دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، جیھان تەھا کە مامۆستایەکی وانەبێژ و ڕەخنەگر و حەق بێژ بووە و بەکارەساتی ئۆتۆمبێل کۆچیدوایی کرد، ھیواخوازە ئەو مردنەی رووداوێکی ئاسایی بێت و دەستی لە پشتەوە نەبێت.

جیھان تەھا کە دانیشتوی ھەولێر بووە شەوی رابردوو لەسنوری قەزای مێرگەسور ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا و دواتریش ئاگری گرتووە، بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت، ھەر لەکاتی رووداوەکەدا ئەو مامۆستایە جەستەی سوتابوو و بەو ھۆیەوە گیانیلەدەستدا بوو، بۆیە راستەوخۆ گەیەنراوەتە پزیشکی داد لە سۆران.

مامۆستا جیھان تەھا، تەمەن ٣٥ ساڵ و چەند سەعاتێک بەر لە گیانلەدەستدانی، پێشبینی مەرگی خۆی کردبوو، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیبووی، "رێگەکەم بەرەو مەرگە، مەرگ بانگم دەکات."، پەیوەست بەم بابەتەش تائێستا خانەوادەکەیی و لایەنی پەیوەندیدار ھیچ رونکردنەوەیەکیان بۆ رایگشتی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.