پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی بایاوان و بۆڵێی سنوری پشدەر و چیای کورتەکیان لە بناری قەندیل بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە، بەڵام زەرەر و زیانەکانی تائێستا نەزانراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان و کارەبا پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستانی کرد و لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەبەرھێنان لە کەرتەکانی کارەبا و وزە و نەوت دەربڕی.
کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێم لە کۆبوونەوەکەدا وتی، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەکەن و ئاگاداریشن لەوەی ڕاگرتنی نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر داھات و کەرتی گشتی لە ھەرێم ھەبووە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی داھات و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە ئەولەوییەتەکانی سیاسەت و بەرنامەی واشنتۆن دەبێت.
لای خۆشیەوە، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان ستایشی ڕۆڵی ئەمەریکای کرد بۆ گرنگیدان بە ھەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردنی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی پەیوەست بە یاسای نەوت و غاز.
بەڕێوەبەرایەتی نەت و کانزاکانی ھەڵەبجە ئاگاداری ھاوڵاتیانی پارێزگاکە دەکاتەوە، رۆژی چوار شەممە ٢٠٢٣/١١/٨ دوا مۆڵەتە بۆ ئەو ھاوڵاتییانەی کە تاکو ئێستا سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی بەشە نەوتەکانیان و کارتەکانیان کارایە، واتا لەبەرواری مانگی ۹ی۲٠۲۲ تا مانگی۱٠ی۲٠۲۳ نەوتیان وەرنەگرتووە، لە دوای ئەم بەروارە مافی وەرگرتنیان نامێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شوێنی دابەشکردن بەشە نەوتی ساڵانی رابردوو لە نزیک پەروەردەی ھەڵەبجە دەبێت و پێویستە ھاووڵاتیان کارتی نەوتیان پێبێت.
ھاوکات بەرامبەر ۲٠٠ لتر نەوت بڕی ۱٠۳ هەزار دینار لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەشتی ھەواڵەکانی سەعات هەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، کێشە و گیروگرفتەکانی ھەرێم، کێشەی سیاسی و ئیداری دەگرێتەوە و یەکێتی و پارتی کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەکان بە زووی چارەسەربکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق لە بەغدادە، بەتایبەتی ناکۆکییەکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا بنگەیەکی سەربازی نوێی لە سنوری برادۆست کردوەتەوە، نزیکەی ١٠ کیلۆمەتری دیکە ھاتوەتە خاکی ھەرێمەوە، زیاتر لە ١٠٠ سەربازی لە رێگەی ھەلیکۆپتەرەوە لە بنکەکە دابەزاندووە.
وتیشی بەدانانی ئەم بنکە سەربازییە ناوچەی دوریە بەتەواوەتی لە ناوچەی خواکورک_دا دەبڕێت و ناوچەی تارستان و کەم کۆڕا و سنین و لۆڵان زیاتر لە بەردەم سووپایی تورکیا کراوە دەبێت.
لەماوەی ھەفتەیەکدا چوارجار فڕۆکەی جەنگی بۆردمانی ناوچەی برادۆستی کردووە، جگە لەوەش سوپای تورکیا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی تۆبپارانی ناوچەی سنووریەکانی برادۆست دەکات.
فەھمی بورھان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی جوتیارانی کورد چارەسەرنەکات، ئەوا کێشەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و ھیچ پانتایەک بۆ گفتوگۆکردن نامنێتەوە.
وتیشی، کێشەی داگیرکردنی زەویوزاری جوتیارانی کورد لە خانەقین بەردەوامە و تەنانەت رێگەنادرێت بچنە سەر زەویەکانیان و کاری کشتوکاڵی بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کردووە بۆ بەدواداچوون بۆ وتەی ئەو مامۆستایەی لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیدا وشەی نەشیاوی بەکارھێنا بەرامبەر کچە رۆژنامەنووسێک دوور لە داب و نەریت و پیشەکەی خۆی.
وەزیری خوێندنی باڵا لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچونی وتەکانی ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی .
ھەروەھا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆی سلێمانی ڕاسپاردوە بەزووترین کات دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکە لە ئەنجامەکەی ئاگاداریان بکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی لەکاتی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان قسەی نەشیاوی بە کچە رۆژنامەنوسێک وت، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دواتریش زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە دەستپێکردووە و ئەو مامۆستایە سزا دەدرێت.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی ٢٨ەمین خولی دەرچووانی زانکۆی دھۆک، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستانھەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بەغداد جێبەجێکردووە، بەڵام تاکو ئێستا مووچە و مافەکانی خەڵکی کوردستان نەدراوە.
وتیشی، دواخستنی ناردنی مووچە لە بەغدادەوە، بۆ دروستکردنی فشارە لەسەر ھەرێم، ھەربۆیە داوا دەکەن بەغداد کۆتایی بە فشارەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان بھێنێت و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم ھاوبەشی سەرەکی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی.
وتیشی، ھەماھەنگییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بۆ دڵنیابوونەوەیە لە سەرکەوتنی سەرژمێرییەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی لەماوەی رابردوودا ھاتوونەتە پێش سەرژمێری گشتی.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە سەر ھەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان رێکارە دارایی و ژمێرییاریەکانی بۆ ئەنجامداون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووەم، مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
پەیمانێری کوردسات نیوز رایگەیاند، نزیکی سەعات ھەشتی ئەمشەو درۆنێک لە گوندی مژێی بناری چیای گارە لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتووەتەخوارەوە و تەقیوەتەوە و لەکاتی کەوتنەخوارەوەیدا دەنگێکی گەورە بیستراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، درۆنەکە پێش کەوتنەخوارەوەی گڕی گرتووە و تائێستاش دیارنییە کە درۆنی چاودێری بووە یاخود درۆنی جەنگی.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، رۆژانە درۆنی تورکی بناری چیای مەتین و گارە بۆردومان دەکەن و گومان دەکرێت ئەو درۆنەی کەوتووەتە خوارەوە لەو درۆنانە بێت کە رۆژانە لەو ناوچەیە دەبینرێن و سنورەکە بۆردومان دەکەن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، لەھەمانکاتدا بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز بەھیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ھەرێم غاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھەبووە و کۆمپانیای دانا غاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاریھێناوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، رۆژی دووی تشرینی یەکەم بە رەسمی بە کۆمپانیای داناغازیان راگەیاندووە، کە نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گازی کێڵگەکانی ھەرێم بۆ ھێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر راکێشانی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی لە کێڵگەی غازیی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک راگەیاند.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردبوو، درێژیی بۆرییەکە ھەزار و ٥٠ مەترەو رۆژانە بڕی ١٠٠ پێ سێجا غاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک دەگوازێتەوە.
ئەحمەد موفتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە بابەتی غازدا ئەولەویەتی سەرەکییان تەنھا بۆ بەکارھێنانیەتی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بۆ سوودلێوەرگرتنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە.
بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختیشیکردەوە، لە بابەتی غازدا جگەلە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھیچ مەبەستێکی تریان نییە و ئامانجیانە سەعاتەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان زیاد بکەن.
دەقی سوپاسنامەکەی بنەماڵەی مەحمود خانی دزڵی...
بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی - سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
بابەت/ پێزانین و سوپاس
سڵاو و رێزمان قبوڵ بفەرموون
پێزانین و سوپاسی بنەماڵەی مەحمودخانی دزڵی-ت ئاراستە دەکەین لەپای بروسکەی سەرەخۆشیەکەتان بەبۆنەی کۆچیدوایی نەجیبەخانی کچی مەحمود خانی دزڵی.
نزا دەکەین یەزدان ئاوڕی خێرتان لێ بداتەوە و ناخۆشی نەیەتە رێگەتان و ھەمیشە لەشساغ و سەرکەوتووبن.
لەگەڵ رێز و سوپاسی دووبارەمان
بنەماڵەی مەحمود خانی دزڵی
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی ٤ تشرینی دووەم فڕۆکە جەنگیەکانیان ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانیان بۆ سەر خواکورک ئەنجامداوە و تێیدا ١٥ شوێن کراوەتە ئامانج .
راشیگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکەدا چەندین ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەی پەکەکە بۆردومانکراون.