کوردستانکوردستان

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر...

بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ئێمە وەکو خاوەنی ٦١٠ نانەواخانەی ھەولێر کە ئەمڕۆ کارمان نەکردوە بەھۆی ئەو ھەموو فشارەی لەسەرمانە، دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەکانمان، تکامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی ھەولێر رابگرە چونکە بەڕاستی ئەوان رێنادەن کار بکەین.

ئێمە دەمانەوێت کاری خۆمان بکەین راستە ئێستا ئارد ھەزران بووە، بەڵام کاتێک شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بوو فەردەیەکی ئاردمان بە ٤٥ ھەزار دینار دەکڕی ئەو کات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ھاوڵاتیان نەکات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین، ئێستاش خاوەن نانەواخانە ھەیە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دینار قەرزی ئەو کاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە.

بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری ھەولێر و قائیمقامی ھەولێر جێ بەجێ دەکەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسای بکەن، چونکە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە کرێکاری خۆمان دەربکەین و کرێکاری تر بھێنین بۆ شوێنەکانیان ئەمەیش پێشێلی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییە کە نازانین بۆچی ھێندە دژی کرێکاری خۆمان کار دەکەن و رقیان لێیان دەبێتەوە.

بەڕێزسەرۆکی حکوومەت، ئەمڕۆ ٦١٠ نانەواخانە کارمان نەکردووە واتا ١٨٣٠ کرێکار کاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی ھیچ کەسێک نین، بەڵکو قرقرتۆکمان گیراوە ناھێڵن کار بکەین، ئەو ھەموو ھەڕەشەیەی لەلایەن بەرپرسانی ھەولێر لێمان دەکرێت بەناوی بەڕێزت کە خۆمان بڕوا ناکەین ئەوە قسەی تۆ بێت و تۆ ھێندە لەگەڵ ئێمە توند بیت بۆیە تکامان وایە خۆت بیانوەستێنە چیتر بێزارمان نەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەی یەکەمدا، دەرئەنجامی سەردانی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھەمواری یاسای گشتی بودجەی فیدراڵی و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت دەخرێنەڕوو، ھەروەھا پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەو پرسانە کە پێشکەشی حکومەتی فیدراڵی کردووە، دەخرێنەڕوو. 

لە بڕگەی دووەمیشدا، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون دەکات سەبارەت بە رێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی سەر رێگا و شەقام و شوێنە گشتییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەگوێرەی دەستوری رۆژئاوای کوردستان، ئەندامانی دادگاکە لە دادوەر و شارەزایانی یاسایی پێکدێن و بەڕەچاوکردنی نوێنەرایەتی پێکھاتەیی و رەگەزیی دیاری دەکرێن، ھاوکات نابێت ژمارەی ئەندامەکانیشی لە ھەشت ئەندام کەمتر و لە ١٠ ئەندام زیاتر بێت.

دادگای دەستوری رۆژئاوای کوردستان ئەندامەکانی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی گەلانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا ھەڵدەبژێردرێن و ئەرکیان شیکردنەوەی مادەکانی دەستور و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی نێوان بڕیار و رێنماییەکانی ئەنجومەنی گەلان و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و ئەنجومەنی کانتۆنەکان دەبێت، بڕیارەکانیشی بۆ ھەمووان پابەندکاریین تانەیان لێنادرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە دوای پەسەندکردنی دەستور، لەم کاتەدا رۆژئاوای کوردستان سەرقاڵی دەرکردنی یاسای کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، یاسای ھەڵبژاردن و یاسای ئەنجومەنی کانتۆنەکانە کە بەشێکن لە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو دەستورەی رۆژی ١٢-١٢-٢٠٢٣ پەسەندکرا.

 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەعفەر شێخ مستەفا جەختیکردەوە لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ھۆڵەندا، ھەروەھا گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی بەپێویست زانی بۆ چارەسەری کێشەکان بەپێی دەستور و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت.

ھەروەھا  تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی پڕۆسەی یەکخستنەوەکە. 

کونسوڵی ھۆڵەنداش جەختی کردەوە لەوەی، بەردەوام دەبن لە برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێم، ھەروەھا یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و ھەرێم، پاشان رۆڵی ھەرێم و پێشمەرگەیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرز نرخاند، ھیواشی خواست گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و ھەرێم ببێتە ھۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێگیربوونی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە دواین پێشھات و رووداوەکانی کەرکووک کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا فەھمی بورھان باسی لە رەوشی ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی و شاری کەرکوک بە تایبەت کرد و رایگەیاند، پاڵپشتی و ھاوکاریی تەواوی خەڵکی کەرکوک دەکەن و دەیانەوێت دەنگیان بگەیەننە دوونیایی دەرەوە، چونکە سوپا ترس و تۆقاندن و بێڕێزی بە کوردی رەسەنی ئەو ناوچانە کردووە.

ھەروەھا باسی لە کێشەی سەربازگەی تۆبزاوە و کێشەی زمانی کوردی کرد و رایگەیاند، تەعریب لەو ناوچانەدا بەردەوامە.

لای خۆشیەوە سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم، جەختی لە کاری ھاوبەش و بەردەوام کرد لەو ناوچانەو رایگەیاند، پرسی خاک پرسێکی گرنگە و کارکردن لەسەری بەردەوامی پێویستە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەنجومەنی وەزسران کۆبوەتەوەو لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت.

ھەروەھا باسی لە خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە کە بۆ ھەمواری بوودجە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.

دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵە بەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ، سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆران جەختی لەوەشکردۆتەوە، دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانەو بۆ ئەم مانگەش، ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم خەرج بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای کۆمسیۆنەوە رایگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا کۆمیسیۆن خشتەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکات و رەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی بکات.

لەبارەی وادەیەکی نوێش بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا رایگەیاند، کۆمسیۆن پێشنیاز بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دیاری بکات، بەوپێیەی کۆمیسیۆن ئەو ماوەیەی پێویستە بۆ ئامادەکاری ھەڵبژاردن.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا رۆژی ٢٥ی شوباتی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو، بەڵام دواتر بەھۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ھەڵبژاردنەکە راگیران.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە... 

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

برای بەڕێزمان دکتۆر عەلی قەرەداغی 

بەبۆنەی ھەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان، پیرۆزبایی خۆمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان ئاڕاستە دەکەم.

ھیوادارم ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیە ببێتە مایەی خزمەتکردنی زیاتری موسڵمانان، یەکڕیزیی گەلی کورد و قووڵکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم ئایین و نەتەوەکاندا، کە دڵنیاین بە ئەزموونی قووڵ و لێھاتوویی خۆتان لە رابردوودا، ھەوڵەکانی داھاتووشتان لەو پێناوەدا دەبێت.

خوای گەورە سەربەرز و سەرکەوتووتان بکات

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سامانەسروشتییەکان ئاماری دابەشکردنی نەوتی ھەرێم و نەوتی عێراق و بەنزینی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە وەزارەتەکە تا ٩ی ئەم مانگە بڕی ٢١٩ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکردووە.

راشیگەیاندوە، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوون کە دەکاتە ٨٥٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی ھەرێم.

ھەر بەپێی ئامارەکە وەزارەتی نەوتی عێراق تا نۆی ئەم مانگە بڕی زیاتر لە ھەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستانی ناردووە.

باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕی ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار لیتر بەنزینی نۆرماڵی بۆ پارێزگاکانی ھەرێم دابینکردووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشکراوەتەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، گروپی مقاوەمەی ئیسلامیش لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لەھێرشەکە راگەیاند.

ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر رایانگەیاند، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی بنکەی سەربازی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی ھەولێر کرابوو، بەڵام درۆنەکەیان خستوەتە خوارەوە.
دوای ھەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و چەندینجار بنکە و بارەگای ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کراونەتە ئامانج.

لە ھەرێمیش چەندجارێک بنکەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەکانی ھەریر و ھەولێر بۆردومان کراون گروپی مقاومەی ئیسلامیش بەرپرسیارێتی زۆرینەی ھێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رایگەیاندوە، مامۆستایان و فەرمانبەران لەم رەوشە دژوارەدا بەوپەڕی بەرپرسارێتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێکردووە، ھەر بەھۆی لەخۆبردوویی ئەوانیشەوە، بەردەوام زانکۆی سلێمانی لە پێشەنگیدایە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیەوە داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەکات، وەک ھەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ئەو رەوشە نەخوازراوە، لە زووترینکاتدا بەپێی یاسا بەرکارەکان دەستبە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێتەوە.

جەختیش لەوەدەکاتەوە، ئەنجومەنی زانکۆ ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارێکی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان لە ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری مامەڵەکانی ھاوسەرگیری و جیابوونەوەی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لەو ساڵەدا لە دادگای باری کەسێتی کەلار، کفری، رزگاری و دەربەندیخان و خانەقین، دوو ھەزار و ٦١٨ حاڵەتی مارەبڕین تۆمارکراوە، لە بەرامبەریشدا ھەزار و ٣٥٢ حاڵەتی جیابونەوە تۆمار کراوە.

دادگاکە راشیگەیاندوە، بڵاوکردنەوەی ئامارەکە بۆ ئەوەیە تا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری جیابوونەوەی ھاوسەرانبن و کاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بگرنە ئەستۆ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، رۆژی دوو شەممە تیرۆریستانی داعش لە گوندی خەمشانە لە سنوری قەزای خورماتوو، دوو ھاووڵاتییان رفاند، کە شوانی مەڕ و ماڵات بوون.

وتیشی، دوو منداڵی تەمەن حەوت و ھەشت ساڵان لەگەڵ شوانەکان بوون، منداڵەکان و مەڕوماڵاتەکانیان ئازاد کردووە، دوو شوانەکەیان رفاندوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) بڵاویکردەوە، ئەو سەرکردەیەی داعش کە کوژراوە بە ئەبو مەحمود ناسراوە و لێپرسراوی راستەوخۆی ھێرشەکانی داعش بووە لە پارێزگاری درێرەزوری رۆژھەڵاتی سوریا و پلانداڕێژەری کوشتنی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەش بووە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردنی پێگەکانی داعش و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی رێکخراوەکە بە ھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری و رۆژھەڵاتی سوریا بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکانیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لەمیانەی دادگاییکردنیدا لە دادگای تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە پەیوەست بە دۆسیەی روداوەکانی کۆبانێ قسەی کرد و داوایکرد تورکیا و پەکەکە جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکەنەوە.

دەمیرتاش دەستپێشخەرییەکیشی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا پێشکەش کرد کە خۆی لە حەوت خاڵ دەبینێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم بەدیموکراسیبوونی تورکیا لەرێگەی گۆڕینی دەستوور، چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان، بەکارھێنانی ئازادانەی زمانی کورد و کۆتاییھێنانی بە شەڕی چەکداری.

لێکۆڵینەوە لە ئازار و تاوانەکانی ڕابردوو و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لابردنی سەپاندنی ئایدۆلۆژیای فەرمی لە پەروەردەدا و گۆڕینی بە پەروەردەی ڕەخنەیی لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەشێکی دیکەن لە دەستپێشخەرییەکەی دەمیرتاش.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان ستونی، بەرێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی ھەرێم رایگەیاند، دوای داواکاری بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە لە کۆنگرە و پێشانگای وڵاتانی ئیسلامی، وەزیری کاروباری حەج و عومرەی سعودیە ڕەزامەندی داوە لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی بۆ ڕێنماییەکانی حەج و عومرە، وەک ھەر زمانێکی تری نێودەوڵەتی.

وتیشی، ئەو ھەنگاوە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان و حاجیان و عومرەکاران.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...361362363364365...956