کوردستانکوردستان

بە پێی ماڵپەڕی رەسمی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سبەینێ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ، دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیە کۆدەبێتەوە، لەو سکاڵایەدا کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە، داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە. 

تا ئێستا شەش جار دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر کورسی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددە یاسایەی کە١١ کورسی کۆتای بە پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن بەخشیووە.  

روونیشیکردەوە، بەپێی ماددە یاسایەکەی ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن دیاریکراوە کە ئەوەش ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە و پێچەوانەی ئەو یاسایەی دیکەیە کە دواتر و لە ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە وەک یاسای مافی پێکھاتەکان.

سۆران عومەر راشیگەیاند، سکاڵاکەی لەسەر ئەو پرسە لە دادگای فیدڕاڵی وەرگیراوە و رێڕەوی خۆی وەرگرتووە، وردەکاری زیاتریش لەوبارەیەوە لە رۆژی دادگاییەکە ئاشکرادەکرێت.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ جویدو کروستو، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دەگاتە ھەولێر و بڕیارە لەگەڵ لێپرسراوانی ھەرێم کۆببێتەوە .

بەر لە سەردانەکەشی بۆ ھەرێم لە بەغداد، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق ھەوڵی ھەماھەنگی زیاتر دەدات لەگەڵ ئیتاڵیا، بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە بواری ئاو و ژینگە. 

ھەروەھا ھاوبەشییەکانیان لە بواری ئامادەکردنی ھێزە ئەمنییەکان و رێکخستنی ھەوڵەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەھێزدەکەن. ھیواشی خواست ئەنجومەنێکی ھاریکاری و بازرگانی لەگەڵ ئیتاڵیا دابمەزرێنن.

وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش بەردەوامی پشتیوانییەکانی بۆ عێراق لە بواری ئەمنی و ھەواڵگری و ژینگەیی و ئاو و پیشەسازی دووپاتکردەوە. پێشتریش "سابت محەمەد سەعید" وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی، ڕەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازیکرد لە ریکاردۆ ڕۆدیگێز لێپرسراوی نوسینگەی یۆنامی لەھەرێمی کوردستان.

لە کۆبونەوەیەکدا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی  چارەسەرە یاسایی و سیاسییەکان و پێشنیارەکانی یەکێتی بۆ دەربازبون لە کێشەو گیروگرفتەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ وەفدی میوان خستە ڕوو. 

لێپرسراوی نوسینگەی یۆنامی لەھەولێریش تەئکیدیان لەو پێشنیارانەی رێکخراوەکە کردەوە کە لە ماوەی رابردودا وەک چارسەرێک بۆ گرفتی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمدا خستویانەتەڕوو.

ھاوکات چەند پرسێکی تری سیاسی پەیوەند بە ھەرێم و عێراق و نێوانی لایەنە سیاسیەکان بیرو ڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕکرا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەنجومەنی کارگێڕی مەڵبەند، کە سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکسختن و ژمارەیەک لە ھەڤاڵانی سەرکردایەتی ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی کاروباری حزبی لە ئۆرگانەکان و چۆنیەتی زیاتر چالاککردنی ئۆرگانەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لە ھەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسول، کورتەیەکی لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان پێشکەش کردو ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی یەکێتیی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت.

ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی ھەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی وەزاری بۆ دەرچوو.

فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی ھێزەکانی(٧٠ و ٨٠) وەک دیوانی وەزارەت، رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەربچێت.

ھاوکات سەرۆکی ئەرکان دڵنیایشیدا، کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢و نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٣ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لە کاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاشکراشیکرد، ھەریەک لە تۆمەتباران بەرپرسبوون لە وەرگرتنی پارەی وزەی کارەبای یەکێک لەکارگەکانی ئاوی خواردنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاریان ھێناوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، دوای ئەوەی دۆسییەکە خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بەدەستپاکی لەدادگای کەرکوک، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەمادەی ٣٤٠ دەستگیرکراوە و دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بە دەستەبەری دارایی ( کەفالە ) ئازادکراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێكدا رایگەیاند،كرێكاران و رەنجدەران پایەیەكی سەرەكیی كۆمەڵگە و بزوێنەری شۆڕشەكانی گەلەكەمانن، یەكێتیی لە هەناوی ئەم چینە شۆڕشگێڕە ماندوونەناسەوە گەشەیكرد. هەر بۆیە خۆی بە بەشێكی دانەبڕاوی ئەم هێزە كاریگەرە دەزانێت و مێژوو و قوربانییەكانیان لە یاد ناكات.

سەرۆك بافڵ راشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لە خەمی بەدیهێنانی ماف و داوا رەواكانی كرێكاران بووە و هەوڵیداوە لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و رەخساندنی دەرفەتی كار، ئەوەش بە ئەركی خۆیان دەزانن و وەفادارییەكی بچووكە بەرامبەر گەورەیی و كاریگەریی ئەو هێزە خۆڕاگرە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و گوێگرتن لە روونکردنەوەکانی، بۆیان دەرکەوتووە دەبێت بودجەی وەبەرھێنان وەک خۆی بمێنێتەوە و ئەگەر کەمکردنەوەیەکیش لە پرۆژەیاسای بودجەدا ھەبێت، پێویستە لە بودجەی بەکاربردن بێت و بەھیچ شێوەیەکیش دەستکاری مووچە ناکرێت.

راشیگەیاند، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا ١٢.٦٧ دەبێت تا ئەو کاتەی سەرژمێریی گشتی ئەنجام دەدرێت و وەزیری پلاندانانیش وتویەتی لە بودجەدا بڕگەیەک جێگیرکراوە بە مەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و ھەر کاتێکیش تەواو بوو بەپێی ژمارەی دانیشتووان گۆڕانکاری لە بەشە بودجەی ھەرێم و پارێزگاکانیش دەکرێت بە کەمکردنەوە یان زیادکردن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی جیھانیی کرێکاراندا…

یەکی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکاران، بە گەرمی لە کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیھان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان پیرۆز دەکەم. بەشداری و قوربانیدانی کرێکارانی کوردستان لە شۆڕش و ڕۆڵی دیار و ڕەنجی زۆریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا بەرز دەنرخێنم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا وێڕای دەربڕینی ھەموو پشتگیرییەک بۆ ماف و داوا ڕەواکانی کرێکاران، جەخت لە پێویستیی ھەبوونی یاسایەکی سەردەمیانەی کار بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی زەمینەی سەلامەت و ژینگەی لەبار و ڕێکخستنی دروستی کاژێرەکانی کار و یەکسانی لە دەرفەتی کاردا دەکەینەوە، ھەروەھا دەبێ گرنگیی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خێزانەکانیان بدرێت و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کرێکارانیش کاراتر بۆ مافەکانیان کار بکەن.
سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاری ئەو کرێکارانە دەنێرین کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و لەسەر لایەنە پەیوەندارەکانە لە ھەموو ڕوویەکەوە چاودێرییان بکەن و یارمەتی بدرێن.

یەکی ئایار لە ھەمووان پیرۆز بێت و پشوویەکی ئارام و ئاسوودە بۆ کرێکاران دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی مافی گەشتکردنیان ھەیە بۆ حەج، رۆژی سێشەممە دووی ئەم مانگە سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و رادەستکردنی پارەی تێچووی حەجەکەیان.

راشیگەیاند، ئەمساڵ بە پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف تێچووی حەج کەمکراوەتەوە، بەجۆرێک تێچووی ھەر حاجییەک بە رێگەی ئاسمانی لە چوار ھەزار و ٥٧١ دۆلارەوە بووەتە چوار و ٥٠٠ دۆلار، ھەروەھا بە رێگەی وشکانی لە سێ ھەزار و ٨٧٣ دۆلارەوە، بووەتە سێ ھەزار و ٨٠٠ دۆلار.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی ھەرێم راشیگەیاند، بۆئەوەی تێچووی حەجی ئاسمانی و وشکانی لەسەر ھاووڵاتیان کەمبکرێتەوە و نرخەکەش ھاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دیاریکردووە، وەزارەتی ئەوقافی ھەرێم، بە بڕی ٣٣٠ ھەزار دۆلار پاڵپشتی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات.

ھاوکات ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەرێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، ٦٩٠ حاجی دەگوازێتەوە و حاجیان سەرپشکن لەوەی بە رێگەی ئاسمانی یاخود وشکانی گەشت بکەن، بەپێی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان دیاریکراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، لەکۆبوونەوەکەدا کە لە دەباشان بەڕێوەچوو ھەردوولا جەختیان کردەوە کە ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی ھیچ لایەکە، بۆیە پێویستە ھەمووان ھەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی ھاوڵاتییانیش بێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆبوونەوە ھەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختی کردەوە؛ خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستە نییە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و ھەڵوەستە کردن ھەیە لەپێناو باشتر کردنییان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ ھەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەھێڵرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەروەھا باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازانی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر ھەڵبژاردن دوانەکەوێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد....

بەبۆنەی یەکی ئایار رۆژی جیھانی کرێکارانەوە پیرۆزبایی لەھەموو کرێکارانی جیھان و عێراق و کوردستان، لەبراو خوشکە ماندوونەناسە دڵسۆزەکانمان ئەکەم.

لەم ساڵرۆژەدا پەرۆشیی دووپات دەکەینەوە بۆ فەراھەمکردنی ھەلی کاری گونجاو لەپێناو زامنکردنی ژیانێکی ئاسودە و سەقامگیر بۆ کرێکارانی نیشتمانەکەمان، راشیدەگەیەنین پێویستە دەستەبەری ماف و گوزەران و ژیانی کرێکاران بکرێت و دەرفەتی کاری زیاتر بۆ کرێکارانی ناوخۆ بڕەخسێنرێت.

خۆشحاڵیمان لەم رۆژەدا، ھەڵسەنگاندنی پڕبایەخمانە بۆ ھەوڵی ڕۆڵەکانمان و ئەو کەسانەی بزوێنەری ڕەوڕەوەی بنیاتنان و خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشبردنی وڵاتیان لەئەستۆگرتووە، بەجۆرێک کە جوانی بینا و شار لەسەر دەستی کرێکاران ھاتۆتەکایەوە ھەرچەند لەبەرامبەردا کەمترین ماف و بژێوی ژیانیان بۆ دابین کراوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەھمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نرخی گاز و ھەرسێ جۆرەکەی بەنزین زیاتر دادەبەزێت و ھەر جۆرێکیی بەنزین ٢٥ دینار لە نرخەکەی کەمدەبێتەوە.

وتیشی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی بەنزینی سوپەر لە ھەزار و ٢٢٥ دینارەوە دەبێتە ھەزار و ٢٠٠ دینار، بەنزینی موحەسەن لە ھەزار و ٧٥ دینارەوە دەبێتە ھەزار و ٥٠ دینار و نرخی بەنزینی نۆرماڵیش لە ٨٧٥ دینارەوە دەبێتە ٨٥٠ دینار، گازیش ٥٠ دینار کەم دەبێتەوە و لە ٨٠٠ دینارەوە دەبێتە ٧٥٠ دینار.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لە راگەیەنراوێکدا دوایین ھەڵوێستی حزبەکەی لەسەر پرۆسەی سیاسی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند، دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و بە ناچاریی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکان، لەکەیەکی گەورەیە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ترسی جیددیش بەھۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەی ھەرێم دروستبووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،  تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش ھەر ماوەیان بەسەرچوەو لەو ڕووەوە لە پەرلەمانی کوردستان جیاوازیی نییە.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی دەشڵێت، بە پێویستیان زانی سەرجەم نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەکۆبوونەوەیەکدا، کە بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتی لە ھۆڵەندا، ئامادەی بوو و یاوەری وەفدە ھۆڵەندییەکەی دەکرد، باس لە پەیوەندی دوو قۆڵی و چەندین بابەتی گەرماوگەرمی سیاسی کران، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، پێداگرییان کرد لە پشتیوانی یەکتری ھێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشە ھێشتا بەدینەھاتووەکان. ھەر لەم کۆبوونەوەیە، دکتۆرە کەنار فازل ھیدایەت ئەندامی ئەنجومەنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی، سەبارەت بە ڕەوش و پێگەی ژنان و گەنجان لەناوچەکە بابەتێکی شیکاری پێشکەش بە میوانەکان کرد و ئامەژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ئێن جی ئۆکان کرد. 

لە درێژەی کۆبوونەوەکەی وەفدەکەی پارتی چەپی سەوزی ھۆڵەندی و یەکێتی لەشاری ھەولێر، پاش گۆڕینەوەی بیروڕا و قسەکردن لەسەر دوا پێشھاتە سیاسیەکان لەناوچەکە، بڕیاردرا درێژە بەم پەیوەندیانە بدرێت و سەردانی دوولایەنە بەردەوامی ھەبێت لەنێوانیاندا و بەشداری لە چالاکییە فراوەنەکانی یەکتربکەن. شایەنی باسە پێشنیاری کار و پڕۆژەی ھاوبەش لەنێوان یەکێتی و پارتی چەپی سەوزی ھۆڵەندی بەمەبەستی کردنەوەی خول و ڕاھێنانی ئەندامانی یەکێتی و بەشداری کردن لە کۆنفڕانس و چالاکییەکانی پەیوەست بە کاروباری دەرەکی پەسندکرا. 

بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتی لە ھۆڵەندا سەبارەت بە پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاند: پارتی چەپی سەوز پارتێکی سیاسی ھۆڵەندییە و واژۆی چەپی پێشکەوتنخوازانەی ھەیە. پارتی چەپی سەوز لە ساڵی ١٩٩٠ دوای یەکگرتنی چوار پارتی چەپ دامەزراوە کە بریتین لە PPR، PSP، CPN و EVP. ژمارەی ئەندامەکانی پارتەکە ٣٣ ھەزاری تێپەڕاندووە کە زۆربەیان گەنجن. لە پەرلەمانی ھۆڵەندا و پەرلەمانی ئەوروپا فڕاکسیۆنەکانیان کاران و ئەندامی بڵۆکی سەوزەکانن. لەسەر ئاستی شارەوانییەکانی ھۆڵەندا ٥٣٧ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییان ھەیە. پۆستی پارێزگاری ئەمستەردام لەم پارتەیە و بەیەکێک لە پارەتە ھەرە خاوەن پێگە جەماوەرییەکان ھەژمار دەکرێن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...437438439440441...925