پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە بەچەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشكراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
وتیشی، سیستمی كایۆتی وەڵامی هێرشەكەی داوەتەوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان پێش گەیشتن بە ئامانجەكەیان تێكشكێندراون.
هاوكات بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، هێرشەكە سەعات چواری بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە و دەنگی شەش تەقینەوە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی هەولێر بیستراوە، لەكاتی هێرشەكەشدا كونسوڵخانەی ئەمریكا زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێداوە.
لەلایەكی ترەوە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشكرایكرد، بنكەی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق و سوریا بۆردومانكردووە و بۆ یەكەمجاریش مووشەكی "ئەقسا یەك"یان بەكارهێناوە، هێرشەكەش لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیلدایە بۆ سەر كەرتی غەززە.
دەقی پرسەنامەکەی کۆسرەت رەسول...
کۆسرەت رەسول ھاوخەمی بۆ کۆچی دوایی سەعید ئاغای روستێ دەردەبڕێت
بەڕێزان: خانەوادەو کەسوکاری سەعید ئاغای روستێ
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیارو ناسراو، ریش سپی و پیاوماقوڵی دەڤەرەکە (سەعید ئاغای روستێ)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم، پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی ئێوەو خزمانی عەشیرەتی باڵەک و گوندی روستێ دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشیتان بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
براتان
کۆسرەت رەسول عەلی
بەمەبەستی زیاتر بەهێزكردن و پەرەپێدانی توانایی كادرەكانی یەكێتی لەبوارە جیاوازەكاندا، مەكتەب رێكخستن و مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی رێكکەوتننامەیەكی درێژخایەنیان لەژێر ناوی پێگەیاندن و پەرەپێدانی توانای كادر ئیمزاكرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەئێستادا دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەرقاڵی روپێویین و ئەوەش توانای مرۆییەکانی بۆ پڕۆسەی سەرژمێری لاوازکردووە.
وتیشی، تائێستا ئامادەکارییەکی ئەوتۆ بۆ سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق نەکراوە و پێناچێت پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراوادا بەڕێوەبچێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ وەفدێکی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بەغداد دەکات و پێکەوە تاوتوێی ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
وتیشی، خشتەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراون و ٤٠ رۆژ بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دیاریکراوە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند، تۆمارکردنی ناوی لیست و ھاوپەیمانییەتیەکان بۆ سەرەتای مانگی داھاتوو دواخرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت دەکرێت.
دەقی پرسەنامەکە...
ھەڤاڵان کاک نەھرۆ، کاک موشیر و کاک زۆسک ( سەعید ئاغا )ی رۆستایی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (مام سەعید ئاغا) تێکۆشەر و کەسایەتیی دیاری دەڤەری ھەولێر، باڵەکایەتی و سۆرانمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی خزمانی عەشیرەتی باڵەک و رۆستێ دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکە، ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن و پێویستی کۆکردنەوەی ھێز و توانای لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ڕوبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەھێزکردنی خاڵە ھاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورستان، ھەروەھا پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم کرا بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان ھەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکی گونجاو دیاریکرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی بایاوان و بۆڵێی سنوری پشدەر و چیای کورتەکیان لە بناری قەندیل بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە، بەڵام زەرەر و زیانەکانی تائێستا نەزانراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان و کارەبا پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستانی کرد و لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەبەرھێنان لە کەرتەکانی کارەبا و وزە و نەوت دەربڕی.
کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێم لە کۆبوونەوەکەدا وتی، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەکەن و ئاگاداریشن لەوەی ڕاگرتنی نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر داھات و کەرتی گشتی لە ھەرێم ھەبووە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی داھات و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە ئەولەوییەتەکانی سیاسەت و بەرنامەی واشنتۆن دەبێت.
لای خۆشیەوە، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان ستایشی ڕۆڵی ئەمەریکای کرد بۆ گرنگیدان بە ھەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردنی نەوتی ھەرێم و کێشەکانی پەیوەست بە یاسای نەوت و غاز.
بەڕێوەبەرایەتی نەت و کانزاکانی ھەڵەبجە ئاگاداری ھاوڵاتیانی پارێزگاکە دەکاتەوە، رۆژی چوار شەممە ٢٠٢٣/١١/٨ دوا مۆڵەتە بۆ ئەو ھاوڵاتییانەی کە تاکو ئێستا سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی بەشە نەوتەکانیان و کارتەکانیان کارایە، واتا لەبەرواری مانگی ۹ی۲٠۲۲ تا مانگی۱٠ی۲٠۲۳ نەوتیان وەرنەگرتووە، لە دوای ئەم بەروارە مافی وەرگرتنیان نامێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شوێنی دابەشکردن بەشە نەوتی ساڵانی رابردوو لە نزیک پەروەردەی ھەڵەبجە دەبێت و پێویستە ھاووڵاتیان کارتی نەوتیان پێبێت.
ھاوکات بەرامبەر ۲٠٠ لتر نەوت بڕی ۱٠۳ هەزار دینار لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەشتی ھەواڵەکانی سەعات هەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، کێشە و گیروگرفتەکانی ھەرێم، کێشەی سیاسی و ئیداری دەگرێتەوە و یەکێتی و پارتی کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەکان بە زووی چارەسەربکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق لە بەغدادە، بەتایبەتی ناکۆکییەکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا بنگەیەکی سەربازی نوێی لە سنوری برادۆست کردوەتەوە، نزیکەی ١٠ کیلۆمەتری دیکە ھاتوەتە خاکی ھەرێمەوە، زیاتر لە ١٠٠ سەربازی لە رێگەی ھەلیکۆپتەرەوە لە بنکەکە دابەزاندووە.
وتیشی بەدانانی ئەم بنکە سەربازییە ناوچەی دوریە بەتەواوەتی لە ناوچەی خواکورک_دا دەبڕێت و ناوچەی تارستان و کەم کۆڕا و سنین و لۆڵان زیاتر لە بەردەم سووپایی تورکیا کراوە دەبێت.
لەماوەی ھەفتەیەکدا چوارجار فڕۆکەی جەنگی بۆردمانی ناوچەی برادۆستی کردووە، جگە لەوەش سوپای تورکیا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی تۆبپارانی ناوچەی سنووریەکانی برادۆست دەکات.
فەھمی بورھان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی جوتیارانی کورد چارەسەرنەکات، ئەوا کێشەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و ھیچ پانتایەک بۆ گفتوگۆکردن نامنێتەوە.
وتیشی، کێشەی داگیرکردنی زەویوزاری جوتیارانی کورد لە خانەقین بەردەوامە و تەنانەت رێگەنادرێت بچنە سەر زەویەکانیان و کاری کشتوکاڵی بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کردووە بۆ بەدواداچوون بۆ وتەی ئەو مامۆستایەی لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیدا وشەی نەشیاوی بەکارھێنا بەرامبەر کچە رۆژنامەنووسێک دوور لە داب و نەریت و پیشەکەی خۆی.
وەزیری خوێندنی باڵا لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچونی وتەکانی ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی .
ھەروەھا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆی سلێمانی ڕاسپاردوە بەزووترین کات دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکە لە ئەنجامەکەی ئاگاداریان بکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی لەکاتی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان قسەی نەشیاوی بە کچە رۆژنامەنوسێک وت، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دواتریش زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە دەستپێکردووە و ئەو مامۆستایە سزا دەدرێت.