سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند: حکومەتی عێراق مانگانە ٥٩٨ ملیار دینار بۆ حکومەتی ھەرێم دەنێرێت، ئەوەش بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ناکات، ھەربۆیە ئەوان نارازین و داوایان کردووە تەواوی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجە رەوانە بکرێت.
وتیشی ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا چەندین جار وەفدی ھەرێم سەردانی بەغدایان کردووە و داوایان کردووە پشکی ھەرێم ڕەوانە بکات، بەڵام بەغدا وەڵامی نەداونەتەوە و بڕی ٥٩٨ ملیار دیناری ناردووە و ئەوانیش بەو پڕە پارەیە ڕازی نین.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکرد، بەھۆی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە و وەزیری وزەی تورکیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، سەردانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغداد دواکەوتووەو چاوەڕێن بزانن دەرئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا چی بووە.
بۆ کۆنگرەی ئەمجارەی ھەدەپە، ھەریەکە لە"مەتحەت سەنجارو پەروین بوڵدان" ھاوسەرۆکانی ئێستای ھەدەپەش بڕیاریانداوە خۆیان بۆ پۆستی ھاوسەرۆکی کاندید نەکەنەوە، لە جێگەی ئەوان ھەریەک لە"سوڵتان ئۆزجان"سیاستمەداری ناسراوی باکوری کوردستان و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ھەدەپە و"جاھید کرکازاک"ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی چەپی سەوز و پارێزەری "سەڵاحەدین دەمیرتاش" خۆیان بۆ پۆستی ھاوسەرۆکی ھەدەپە کاندید دەکەن.
کۆنگرەی نائاسایی"ھەدەپە"لە کاتێکدایە، ئەندامانی پارتەکە نیگەران بوون لەو ئەنجامەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بەدەستیان ھێنا.
دەزگای ھەواڵگری سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان لە کەرکوک دوو ئەندامی "مەترسیداری" داعشیان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق.
باسی لەوەشکردوە، ئەو ئەندامەی داعش کە لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق، بە ناسنامەی ساختە ھاتووەتە کەرکوک و ویستویەتی بچێتە دیالە، تا لەو پارێزگایەدا کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات.
ئەمڕۆش دەزگای ھەواڵگری فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، لە دوو ھەفتەی رابردودا ھێزەکانیان لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە، ١٧٢ تیرۆریست و ١٠٨ بازرگان و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات بۆ گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز و شایستە داراییەکانی ھەرێم، بەڵام بەھۆی کۆچی دوایی باوکی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی وەفدی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی ھەفتەی رابردوو وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد و دوای دوو رۆژ مانەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق لەسەر بابەتی داھاتی نانەوتی و خەرجی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت و پرسی مووچە و پشکی ھەرێم لە یاسای بودجە، وەفدەکە بەبێ رێککەوتن گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان.
لە یادی ٣٥ ساڵەی ئەنفالی بادیناندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، شاڵاوەکانی ئەنفالی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەمداوە، دەبێت حکوومەتی عێراقی فیدراڵی، ئەرکی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزان و کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری ئەنفالکراوان، تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆییمان، کاری جددی و ھەوڵدان بۆ دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکانی وەک ئەنفال و ناساندنی بە جینۆساید لەسەر ئاستی جیھان، باشترین یادکردنەوە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەھیدانی کوردستان.
ھاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا ماددەی ١٣٢ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، مافی ڕەوای کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە، جارێکی دیکە رووبەڕووی جێنۆسایدکردن نابنەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە...
راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
بەبۆنەی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان
قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، کە بە"خاتیمەی ئەنفال" ناسراوە. لە ٢٥ی ئاب دەستی پێکردو تا ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو. جوگرافیای شاڵاوەکە ھەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەتایبەتی ناوچەکانی ئامێدی و زاخۆ و ئەتروش و ئیمنکی و باتوفە و دێرەسورو کانی ماسی و شێخان لەگەڵ ناوچەی کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوا. لەم قۆناغەدا زیاتر لەحەفتا گوند بەر ھێرشی کیمیاوی کەوتن.
تایبەتمەندی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، مسوڵمان و ئیزیدی و کریستیان ئەنفالکران. بۆ وەبیرھێنانەوە، لەم قۆناغەدا ھەزار ژن و مناڵ و پیرو جوان بونەتە قوربانی شاڵاوو پەلامارەکانی سوپای رژێمی بەعس، ھێشتا چارەنوسی ھەموویان نادیارە.
ئەم قۆناغەی شالاوەکانی ئەنفال دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی عیراق ئێران دەستی پێکرد. بە دەیان ھەزار ھاوڵاتی روویانکردوە تورکیاو لە کامپەکانی ئاوارەیی نیشتەجێ کران و بەشێکیان بەرکەوتەی کیمیایی بوون.
وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت دەکەینەوە لە ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ئەنفال لەلایەن حکومەتی عیراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە. بەتایبەتی ھێشتا یەک ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە. ھاوکات پێشنیار دەکەین حکومەتی خۆجێی دھۆک قەڵای دھۆک (سەربازگەی نزارکێ) بکەنە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەنفال و جینۆساید.
وەکو یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم رۆژەدا جەخت لە جیبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە.
لەھەمان کاتدا پرۆسەی ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفال بھێنرێنەوەو کۆتایی بەم خەم ساردی و ویژدان سڕیە بێت. یادی ئەنفالکراوان بەرز رادەگرین. یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢٠٢٣/٨/٢٥
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە داواکارییەکی بەپەلەدا کە ئاڕاستەی دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە بە ناوی رێوشوێنی بەپەلە، داوادەکات گوھدار زێباری و شێروان شێروانی ئازادبکرێن، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئازادکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی بادینان، تۆمەت و سکاڵای دیکەیان ئاڕاستەکراوە کە ساختەن و بەھۆیەوە لە زیندان ماونەتەوە.
ئەو داوکاریەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەکاتێکدا کە بڕیاربوو رۆژی ١٦ی ئەم مانگە گوھدار زێباری لە دوای نزیکەی سێ ساڵ و دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی ئازادبکرێت، بەڵام ئازادنەکرا، ھەرچی شیروان شیروانیشە بڕیاربوو لە رۆژی ٩ی ئەیلول ئازادبکرێت، بەڵام لە رۆژی ٢٠ی تەمموزی رابردوو دادگای ھەولێر لەسەر دۆسیەکی نوێ، سزای چوار ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپاند.
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردەوە، تورکیا بەھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەی لە دادگای پاریس لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە بە عێراقی دۆڕاند وەک قەرەبوو بیداتەوە بە عێراق، بەڵکو لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان خۆی ئەو قەرەبووە بداتەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا دەیەوێت بەرپرسانی ھەرێم ئەو قەرەبووەی بەسەریدا سەپێندراوە بیدەنەوە بە عێراق، چونکە بەرپرسانی ھەرێم سوودمەندی سەرەکی بوون لە فرۆشتنی نەوتەکەیان.
ماوەی پێنج مانگە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە وەستاوە، کە بەھۆیەوە تەنھا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بۆیە لە میانەی کۆبوونەوەی لێپرسراوانی باڵای ھەرێم لەگەڵ ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ھەولێر جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتوو لە زاخۆ، لەلایەن ھێزێکی ئاسایشی زاخۆوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و بەپێی ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ دەستگیرکراوە و لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئەو یاسایەی ئیسلام کەشانی پێ دەستگیرکراوە تایبەتە بە دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی زاخۆ بووە و ھەموو بەڵگەیەکی پێویست لەسەر تۆمەتباری دەستگیرکراو بەردەستە.
ئاسایشی زاخۆ ئاماژەی بەوەشدا، ھیچ پێشێلکارییەکی یاسای لە دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی ئەنجامنەدراوە، جەختیشیکردەوە، ھیچ ھاووڵاتییەک لەسەر جیاوازی بیروڕا دەستگیرناکەن، بەڵام رێگەنادەن ھیچ ھێز و کۆمەڵەیەک ببنە مەترسی لەسەر ئارامی و ئاسایشی ھەرێم.
رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لێپرسراوی مەڵبەندی زاخۆی یەکگرتوو بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئیسلام کەشانی کادیری پێشکەوتووی حزبەکەی و بەرپرسی نوسینگەی سپێدە لە زاخۆ و رۆژنامەنووس و پێشکەشکار لە خابیر تیڤی لەلایەن ئاسایشەوە رفێندراوە.
عەقید ئیبراھیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو کچی گەنجی دانیشتووی گوندی خەلیلکان لە سنووری قەزای ئاکرێ، کە تەمنیان لەنێوان ٢٠-٢٣ ساڵدابووە و ھاوڕێ و ھاوسێی یەکبوون لە رووباری خازر خنکاون.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای رووداوەکە تەرمی یەکێک لە کچەکان سەرئاوکەوتووە و تواندراوە دەربھێندرێتەوە، دواتریش بە ھەوڵی تیمە مەلەوانەکانی بەرگری شارستانی ئاکرێ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە تواندراوە تەرمی کچی دووەمیش بدۆزرێتەوە و لە ئاوەکە دەربھێندرێتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ راشیگەیاند، لەئێستادا تەرمی دوو کچەکە رەوانەی پزیشکی دادی ھەولێر کراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، گەیشتە ھەولێر و چاوی بە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت دەکەوێت و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا تاوتوێ دەکەن، کە نزیکەی پێنج مانگە راگیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار بەشداریی کۆبوونەوەکانی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، لە ھەولێر لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
رۆژی سێشەممە، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار وەزیری وزەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی تورکیا کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا جەختیان لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەڕوانێت، کە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ئابوری و بازرگانی و ئەمنی پێکەوە دەیانبەستێتەوە و ئامادەیە لە ھەموو بوارەکاندا برەو بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە بدات، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەرێمی کوردستان ھەرگیز پشتگیری و ھاوکارییەکانی تورکیا لەبیر ناکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیاش جەختیکردەوە لەوەی، تورکیا گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات و بەغداد و ھەرێم گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا ھەیە. ھەروەھا ستایشی ئارامی و سەقامگیریی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو بوارەکاندا دەربڕی.
سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەبایەخەوە باس لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە کرا و بیروڕایان لەو بارەیەوە گۆڕیوەتەوە.
راگەیاندنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی بۆ عێراق ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەتەوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی سێ دۆسییەوە کردووە، کە دۆسییەکانی ئاو، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەکدارانی پەکەکە لە ھەرێم بوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ھاکان فیدان لەسەر دۆسییەی راگیرانی نەوتی کوردستان جەختیلەوەکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو قەرەبووە بداتە عێراق کە دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندوویەتی.
ئاماژەی بەوەشداوە، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان ھۆکارەکەی بۆ حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە نەک تورکیا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی رەسمی لەگەڵ وەفدی یاوەری گەیشتنە عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر دۆسییەی ئاو و چەند دۆسییەکی دیکە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، ھەلیکارەکان دەرچوانی دانەمەزراو دەگرێتەوە و ئەوانەی بڕوانامەی بکالۆریۆسیان لە بوارەکانی IT ، ژمێریاری ، کارگێری ، یاسایی، ئەندازیاری میکانیک، توێژەری کۆمەلایەتی و زمانی ئینگلیزیدا ھەیە، دەتوانن داواکاری پێکەش بکەن، ھەروەھا دەرچوانی ئامادەیی ، ناوەندی و سەرەتایش بۆ پیشەی شۆفێری دەتوانن داواکاری پێکەش بکەن.
ئەوەشی خستوەتەڕو، رۆژانی یەکشەممە و دوو شەممەی داھاتوو فۆڕم لە بەرێوەبەرایەتی کاری سلێمانی دابەشدەکرێت و دامەزراندنیش لەسەر بنەمای خاڵبەندی دەبێت.
وەزارەتی کار دەڵێت، دەبێت داواکار تەمەنی لەنێوان ١٨-٤٠ساڵ بێت و دانیشتووی سلێمانی بێت، ھەروەھا خوازیار دەبێت زانیاری ڕاست و دروست پێشکەش بکات بەپێچەوانەوە داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە، جگەلەوەش نابێت خوازیار مووچەخۆر بێت لە ھیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا راپۆرتی ھەردوو لیژنەی پیشەسازی و وزە و لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر تایبەت بە رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە شاری ھەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە و نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە سیستمی پریپەید تاوتوێ دەکرێن.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا میوانداری "قارەمان مەولود حەمەد" سەرۆکی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەھلییەکان لە سنوری ھەولێر دەکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکە، رێگە بە ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەدرێت پرسیار و تێبینییەکانیان لەسەر کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەھلییەکان لە شاری ھەولێر بخەنەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، سەرەتا "ھاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبێتەوە.
وتیشی، دواتر بە جیا لەگەڵ "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە. ھەروەھا چاوی بە نوێنەری تورکمانەکان دەکەوێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکانی لە بەغداد، وەزیری دەرەوەی تورکیا بێتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و دۆخی ئەمنی و پەیوەندییەکان ھەردوولا.
ئیوارەی رۆژی سێشەممە "ھاکان فیدان" گەیشتە بەغداد و لەگەڵ "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیان تاوتوێکرد.