لە هەولێر بازرگانێكی بیانی ماددەی هۆشبەری دەستگیرا و بڕی ١١ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كۆكایینیش دەستی بەسەرداگیرا.


بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی ٨ـی ئەم مانگە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و كۆكردنەوەی زانیاری دروست، تیمەكانیان لە شاری هەولێر توانیان بازرگانێكی بیانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ١١ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كۆكایین.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بڕە ماددەی هۆشبەرە لە وڵات غینیاوە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن ئەو بازرگانە بیانییەوە هەوڵدراوە ساغ بكرێتەوە كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەو تاوانەیە.


بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە كراوەتەوە و بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.