دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێز مامۆستا مەلا مەزھەر خۆراسانی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کاک شێخ عومەر، برای بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە، کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
خەبات و تێکۆشانی مامە ریشە و ھاوڕێکانی لەیادناکەین و بە رێز و وەفادارییەوە یادی مێژووی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتییان لەپێناو کوردستاندا دەکەینەوە.
مامە ریشە ئەفسانەیەک بوو لە ورە و سیمبوولێک بوو بۆ ئازایەتی، ئەو لە ھەناوی پۆلایینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ھەڵقووڵا و مێژوویەکی پڕ لە شانازیی بۆ خۆی و یەکێتییەکەی نووسیووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند بە خوێنی شەھیدان و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانی داوە، لە خەبات بۆ بەدیھێنانی داھاتوویەکی گەشتر و ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکی کوردستان بەردەوامدەبێت.
دروود بۆ رۆحی مامە ریشە و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، نوسراوێکی لە بارەی خەرجی و داھات ئاڕاستەی ھەموو وەزرەت و فەرمانگەکان کردووە و تێیدا ھاتووە بەپێی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە خەرجییەکانەوە ھەیە تا پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٤ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی نوسراوەکە، تا پەسەندکردنی بودجە پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ دامودەزگاکان خەرج دەکرێت، بەپێی بودجەی مانگانەش ڕێگە بە فەرمانگەکان دەدرێت، ھەندێک پێویستییەکی گرنگ و ئامێر و کەلوپەل بکڕن.
ھەروەھا بەپێی پسوڵەی رەسەن رێگە بە خەرجکردنی کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵ بۆ ساڵانی پێشوو لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گەنجینەکان.
ھاوکات بڕیاردراوە بە راگرتنی سەرجەم پاداشت و ھاوکارییەکان بێجگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان کە بە نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران گشتاندنی بۆ کرابێت.
د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرھەمھینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە، لە کۆبونەوەکەدا نیازی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختیلێکرایەوە، ئاماژە بەوەدراوە ئەوەی لەسەر حکومەتی ھەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە رێککەوتن و چارەسەر بۆ ئەو مەبەستەش زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکانیان خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق.
راشیگەیاندوە، لە کۆبونەوەکەدا خواستی ھەرێم بۆ ھەرچی زوو دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خراوەتەروو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بڕیاردرا ئەو جۆرە کۆبونەوە ھاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لە پێناو دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم.
کۆڕبەندەکە سبەینێ سەعات ١٠ی بەیانی دەستپێدەکات و تێیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتارێک پێشکەش دەکات، ئامانجی کۆڕبەندەکەش پەرەپێدانی کارسازی و پشتگیریکردنی گەنجانی کارساز و داھێنەرە لە بوارە جیاجیاکاندا.
ھاوکات کۆڕبەندەکە دەبێتە پردێکی پەیوەندیی و رەخساندنی دەرفەت بۆ کاری ھاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری، لەنێوان کارسازان و گەنجانی داھێنەری ھەرێم و وڵاتانی جیھان.
لە کۆڕبەندەکەدا داھێنان و بیرۆکەی نوێ لە بواری کارسازی دەخرێنەڕوو، ھاوکات ھانی وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بەشدار لە کۆڕبەندەکە دەدرێت بۆ وەبەرھێنان لەسەر داھێنان و بیرۆکە نوێیەکان.

ئەو پارێزەرانە کە نوێنەرایەتی ٣٥ ژووری پارێزەران دەکەن، دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکەیان بە وەزارەتی دادی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەیان بەوەکرد، زیاتر لە چوار ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و نۆ ساڵیشە دیدار لەگەڵ سێ زیندانیکراوی دیکەی ئیمرالی راگیراوە.
تائێستا سەدان جار تیمی پارێزەران و بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجەلان داوایان لە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە رێگەیان پێ بدات سەردانی ئیمرالی بکەن، بەڵام بەھۆکاری جیاواز سەرجەم داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە.
دوایین پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلان رۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ بووە، کاتێک رێگەدرا محەمەد ئۆجەلانی برای بۆ پێنج خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا بکات.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم پێشبینییەکانی ئەمڕۆ و سبەی رەوشی کەشوھەوای بڵاوکردەوە و ئەوەی خستوەتەڕو، لە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە لە ناوەندی پارێزگاکان نمە باران دەبارێت و لە شەویشدا بەفر لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت.
باسی لەوەشکردوە، پێشبینی دەکرێت سبەینیش لە ھەرێم بە گشتی باران ببارێت بەشێوەی نمە باران لە کات و ناوچەی جیا جیا و لە ھەندێ ناوچەش بارانی مامناوەند دەبێت، ھاوکات بەفریش لە زۆربەی لووتکەی شاخە بەرزەکان دەبارێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکوک نزیک فلکەی ئیخوان، دز چووە ماڵێک و قاسەی ماڵەکە شکێنرا و دزی لێکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دزییەکەدا بڕی ١٧٥ ھەزار دۆلار و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی و بە بەھای ٢٠ ملیۆن دینار ئاڵتون و دوو مۆبایل و دەمانچەیەک دزراوە و بۆ شاردنەوەی دزییەکەش ئاگر لەماڵەکە بەردراو سوتێنرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، پۆلیس تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و پێکھێناوە و دەستیان کردووە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە و دەستگیرکردنی.
لیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، پاسەوانی سنور ھێزێکە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیی فیدراڵە و پابەندە بە یاسا و رێنماییەکان و ئەرکیان رێگریکردنە لە ھاتوچۆی نایاسایی و ھێنان و بردنی قاچاغ بەشێوەیەکی نایاسایی و پاراستنی سنورەکان.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، دیاردەی ھێنان و بردنی کاڵا و شتومەک بەشێوەی نایاسایی لە سنورەکان بوونی ھەیە، ئەوەش دەبێتە ھۆی نائارامی لە سنورەکان، چەندین جاریش داوا لە وڵاتانی دراوسێ کراوە، رێگری بکات لە ھاتنی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە شێوەی نایاسایی، بەڵام بەھیچ جۆرێک چارەسەری ئەو رەوشە نەکراوە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە نیگەرانن لەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوو روویانداوە لە سنوری تەوێڵە، لیژنەی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە پێکھێنراوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە و سزادانی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون. ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢١ی ئەم مانگە چەند کۆڵبەرێک لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە لە سنووری بیارە دەستبەسەرکران و دوای ئەشکەنجە و لێدان و تاشینی قژیان، لە سەرسنوور ئازاد کران.

فەرھاد گورون، لێپرسراوی ھۆبەی کامێراکانی چاودێریکردنی خێرایی لە ھاتوچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سەعات ١٠ی بەیانی ئەمڕۆوە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سلێمانی کەوتوونەتەکار، ژمارەیان ٢١ کامێرایە و بە سیستەمی یەک خاڵ کاردەکەن.
وتیشی، لەسەر رێگەی سلێمانی – تاسڵوجە، خێرایی رێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک و بارھەڵگر جیاکراوەتەوە، بەشێوەیەک خێرایی رێگەپێداو بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت ٨٠ کم و بۆ بارھەڵگر ٦٠ کم و سزای پێبژاردنەکانیشیان جیاوازە.
فەرھاد گورون باسی لەوەشکرد، کامێراکان سەرپێچی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاش تۆماردەکەن.
زۆرترین سزای پێبژاردنی کامێراکان لە ٧٠ ھەزارەوە دەستپێدەکات و زۆرترین سزای پێبژاردنیش ٢٣٠ ھەزار دینارە.
بەپێی نوسراوێک کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی لەسەرەو ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و دەستە و فەرمانگە نەبەستراوەکان کراوە، داوا دەکات لیستی موچەی پەسەندکراو بنێرن.
بەپێی نوسراوەکەی وەزارەت، ھەموو ئەو شوێنانە، پێویستە مانگانە لیستی مووچە بەپێی موچەی بنەڕەت، جۆری دەرماڵە، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەت بە وردبینی و پەسەندکراوی بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەکان بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ.
وەزارەتی دارایی داوای کردووە ھەموو وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان مانگانە لەپێش (١٠)ی مانگەوە لیستی موچەکانیان بنێرن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس لە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پشکی ھەرێم نەکراوە.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن، ئەو بڕە پارەیەی رەوانەی ھەرێم دەکرێت ٦١٢ ملیار دینارە نەک ٦١٨ دینار و پشکی ھەرێمە و قەرز نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی ئامادە نییە بودجەی ھەرێم بنێرێت بە پاساوی ئەوەی لەکۆی ٦٨٠ ھەزار فەرمانبەر، حکومەتی ھەرێم ناوی ٣٠٠ ھەزار ناوی ناردووە و تا بەتەواوی ناوەکان نەگات ئامادە نییە مووچە بنێرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی لە ١٦ی مانگەوە نوسراوی ناردووە بۆ وەزارەتەکان لیستی مووچە ئامادەبکەن، لەناویاندا و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەمڕۆ نوسراوی بۆ دام و دەزگاکان ناردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە.
عەلی عەباس جیھانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان ٣٢ کەمپی ئاوارە ھەیە و ٢٤یان کەوتونەتە دھۆک و ١٦یان لە ھەولێر و دوو کەمپی لە سلێمانین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە نزیکەیی ٢٥ بۆ ٢٧ ھەزار خێزان لەو کەمپانەدا دەژین بەپێی ژمارەی ئەو خێزانانەی ناویان لە تۆمارەکانی وەزارەتدا ھەیە.
دەشڵێت، ژمارەیەک ئاوارەی تریش ھەن کە لە تۆمارەکاندا بونیان نییە و وەزارەت کار لەسەر تەواوکردنی سەرژمێری ئاوارەکان دەکات، وەزارەت ھەوڵدەدات پاڵپشتی ئاوارەکان بکات و ژیانیان باشتر بکات.
سوزان مەنسور کەرەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای بەدەستھێنانی رەزامەندیی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی خانەقین، لە ئێستاشدا لیژنەیەکی تایبەت لە پاسپۆرتی دیالە ھاتوونەتە خانەقین بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی فەرمانگەکە ئەمەش سەرباری تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی کە فەرمانی وەزاری تەواو بووە.
وتیشی،" فراکسیۆنی یەکێتی ھەوڵ دەدات فەرمانگەی خانەنشینی و تێبینەرایەتی وەقفی سونی لە قەزای خانەقین بکاتەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتر بە خەڵکی شارەکە و کارئاسانی بۆیان لە دەرھێنانی پاسپۆرت".