کوردستانکوردستان

فەیسەڵ نائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵ کێشەی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر دەکات و رێوشوێنی پێویستی یاسایی لەوبارەیەوە دەگرێتەبەر.

ئەوەشی خستەڕوو، بەڕوونی لە یاسای بودجەدا باس لە شایستە داراییەکانی پارێزگاکان و مووچەی فەرمانبەران کراوە و جگە لە پارێزگاکانی ھەرێم، ھەر پارێزگایەک کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەبێت دەتوانێت داوا بەرزبکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، ھەر پارێزگایەکی عێراق مافی خۆیەتی داوای جیاکردنەوەی شایستەداراییەکانی پارێزگاکەی لە مووچەی فەرمانبەرانی بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاپای ڤاتیکان لە چاوپێکەوتنی ھەفتانەیدا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکانی بۆردوومانەکەی ھەولێر کردووە و دوپاتیکردووەتەوە کە نابێت پەیوەندی نێوان وڵاتە دراوسێکان لەو جۆرە کردەوانەی تێدا بێت، بەڵکو دەبێت ئاڵۆزییەکان لەڕێی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.

داواشی لەسەرجەم لایەنەکان کردووە خۆیان بەدووربگرن لە ھەر ھەنگاوێک، کە ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ماڵپەڕی کوردبینی دەزگای میدیایی کوردسات بوو بە براوەی خەڵاتەکانی گــــڵۆباڵ ئیکۆنۆمیکسی بەریتانی بۆ باشترین خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی لەسەر ئاستی عێراق، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە شاری دوبەی، دەزگای میدیایی کوردسات ئەو خەڵاتە وەربگرێت. 

کوردبین یەکێکە لە ماڵپەڕەکانی دەزگای میدیایی کوردسات، کە سەرجەم بەرنامە و دراما و فیلم و دۆکیۆمێنتاری و کلیپ و کۆنسێرتەکانی تایبەت بە کوردساتی تێدا دادەنرێت و ھاووڵاتیان دەتوانن لەو رێگەیەوە بینەریانبن.

دامەزراوەی خەڵاتەکانی ئابوریی جیھانی کە دامەزراوەیەکی بەریتانییە و بارەگاکەی لە لەندەنە، ساڵانە ئەو پێگە و پلاتفۆرمانەی کە کارەکانیان جیاوازە و سەردانکارانی بەئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان دەگات، خەڵات دەکات.
ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردووش لە راپرسییەکدا، کەناڵی کوردسات لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، بە پڕبینەرترین کەناڵی گشتی دیاریکرا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ تۆڕی ھەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا، ھەر کاتێک ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و ئەمریکا ھەبێت عێراق باجەکەی دەدات و خاکی وڵاتەکە دەبێتە شوێنی ململانێکانی ئەو دوو وڵاتە، ئێستاش کە ململانێکان کەوتووەتە نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە ھەر عێراق باجەکەی دەدات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێران یان نایەوێت یان ناتوانێت ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆیە لە بەرامبەردا بۆ شوێنگرەوەی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێت و لەو چوارچێوەیەشدا شاری ھەولێری بۆردومانکردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی بۆردومانی ھێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ڕابردووی ئێرانی بۆ سەر ھەولێر کرد و وتیشی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێوێشوێنی پێویستیان لەبارەی ھێرشەکەوە گرتووەبەر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە مووچەی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری سلێمانی، بە قەزا و ناحیەکانەوە دابەش دەکرێت.

پێشتریش عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو لە سنوری ھەولێر و دھۆک دابەش دەکرێت. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران، لە داڤۆس، لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، تایبەت بە ھێرش و پەلاماردانی ھەولێر و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا جەختی کردەوە، لەگەڵ جۆ بایدن، تاوتوێی ڕێکارەکانی پاراستنی ئارامیی ھەرێم دەکەن.

ھاوکات، یانس ستۆڵتنگ بێرگ سکرتێری گشتی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی"ناتۆ" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و لە دیدارێکدا ھێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر ھەولێر ئیدانە کردووە.

جەختیشیکردووەتەوە پشتگیریی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەوڵەکانیان لەگەڵ فەڕەنسا سەرکەوتوو بووە بۆ ئەوەی حەماس و ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن لەبارەی رێگەدانی ئیسرائیل بە گەیشتنی ھاریکاریی مرۆیی بەو ناوچانەی غەززە کە زۆر زیانیان بەرکەوتووە لەبەرامبەر پێشکەشکردنی دەرمان بە بارمتە ئیسرائیلییەکان.

وتیشی، یارمەتییەکان بە دوو فڕۆکەکە لە قەتەرەوە دەگەیەنرێنە میسر و پاشان دەگەیەنرێنە غەززە.

 وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختیکردووەتەوە لە ھەوڵەکانیان بەردوام دەبن بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی غەززە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، ئاوات جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لەگەڵ راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، لە دیدارێکدا باس لە ھەنگاوەکانی تیمی ھاوبەشی ھەردولا کرا بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ھونەری و تەکنیکیەکان لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان. 

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی ناوەندیی بەتایبەت کێشە دارایی و ئابورییەکان.

وتیشی ھەماھەنگی باش لەنێوان تیمە ھاوبەشەکان و فەرمانگەکانی ھەردولا ھەیە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژمێریاری و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە.  

ھاوکات ئاوات جەناب وەزیری دارایی ھەرێم دەڵێت، ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خستۆتە گەڕ، تا ھەردولا بتوانن بەیەک سیستەمی ژمێریاری کارەکانیان ئەنجام بدەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان"دەم پارتی" سەبارەت بە ھێرشکانی سەر شاری ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئیدانەی ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر دەکەن و لەگەڵ ھەرێمی کوردستانن. 

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەو ھێرشانەی لە باشوور و رۆژئاوا دەکرێنە سەر خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد، ناگەنە ئامانجی خۆیان.

ھاوکات داوا لە گەلی کورد دەکەن، لە بەرامبەر ئەم ھێرش و لەناوبردنانە، یەکگرتوو بن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامار و موشەکبارانە ناڕەوایەی ھێزەکانی ئێران دەکەن کە شەوی ڕابردوو کردیانە سەر شاری ھەولێر.

 راشیگەیاندوە، لە ھێرشەکاندا بەبێ ھیچ پاساو و بنەمایەک خەڵکی سڤیل و بێتاوان کراوەتە ئامانج، بەوھۆیەوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە رۆژی سێشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی رادەگەیەنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە داڤۆس لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و ھێرشە مووشەکییەکی سەر پارێزگای ھەولێریان تاوتوێکرد.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندترین شێوەی ئیدانەی ھێرشەکەی سەر ھەولێری کردووە و جەختیلەوەکردەوە، ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان پێشێلکاریی ئاشکرای سەروەری عێراقە، راشیگەیاند، ئەمەریکا و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، ھێرشەکانی سەر ھەرێم بە بە ھەڕەشەی جددی وەردەگرن و رێوشوێنی  پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێم. 

ھاوکات، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم جەختیلەوەکردەوە، ھێرشە بێ پاساواکانی سەر ھەرێم، ناڕەوان و چیتر نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ ھەڵوێست بن، لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەشدا، گفتوگۆکرا لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی رەسمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان....

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهید بوونی کاک پێشڕەو مەجید-مان بیست لە کارەساتەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێر ، کاک پێشڕەو یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی تەنها بە توانا و ماندوبوونی خۆی پێگەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆر فراوانی لەناو هەرێمی کوردستان پێکهێنابوو ، خزمەتی زۆری خەڵکی دەکرد لە پێناو خۆشکردنی ژیانی مرۆڤ لە رێگای چالاکییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی دەژیا دوور لە هەموو تێوەگلانێک

غەدرێکی زۆر گەورەیە ، لە ژێر ناونیشانی جیا جیا خەڵکی بێ تاوان دەکرێنە ئامانج بۆیە هەرچی زووە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش بەیەکگرتوویی هەموو جهودی سیاسی و دیبلۆماسی خۆیان بەکاربێنن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک و رێگرتن لەم جۆرە تاوانانە

خودا کاک پێشڕەو و شەهیدانی ئەم کارەساتە بەبەر رەحمەتی خۆی بخات و ئارامی بە کەس و کاریان ببەخشی 

سەعدی ئەحمەد پیرە 
وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 
١٦/١/٢٠٢٤

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بە یەکگرتویی و یەک گوتاری کوردستانی و کاری پێکەوەیی، وەڵامی ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانە بدەنەوە کە ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەکەن.

ھاوکات کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت، ئەمە یەکەم جارنیە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، پێشێلی سەروەری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.

داواکارە بەرپرسانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم ھەڵوێستی پێویست بگرنە بەر و ڕێگە نەدەن ھەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی کێشەو ململانێی نێوان دەوڵەتان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێرش بۆ سەر  هەولێری پایتەخت ناڕەوایەو ئیدانەی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سیڤیل دەكەن.

راشیگەیاند، وەكو یەكێتی پێیانوایە هەر كێشەیەكی سیاسی و ئەمنی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێكاندا بەم شێوەیە تاكلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنها ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەكان تێكدەدەن.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، ئەركی سەرشانی حكومەتی فیدراڵییە هەوڵەكانی  چڕتر بكاتەوە بۆ داكۆكی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیان، پێویستە دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێم و پارتە سیاسیەكانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

هەروەها سەرەخۆشی ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان بەتایبەتی خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی دەكات  و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان...
 
لە پەیامێکدا یەکێتی زانایان ئیدانەی موشەکبارانی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر دەکات، کە بەداخەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە: 

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان 

بەداخەوە شەوی رابردوو لەرێی درۆن و موشەکەوە ھێڕشی زۆرو کوێرانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری ھەولێرو بەھۆیەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوەو چەندین ھاوڵاتی سیڤیل شەھیدو بریندار بوون.

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم موشەکبارانە دەکەین و خوازیارین لە لایەنی پەیوەندیدار بەزوویی رێ لەو جۆرە ھەوڵە تێکدەرانە بگرن، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئاشتی دەوێ بۆ ھەموو لایەک نەک بە درۆن و موشەک ھەوڵی شێواندنی سەقامگیری و ئارامی ھاوڵاتیانی بە ئامانج بگیرێ، داواش لە وڵاتی ئێران دەکەین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی مافی دراوسێیەتی کوردستان بپارێزێت.

ھەر لێرەشەوە داوا لە سەرجەم وتاربێژانی بەرێزی ئایینی دەکەین لە وتاری ھەینی داھاتوو ئیدانەی ھێڕشەکە بکەن و نزای خێرو سەلامەتی و ئارامی بۆ کوردستان بکەن. 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان 
١٦ی١ی٢٠٢٤

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی شاری ھەولێر و ھەموو ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستانی کردوە و پرسە و ھاوخەمی بۆ قوربانییەکان و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەربڕیوە .

پارێزگاری سلێمانی داوای کردووە ئەو ھێرشانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان رابگیرێن، داواشی لە لەلایەنە سیاسییەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردوە یەکریزی لەنێوخۆدا بھێننە کایەوە و خۆیان لە ھەر لایەنداری و ھەژمونێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدوور بگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...328329330331332...926