مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە راگەیەندراوێکدا کە بە بۆنەی رۆژی جیھانیی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و چاودێری میدیایی و ناوەند و نێردە دبلۆماسییەکان، ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوەیەبە داخەوە لەم بوارەدا وێنەیەکی خراپی بەخشیووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار ھۆشداری دراوە بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم کە ئەم بارە لارە راست بکەنەوە و دەرفەتی گونجاو برەخسێنن بۆ ئازادی رادەربڕین و دەرگای بە دەستھێنانی زانیاری و فراوانکردنی مەودای کارکردنی میدیاکاران و رۆژنامەنوسان واڵا بکەن.
ئاشکراشیکردووە، لەو رەخنە وگلەییانەی رێکخراوە جیھانیەکان لەسەر ئەم پرسە لە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران ھەیانە ،داتاشینی ئەوتۆمەتە ناراستانەیە کە بۆیان دروست دەکرێت لەسەر وشە وھەواڵی راستی بەو بیانوەوە ڕووبەڕوی گرتن و ڕاوەدونانیان دەکەنەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە درێژەی باوەڕبونمان بەدیموکراسی و رادەربِرین بۆ خستنە ڕووی راستییەکان و ھەقبێژیی لەگشت بوارەکانی میدیاو نوسیندا، ھەمیشە پێداگیری لە فراوانکردنی مەودای ئازادییەکان و زەمینەرەخساندنی زیاتر دەکەینەوە و خەباتمان بۆ نەھێشتنی بەرتەسککردنەوە و پێشێلکردنی ئەو مافانەی رۆژنامەنوسان و میدیاکارانە لە کوردستاندا.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان تا کاری خۆیان بکەن و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن بەبێ ھەڕەشەلێکردن و ھەراسانکردن و دەستگیرکردن و پشکنینی ھەڕەمەکی، کۆڵەکەی بنەڕەتیی ھەموو حکومڕانییەکی دیموکراتییە و حکومڕانیی دیموکراتیش ھانیی ئازادیی ڕاگەیاندن دەدات.
دەشڵێت، دەستخۆشی لە ھەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن کە لە ژینگەی مەترسیداردا کاردەکەن بۆ ڕوناکی خستنەسەر ڕاستییەکان و لەو پێناوەشدا دەکەونە بەر مەترسی زۆر.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێم راشیگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیھان و لەو نێوەندەشدا ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەویش لە ڕێی پڕۆگرامی ڕاھێنان و ئاڵوگۆڕ و کاریی پێکەوەیی و داکۆکیکردن.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەربارەی کەیسی ھەردوو راگیراو "ئارام حەسەن و شەرمین عەلی" بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو دۆسیەیە ھیچ پەیوەندیەکی بە کاری رۆژنامەوانی و رێکخراوەیی و ئازادی رادەربڕینەوە نییە، وەک ھەندێک کەس و لایەن و بەناو چالاکوان باسی دەکەن و ئامانجیان چەواشەکردنی رای گشتییە .
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو کەسە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی ٣٤١ی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و ھۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە، لە ماوەی رابردووشدا خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و وتەیان وەرگیراوە و ھەموو رێکارێکی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنھا لایەنی جێبەجێکاری یاسایە.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، رۆژی دوو ئایاری ئەمساڵ، رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی راگیراوان سەردانی گرتووخانەی ئاسایشیان کردووە و چاویان بەسەرجەم راگیراوان کەوتووە و لەنێویشیاندا ئەو دوو راگیراوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسە نزیکەکانیان سەردانیان کردوون و چاوپێکەوتنیان ھەبووە .
ئاشکراشیکرد، ھەریەک لە تۆمەتباران بەرپرسبوون لە وەرگرتنی پارەی وزەی کارەبای یەکێک لەکارگەکانی ئاوی خواردنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاریان ھێناوە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، دوای ئەوەی دۆسییەکە خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بەدەستپاکی لەدادگای کەرکوک، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەمادەی ٣٤٠ دەستگیرکراوە و دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بە دەستەبەری دارایی ( کەفالە ) ئازادکراون.
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت.
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی ھەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی وەزاری بۆ دەرچوو.
فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی ھێزەکانی(٧٠ و ٨٠) وەک دیوانی وەزارەت، رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەربچێت.
ھاوکات سەرۆکی ئەرکان دڵنیایشیدا، کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢و نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٣ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لە کاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت.
ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی، ڕەفعەت عەبدوڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازیکرد لە ریکاردۆ ڕۆدیگێز لێپرسراوی نوسینگەی یۆنامی لەھەرێمی کوردستان.
لە کۆبونەوەیەکدا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی چارەسەرە یاسایی و سیاسییەکان و پێشنیارەکانی یەکێتی بۆ دەربازبون لە کێشەو گیروگرفتەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ وەفدی میوان خستە ڕوو.
لێپرسراوی نوسینگەی یۆنامی لەھەولێریش تەئکیدیان لەو پێشنیارانەی رێکخراوەکە کردەوە کە لە ماوەی رابردودا وەک چارسەرێک بۆ گرفتی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمدا خستویانەتەڕوو.
ھاوکات چەند پرسێکی تری سیاسی پەیوەند بە ھەرێم و عێراق و نێوانی لایەنە سیاسیەکان بیرو ڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕکرا.
ئەمڕۆ جویدو کروستو، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دەگاتە ھەولێر و بڕیارە لەگەڵ لێپرسراوانی ھەرێم کۆببێتەوە .
بەر لە سەردانەکەشی بۆ ھەرێم لە بەغداد، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق ھەوڵی ھەماھەنگی زیاتر دەدات لەگەڵ ئیتاڵیا، بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە بواری ئاو و ژینگە.
ھەروەھا ھاوبەشییەکانیان لە بواری ئامادەکردنی ھێزە ئەمنییەکان و رێکخستنی ھەوڵەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەھێزدەکەن. ھیواشی خواست ئەنجومەنێکی ھاریکاری و بازرگانی لەگەڵ ئیتاڵیا دابمەزرێنن.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش بەردەوامی پشتیوانییەکانی بۆ عێراق لە بواری ئەمنی و ھەواڵگری و ژینگەیی و ئاو و پیشەسازی دووپاتکردەوە. پێشتریش "سابت محەمەد سەعید" وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.
سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر کورسی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددە یاسایەی کە١١ کورسی کۆتای بە پێکھاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن بەخشیووە.
روونیشیکردەوە، بەپێی ماددە یاسایەکەی ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن دیاریکراوە کە ئەوەش ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە و پێچەوانەی ئەو یاسایەی دیکەیە کە دواتر و لە ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە وەک یاسای مافی پێکھاتەکان.
سۆران عومەر راشیگەیاند، سکاڵاکەی لەسەر ئەو پرسە لە دادگای فیدڕاڵی وەرگیراوە و رێڕەوی خۆی وەرگرتووە، وردەکاری زیاتریش لەوبارەیەوە لە رۆژی دادگاییەکە ئاشکرادەکرێت.
بە پێی ماڵپەڕی رەسمی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سبەینێ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ، دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیە کۆدەبێتەوە، لەو سکاڵایەدا کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە، داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.
تا ئێستا شەش جار دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی "زەرداو" لە ناحیەی جەبارە، چەند چەکدارێک تەقە لە ھاووڵاتییەک دەکەن و دەیکوژن.
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ھۆکاری ئەو رووداوە پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە کە پێش ماوەیەک بەھۆی ئەو کێشەیەوە سێ کەسی دیکە کوژراون و ھەردوولا لەیەکتریان کوشتووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی تەقەی کردووە لە ناو ناحیەی جەبارە دەستگیرکراوە و لە پۆلیسی دیالە دەستبەسەرە، ھەروەھا چەک و ماتۆڕسکیلەکەشیان دەستی بەسەرداگیراوە.
بەختیار بەکر، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھۆڵەندا، چاویکەوت یاکۆ بێرندسن کونسوڵی گشتی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان و ستافی دیپلۆماسی کونسوڵخانەکە.ھەردوولا کۆکبوون لەسەر گرنگی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ سازان و دیالۆگ.
لەتەوەرێکی تردا نوێنەری یەکێتی باسی چەند پڕۆژەیەکی بۆ کونسوڵی گشتی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان کرد و پشتیوانی و ھاوکاری یەکترییان، لەپێناوی ئامانج و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، کە دواجار خزمەتی گشیی دەکەن بەگرنگزانی. لەبەرامبەردار ستافی دیپلۆماسی ھۆڵەندا لە ھەولێر، بەڵێنیاندا ھاوکار بن و کارئاسانی بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا یاکۆ بێرندسن، کونسوڵی گشتی ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان، بە وردی باسی لە کار و پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی کونسوڵخانەکەی بۆ نوێنەرەکەی یەکێتێ کرد. نوێنەری یەکێتیش سوپاسی کونسوڵی ھۆڵەندای کرد بۆ کۆبوونەوەکە و بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێکرا و ھیوای خواست ئاست و مەودای کارەکانی داھاتوو ھۆڵەندا لە عئراق و ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت و درێژەی پێبدرێت.
قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، كاركردن و تهرخانكردنی كارهبا لهلایهن مۆلیده ئههلییهكانهوه بۆ هاوڵاتیان له مانگی نیسان له نێوان 100 بۆ 120 سهعاتدا بوه، نرخی ههر سهعاتێك بۆ یهك ئهمپێڕ به 45 دینار دیاریكراوه، بهمهش نرخی یهك ئهمپێڕ كارهبای مۆلیده ئههلی له ناوشاری سلێمانی بۆ مانگی نیسان له نێوان چوار ههزار و بۆ پێنج ههزار و 500 دینار دهبێت.
خشتهی كارپێكردنی مۆلیده و پێدانی كارهبا تا (2023.5.15) لهسهعات (01:00)ـی پاشنیوهڕۆ بۆ سهعات (01:00) شهو دهبێت و دواتر له سهعات (07:00) بۆ سهعات (8:30) سهرلهبهیانی مۆلیدهکانی كارهبا بۆ هاوڵاتیان دابیندهكهن، تهنها له رۆژانی ههینی نهبێت كه لهسهعات (11)ـی پێشنیوهڕۆوه كارهبا دهدهن به هاوڵاتیان.
لیژنهی دیاریكردنی نرخی مۆلیده ئههلییهكان، له كۆنوسێکدا جهختیان لهوه كردوهتهوه كه لهكاتی كوژاندنهوهی كارهبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی مۆلیدە و پێدانی كارهبا بههاوڵاتیان له (10) خولهك زیاتر بخایهنێت، بهپێچهوانهوه سهرپێچییه و خاوهن موهلیدهكه سزا دهدرێت.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ مووچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبكرێت، بەڵام دابەشكردنی مووچەكانیان بۆ كۆتایی ئەم هەفتەیە دواخرا.
دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی لیوا هاوبەشەكان لەكاتێكدایە، رۆژی 30ی مانگی رابردوو، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێشەممە دووی ئایار مووچەی مانگی نیسانی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەكرێت.
وەزارەتی بەرگریی ھۆڵەندا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای دوو ساڵ، ئەرکی ھێزەکانیان بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر کۆتایی دێت و ئەم ھەفتەیە ھێزەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ھۆڵەندا، بەڵام تیمی راوێژکاریی ھۆڵەندا لە ھەولێر دەمێننەوە.
راشیگەیاند، ژمارەی سەربازەکانیان ١٢٥ سەربازە و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١وە بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی ھەولێر جێگیربوون، دوای کشانەوەشیان ھێزەکانی ئیستۆنیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەکە جێگەی ھێزەکانی ھۆڵەندا دەگرنەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، تەقەکردن و ھێرشکردنەسەر کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانیش لە یەکی ئایاری ٢٠٢٢ تاکو یەکی ئایاری ٢٠٢٣ زیاتر لە ٤٠ کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون، ١٦٧ کۆڵبەریش برینداربوون، لەو رێژەیەش ٦٥٪ بە تەقەی راستوخۆی ھێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی سنوری ئێران بوون بە قوربانی.
ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو دوو کۆلبەری خەڵکی گوندی دەرێ و تەخان لە نزیک سنووری تەتە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە ھێرشکراوەتە سەریان و ئەشکەنجە دراون و بەلێدان بریندارکراون.