پاسپۆڕتی سلێمانی ئاگادارییەکی تایبەت بەو هاووڵاتییە کوردانە بڵاوکردەوە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و زیاتر لە دووجار پاسپۆڕتەکانیان ون کردووە یان تێکچووە و ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت بۆ مامەڵەکانیان بگەڕێنەوە کوردستان.

پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو هاووڵاتیە کوردانەی زیاتر لە جارێک پاسپۆرتەکانیان ون کردووە یان پاسپۆڕتەکانیان تێکچووە و دەیانەوێت پاسپۆڕت وەربگرنەوە، ئەوا پێویستە خۆیان بۆ ئەنجامندانی مامەڵەکەی بگەڕێنەوە کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عیراق لە دەرەوەی وات ئەو مامەڵەیە ئەنجام نادرێت.

دەشڵێت، بۆ ئەو جۆرە مامەڵەیە پێویستە ماوەی دوو بۆ سێ مانگ لە هەرێم بمێننەوە، تاوەکو مامەڵەکانیان لەنێوان دادگای لێکۆڵینەوە و دادگای کەتن تەواو دەبێت.

ئەو هاووڵاتیانەی بەشێوەی نایاسایی یان یاسایی دەچنە وڵاتانی دیکە و لەوێ نیشتەجێ دەبن، بەشێکیان توشی گرفتی ونبوون یان تێکچوونی پاسپۆڕتەکانیان دەبن، لە ئەگەری ونکردن و تێکچوونی پاسپۆڕتدا ئەگەر جاری یەکەم بێت، ئەوا دەتوانن لەرێگای باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانەوە مامەڵەی وەرگرتنەوەی پاسپۆڕتەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر لە دوو جار زیاتر بێت، بەپێی رێنماییەکانی پاسپۆڕت دەبێت خۆیان بگەڕێنەوە و مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.