بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی و گەڵف کیستۆن لە کۆنفرانسێکدا لە نەرویژ رایانگەیاند، راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێدەنێتە دەیەم مانگەوە، ھیچ کام لە کۆمپانیاکانیش نەیانتوانی پێشبینی وادەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە بکەن.
جۆن ھاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن رایگەیاند، راگرتنی ھەناردەکردنەکە زۆر زیاتری خایاند لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
کرس سپینس لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆش دەڵێت، کۆمپانیاکان دەیانەوێت بڕێکی زۆر لە نەوت لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بفڕۆشن، ئەگەرچی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیھان کەمترە.
ھاوکات لیوک کلیمنس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی وتویەتی، چاودێری پێشھاتەکان دەکەن لە دانوستانەکاندا کە زۆر سستن و تەنھا ھەنگاوی بچوکن بەرەو بەرەوپێشچوونی باش، دڵنیاییشیدا لەوەی بەغداد دەیەوێت ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
بە ھەمان شێوە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن وتویەتی، بەغداد ویستی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەکەی ھەیە، لەپێناو دەستکەوتنی داھاتی نەوت و قەرەبووی تورکیا.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەر ڕۆژەو بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەرجی ناردنی موچەو مافی خەڵک، لەکاتێکدا حکومەت ڕوون و ئاشکرا ھەموو شتێکی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کردووە.
پرسیاری ئەوەش دەکات کە ئایا ئەو شەفافییەت و ڕوونکردنەوانەی بەغداد لە حکومەتی ھەرێمی دەوێت، لای خۆی ھەیە؟
پێشەوا ھەورامانی دەشڵێت ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی ھەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە، نەک وەک ئەوەی ھەندێک دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە.
پێشەوا ھەورامانی: ئەگەر پرسەکە گەندەڵییە دەبوو مووچەی ھەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە
دەقی پەیامەکە...
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکات کە لە ئوردون کرایە سەر ھێزەکانی ئەمەریکا و بەھۆیەوە ژمارەیەک سەرباز بوونە قوربانی و ھاوسۆزیمان لەگەڵ گەل و حکومەتی ئەمەریکا دەردەبڕین.
لەھەمانکاتدا جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتی دۆستمان شانشینی ئوردنی دەکەینەوە و لەگەل تەشەنەسەندنی ناکۆکی و نائارامییەکان لە ناوچەکەدا نین.
داواکارین کۆتایی بە گرژییەکان بھێنرێت و گشت کێشەکان بە دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.
پێشەوا ھەورامانی
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی لیبیا توانیویانە پێنج ھاووڵاتی عێراقی ئازاد بکەن کە بەھۆی کۆچی نایاساییەوە لەو وڵاتە دەستگیرکرابوون.
رەنج پشدەری، چالاکوانی کورد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاووڵاتیانە پێنج گەنجی ھەرێمی کوردستانن کە ویستویانە لە لیبیاوە گەشتی ئەوروپا بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٠ی ئەم مانگەوە لە تەڕابلوسی پایتەختی لیبیاوە دەستگیرکرابوون و پاش ھەوڵێکی زۆر توانراوە ئەمڕۆ دووشەممە ئازادبکرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە بڕوانامەکانی کرد کە لە دەرەوەی مۆڵەتی خوێندن لە نێوان ساڵانی ( ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ ) بەدەستھاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا گشتاندنی تایبەت بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بکرێت بۆ ئەوەی لە رووی زانستی وکارگێڕی و دارایی و یاساییەوە ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
دەشڵێت، پێویستە ھەڵسەنگاندنەکە بە ڕاپۆرتێک بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، درەنگای شەوی شەممە، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەقز بەناوی مەنسور محەمەد، کە تەمەنی ٤٥ ساڵە، لەکاتی کۆڵبەری لە سنوری شارەکەی خۆی بە دەسترێژی گولـلەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆڵبەرە دانیشتووی گوندی "جونیانی" سەر بە ناوچەی زێویە لە سەقز و لە نزیک روباری بەستام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، ھێزە ئەمنییەکان لە پشتەوە دەسترێژی گولـلەیان لە کۆڵبەرەکە کردووە و کوشتوویانە.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر پێشنیازی ئەوان بڕیاردراوە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
وتیشی لیژنەکە راپۆرتێکی بەپەلە لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم ئامادە دەکات بەتایبەتی لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە تەرخانکردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی ھەرێم لە ساڵی٢٠٢٤.
"د.نەرمین مەعروف" باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت بگەن بەو دەرەنجامەی کە ئاستەنگی سەرەکی بەردەم خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران چییە.
پێکھێنانی ئەو لیژنەیە لەکاتێکدایە، تا ئێستا ٦١٨ ملیار دینارەکە لەلایەن بەغدادەوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان نەکراوە و بەو ھۆیەشەوە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دواکەوتووە.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خانەوادەی توانا فەرەج
بەبیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی ھونەرمەندی میوزیسیان (توانا فەرەج)، زۆر غەمباربووم.
بۆ کۆچی دوایی ئەم ھونەرمەندە بەتوانایەی سلێمانی، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادەکەتان و ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان ئەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەھەشت بێت، سەبرو ئارامی بەھەمووان ببەخشێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان ھونەرمەندانی کوردستان
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو توانا فەرەج
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (توانا فەرەج حەمە سێو)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو ھونەرمەند و موزیسیانی ناسراوی کورد کاکە توانا فەرەج، ژەنیارێکی بەتوانابوو کە لەماوەی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری بوارەکەی کردووە و ھەمووکات ئاوازە پڕ ھەستەکانی دەدا بەگوێی ھەوادارانی موزیکی رەسەنی سلێمانی و ھەموو کوردستاندا، کۆچکردنی جێگای داخە.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە و ھاوڕێ و ئازیزانی و ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو ئیبراھیم نەقدیان
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی میوزیسیان (ئیبراھیم نەقدیان)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو ژەنیارێکی بەسەلیقەی کەمان بوو کە سۆز و ئاوازێکی پڕ ھەستی دەدا بەگوێی ھەوادارانیدا و سەرنجی ھەمووانی بۆ خۆی رادەکێشا، کۆچکردنی جێگای داخە.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە و ئازیزانی و ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خانەوادەی ئیبراھیم نەقدیان
بەبیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی ھونەرمەندی میوزیسیان (ئیبراھیم نەقدیان)، زۆر غەمباربووم.
بۆ کۆچی دوایی ئەم میوزیسیانەی بە دەست و پەنجەکانی ئاوازێکی پڕ چێژی دەبەخشیە ھەوادارانی، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادەکەتان و ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان ئەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەھەشت بێت، سەبرو ئارامی بەھەمووان ببەخشێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
پەیامنێری کوردسات نیوز لە دھۆک رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر ماڵێک لە قەزای سیمیڵ لە سنوری دھۆک سوتا و بەھۆیەوە حەوت ئەندامی خێزانێک برینداربوون کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
وتیشی، لەدوو رۆژی رابردوودا دوو برینداری رووداوەکە گیانیانلەدەستدا، ئەمڕۆش برینداری سێیەم گیانیلەدەستدا و بریندارەکانی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان خزمانی عەشیرەتی زیدکی
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو لوقمان سمکۆ عبدی ئاغا زیدکی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (لوقمان سمکۆ عەبدی ئاغا زیدکی)، نیگەران و دڵگران بووم.
کۆچکردوو کەسایەتیەکی دیاری کۆمەڵایەتی و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری بادینان و سەرۆک عەشیرەتی زیدکی بوو، کۆچکردنی جێگای داخە.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە و ھەموو خزمانی عەشیرەتی زیدکی ئەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خزمانی زیدکی لە بادینان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (لوقمان سمکۆ عەبدی ئاغا زیدکی) کەسایەتیی دیاری دەڤەری بادینان و سەرۆک عەشیرەتی زیدکیمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە، کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەم کە رۆڵ و پێگەیان لە تێکۆشان، چاکەکاری و پاراستنی بەھا کۆمەڵایەتییەکان دیار و بەرچاوە.
لەخوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا ئیدانەی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێم، ھەوڵی دوژمنانە بۆ نەھێشتنی قەوارەی ھەرێم بەو باوەڕەی بە ھێرشەکان کوردستان ھەرەس دەھێنێت، بەڵام خەڵک و حکومەتی ھەرێم، ئیرادەیان زۆر لەوە بەھێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکو بەپێچەوانەوە ورەیان بەھێزتر دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە حکومەتی فیدڕاڵ ھەنگاوی کرداری بنێت بۆ کۆتاییھێنان بە مەترسیی ئەو گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێت ئاسایشی ھەموو عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داواشی لە وڵاتانکرد، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و ھاوکاری مەیدانیان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵک و ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و کۆتایی بەو ھێرشانەی سەر ھەرێم بھێنرێت.