دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لیژنەیەکی باڵا پشکنین بۆ ئەو بارھەڵگرانە دەکات، کە ھاتوچۆ بە دەروازە سنوورییەکاندا دەکەن و ھەر بارھەڵگرێک مەترسیداربێت رێگە بە تێپەڕبوونی نادرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بارھەڵگرەی باسی لێودەکرێت لە بەندەری ئوم قەسر، چەکی ئەمریکی بۆ ھەرێم رەوانەکردووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە، بارھەڵگرەکە چەکی بارکردووە و سەربە وەزارەتی بەرگری بووە، بە بڕیاری دادوەر رێگە بە تێپەڕبوونی نەدراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندەرەکە، راشیگەیاند، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەنگۆیانە دەگرنەبەر دژیان بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر، عالیە نوسێف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەولێک بۆ بەقاچاخبردنی چەکی ئەمەریکی بۆ ھەرێمی کوردستان پووچەڵکراوتەوە، کە بە پاساوی ماددەی کیمیایی ھەوڵیانداوە لە بەندەری ئوم قەسرەوە بۆ ھەرێم ڕەوانەی بکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی سنووری بەرواری بالایان بۆردومانکرد، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی مەدەنی بۆ گەشت و سەیران ئەمڕۆ ڕوویان لەو سنورە کردبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا زیانەکانی بۆردومانەکە دیارنییە و بۆردومانەکان ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتوانی قەزاکە دروستکردووە و زۆرینەی شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە مەترسی بۆردومانکردنیان لەسەرە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین مانگە تورکیا بە بەردەوامی سنوری قەزای ئامێدی بوردومان دەکات، بەتایبەتی ھەردوو زنجیرە چیای مەتینا وگارە، جگەلەوەش، ئەو وڵاتە چەندین بنکەی سەربازی لەچیای مەتینا دروستکردووە.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە رۆژی جیھانی ئایدزدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە ھەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردندا لەماوەی ١٠مانگی ڕابردوو، ٥٩٨ ھەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پشکنینی پێش ھاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و ھەوکردنی جگەر و تالاسیمیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دەرەنجامی پشکنینەکاندا، ٧٢ حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی ھەرە زۆریان ھاووڵاتییانی بیانی و ھاووڵاتییانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تووشبووانی بیانیش گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و ھەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی ھەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم جەختی کردوەتەوە، لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیھان، کەمتریین تووشبووی ئەو ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە ھەرێمی کوردستان.
دەقی راگەیەنراوەکەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق...
تا ئێستاش توندوتیژی دژی کچان و ژنان بەربڵاوترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە جیھاندا و بارودۆخەکەش جیاوازی نییە لە عیراقدا، کە چەندین حاڵەتی توندوتیژی دژبە ژنانی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش بەڕوونی بەرجەستەی ئەو پێشێلکاری و تاوانە دڕندانانەیە، کە ژنانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکەش لەسەردەستی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش تووشی بوون.
بڕوامان بەوە ھەیە، کە گۆڕانکاری لە فێرکردنەوە دەستپێدەکات بە دانانی کلتوری مافەکانی مرۆڤ لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ و رونکردنەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی، ھەروەک عیراق بەشداریی کردوە لە ھەڵمەتی جیھانی بۆ ھۆشیارکردنەوە و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەڕێگەی ئەنجامدانی بۆنە و چالاکییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
دیاردەی ھاوسەرگیریی خوار تەمەنی یاسایی و زۆرەملێی کچان دیاردەیەکی نەرێنی و ناشارستانییە و نامۆیە بە کۆمەڵگەی ئێمە، کە بە رەسەنایەتی و شارستانی و ھۆشیاری ناسراوە. بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید و منیش بە توندی دژی ھاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی یاسایی و ھاوسەرگیریکردنی زۆرەملێ و ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی دەوەستینەوە، ھەروەھا ئەم بابەتەم لەگەڵ وەزیری داد و لایەنە پەیوەندیدارەکان جوڵاندوە و بەردەوامیش دەبم لە ھەوڵەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردانە.
ئەو پرسە تەنھا لە ئاستی ھاوسەرگیری خوار تەمەنی یاسایی و ھاوسەرگیری زۆرەملێدا نەوەستاوە، بەڵکو ھەندێک لە ھەلپەرستان، بازرگانی بە کچانی تەمەن ١٢ ساڵانەوە دەکەن. ئامارە بەردەستەکان ورد نین، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ژمارەیەک لە ژنان خۆیان لە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتانە بەدوور دەگرن، کە بەرکەوتەیان لەگەڵی دەبێت بە ھۆکاری کۆمەڵایەتی یان ھەستکردن بە ترس لە ھەڵوێستی کۆمەڵگە، بەڵام زۆرێکیان باسیان لە ئازارەکانیان کردوە و چیرۆکە ئازاربەخشەکانی خۆیان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان، گێڕاوەتەوە.
سنوردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ھەوڵی زیاتر و کاری ھاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ھەیە، لەکاتێکدا یاسای دژە بازرگانیکردنی ساڵی ٢٠١٢ کاری زۆرەملێ و ھەندێک جۆری بازرگانیکردن بە تاوان دەزانێت و ھەندێک چوارچێوە یاساییەکەی ھێشتا پێویستی بە نوێکردنەوە ھەیە، جێبەجێکردنی یاساکە وەک گەورەترین ئاڵنگاری دەمێنێتەوە، بەوپێیەی زۆرترین ھەوڵ دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، بەوەی تاوانباران دەستنیشان بکات و دەستگیریان بکات، بەشێکی دیکەی بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتەئەستۆی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دادگاییکردنیان و جێبەجێکردنی توندترین سزاکان، جگە لە رۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پاراستنی مافەکانی ژنان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم پەیامە مرۆییە.
ھەروەھا بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئەم توێژە، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە، لەگەڵ پێدانی رۆڵی راستەقینەی خۆیان شانبەشانی برا پیاوەکان و متمانەکردن بە تواناکانیان و یارمەتیدانیان لە ئاشنابون بە مافە مرۆییەکانیان و دادپەروەری لەگەڵیان و پشتیوانی و گرنگیدان بەوانەی توندتیژییان بەرامبەر کراوە، بۆئەوەی تێکەڵاو بکرێنەوە بە کۆمەڵگە.
بە شانازییەوە سڵاو لە ھەڵوێستی قارەمانانەی ژنانی عیراق دەکەین، کە قوربانیدان و بەخشین لەپێناو ژیانێکی مرۆییانەی پرشنگدار بڵاودەکەنەوە.
سڵاو بۆ ھەموو ئەو ژنانەی لەپێناو ئازادی و یەکسانی و ئاشتیدا تێکۆشان.
خانمی یەکەم
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکراون، کە چواریان خەڵکی سەقزن و یەکێکیان خەڵکی بۆکانە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە سنوری ھەنگەژاڵی بانە بریندارکراون و بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گواستراونەتەوە، یەکێکیشیان نەشتەرگەری بۆ کراوە و یەکێکی دیکەش لە نەخۆشخانەی شەفای سەقز رەوشی تەندروستی ناجێگیرە.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، یەکێک لە کۆڵبەرەکان مێردمنداڵە و تەمەنی ١٧ ساڵە، ئەوانەی دیکەش تەمەنیان ١٩ ساڵ و زیاترە.
کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەگەر گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکان ھەموار بکرێنەوە، دەبێت بە رەزامەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بێت، ھەروەھا گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان گرێبەستی دەستوورین.
لەبارەی راوەستانی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش وتی، داواکەی عێراق لە دادگای ناوبژیوانانی پاریس رەفتارێکی ناتەندروست و ناعەقڵانی بوو، چونکە راوەستانی ھەناردەی نەوت، حەوت ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە.
کەمال محەمەد وتیشی، تێگەیشتنی باش ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغداد و لە گۆفتوگۆدان، ھیواشی خواست بگەنە رێککەوتن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە، ھەرێمیش ھیچ کێشەیەکی نییە لە نەوتی ھەرێمی کوردستان رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ستیڤن چارڵس ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، تەنھا بە پاراستنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی متمانە دەتوانرێت کێشە سیاسییەکان و کێشەکانی ھەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش، جەختی کردەوە، چارەسەری بنەڕەتی رێککەوتنێکی گشتگیری درێژخایەنە کە لە بەرژەوەندی ھەردوولادا بێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داھاتووشدا بەردەوام بێت، داواشیکرد وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە لە ماوەی رابردوودا کەشێکی ئەرێنی ھاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و ھەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان. وتیشی، بە چارەسەرکردنی بەشێکی بەرچاوی کێشەکان پێگەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەھێزتر دەبێت.
ھەروەھا ئاماژەی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەرکەکەی کرد و رایگەیاند، بە گەڕانەوەی وەزیر پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر و باشتر جێبەجێ دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامێدی رایگەیاند، بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند رۆژێکە بەردەوامە و ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش سنوری گوندی مژێ لە چیای گارە بۆردومانکرا.
وتیشی، دەنگی بۆردومانەکە گەورە بووە و لەناو ئامێدی بیستراوە، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیاش بەشێکی زۆری گوندەکانی باکور و باشوری قەزاکە چۆڵکراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بڵاوكراوەتەوە و لەئێستادا پێشكەشكاران دەتوانن ئەنجامی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە كۆدی تاقیكردنەوەكانیان وەربگرنەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، پێویستە وەرگیراوان لەماوەی سێ ڕۆژدا پەیوەندی بە شوێنی وەرگرتنیان بكەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافی وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت.
ڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیان/ خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی تایبەت بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان كە بەڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هەرێم، ساڵانە بەڕێژەی (10 بۆ 20%) كەمدەكرێتەوە.
سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بە بازاڕکردنی گەشتیاری لەدەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، پێشبینیدەکەن کۆی گەشتیارانی ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە ھەشت ملیۆن گەشتیار و لەساڵانی داھاتووشدا ژمارەکە زیاتر دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکارییانکردووە رێژەیەکی زیاتری گەشتیاری زستانە بۆ ھەرێم رابکێشن، لەو چوارچێوەیەشدا، لە وەرزی سەرما و بەفربارین، پەرەیان بە چەند ناوچەیەکی گەشتیاری داوە وەکو چیای گارە و پێنجوێن و کۆڕەک و پرژە و سەکران.
ھاوکات، بەگوێرەی پێشبینییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ژمارەی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار .
ئەو ناوچانەی گەمارۆیان خراوەتەسەر بریتین لە ناوچەیەکی تایبەت بە ئاوارەکانی عەفرین و ھەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب، ماوەی ھەفتەیەکیشە فیرقەی چواری سوپای سوریا رێگە بە گەیاندنی سوتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ئەو ناوچانە نادات.
ئەو ناوچە کوردنشینانە لە چوار دەروازەوە دەتوانن پێداویستییەکان بەدەستبگات، سێ دەروازەیان لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیان و بە تەواوی داخراون، دەروازەی چوارەمیش لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریایە و لەئێستادا داخراوە.
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ھۆشداری لە بەردەوامی گەمارۆکە دەدات بەتایبەت بەردەوامی نەبوونی کارەبا و پێداویستی تەندروستی و دەڵێت، ئەگەر بەمزوانە سوتەمەنی نەگاتە ناوچەکانیان، مەترسی کارەساتێکی مرۆیی دەکرێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشتر رۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک دوا وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبون دیاری کرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئامانج لەو بڕیارە پێدانی ھەلی زیاتر و کارئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی کە تاکو ئێستا بە ھەر ھۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبووە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
مانگی ئابی ئەمساڵ پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون دەستیپێکرد و بڕیارە زیاتر لە نۆ ھەزار یەکە بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش بکرێت، تا ئێستاش زیاتر لە ٢٢ ھەزار خێزان لەسەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و فەڵەستین گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە رۆژھەلڕتی ناوەراستدا. وتیشی، گەلەکەی نایەوێت خاکەکەیان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، ھێرشی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی رابردوو بۆ سەر ھاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و ھەروەھا کارەکانی ئیسرائیلیش لە غەززە قبوڵکراو نییە، ، ھۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمکارانە دەبێتە ھۆی ئەوەی و گروپی توندڕەوی تر سەرھەڵبدەنەوە و چەندین ناوچەی تریش بگرێتەوە.