نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی رایگەیاند، پیرۆزبایی رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی لە تورکمانەکانی ھەرێم دەکات.
جەختیش لەوەدەکاتەوە، ھەموو پشتگیرییەک لە مافەکانی پێکھاتەی تورکمان و تەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان دەکات، دڵنیاشیان دەکاتەوە، ھەرێمی کوردستان بۆ ھەمیشە بە وڵاتی پێکەوەژیانە و بۆ ھەمووان دەمێنێتەوە
حدکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، رووداوی تەقەکردن لە سوھراب ڕەحمەتی لە ھەولێر، ئێرانی لە پشتەو چاوەڕوانن دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێم بەدواداچوون بۆ ئەو کردەوە تیرۆریستییە بکەن
راشیگەیاند، سوھراب رەحمەتی کادری پێشووی حزبی دیموکراتە و پارێزەری چەند دۆسیەیەکە و پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ئێرانەوە ھەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
ھاوکات تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سوھراب رەحمەتی ئەرکی پارێزەرایەتی ژمارەیەک دۆسیەی پێوەندیدار بە تیرۆری چالاکانی سیاسیی کوردی لە ھەرێم گرتووتەئەستۆ، بەوھۆیەشەوە چەندینجار لەلایەن دامودەزگاکانی ئێرانەوە ھەڕەشەی لێکراوە، شەوی رابردووش لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ھەولێر بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێکراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا سێ ئەندامی دیکەی حزبی دیموکرات بە ناوەکانی "سیامەند شابۆیی، عادل موھاجیر، لوقمان ئاجی" لە ھەرێمی کوردستان تیرۆرکراون.
ھێمن سلێمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دھۆک لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ھاووڵاتییەک بەناوی ھاریوان حسێن کە تەمەنی ٣٧ ساڵە، ماوەی حەوت رۆژە لە ماڵ چوەتەدەرەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و بێسەروشوێن بووە.
وتەبێژی پۆلیسی دھۆک داواشدەکات، ھەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەو ھاووڵاتییە ھەیە ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکرێت و چارەنووسی ئاشکرا بکرێت.
ھاوکات بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئەو ھاووڵاتییە خێزاندارە و پیشەی پێشمەرگەیە.
کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە دەروازەی تیلەکۆ لەگەڵ وەفدێکی ئێرانی و لێپرسراوی "دەروازەی تیلەکۆ/ئێران" کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکرد و لێکتێگەشتنی ھەردوولا بڕیاردرا، ھەفتەی داھاتوو رێگای کۆڵبەری لە دەروازەی تیلەکۆ بەڕووی کاسبکاراندا بکرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر سێ ساڵە کۆڵبەری لە دەروازەی تیلەکۆ بە بڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران راگیراوە، کە پێشتر ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران لەو دەروازەیەوە کاریان دەکرد و بژێوی رۆژانەی خێزانەکانیان دابیندەکرد.
"عەلی رووف"نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، بۆ بابەتی دامەزراندن و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.
وتیشی، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ناوەندی بڕیاردانە و دەتوانرێت بڕیار لەسەر چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژبدات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ھەرێمی کوردستان ٣٧ ھەزار مامۆستایی وانەبێژ ھەیە، زۆرترین رێژەش لە پارێزگای دھۆکە، شایستەی داراییەکانیشان نزیکەی ١٥ ملیار دینارە، ئەگەر دابمەزرێنرێن، بڕی شایستە داراییەکانیان دەگاتە ٢٥ ملیار دینار.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش بکرێت.
دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم رایگەیاندووە، رۆژی ھەینی دووبارە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لەسەر ھەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە، بۆیە دووبارە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرماش زیاتر دادەبەزن.
وتیشی، رۆژی شەممە و یەکشەممەی داھاتوو ئەو کاریگەرییە کەمدەبێتەوە و کەشوھەوا سەقامگیردەبێت، رۆژی دووشەممە و سێشەممەی داھاتوو جارێکی تر بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
عەلی رەئووف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو شایستە داراییەکانی مانگی نۆی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت.
راشیگەیاند، ھەر ھەمان ڕۆژ مامۆستایانی وانەبێژی ھەولێر بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان و بەھەمیشەیکردنیان سەعات ١٠ بەیانی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ٣٨ ھەزار مامۆستای وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە کرێی مانگانەیان ١٥ ملیار دینارە چاوەڕێی دامەزاراندنن، بەڵام تائێستا ھیچ وەڵامێکیان لەلایەن حکومەتەوە نەدراوەتەوە.
ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکسێکدا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی بەندەری غەززە سەرکەوتوو بووە و بەندەرەکە لەلایەنی لیوای ١٨٨ی زرێپۆش و یەکەی کۆماندۆزی دەریییەوە کۆنترۆڵکراوە.
راشیگەیاند، چەکدارانی حەماس کە ئەو بە تیرۆریست ناویان دەبات، بەندەرەکەیان بۆ "کارە تیرۆریستییەکانیان" بەکارھێناوە، بەڵام چیتر بەندەرەکە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا نییە و سەرجەم باڵەخانەکانی مەرسای سەرەکیی پاککراونەتەوە.
ئالان حەمەسەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن زەرەر لە خوێندکاران دەدات، دڵنیایشدەدەنە مامۆستایان و خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە سلێمانی کە ماف و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو دەبێت.
وتیشی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی ھەموو شوێنەکانە و لە ئەنجومەنی وەزارەت سەبارەت بە خوێندکارانی سلێمانی دادەنیشن، بەڵام جەختیکردەوە لەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ھەموو شوێنێک تەواو دەکرێت.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم راشیگەیاند، ھەژمارکردن یاخود نەکردنی ساڵی خوێندن، لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەیە.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام، لە چالاکییەکی سەرکەوتوودا توانرا چوار تۆمەتباری مەترسیدار دەستگیربکرێن کە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن.
ھەروەھا بڕی زیاتر لە یەک کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی ھیرۆین و کریستاڵ و جامایکا دەستیبەسەرداگیرا، پەڕوای لێکۆڵینەوەش بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.
تەھا جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نەوت لەمەڵبەندی ١٠ لە ناوەندی شاری سلێمانی دابەشدەکرێت و دوای تەواوبونی ئەو مەڵبەندە، لە مەڵبەندی یەکەوە دەستپێدەکەنەوە.
وتیشی، دابەشکردنی نەوت لە قەزاکانی چەمچەماڵ و رانیە و دوکان و ھەڵەبجەی تازە بەردەوام دەبێت، لەسەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵیشەوە، لە ناوچە شاخاوییەکان و قەزا و ناحیەکانی دەرەوەی شار، ١٤٦ ھەزار ٥٤٠ خێزان نەوتیان وەرگرتووە و لەناو سەنتەری شاریشدا، ٤٤ ھەزار و ١٨٤ خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
راشیگەیاند، پێویستیان بە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ھەموو خێزانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نەوت وەربگرن و تائێستا توانیویانە ٣٨ ملیۆن لیتر نەوت دابەشبکەن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش، لە ماوەی ئەمساڵدا ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە جیا جیاکانی ھەرێمی کوردستان دابەشکراوە و ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتری وەرگرتووە.
کاکەڕەش سدیق ئەندامی لیژنەکە و سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ھادی عامری سەرۆکی لیژنەکە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی رابردوو و ھەروەھا کارەکانی ئێستا و بەرنامەی داھاتووی لیژنەکە دەکرێت.
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوەشدا، وەکو ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەکە، دوو یاداشتیان ئاڕاستەی کۆبوونەوەکە کردووە، لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە.
بەپێی نوسراوێک کە ئاڕاستەی ھۆبە کشتوکاڵییەکانی خۆیان لە قەزا و ناحییەکانی کەرکوک کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی کەرکوک رایگەیاندووە، نوێکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی شارەکە ئەو زەوییانە ناگرێتەوە کە پەیوەستن بە ماددەی ١٤٠ی دەستور، کە ئەو گرێبەستانەی زەویە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی رژێمی بەعسە کە بۆ تەعریب بەسەر عەرەبە ھاوردەکان دابەشیکردوون.
پێشتریش لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی تەعریبی لە پارێزگاکە بە بڕیاری ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵوەشاندبووەوە.
بەپێی ئەو نوسراوەی کشتوکاڵی کەرکوک، عەرەبە ھاوردەکان ھیچ مافێکیان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێشوویانەوە لە کەرکوک نەماوە.
کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری بانە کوژرا، بەوەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دوو کۆڵبەر لەو سنورەدا کوژراون.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان کە تەمەنی ٢٨ ساڵە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری ھەنگەژاڵ لە بانە کوژرا، بەپێی راپۆرتەکە، ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی "قاچیان"ە لە شاری دیواندەرە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممەش کۆڵبەرێکی دیکە تەقەی لێکرا و لە ھەمان سنور کوژرا، بەوەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دوو کۆڵبەر لە سنوری بانە کوژراون.
بەپێی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای پاییزەوە واتە لە ماوەی ٥٥ رۆژدا، پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و لانیکەم ٣٥ کۆڵبەری دیکە برینداربوون.
بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بەڕێوەچوو، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم جەختیلەوەکردەوە، لە چوارچێوەی دەستوور ئامادەن لەزووترین کاتدا ھەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە، ھەروەھا وەفدی دانووستانکاری حکومەتی ھەرێم ڕاسپێردرا، لەچوارچێوەی دەستوور لە ھەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.
لەبڕگەی دووەمی کۆبووەنەکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سیستمی دارایی و ژمێریاریی ھەرێم کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە ھاوکاری و ھەماھەنگی وەزارەتی دارایی وئابووری بکەن.