کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە راپۆرتێکیدا پوختەی داھاتەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردوەتەوە و ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆمپانیاکەیان ٢١٨ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە و کۆی داھاتیشی ٦٦٨ ملیۆن دۆلار بووە.
باسی لەوەشکردوە، زیاتر لە ٤٠%ی کۆی بەرھەمھێنان و داھاتیان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە بەتایبەت دوای ئەوەی لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت کردووەتەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەشڵێت، بەھۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان توانیویانە بەڕێژەی ٦٥% داھاتی کۆمپانیاکەیان بەرزبکەنەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمەریکی رایگەیاند، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان ھیچکات نەبووەتە ھەڕەشە بۆسەر دراوسێکانی و ھەمووکات فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکە، بەڵام زیادبوونی ھێرشی درۆن و مووشەکەکان، ئاماژەیە کە شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە دەستیپێکردووەو کوردستانیش بەدەر نیە لە ئاگری شەڕەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا سروشتی ھەڕەشەکان گۆڕاون بۆیە پێویستیان بە ھاوکاری زیاترە لە رووی سەربازی و ئابووریی و سیاسیەوە، چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان بوونەتەوە جیاوازن وەک لەو ھەڕەشانەی داعش کە لەگەڵ ئەمریکا رووبەڕوویان بوونەوە بۆیە پێشبینی ھاوکاری زیاتر دەکەن لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ھەرێم.
راشیگەیاند، سوپای ئەمریکا زۆر پشتیوان و ھاوکاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەشیان لە ھەرێمی کوردستان پێویستە بۆیە ھیچکات داوای کشانەوەی سوپای ئەمریکایان نەکردووە.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم و ھاریکاریی نێوانیان تاوتوێکران.
ھەردوولاش جەختیان لە گرنگیی ھاریکاریی ھاوبەشی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، ھەروەھا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی و ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی.
ھەروەھا برەودان بە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و دراوسێیەتیی باش، دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکە بوو.
وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری تورکیا، دوای سەردانەکەیان بۆ بەغداد، شەوی رابردوو گەیشتە ھەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کردوە و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھەماھەنگیی و ھاریکاریی ھاوبەش لە پێناو ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و ھاوخەمیی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی ھێرشەکەی ھەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشەکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، ئەوانیش خواستی ھەرێمی کوردستانیان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندی ھاوبەش دووپات کردەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرھێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادیکردوە بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی و لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بووە.
قوباد تاڵەبانی لەمیانی پێشوازیکردن لە وەفدەکەی فەرەنسا کە تیایدا یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوو، سوپاسی ھاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی کرد و رایگەیاند ھەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرھێنەرانی فەڕەنسیدا.
وتیشی ستراتیژی حکومەتی ھەرێم بەھێزترکردنی کەرتی تایبەتەو لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرھێنەرانی ناوخۆی دەستپێکردوە.
سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە.
لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و گەشبینن لەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
دەقی پرسەنامەکە…
بەڕێزان خانەوادەی سەربەرزی سەردار عەلی ئاغای مەنگوڕ
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (جەمیلە پایز) ھاوسەری خوالێخۆشبوو سەردار عەلی ئاغای مەنگوڕ، کەسایەتیی دیاری دەڤەری پشدەر و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلالمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵمان ئاڕاستەی ئێوە، خزمانی مەنگوڕ و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بارزان شێروانی برای رۆژنامەنوس شێروان شێروان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بڕیاری سزادانی شیروان شێروانی بە دوو ساڵ زیندانیکردن وەک خۆی ھێشتەوە و پەسەندی کرد.
دادگاکەش لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی لە ڕووی یاساییەوە ھیچ پێشێلکارییەکی تێدا نییە و وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و پێویست بە ھەموارکردنەوە ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا پارێزەرەکانی شێروان شێروانی یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان، داوایان لە دادگای پێداچونەوەی ھەرێمی کوردستان کرد، پێداچونەوە بکرێت بە سزاکەیدا.
شێروان شێروانی یەکێکە لەو چالاکوانانەی بادینان کە لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکە دەستگیرکران و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا، پاشان بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سزاکەیان بە رێژەی ٥٠٪ کەمکرایەوە، بەڵام دواتر شێروان شێروانی لەسەر دۆسیەی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دوبارە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە سزادرایەوە.
وەزارەتی پەروەردەی ھەریمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ھەشتی شوباتی ٢٠٢٤ کۆتا وادەی داخڵکردنی داتای مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوە لە سیستمی ئی- پەروەردە.
راشیگەیاند، لەدوای سەعات شەشی ئێوارەوەی ئەو رۆژەوەدا داغڵکردنی داتا رادەگیرێت و کار بە ھیچ داتایەکی دیکە ناکرێت بە دەر بێت لە داتای سیستم.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی رابردووی دژ بە ژنانی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ژنێکی خەڵکی سەبزاوەر لەسێدارەدراوە، ١٢ چالاکوانی ژنیش دەستبەسەرکراون.
ھەروەھا ١٧ چالاکوانی تریش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە، سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە، سەرجەمیان سزای ٥٠ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ رۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، ٩ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانیش تۆمارکراوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیەنراوێکی بە بۆنەی ٣٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت، پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو لەکارخراوە، حکومەتیش ھەر ماوەبەسەرچووە، بەوەش شەرعیەتی دەسەڵات لەژێر پرسیاردایە و تائێستاش وادەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان دیارنییە.
راشیگەیاندوە، لە ئەنجامی ئیدارەدان و بەرێوەبردنێکی نادروست، کەڵەکەبوونی کێشەکان و خەمساردی لە چارەسەرکردنیان، چەندین قەیرانی دارایی و بنبەستی سیاسی و شڵەژانی ئەمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی سەریھەڵداوە، بەھۆی زۆری باج و خەراج خەڵک لە رەوشێکی ئابوری سەخت و دژواردا دەژین.
یەکگرتووی ئیسلامی جەختی لەوەشکردووەتەوە، دابەشنەکردنی سێ موچەی ساڵی رابردوو، ھۆکاری سەرەکی بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، بەبێ ئەوەی داوا رەوا و یاساییەکانیان بۆ جێبەجێبکەن، بەوەش باری سەرشانی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەندەی تر قورسبووە، ئەگەر بە خێرایی رێگەچارە نەبێت و ھەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەوا رەوشەکە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت.
داواشدەکات، دەسەڵات و بڕیار بەدەستانی ھەرێم بەوپەڕی جددی و بەرپرسیارانەوە مامەڵەی ئەو رەوشە ھەستیارە بکەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە زیندانی ئەدیرنە چاوی کەوت بە سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە دەم پارتی لە ھەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە و بەباشی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکە ئامادە بکات.
دوای کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ دەمیرتاش، سیری ساکیک وتی، دەم پارتی بە کاندیدەکانی خۆیەوە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات و بردنەوە و دۆڕانی ئۆپۆزسیۆنیش لەو ھەڵبژاردنەدا کێشەی ئەوان نییە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراسییە وەک سیاسەتی ڕێگای سێیەم.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە تا ١٠ی شوبات، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ناوی سەرجەم کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا یەکلایی بکاتەوە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەرێزمامۆستا سەڵاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە جەنابتان و سەرکردایەتی و سەرجەم ئۆرگان و ئەندامان و ھەوادارانی یەکگرتوو دەکەم.
ھیواخوازین ساڵیادی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان دەرفەتێک بێت بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتری ھەموو ھێز و لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
ئەمڕۆ لە دادگای تاوانی یەک لە سلێمانی دانیشتنی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر سزادانی تۆمەتبارانی کەیسی شەھیدکردنی نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو، بەڵام لەسەر داوای بریکاری تۆمەتباران، بڕیاردانی کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بۆ سبەینێ دواخرا.
شەوی چواری ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ لەکاتی بەھاناوەچوونی ژنێکی ھەڕەشەلێکراو لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی بەرێوەبەرایەتی ناوبراو لەکاتی ئەنجامدانی کاری بەھاناوەچوون و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بەر دەستڕێژی گولـلە کەوتن، بەڵام لە ھەمان شوێن نەقیب محەمەد لەتیف شەھیدبوو.
فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژھەڵاتی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی” لە کامپی ھۆل ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی “مرۆیی و ئەمنی”یان کۆتایی پێھێنا.
وتیشی، ئۆپراسیۆنەکە بۆ رێگریکردن بووە لە پیلانەکانی داعش بۆ خۆرێکخستنەوە لە کامپی ھۆل، ھەموو سێکتەرەکانی کامپەکە پشکنینیان بۆ کرا و لە ئەنجامدا توانرا، ئەبو سوفیان لاھیبی لێپرسراوی شانەکانی داعش لەناو کەمپی ھۆل کوژرا، ھەروەھا ژنێکی ئێزدی بە ناوی"کۆڤان ئیدۆ خورتۆ” ڕزگارکرا.
ھەروەھا ٨٥ شەکداری داعش دەستگیرکران و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و بڕێک ماددەی ھۆشبەر دەستیبەسەرداگیرا و ٥ تونێلیش لەناوبران.
وەزارەتی دارایی لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەی تەواوی وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، لە رێگەی لیژنەیەکەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕوانامانە دەکات کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستھاتوون، لە ڕووەکانی زانستی و کارگێڕی و دارایی و یاساییەوە.
وەزارەتی دارایی ھاوپێچ لەگەڵ گشتاندنەکەدا دوو فۆڕمی زانیاری رەوانەی وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە و داوایکردووە لەماوەی ١٥ رۆژدا، بۆیان بگەرێننەوە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی لاجای سنووی ناحیەی شەمامک لە پارێزگای ھەولێر، بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەوە، شەڕەتەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویداوە، کە ھەردووکیان لە یەک عەشیرەتن.
ئەوەشی خستەڕوو، دوو بنەماڵەکە بە چەکی قورس ڕووبەڕووی یەکبوونەتەوە و لەئاکامی شەڕەکەشدا کەسێک برینداربووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە لەبارەی شەڕەکەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.