بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە دادگا لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان سکاڵای تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا کە لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکراوە داواکراوە، دادگای فیدراڵی ماددەکانی (١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری دابنێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
سکاڵاکە چەند جارێک لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیاردان لەسەری دواخراوە، کە دواترینیان رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو بوو کە تێیدا دادگا دوای گوێگرتن لە وتەی پارێزەرانی دۆسیەکە و بۆچوونی کۆمسیۆن بۆ دوایین جار سکاڵاکەی بۆ چواری شوبات دواخست.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئاسایش بووە لە رۆژھەڵاتی شاری قامیشلۆ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بۆردومانەکەوە چەند ئەندامێکی ھێزەکانی ئاسایش برینداربوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، حکومەتی ھەرێم رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەھیدانی شەڕی دژی داعش لە سەرجەم پێشینە کشتوکاڵییەکان ھاوشێوەی پێشینەکانی دیکە، کە لە ئەستۆی خانەوادەی شەھیدانی شەڕی داعشدایە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی دارایی راسپێردرا کە کاری پێویست ئەنجامبدات بە پاکتاوکردنی ئەم قەرزانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر.
پێشتریش وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لە وەرگرتنەوەی پێشینەی ھاوسەرگیری لە ھاوسەری شەھیدان و بێسەروشوێنبووانی شەڕی دژی داعش خۆشبێت.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد بڵاویکردەوە، وەفدێکی وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی کۆبوەتەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی سیستەمی بانکی و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە رێگرن لە بەردەم دابینکردنی خزمەتگوزاری بانکی باشتر بۆ ھاووڵاتییان.
وەفدی ھەرێم لە کۆبوونەوەکەدا داوایکردووە، ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ھەرێم تۆمارکراون بخرێنە ناو مەزادی دراوەوە، لەم بارەیەوە پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختیکردووەتەوە، کە داواکارییەکە تاوتوێ دەکات و بڕیاری پێویست لە بارەیەوە دەدرێت.
پەیوەست بە ئاسانکاری مامەڵەکانی ھەرێمی کوردستانیش، لەگەڵ بانکی ناوەندیی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە بانکی ناوەندیی بەسەکۆی ئەلیکترۆنی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم ببەسترێتەوە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی نووسراوە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان.
کوردە عومەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەدوایین کۆبوونەوەی خۆیدا لیژنەکەیان داواکارییەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد تا لەکۆبوونەوەکانی داھاتوودا پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە.
وتیشی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵێنی داوە، لە داھاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکە بخاتە دەنگدانەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ وادەیەکی بۆ دیاریبکات.
پارێزەر ئاسۆ ھاشم بەکوردسات نیوزی راگەیاند، "چەند رۆژێک پێش ئێستا لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری ھەولێر مامۆستایەکی زانکۆ کە پیاوە بەبەرچاوی ٣١ خوێندکاری دیکەوە شەقێکی لە کچە خوێندکارێکی کچی قۆناغی یەک داوە و دەمی پڕکردوە لە خوێن".
وتیشی، رووداوەکە لەکاتێکدا روویداوە کە خوێندکارەکان سەرقاڵی وانەخوێندن بوون.
ئاسۆ ھاشم دەشڵێت، رۆژی یەکشەمە سکاڵایی یاسایی لەسەر مامۆستاکە تۆمار دەکەن، وردەکاریی دۆسیەکەش بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دەخەنەڕوو.
دەقی پەیامەکە…
لە ساڵیادی کارەساتی ١ ی شوباتدا، سووربوونی خۆمان بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی دووپات دەکەینەوە .
ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت، بەسەرکردەوە تاوانکاریە تیرۆریستیەکەی، ناو بارەگای مەلبەندی ٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی ۲ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ٢٠٠٤/٢/١ دا دوژمنانی مرۆڤایەتی و تاریکپەرستان، لە رێگای دوو تیرۆریستی سەر لێشێواودا ، لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ، لەکردەوەیەکی خۆکوژیدا ، لەناو ھەردوو بارەگای مەڵبەندی٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی ۲ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆیان تەقاندەوە .
لەم کردەوەیە دڕندانەیەدا ١٠٥ کەس لەھاوڵاتیان و سەرکردەو ئەندامانی یەکێتیی وپارتی شەھیدبوون و ژمارەکیش برینداربوون .
لەو یادە خەمناکەدا، سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و وەک سەروەری و شانازیش، ڕێزی بریندارانی کارەساتەکەو بنەماڵەی شەھیدان دەگرین و پێکەوە درێژە بەڕێبازی شەھیدان دەدەین .
ئەم بۆنە خەمناکەش دەکەینە ھەوێنی تەبایی و یەکریزی گەلەکەمان و بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەی ئێستا و ئەو مەترسیانەی ھەڕەشە لەدەستکەوتەکانمان دەکەن ، گەلی کوردو ھێزە سیاسیەکانی ، پێویستیان بەپەیڕەوکردنی گیانی لێبوردەیی سەرۆک مام جەلال و سیاسەتی چەپکەگوڵەکەی مام جەلال ھەیە ، چونکە ئەم سیاسەتی پێکەوەبوونە ، سەقامگیری بۆ ھەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە .
لەیادی ئەم کۆستە گەورەیەی نەتەوەکەماندا، وەبیر ھەمووانی دێنینەوە، تیرۆریستان بەم تاوانی کۆمەڵکوژیەیان، کە ھەولێریان خەڵتانی خوێنکرد و تاوانێکی گەورەشیان بەرامبەر بەمرۆڤایەتیش ئەنجامدا، نابێ بیریشمان بچێت کە دوژمنانی کوردستان، بۆ پەلامارەکانیان، ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانمان ناکەن ، چونکە تیرۆریستان لەم تاوانەشیاندا ، مەبەستیان بوو ئاشتی وتەبایی و گیانی لێبوردەیی جەژن ، لە ھەولێرو ھەولێریەکان تاڵ بکەن و درزیش بخەنە نێوان ڕیزەکانی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ، بەلام ئەو ئاواتەیان نەھاتەدی و ئەم کارەساتەش بووە ھەوێنی زیاتر بەھێزکردنی گیانی پێکەوەیی و تەبایی و پتەوکردنی یەکێتی ریزەکانی گەلی کوردستان .
ئەم کردوەوە تیرۆریستیە ، ئیرادەی گەلەکەمان و گیانی بەرگری و قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی بەھێزتر کرد ، لەڕووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی بەناو جیھادی ئیسلامی و لەناوبردنیان ، بەتایبەت لەڕووبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا ، بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کوردستان .
لەم یادەدا ، وێرای تەئکید کردنەوەو پەرۆشیمان لەسەر پتەوکردنی یەکریزی و تەبایی و ھاوھەڵوێستی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان و سوور بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە ، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستان و پاراستن و گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بەگشتی و کەسوکاری شەھیدان بەتایبەت بەبێ جیاوازی .
گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ، ئەم ڕۆژی ماتەمینیەی ھەولێریەکان ، دەکەینە ھاندەرێک بۆ کارکردن لەسەر بنبڕکردنی فیکرو کلتوری تیرۆرو تیرۆریستان ، لەسەرتاسەری عیراق و ھەرێمی کوردستان ، بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئازادیخوازانی دنیا .
لەم رۆژەدا ، دووپاتی دەکەینەوە ، کردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە لەبەرەوپێشبردنی گەل و وڵاتەکەمان بگرن ، بەڵکو خوێنی شەھیدەکانمان ھاندەرمان دەبێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی خەڵکی خۆشەویستی ھەولێر .
درود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ڕێزو وەفاداریشمان بۆ کەسوکاری شەھیدان و بریندارو کەمئەندامانی مەرگەساتی یەکی شوبات دووپات دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەڵبەندی ٣ی ھەولێر
ئاژانسی رۆژنیوز بڵاویکردەوە، رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەنوسی ئاژانسەکەیان ١٠٠ رۆژ لەمەوبەر لە دەروازەی فیشخابوور لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکرا و تا ئێستاش بێسەروشوێنە و رێگە نادرێت پارێزەرانی چاویان پێ بکەوێت.
راشیگەیاندووە، لە دوای رفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی دھۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا دەیەوێت سلێمان ئەحمەد، ھاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، رۆژنیوزیش سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، ئەو مامەڵەیەی پارتی بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئیدانە دەکات.
ھاوکات نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەگەر چارەنووسی سلێمان ئاشکرا نەکرێت، ئەوا وەزیر ناوخۆی ھەرێم بانگھێشتی دادگای فیدراڵی دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی تەقینەوەکانی یەکی شوبات لە ھەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، با یادی ئەو شەھیدانەی کرانە ئامانجی تاوانێکی ڕەشی تیرۆرستی، بکەنە ھەوێنی یەکڕیزی و تەبایی و یەکترقبووڵکردن و کاری پێکەوەیی بۆ خزمەتکردنی باشتری ئێستا و داھاتووی گەل و نیشتمان.
لە یەکی شوباتی ٢٠٠٤، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە ھەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا، لە ئەنجامدا دەیان شەھید و برینداری لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١/٢/٢٠٢٤ لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا نرخی ھەر کاتژمێرێک بۆ یەک ئەمپێڕ (٤٢) دینارە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای موەلیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (١٣.٥٠٠) بۆ (١٤.٥٠٠) دینارە، بەوپێیەی موەلیدەکان لە نێوان (٣٢٠ بۆ ٣٤٥) سەعات کاریان کردوە، بەھۆی جیاوازی کارکردنیان، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدەی گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.
ھەروەھا ھەندێک شوێن بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانیان لە (٧)ی بەیانی بۆ (١)ی شەوە، نرخی ئەمپێریان (١٨.٠٠٠ بۆ ١٩.٠٠٠ ) دینار.
ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان ٢٤ سەعاتییە نرخی ئەمپێریان (٢١.٠٠٠ بۆ ٢٣.٠٠٠) دینارە.
ھاوکات، خشتەی کارپێکردنی موەلیدە بۆ مانگی (شوبات) گۆڕانکاری تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتیمانی کۆژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر :٦:٣٠تا ٨:٠٠ی بەیانی کاردەکەن.
رۆژانی ھەینی و شەممە پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕی بۆ ١ی شەو کاردەکەن.
لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان، لەکۆنووسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەھاوڵاتیان لە (١٠) خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەکە سزا دەدرێت.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینارەکەی پشکی ھەرێمی خستە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم.
وتیشی، ئەو پارەی گەیشتووەتە ھەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دوووەمی ئەمساڵە.
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ لیستی مووچە رادەگەیەنرێت و بڕیارە سبەینێ ٢ی شوبات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و لە ماوەی حەوت رۆژدا واتا تا رۆژی ٨ی شوبات مووچەی سەرجەم دامودەزگاکان دابەش بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە نزیکەی ٥٠ رۆژە وەزارەتی دارایی ھەرێم مووچەی دابەشنەکردووە، تائێستا چارەنوسی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ دیار نیین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر تاوانی ١ی شوباتی شاری ھەولێر رایگەیاند، یەکی شوباتی ھەموو ساڵێک وەبیرھێنەرەوەی ئەو راستییە مێژووییەیە کە لای تیرۆریستان و دوژمنان و نەیاران، تۆ کوردی، ئیتر گرنگ نییە کێیت و سەر بەکێیت. مادام کوردی دەبێت لاواز بێت و لەناوبچێت.
وتیشی، لەپێناو پاراستنی وڵات و رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان، پێویستە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بەڕووی دەرەوەدا یەک وتار و یەک ھەڵوێست بن.
پەیامی جێگری سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوباتدا....
ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوبات، یادەوەرییەکی پڕ لە داخ و ئازارە بۆ ھەموو لایەکمان، کە تیایدا کۆمەڵێک لە ھەڤاڵ و سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی بوون بە قوربانی خاک و نیشتیمان، بە بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم لە لایەن تیرۆریستانی تاریک پەرستەوە کرانە ئامانج، لێرەوە سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەھیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەھیدانی کوردستان و خۆڕاگری خانەوادە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنم.
بە داخەوە ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج تەنھا شەھید بوونی ڕۆڵەکانمان نیە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و کوردستانە، گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو واقیعە بکات کە دوژمنان لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئامانجیان لەناوبردنمان بووە و دەبێت، بۆ ھەمیشە ھەڕەشە و مەترسی دەبن بۆ سەر خاک و نیشتیمانمان.
ھیواخوازم ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان، چونکە بەرژەوەندی گشتیی لێمان دەخوازێت کە گیانی برایەتیی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، ھەروەھا باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەین بە کاری لە پێشینەمان، وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو نەھامەتیەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەشتوویانە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە فەرمانی ھەرێمی ژمارە ٤٣٩ لە رێکەوتی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردو، پلەی چوار ھەزار و ٣٠٤ ئەفسەر لە خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ئەفسەرانی وەزارەت و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بەرزکرایەوە.
ھاوکات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لە ئەفسەران کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە رابردوودا ھەوڵەکانیان لەگەڵ تیمی باڵای وەزارەتیان، بە بەرنامەیەکی دروست و سەرکەوتووانە کاریان کردووە، لەسەر رێکخستنەوەی دۆسیەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران و گەڕانەوەی پلەکانیان لە وادەی ئاسایی و یاسایی خۆی.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی تێکۆشەر حسێنە کە مامۆستا و چالاکوانێکی ناسراوی سۆرانە، مەسعود حسێن، برای ئەو چالاکوانە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر براکەی لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە پەیوەندی پێکراوە و ئەمڕۆش خۆی چووەتە ئاسایش، بەڵام دواتر ئازاد نەکراوە.
وتیشی، تائێستا نازانن ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی لەسەر چییە، بەڵام لەرێگەی ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخشەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکەن.