دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو کوردسات نیوز راپۆرتێکی سەبارەت بە نوسراوی سەر دیوارەکانی ھەولێر بڵاوکردەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چوارچێوەی جوانترکردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکان لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج، دەستکراوە بە سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە ریکلامە بازرگانییەکان و نوسراوەکانی سەر دیوار لە شەقامەکانی سنوری شارەوانی پێنج.

راشیگەیاندوە، ھەڵمەتەکە لەسنوری ھەموو شارەوانیەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر جێبەجێدەکرێت و سزای ھەموو ئەو کەس و شوێنانە دەدرێت، ریکلامەکانیان لەسەر دیوار و گەڕەک و کۆڵانەکان دەنوسن یاخود تابلۆی نایاسایی لە شەقامە گشتیەکاندا ھەڵدەواسن کە ببێتە ھۆی نیشاندانی سیمایەکی ناڕێکی ناشارستانی لە شاری ھەولێر.