سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی رەتکردووەتەوە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز: مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی رەتکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، دوێنێ بڕیاری رەتکردنەوەکە دراوە و وەزیری دارایی لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 30ـی 9ـی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی پارەدانی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: سەرەڕای داشکاندنی کرێی خوێندن بە رێژەی %45، پارەکە بە پێنج قیست دەدرێت.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەبەر چاوگرتنی رەوشی دارایی کەسوکار و بنەماڵەی خوێندکاران، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە؛ وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەشێوەی پێنج قیست بدرێت.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەم بڕیارەتەنها بۆ ئەو خوێندکارانەی زانکۆیە کە بە شێوازی پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران پێشتر بە رێژەی 45% کرابوو و دوای ئەو بڕیارەش، وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران کراوە بە پێنج قیست جێبەجێدەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی کەڵەک بۆ بەردەڕەش، بەهۆی پێکدادانی دوو بارهەڵگرەوە ئاگر کەوتەوە و شۆفێرێک گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو بارهەڵگر لە جۆرەکانی تانکەر و ترێلە، کە دەستبەجێ ئاگر لە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بەربووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەستبەجێ دوو تیمی بنکەی بەرگریی شارستانیی کەڵەک گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئەوەشی ئاشکراکرد، شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان کە هاووڵاتییەکی خەڵکی تورکیایە، بەهۆی سەختیی روداوەکەوە بەتەواویی سوتاوە و گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە داشکاندن بە رێژەی ٪75 لە سزای بەسەرچوونی ڤیزا و بەسەرچوونی نشینگەی هاووڵاتییانی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو بڕیارەی دەرچووە ، ئەو بیانییانەی کە بە شێوازی رەسمی و لە رێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ بکەنەوە یان نەیانکردووەتە نشینگە، یاخود نشینگەکەیان بەسەرچووە؛ تا 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 لە کاتی سەردانکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە، تەنها ٪25ـی کۆی گشتی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارئاسانییە ئەو سزایانە دەگرێتەوە کە لە رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتدا هاتبوون.
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، نەخۆشخانەی ددانی فایەق حاجی عەلی کرایەوە کە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بەبێ بەرانبەرە بۆ خزمەتی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئۆتیزم لەسەر ئەرکی خێرخواز سامان فایەق بنیاتنراوە.
ئەمڕۆ بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی فایەق حاجی عەلی کرایەوە.
سەبارەت بە هەنگاوە خێرخوازییەکانی سامان فایەق بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، یادگار فایەق لە وتەیەکدا رایگەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە جگە لە خزمەتکردنی منداڵانی توشبوی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت بەبێ بەرانبەر، نەخۆشخانەکە ناوەندێکی توێژینەوە و فێرکاری و هۆڵی سەردەمییانە لەخۆ دەگرێت بۆ خزمەتی خوێندکارانی بواری پزیشکیی ددان.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خزمەتی کەرتی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان، سامان فایەق بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی قوباد تاڵەبانی دەستیکردوە بۆ دروستکردنی 18 خوێندنگەی مۆدێرن لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
بۆ خزمەتی بواری ئایینی و کۆمەڵایەتیش، خێرخواز و سەرمایەداری کوردستان سامان فایەق لە شاری سلێمانی یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی ناوچەکە بۆ خزمەتی سەرجەم چین و توێژەکان بنیات دەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نەخۆشخانەی شۆڕشی بەسەرکردەوە و پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی نەخۆشخانەکەی کردەوە.
ئەم پڕۆژەیە کە قوباد تاڵەبانی لە سەردانی پێشتریدا لە مانگی ئازار بۆ نەخۆشخانەکە بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو، بە وزەی نوێبووەوە کار دەکات و لە توانایدایە ئاوی پاک بۆ هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکە و بە تایبەتیش بەشەکانی چاودێری چڕ و تاقیگە و ژووری نەشتەرگەری دابین بکات.
لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی پاڵپشتیکار و هەموو ئەو کەسانەی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هاوکاربوون و رایگەیاند, دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی دیکە لە رێگەی وزەی نوێبووەوە دابین دەکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی نەخۆشەکان بکرێت.
وەزارەتی کارەبا پەیامێک ئاڕاستەی ئەو شوێنانە دەکای کە چەند پسوڵەیەکی کارەبایان پیکەوە بۆ رۆشتووەتەوە و دەڵێت تا سەعات 12ـی ئەمشەو داشکاندن دەتانگرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی 50 هەزار هاوبەشی پرۆژەی رووناکی سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسووڵەی مانگانەی رووناکییان، کە کۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن وەک بەشێک لە کارئاسانییەکانی پڕۆژەی رووناکی.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆتان لە ئی-پسووڵە بکەن، ئەگەر قەرزی کۆن جارێکی تر لە هەژمارەکەتاندا دەرکەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە پسووڵەی مانگانەی رووناکییەکەت گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن، بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێک سوودمەند بیت لە داشکاندنی 50%ـی کارەبا، لە هەمان کاتیشدائەگەر خۆت تۆمار کردبێت، لە رێگەی کورتانەمەشەوە ئاگادارت دەکەینەوە کە ئەم داشکاندنە دەتگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، ئەم بڕیارە تەنها بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێکراوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسوولەیان بۆ نەهاتبوویەوە و ئێستا پسوولەیەکی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی سوود لەم داشکاندنە وەرگرن.
لە سلێمانی دەست بە دابەشكردنی دوایین گوژمەی شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 كرا و بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانیش دەڵێت: ئەگەری زۆرە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی لە شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 مابوو، ئەمڕۆ گەیشتووەتە دەست بەڕێوەبەرایەتییەكەیان.
وتیشی، دەستبەجێ دەستیانكردووە بە دابەشكردنی چەكی پارەكە بەسەر جوتیاراندا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری زۆرە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2026یش بكرێت.
وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنیموچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێك لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست.
راگەیانی وەزارەتی دارای و ئابوری هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تا رۆژی پێنجشەممە مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستیش موچەكانیان وەردەگرن .
هاوكات راشیگەیاند، لەهەمان كاتدا دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەكرێت كە لەدوای 7ـی 1ـی 2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە بارەی ناردنی موچە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: بەغداد نزیکەی 100 موچەی موچەخۆرانی هەرێمی رەوانەنەکردووە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش هاتووە: لە 12 ساڵی رابردوو (2014 تا 2026)، دوای لێبڕینەکانی سەروەری و قەرز و پاپەندییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دەکاتە تەنها رێژەی %2.4ـی بودجەی گشتیی عیراق لە جیاتی رێژەی 17% و رێژەی,%12.67 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، بڕی پارەی تەمویلکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا، دەکاتە تەنها 41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار بووە، ئەمەش لە کۆی 212 ترلیۆن و 671 ملیار دینار کە بەکارهاتووە بۆ تەمویل کردنی نزیکەی 46 موچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە کۆی 144 موچە لەو ماوەیەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە: جگە لەوە ماوەی ساڵانی؛ 2014 و 2020 و 2022 حکومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە پارەی تەمویلکراوی بۆ هەرێمی کوردستان وەکو قەرز هەژمارکردووە، تا دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی گشتی بیبڕێتەوە.
ئەو سێ منداڵەی خەڵکی سلێمانی کە لە تورکیا خنکان تا ئێستا تەرمی دووانیان دۆزراوەتەوە، دایکی مناڵەکان ئەو چیرۆکە کارەسات بارە بۆ کوردسات نیوز دەگێڕێتەوە.
فەرهاد یەشار، پەیامنێری کوردسات نیوز لە تورکیا رایگەیاند. کەمێک پێش ئێستا تەرمی مێلای تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن پۆلیسی ئیدرنە لە تورکیا دۆزرایەوە، بەڵام هێشتا تەرمی براکەی نەدۆزراوەتەوە.
دایکی ئەو سێ منداڵەی لە تورکیا خنکان چیرۆکەکە بۆ کوردسات نیوز دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ قاچاخچییەکان وتیان ئاوەکە تا ئەژنۆیە و قوڵ نییە، دواتر زانیمان چوار مەتر قوڵە، دوو مەتر رۆشتین و کەوتینە ناو ئاوەکە.
دەشڵێت؛ "بە قاچاخچییەکانم وت توخوا با جەرگم نەسوتێت، بەڵام جێیان هێشتم".
جێگەی ئاماژەیە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەو خێزانەی خەڵکی سلێمانی لە رێگای چوون بۆ ئەوروپا کەوتنە ناو ئاو و لە ئەنجامدا سێ منداڵیان خنکان.
لەم لینکەوە تەواوی چیرۆکەکە لە زاری دایکی منداڵەکانەوە گوێبیست ببە...
پڕۆژەی رووناکی ئاشکرایکرد، تا ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە داشکاندنی قەرزی کارەبا سوودمەند بوونە و داهاتەکەی زیاتر لە 420 ملیار دینار بووە.
پڕۆژەی رووناکی بڵاویکردەوە، لەدوو قۆناغی لێخۆشبوون بە گشتیی زیاتر 350 ملیار دینار لێخۆشبوون بۆ ئەو هاوبەشانە کراوە کە قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکیان لەسەر بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوون قەرزی کۆنی کارەبا بە رێژەی ٪50 سوودمەند بوونە و 72 هەزار هاوبەشی دیکەیش ماون قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.
پڕۆژەی رووناکی ئەوەشی خستەڕوو، داهاتەکەی زیاتر لە 420 ملیار دینار بووە و ئێستا 60٪ هاوبەشی ماڵان هیچ قەرزێکی پێش پڕۆژەی رووناکییان لەسەر نییە.
ئاشکراشیکرد، 40٪ـی هاوبەشان قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەر ماوە، نیوەیان قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار.
جێگەی ئاماژەیە، لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا تا دوو رۆژی تر بەردەوامە، لە 19ـی ئەم مانگەوە قەرزی هاوبەشانی کارەبا راستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ قیستی مانگانە.
ئەو جوتیارانەی بۆ وەرزی 2025 گەنمیان رادەست کردووە، دەتوانن سبەینێ سەردانی هۆبەی ژمێریاری سایلۆی سلێمانی بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
سایلۆی سلێمانی رایگەیاندووە: ئاگاداری سەرجەم ئەو جوتیارانە دەکەین کە بۆ وەرزی 2025 گەنمیان رادەست بە سایلوی سلێمانی کردووە، سبەینێ یەکشەمە 18ـی 10ـی 2026، سەردانی هۆبەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
سایلۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو کەسەی گەنمەکەی بە ناوەوە رادەستکراوە خۆی ئامادەبێت یاخود کەسی ئامادەبوو بریکارنامەی دادنوسی پێبێت و ئەگەر بریکار نامەکەیان ساڵی بەسەرا تێپەڕی بوو پێویستە تازە کرابێتەوە ، هەروەها پێویستە کەسی ئامادەبوو کارتی نیشتمانی پێبێت.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد؛ بارانبارین بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ لە کات و شوێنی جیاوازدا دەبارێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە و ئاسمان دەبێتە نیمچە هەور بۆ پەڵە هەور.
کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک کات و شوێندا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، هاوکات پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 32 پلەی سیلیزی
پیرمام: 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 32 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی
ئاگر لە کۆگایەکی سوتەمەنی لە تانجەرۆ کەوتووەتەوە و لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
مەریوان عەبدوڵا، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و لە نزیکترین کاتدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە.
لەلای خۆشیەوە،ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تیمەکانیان گەیشتونەتە شوێنی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی تانجەرۆ و سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، لە ئێستاشدا بەشێک لە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
لە چوارچێوەی رێکارە داراییەکان و پابەندبوون بە رێنماییەکانی بانکی ناوەندییەوە، پڕۆژەی هەژماری من بڕیاری دوورخستنەوەی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDMـی لە پڕۆژەکە راگەیاند، بەو هۆیەوە ناوبراو ئێستا لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێبەش کراوە و سوودمەندەکانی دەگوازرێنەوە بۆ بانکێکی دیکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پڕۆژەی هەژماری من، لە ئەیلوولی 2025ـدا ئەم بڕیارە دراوە و تێیدا بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بە تەواوی لە پڕۆژەکە دوورخراوەتەوە. ئامانجی سەرەکی لەم گواستنەوەیە ئەوەیە کە سوودمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن بەبێ کێشە مامەڵە داراییەکانیان بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام بدەن و کارتە بانکییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق بەکاربهێنن.
پڕۆژەی هەژماری من جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ حەوت بانکی بەشدار کە بە تەواوی پابەندن بە رێنمایی و رێساکانی بانکی ناوەندی عیراقەوە، بە مەبەستی پاراستنی مافی سوودمەندان و مسۆگەرکردنی خزمەتگوزاریی متمانەپێکراو.