بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، لە قۆناغێکی دیکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ (١٠٠) دەرچوو و کاندیدی تواناسازی خەرجدەکات.
ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵنیایی دەدات کە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ سەرجەم دەرچوان و کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی و تەواوکردنی پرۆسەی خوێندنیان بە سەرکەوتوی و گەڕانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی خزمەتکردن بە سێکتەری خوێندنی باڵا و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچوان و کاندیدانی تواناسازی دەکات لە ڕێکەوتی ٤/١٢/٢٠٢٣ بە دواوە سەردانی دیوانی وەزارەت بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنە کارگێڕیی و داراییەکان.
١) پشتگیری شوێنی کار کە بەردەوامە لە خزمەتی بێ پچڕان دوای بەدەستھێنانی بڕوانامەکەی.
٢) ئەگەر کاندید (٥) ساڵ خزمەتی کردبوو لە شوێنەکەی، ئەوا پشتگیری (٥) ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بھێنێت.
٣) ئەگەر کاندید خۆی ئامادە نەبوو بەھەر ھۆکارێک، ئەوا وەکیلەکەی دەتوانێت سەردان بکات.
٤) ئەگەر کاندید لە کەرتی تایبەت بێت، پێویست دەکات خۆی ئامادەبێت.
بۆ بینینی لیستی سودمەندان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەن
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان ئەنجومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
بەبۆنەی رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لەئێوە و ھەموو خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەکەم.
ئێوەی بوێر و پڕ ھیوا بۆ ژیان واتانکردوە توێژێکی خۆشەویست و رێزلێگیراوی کۆمەڵی کوردەواری بن, لەم ساڵیادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ھیچ ئاستەنگێک نابێتە رێگر لەبەردەم ئیرادە و خواستی ئێوەدا، تەنیا دەبێ لێتان تێبگەین و دەرگاکان زیاتر بەڕووتاندا واڵا بکەین، چونکە باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە کە ھەمووان یەکسانین لەماف و ئەرکەکاندا.
بە ئەوپەڕی توانامانەوە پشتگیری و پشتیوانتان دەبین بۆ بەدیھێنانی داخوازی و ئامانجەکانتان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
تیمی پارێزەرانی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئاسایشی دھۆکەوە ئەو رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوە، تائێستا ھیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە.
دەشڵێت، نزیکەی ٤٠ رۆژە سلێمان ئەحمەد دەستگیرکراوە، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ١٠ جار ھەوڵی بینینییان داوە، بەڵام ڕێگرییان لێکراوە، ئەوەش پێشێلکردنی یاسایە و پێویستە پارێزەری ھەبێت و دۆسییەکەی بخوێنرێتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ١٥١ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکراوە، لە ھەولێر نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر نەوت و لە سلێمانی ٥٩ ملیۆن لیتر و لە دھۆک ٣٢ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشکراوە.
راشیگەیاندوە، ٧٥٦ ھەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوون، کە دەکاتە زیاتر ٥٨٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی ھەرێم و ھەر خێزانێکیش بڕی ٢٠٠ لیتری وەرگرتووە.
ھەر بەرمیلێک نەوتی سپی بەنرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار دراوە بە ھاووڵاتییان، بەو پێیەش بەھای نەوتی دابەشکراو ٧٨ ملیار و ٢٤٦ ملیۆن دینار بووە.
دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو کوردسات نیوز راپۆرتێکی سەبارەت بە نوسراوی سەر دیوارەکانی ھەولێر بڵاوکردەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چوارچێوەی جوانترکردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکان لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج، دەستکراوە بە سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە ریکلامە بازرگانییەکان و نوسراوەکانی سەر دیوار لە شەقامەکانی سنوری شارەوانی پێنج.
راشیگەیاندوە، ھەڵمەتەکە لەسنوری ھەموو شارەوانیەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر جێبەجێدەکرێت و سزای ھەموو ئەو کەس و شوێنانە دەدرێت، ریکلامەکانیان لەسەر دیوار و گەڕەک و کۆڵانەکان دەنوسن یاخود تابلۆی نایاسایی لە شەقامە گشتیەکاندا ھەڵدەواسن کە ببێتە ھۆی نیشاندانی سیمایەکی ناڕێکی ناشارستانی لە شاری ھەولێر.
رۆژی یەکشەممە بە دە مووشەک بنکەیەکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی رمێلانی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج، ھەرچەندە تائێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر ئەمریکا گروپەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەکان تۆمەتبارکردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە ھەمان رۆژدا درۆنێک کە ئەگەرێکی زۆر ئەمریکی بووە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی نزیک لە ئێرانی لە نزیک سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکرووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، سەیوان ئیبراھیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی"نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی"دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە ١٠ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی حکومەت"بە یەک ساڵ بەندکردن، سزا دراوە.
سەیوان ئیبراھیمی، مانگی ئابی رابردوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"بە یەک ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی سزادرا، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووش دادگای پێداچوونەوەی سزاکان، سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی پەسەندکرد، بەڵام سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان ھەڵوەشایەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە فراوانکردنی گوندەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گوندی کۆڵەبی یەکێک نییە لەو ٢٩ گوندەی، سنوورەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فراوانکران، تەواوی رووبەری گوندی کۆڵەبی (بێجگە لە پارچە زەوی ژمارە ١١٧) بە زیادەڕەوی دادەنرێت نەوەک بە حەرەمی گوند.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھەر خانوویەکی نوێ لەو گوندەدا دروستبکرێت بەھیچ شێوەیەک تاپۆ ناکرێت و شارەوانیش بەرپرس نییە لە ھەر زەرەر و زیانێک لە ئەنجامی دروستکردنی خانووی نوێ بەر ھاووڵاتییان بکەوێت.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، خانوەکانی ئەو گوندە بەر یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی ژمارە سێ ساڵی ٢٠١٨ دەکەوێت و خانووەکانیان بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان مەرجی سەرەکیی تاپۆکردن ئەوەیە خانووەکە پێش ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروستکرابێت.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخش لە ھێزی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی رابردوو لە نێوان گوندی عەلیەڕەش و دووسەرە لەدەشتی قەراجی سەر بە مەخموور، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و تیرۆرستانی داعش روویدا، تیرۆریستان لە گوندێکی دەشتی قەراج لەلایەن ھێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە گەمارۆدران، ھاوپەیمانانیش بە فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
وتیشی، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و دوو سەربازی تریش برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان تیرۆریستێکی داعشیش کوژراوە.
راشیگەیاند، لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خێزانێکی کورد لە دەستی تیرۆریستان رزگارکران، کە لە گوندی کۆڵتەپە لەلایەن تیرۆریستانەوە گەمارۆدرابوون.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی یەکشەممە ٣/١٢/٢٠٢٣ سەبارەت بە سکاڵایەکی نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و زیاد جەبار ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە کە داوایان کردوە، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات لەسەر ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە پێکھاتەکان و دیاریکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن.
ھەر بەپێی خشتەی دانیشتنەکان، بڕیارە رۆژی دووشەممە ٤/١٢/٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە سکاڵایەکی "نەجاح حەسەن ئیبراھیم" کاندیدی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، کە لە سکاڵاکەیدا داوایکردووە، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن پابەند بکرێت بە دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکوک تا ئەو کاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەکرێت.
تەھا جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و دەوروبەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دابەشکردنی نەوت بەسەر ھاوڵاتیاندا بەردەوامە بە نرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ھەر خێزانێک، لە ئێستاشدا لە مەڵبەندی یەک دەستیان بە دابەشکردنی نەوت کردوە.
سەبارەت بە راگرتنی دابەشکردنی نەوتیش ئاماژەی بەوە کرد، بەھۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە نەوت بە نرخی ٥٠ ھەزار دینار رەوانەی ھەرێم بکات و بە ھەمان نرخ دابەش بکرێت، ھاوڵاتیان ئامادەنین نەوت بە ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار وەربگرن، کۆمپانیای تایبەتمەندیش ئامێری پێوانەکردنی نەوتی وەرگرتووەتەوە بۆ دووبارە چالاککردنەوەیان، بەو ھۆکارانەش ماوەی دوو رۆژە نەوت لە ناوشاری سلێمانی دابەشنەکراوە.
لەمیانی وتەیەکیدا شاڵاو کۆسرەت رەسول باسی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی کردو داوای کرد، ھەموو کەرکووکییەکان بەشداری دەنگدان بکەن و پارێزگاری لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکووک بکەن.
شاڵاو کۆسرەت رەسول وتیشی، کەرکووکییەکان شاھێدن کە چۆن لە رۆژانی سەخت یەکێتی فریادڕەسی کەرکووکییەکان بووە، بۆ داھاتووش ھەر یەکێتی دەتوانێ خزمەتی شارەکە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی بکات.
لەکۆتایی قسەکانیدا شاڵاو کۆسرەت رەسول داوای کرد لەرۆژی دەنگدان بە گڕوتینەوە بەشداری بکەن و دەنگ بە کاندیدانی لیستی ١٤٢ی "ھاوپەیمانی کەرکووک ھێزو ئیرادەمانە بدەن".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا راینگەیاند، داوا دەکەن بەغداد راستەوخۆ مووچەکانیان بۆ خەرج بکات و مووچەکانی پێشووتریشیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە، ھاوکات داواش دەکەن وانەبێژان دابمەزرێندرێن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی یەکشەممە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و شارەزوور و ئیدارەی راپەڕین خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامدەدەن.
ئەوەشیان خستەڕوو، وەفدێکیان لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆی کردووە و بەمزوانەش بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان سەردانی بەغداد دەکەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆرستییە دەکەن کە شەوی ڕابردوو بە بۆمبی چێنراو و دەسڕێژ لە ناوچەی عومرانیەی سنوری قەزای شارەبان لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا و بووە ھۆی شەھیدبوونی چەندین ھاووڵاتی و برینداربوونی چەندانی دیکە.
دەشڵێت، ئەو ھێرش و پەلامارە تیرۆرستییانە، مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دروستدەکەن و ئەو راستییە دەسەلمێنن کە تیرۆر ھێشتا ھەڕەشە و ئاڵنگارییەکی جددییە و دەبێت ھەموو ھێز و توانایەک بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی زیاتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و بە پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بخەرێنەگەڕ.
جەختیشیکردەوە لەوەی، نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو ھاوکارییەکی پزیشکی بۆ برینداران و بەرکەوتووان، ئامادەن.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم بڵاویکردەوە، بەھۆی گرفتێکی تەکنیکی کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای ھەرێم روویداوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بەھۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە تەواوی یەکەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێم کوژانەوە، بەڵام تیمەکانی وەزارەت دەستبەجێ کێشەکەیان چارەسەرکرد.
بەڵام بۆ جاری دووەم لە سەعات یەکی شەو کوژانەوەی گشتی روویدا و ئێستا تیمەکانی کارەبای ھەرێم سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەن و بەمنزیکانە چارەسەر دەکرێت.
پێشتریش، ئەندازیار غالب بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لە سەعات چواری بەیانی ئەمڕۆوە و بەھۆکارێکی نادیار، کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبای ھەرێمی کوردستان روویداوە. وتیشی، لە ناو شاری سلێمانی ھیچ شوێنێک کارەبای نییە و لایەنی پەیوەندیدار لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.