم.

بە ئومێدم ستافی نوێ بە گڕو تینێکی زیاترەوە بتوانن خزمەتی کایەی وەرزشی و وەرزشوانانی پارێزگاکە بکەن، و ئاستی وەرزشی لە پارێزگاکەدا پێشبخەن. ھەروەک سوپاسی سەرجەم ئەو کادر و کەسانەیش دەکەم کە ھەوڵی سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەو کاندیدەکانی یەکێتییان دا.

ئاسۆ مامەند
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...469470471472473...955