هەر هاووڵاتییەک خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام و رێگای سەرەکی فڕێبدات روبەروی سزا دەبێتەوە، شارەوانی هەولێریش داوا لە هاووڵاتیان دەکات شارەکە پاکوخاوێن رابگرن.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک بارهەڵگر لە شوێنی قەدەغەکراو سەرپێچیان کرد و هەڵسان بە فرێدانی پاشماوەی خانووبەرە، هەر زوو لەلایەن تیمەکانیانەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بارهەڵگرەکان دەست نیشان کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرانبەر کارە سەرپێچیەکەیاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ دوو گۆرەپانی گەورەی گەرەکی نیشتیمان و گەلاوێژ یان پێپاکراوەتەوە، وەکو سزایەک بۆ ئەو سەرپێچیەی کە کردوویانە.
شارەوانی هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ گلدانەوەی تەواوی زبڵ و پاشماوەکانی شاری هەولێر سەرچاوەی زبڵخانەی کانی قڕژاڵەی دەستنیشان کردووە، هەروەها هۆبەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی وەک تیمێکی تایبەتی بە کەرەستە و پێداویستی و ئامێری قوڕس بۆ داپۆشینی زبڵ و پاشماوەکان جێگیر کراون، بەردەوام هەماهەنگن لەگەڵ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە کەپسانەی زبڵەکان دەگوازنەوە بۆ زبڵخانەکە یاخود کە هاووڵاتیان بۆ فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی و خانووبەرە دێنە زبڵخانەی ناوبراو.
وتوشیەتی، پاک و خاوێنی شار ئەرکی هەموولایەکمانە لەپێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پاراستنی سیمای جوانی شارەکەمان .
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری قەزای دوبز بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بەهۆی کێشەی زهویوزارهوه لە گوندی کێفی سەر بە قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکوک کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، شەڕەکە لە نێوان خەڵکی گوندەکە رویداوە و کوژراوەکە ناوی (سەڵاح غازی)ـە و بریندارەکەیش برای كوژراوهكهیه به ناوی (ساڵح غازی).
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لەهەندێک ناوچە خۆڵبارین بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت، لەگەڵ هەبوونی تۆز و خۆڵ لەهەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی هەرێم، هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە.
هاوکات کەشناسی عیراق رایگەیاندووە، لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی گەرما تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند کە دابەشکردنی هاوکاری دارایی ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی کە لە پرۆسەی "هەژماری من" بەشدارن بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی لە ئاگاداریەکەیدا رایگەیاندوە کە دواخستنەکە بەهۆی پشووی رەسمی بانکی ناوەندی عیراقەوەیە لە رۆژی یەکشەممە (06/07/2025).
ئەوەش هاتووە؛ ئەم بڕیارە تەنها ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لە پرۆسەی "هەژماری من" بەشدارن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک لەهەرێمی کوردستان درێژکرایەوە و بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێمیش دەڵێت: تا سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک تا رۆژی 1ـی8ـی2025 درێژکرایەوە.
وتیشی، بڕیاربوو سبەینێ پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمەکە تا سبەینێ کۆتایی پێبهێنین، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عیراق، ئێمەش وادەکەمان تا سەرەتای مانگی داهاتوو درێژکردەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم لە هەندێک ناوچە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 نزمتر دەبێت بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ شەممە بەگشی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
هاوکات کەشناسی عیراق ئاشکراکردووە، لە رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە، شەپۆلی گەرمای دیکە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ و سبەینێ شەممە شەقامی بازنەیی مەلیک لە نزیک نەخۆشخانەی شار بە ئاڕاستەی پردی کۆبانێ دادەخرێت و کاری قیرتاوکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوە.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە، تیمەکانیان هەڵدەستن بە تەواوکردنی کاری قیرتاوکردنی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، کە لەرۆژانی رابردوودا بەهۆی ئاستەنگی هاتوچۆوە کارەکان دواخرا بۆ کاتێکی گونجاو.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ و سبەینێ شەممە کارەکانیان لەو شەقامە بەردەوام دەبێت و هەروەها کارکردن لەسەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە دەستپێدەکات.
هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین سێ کەسیان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان دانی بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری خۆشی دا ناوە.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، دوای بەدەستهێنانی زانیاری لە لایەن هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیەوە، سێ کەس بە ناوەکانی (م، م، ق) لە دایکبووی ساڵی 2005 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-ئیسکان، (هـ، ج، ک) لە دایکبووی ساڵی2005 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-پەنجا عەلی، و (م، ئ، م) لە دایکبووی ساڵی 1998 پیشە کاسب دانیشتووی کەرکوک-رەحیماوا لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیرکراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتباران هەستاون بە هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری BMW330 مۆدێل 2024 رەنگی رەش لە شاری هەولێرەوە بۆ پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە و لێکردنەوەی تابلۆکانی بە مەبەستی ساخکردنەوەی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا. ئۆتۆمبیلەکە پێشتر لە لایەن تۆمەتبار (م، م، ق)ەوە بە کرێ بۆ ماوەی مانگێک بەکرێگیراوە.
دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، تۆمەتبار (م، م، ق) لە کاتی وەرگرتنی ووتەکانیدا دانی بە تاوانێکی ترناوە. ئەو هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری لە جۆری کیا سپۆرتاج مۆدێل 2014 رەنگی سپی لە شاری کەرکوک و فرۆشتوویەتی بە بڕی 13000دۆلاری ئەمریکی.
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند کە لەڕۆژی شەممەوە، کاری نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی سلێمانی - عەربەت دەستپێدەکات و داوا لە شۆفێران دەکات رێگاکانی جێگرەوە بەکار بهێنن.
بەپێی راگەیەندراوی شارەوانیی سلێمانی، تیمەکانی کارگێڕی هەڵدەستن بەکاری کڕاندنی رووی شەقامەکە لە نێوان یەکتربڕی فلکەی قەرەداغ تا بازگەی عەربەت سلێمانی، پاشان قیرکردنەوەی شەقامەکە ئەنجام دەدرێت.
شارەوانیی سلێمانی داوای لە شۆفێران و هاووڵاتییان کردووە کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەدا، ئەو شەقامانە بەکاربهێنن کە وەک جێگرەوە دیاریکراون.
دوای نزیکەی دوو هەفتە تەرمی عەبدولڕەحمان خالیدی تەمەن حەوت ساڵ لە زێی بچووک دۆزاریەوە کە لە سەیرانگای بۆگد لەگەڵ باوکی و خوشکێکیدا خنکان.
لە رێکەوتی 21/6 لە سەیرانگای بۆگد خێزانێکی بە رەگەز عەرەب کە پێک هاتبوو لە "باوکێک و دوو منداڵ" کەوتنە ناو ئاوی سەیرانگەکەوە و دوای 13 رۆژ لە بێ سەروشوێنبوونی تەرمی کوڕەکە، ئەمڕۆ تەرمەکەی لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە دۆزرایەوە.
رووداوەکە 13 رۆژ پێش ئێستا رویداوە و لەپاش گەڕانێکی درێژ ئەمڕۆ تەرمی منداڵەکە لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە دۆزراوەتەوە.
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان کۆبوونەوە و تیایدا باسیان لەوە کرد کێ بەشدار دەبێت لەو شاندەی، کە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دەدات.
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بە سەرۆکایەتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە بۆ لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنەوە كرا کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو وەفدەی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە ئەنجام دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، باس لە کۆبوونەوەی وەفدی ئیمراڵی کراوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتی جەهەپە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەم پارتی باسیان لە دوایین روداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کردووە.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە راگەیەنراوێکی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکانەوە چەند زانیاری و رێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە.
دەقی بڕیار و رێنماییەکان:
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنیی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی هاتوچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنوری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێسەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ هەینی خۆڵبارینێکی کەم بەردەوام دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ. کەشناسیی عیراقیش دەڵێت: ئەو شەپۆلە هەوا فێنكە لە سیبریاوە رووی لە عیراق و هەرێم كردووە و تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم لە کەشدا، هەروەها بەردەوامی خۆڵبارین بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوری هەرێم.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەینی، بەهەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام خۆڵبارین بە رێژەیەکی کەم بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات و دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەڵام سبەینێ خێراییەکەی کەمتر دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێتی.
کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ، بەڵام سبەینێ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
لەلایەکی دیکەشەوە کەشناسیی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، كاریگەری شەپۆلی سیبریا لە كاتەكانی شەو و بەرەبەیاندا زیاتر دەبێت و خێرایی بای باكور لە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق دەگاتە 45 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، بە گشتی پلەکانی گەرما تاوەکو دووشەممەی داهاتوو لە خوار 40 پلەوە دەمێننەوە، و لە دوای ئەو كاتەشەوە پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما تەنیا لە ناوچەكانی باشوری عیراق بەرزببنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 37 پلەی سیلیزی
دهۆک : 38 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە :38 پلەی سیلیزی
سۆران : 38 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان :41 پلەی سیلیزی
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بە بڕی 61 ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی ئەو شوێنانە دراوە کە سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە و 21 شوێنی کاریش داخراون.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی بۆ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتە روو، شەش هەزار و 770 سەردانیان ئەنجامداوە، کە لەو سەردانانەدا 127 شوێنکار ئاگادار کراونەتەوە و زیاتر لە 26 تۆن ماددەی بەسەرچووش لەناوبراوە.
بەپێی ئامارەکانی قائیمقامییەت، هەر بەهۆی سەرپێچییەکانەوە 21 شوێنی بارزگانی داخراون، کە لە رابردوودا ئاگادارکردنەوەیان هەبووە، بەڵام پابەندی رێنماییەکان نەبوون و جارێکی دیکە سەرپێچییان ئەنجام داوە، هەروەها سێ شوێنکاریش دراون بە دادگا.
بەراورد بە مانگی ئایار
بەراورد بە مانگی ئایار ژمارەی سەردانەکانی لیژنەکە کەمتر بووە، کە لە مانگی پێنجدا شەش هەزار و 29 سەردان ئەنجام دراوە، بەڵام ژمارەی سزادان بە پێبژاردن بووە بە دوو هێندە، بەجۆرێک لە مانگی پێنجدا بە بڕی 30 ملیۆن و 25 هەزار دینار سزای پێبژاردن هەبووە، بەڵام لە مانگی شەشدا سزاکە بۆ 61 ملیۆن بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە مانگی پێنجدا بڕی 87 تۆن و 416 کەلوپەل و خۆراک لەناوبراون کە شیاوی بەکارهێنان نەبوون، بەڵام لە مانگی شەشدا بڕەکە بۆ 26 تۆن و 29 کیلۆگرام کەمبووەتەوە.
هاوکات، لە مانگی پێنجدا 741 سەرپێچێ ئەنجامدراون، بەڵام لە مانگی شەشدا ژمارەی سەرپێچییەکان کەمبووەتەوە بۆ 452 سەرپێچی.