ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٣ پلە بە پێوەری ریختەر و بە قوڵی ١٢ کیلۆمەتر ژێرزەوی، لە ١٨ کیلۆمەتریی خانەقین و ١٩ کیلۆمەتریی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان روویداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە خانەقین رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە گوندی دارەخورما بووە و بومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی...
خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزی مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل
زۆر دڵگران بووم بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕی بە توانای کورد مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل. مامۆستا ئەحمەد بە نووسین و وەرگێڕانەکانی خزمەتی گەورەی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردوە و بەھۆی خزمەتەکانییەوە بۆ ھەمیشە یاد و ناوی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بە نەمری دەمێنێتەوە.
بەم بۆنەیەوە لە ناخی دڵمەوە پرسە و سەرەخۆشیتان ئاراستە دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمتان دەزانم. داواکارم خودای گەورە روحی مامۆستا ئەحمەد بە بەھەشت شاد بکات و ئارامی و سەبوری بە ھەموو لایەک ببەخشێت.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
سەمیر ھەورامی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز باسی لە پرسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کێشەی مووچە لە سنوری سلێمانی کرد و رایگەیاند، با کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەربکرێت پاشان باسی گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی دەکەن، وتیشی داوایانکردووە پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
سەمیر ھەورامی ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٢ ملیار دینار کورتھێنانی ھەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، جەختیشیکردەوە، داواکارییەکانی یەکێتی گشتیین کە سەرەکیترینیان پرسی مووچەیە و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان مووچە بکرێت بە سەروەری و ناکرێت لە شارێک دابەشبکرێت و لە شارێک دابەشنەکرێت.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، گرفتی کەمی داھات لە سلێمانی ھەیە و تەنھا مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان نەوەستاوە، بەڵکو مووچەی وەزارەتەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە لە سلێمانی دابەشنەکراوە.
رونیشیکردەوە، یەکەی حیسابیی مووچەی پێشمەرگەی گوڵان و ئەیلوول لە ھەولێرە، دەزانن کێشە و گرفت ھەیە، بۆیە بەداخەوە لەبری ئەوەی پێشەکی بودجەکەیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی دابەشبکرێت، دەوەستن تاوەکو کێشە دروستدەبێت، ئەوانیش بڕیارێکی نایاسایی دەدەن بە راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی کە ئەوە بەراستی جێگەی تێڕامانە و دەبێت خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی ھەڵوێست وەربگرن و لەسەر راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بکەن.
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی چیرۆکنووس و وەرگێری بە توانا مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلمان بیست کە ئەمرۆ لە هەولێری پایتەخت بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا لە هەردوو کایەی ئەدەبی وەک چیرۆکنووس و وەک وەرگێرێکی بە سەلیقەی زمانی تورکی و عەرەبی خزمەتی فەرهەنگی میللەتەکەمان کرد و کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد.
بەم بۆنەیە بە ناوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا و لە ناوەندی ئەدەبی کوردستانیش دەکەین بۆ ئەم کۆستە فەرهەنگییە . لە خوای گەورە داواکارین گیانی نووسەر و ئەدیبی بە توانامان ئاسودە بکات و جێگای بەهەشتی بەرین بێت
مەکتەبی راگەیاندنی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکەی د. مەجید محەمەد ئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی هەولێر:
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ، ئەمڕۆ 2023/4/26 نووسەرو وەرگێڕو چیرۆکنوس و رۆمانووسی گەورەی گەلی کوردستان ، مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد .
مامۆستا ئەحمەد ڕوناکبیرێکی گەورەو لەخۆبوردوو بوو هەرگیز لەخزمەتکردنی ئەدەب و زمانی کوردی ماندوو نەدەبوو بەشاکارە جوانەکانی لەچیرۆك و ڕۆمان و کتێبە تەرجەمەکراوەکانی لە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی ، بۆ زمانی کوردی خزمەتێکی زۆری بەکتێبخانەی کوردیی و خوێنەرانی کورد کردووەو ئەو مەینەتیانەی بەدرێژایی مێژوو بەسەر گەلەکەماندا هاتووە ، لەچیرۆك و ڕۆمانەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە .
پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و هەڤاڵانی دەکەین و گیانی مامۆستا ئەحمەد محمد ئیسماعیل شادبێ بەبەهەشت .
دکتۆر مەجید محمدامین
لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی هەولێر
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان پێکھێندراوە و سەردانی شارەکانی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.
راشیگەیاند، لیژنەکە بەدواداچوون بۆ رەوشی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵان دەکات، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەستنیشانکردن و چارەسەرەکان و پێداویستییەکانی رەوشی ئەو نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان دەکات کە لە ھەڵەبجە و سلێمانی و کەلار تۆمارکراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ گولـلەھاوەنێک لە گوندی عەین عەبدیی لە ناحیەی تل تەمر تەقییوەتەوە، بەوھۆیەش دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و سێ ھاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
راشیگەیاند، پێدەچێت گولـلەھاوەنەکە ھی ھێزەکانی تورکیا بێت، بەو پێیەی لەماوەی رابردوودا چەندینجار ئەو ناوچە سنورییەیان بۆردومانکردووە. دوای رووداوەکەش بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شەھید لێگرین لە تل تەمر گوازراونەتەوە.
ئەو دوو منداڵەی لە ئەنجامی تەقینەوەی گولـلەھاوەنەکە گیانیان لەدەستداوە، ناویان مریەم خزر عویسی ١٠ ساڵان و ئیعتدا عویسی ٩ ساڵان بووە.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەیەک لە ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین ئاماژە ھەن کە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای مانگێک لە راگرتنی لە بەندەری جەیھانی تورکیاوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی داھاتی نەوت خراپ بووە، دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتووە، حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەی سۆمۆ بەنیازن لە سەرەتای مانگی ئایار ھەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وادەیە ھیچ گرەنتییەکی لەسەر نییە.
رۆیتەرز راشیگەیاندووە، تورکیا ھەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات سەبارەت بەبڕی ١.٥ ملیار دۆلار، کە دەبێت وەک قەرەبوو بیداتەوە، بەڵام عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەرنابڕێت و ئەوەش تورکیای نیگەرانکردووە، تورکیا دەشیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە، ھەموو ئەو بابەتەتانەی پەیوەندییان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس یەکلانەبوونەتەوە، یەکلابکاتەوە.
رۆیتەرز لە سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وتویەتی، تورکیا دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، بابەتی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دوابخات.
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەدەست و پێ كەلەپچەكراوی برایە دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر له كەسنەزان.
وتیشی، لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی ناو چاكسازی و تۆمەتی ساختەكردنی پەنجەمۆری گوهدار زێباری وتە لە شێروان شێروانی وەرگیرا، بەڵام رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هەردوو تۆمەتەكەی رەتكردەوە و وتی، بێتاوانە لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی.
د.سەباح ھەورامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تائێستا ھیچ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە نەخۆشی ھەوکردنی مێشک تۆمارنەکراوە و ھاووڵاتیان دڵنیادەکەنەوە نەخۆشییەکەی جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە.
راشیگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو پرسە لەسەر خەتە و رایسپاردون چی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە بیکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تووشبووەکان رەوانەی تاقیگەی ناوەندیی لە بەغداد دەکەن و سبەینێش وەفدێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەردانی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.
ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٢ ھەزار و ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام دواتر بانکی ناوەندی عێراق ١٧١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری خستەڕوو کە ١٦٤ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵە و حەوت ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریشی بە کاش بوو، لە ماوەی ئەمساڵیش ئەوە کەمترین بڕی خستنەڕوو بوو بە کاش.
سەرەڕای خستنەڕووی ئەو بڕە کەمەی دۆلار، بەڵام بەھای دینار بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەھای ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٠ ھەزار دینار.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی یاسا و رێنماییەکانی چەک راگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ھاوکاریان بن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە ماڵاندا کە ھۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەندام و لایەنگری حزبەکانیش پێویستە لەگەڵ یاسای نوێی ھەڵگرتنی چەک خۆیان بگونجێنن و لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت چەک ھەڵنەگرن.
وەزارەتی ناوخۆ داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پەرە بە کلتوری ناتوندوتیژی بدەن و ھانی ھاووڵاتیان بدەن تا بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگاکان بەرن، دەشڵێت، پێویستە لەھەمو بارەگای لایەنە سیاسییەکاندا کۆگای ھەڵگرتنی چەک ھەبێت تاوەکو تەنھا لەکاتی پاسەوانیدا چەک ھەڵبگیرێت.
د.ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە رایگەیاند، بێدی چۆڵ نەماوە لە نەخۆشخانەی منداڵان و پێویستە نەخۆشخانەیەکی تر دابین بکەن بەڵام بە بێ کارمەند ئەستەمە.
وتیشی، رۆحی منداڵانی ھەڵەبجە چاوەڕێی چارەنوسی ئەو ١٣٠ خۆبەخشەن تا ببنە فەرمانبەری حکومەت و خزمەتی منداڵان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات ئەگەر باوانی ئەو منداڵە ھەڵەبجەییانە بە کورد دەزانن، ئەوا ڕەزامەندی بدەن لە سەر دامەزراندنی ئەو ١٣٠ کەسەی نەخۆشخانەی بیارە کە ناوەکانیان لە ئەنجومەنی راژەیە، بۆ ئەوەی خزمەتی نەوەکانی داھاتووی ھەڵەبجە بکەن.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی...
چل وحەوت ساڵ لەمەوبەر و ھەر ساڵێک دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ رووبەڕوبونەوەی سیاسەتە تەعریبی و بەعسییەکانی رژێمی شۆڤێنی بەغدا لەکایەی پەروەردەو خوێندندا لە ٢٦ی نیسانی ١٩٧٦ دا یەکێتی خوێندکارانی شۆرشگێڕی کوردستان دامەزرا کەدواتر ناوەکەی بووە( کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان)، ھەرچەندەئەو سەردەمە دامەزراندنی ھەر رێکخراوێکی پیشەیی لە دەرەوەی سیستمی بەعس سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن چارەنوسی بوو، بەڵام رێکخراوی خوێندکاران توانیان ئومێدێک بدەنەوە توێژی شۆرشگێڕی خوێندکارانی کوردستان و لەوبارە ناھەموارەی کە ئاشبەتاڵ باڵی نائومێدی بەسەر گشت کوردستاندا کێشابوو، سیاسەتی بەسەربازگەکردنی ژیانی مەدەنی و کۆنترۆڵکردنی بەعسییانەی ژیانی لاوان و خوێندکاران، لەپانتایی دامەزراوەکانی خوێندن وزانست لە سەرتاسەری کوردستان و عیراقدا بە تایبەتیش لە ناوەندێکی بە جوڵەی تاکەزانکۆی کوردستانی ئەو کات ،زانکۆی سلێمانی، کە مەڵبەندی پێگەیاندنی سەدان کادری وشیاری رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکاران ورەی بە بەرگیانی خوێندکاراندا بەخشیەوە کە لێبڕاوانە رووبەڕووی سەرانی رژێم و بەرنامە شۆڤێنیەکەیان ببنەوە ولەو ساڵانەوە نارەزایی لەناوەندەکانی خوێندن چەکەرەی کرد وتاکو لەسەرەتای ھەشتاکاندا پەلی بۆ خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستان ھاویشت ، جوڵانەوەی شۆڕشگێری خوێندکاران بووە دیمەنێکی سەربەرزی خەباتی دیموکراتی و پیشەیی شۆرشی نوێی گەلەکەمان ، رەوتی تێکۆشانی کۆمەڵەی خوێندکاران جگە لە ئەرکی خەباتی پیشەیی لەخەباتی سیاسیشدا داینەمۆی پێگەیاندنی کادری پێشکەوتوبون بۆ رێکخستنەکانی یەکێتی وزۆربەی سەرکردەو فەرماندە و پێشمەرگەکانی سەرەتای شۆرشی نوێ لە ئەندام و کادرەکانی کۆمەڵەی خوێندکاران بوون.
ئەمرۆ و لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو رێکخراوەدا سەری رێز بۆشەھیدانی کاروانی تێکۆشانی کۆمەڵەی خوێندکاران دائەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەرە ماندونەناسەکانی ئەو رێکخراوەکە لە جۆش وخرۆش پێبەخشینی شۆرش وبەرگریدا لەو رۆژە سەختانەدا رۆڵی پێشەنگیان ھەبووە .
بۆپێشەوەش بەرەو بوژاندنەوەی چۆنایەتی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی خوێندکارانی کوردستان بە فۆرمێکی نوێ وبۆ سەردەمێکی نوێ.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە شکۆوە یادی ٤٩ ساڵەی شەھیدانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی دەکەنەوە و سەری رێزیان بۆ قەڵادزێییە تێکۆشەرەکان دادەنەوێنن، کە نموونەی خەبات و قوربانیدانن لەپێناو سەربەرزیی کوردستان.
سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، قەڵادزێ و خەڵکە قارەمانەکەی لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا، سیمبوولی تێکۆشان و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم بوون و بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە، بۆیە ئەرکی حکومەتە خزمەتەکانی بۆ ئەو شارە خۆشەویستە، بارتەقای رەنج و قوربانیدانەکانیان بێت.
دەشڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەنج و تێکۆشانی ئێوە لە یاد ناکات و بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفادار دەبێت.