لە شاری سلێمانی و بە بەشداریی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، سێیەمین خولی پێشانگای "صنع في العراق" دەستیپێکرد، کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ئاراستەی بازاڕە لە هاوردەکردنەوە بۆ هەناردەکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، سێیەمین خولی پێشانگای تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بە چاودێری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی حکومەتی عیراق و بە سەرپەرشتی کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل کرایەوە.
بەپێی ئامارەکانی پێشانگاکە، پارێزگای سلێمانی خاوەنی زیاتر لە 30%ی کۆی پیشەسازیی عیراقە، هەر بۆیە کردنەوەی ئەم پێشانگایە لەم شارەدا گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ ناساندنی براندە ناوخۆییەکان بە بازرگانان و هاووڵاتیان.
ئامانجەکان؛ لە خوێندکارەوە بۆ بازرگان:
پێشانگاکە کە تا رۆژی 6ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە:
رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
واژۆکردنی گرێبەستی بازرگانی لەنێوان خاوەن کارگەکان و بازرگانەکاندا.
دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و هاندانی هەناردەکردن.
ناساندنی تواناکانی کەرتی تایبەت بە کەرتی گشتی.
مێژوویەک لە گەشەکردن:
ئەمە سێیەمین جارە ئەم پێشانگایە ساز دەکرێت؛ خولی یەکەم لە ساڵی 2021 و خولی دووەم لە حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوون. چاوەڕوان دەکرێت لەم خولەدا ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان و کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان نمایش بکەن کە توانای رکابەریی کاڵای بیانییان هەیە.
بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە ئومێدیان وایە، ئەم هەنگاوە ببێتە پردێک بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا عیراق و هەرێمی کوردستان ببنە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵا هەناردەی دەرەوە دەکەن و متمانەی هاووڵاتی بۆ بەرهەمی ناوخۆ بگەڕێننەوە.
قوباد تاڵەبانی لە دیداری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بە پەیامێکی گرنگ دەزانێت و داوای هەماهەنگی زیاتر دەکات بۆ پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی کرد لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. تەوەرە سەرەکییەکان بریتی بوون لە کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە، هەڕەشە ئەمنییەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێ.
لە دەستپێکدا، قوباد تاڵەبانی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان بە "رووداوێکی گرنگ" و نیشانەی بەهێزیی پەیوەندییەکان وەسف کرد.
پەیامی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ وەفدە ئەمریکییەکە روون بوو: "دەرگای هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەروی ئەمریکادا، چ بۆ کاری ئەمنی بێت یان ئابووری، بازرگانی و کلتووری."
پرسی هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو. قوباد تاڵەبانی هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" و لێدان لە ژێرخانی ئابووری و وزە ناوبرد و وتی: "چەندبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کە دەبێت ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا.
سەبارەت بە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت، قوباد تاڵەبانی هێڵە گشتییەکانی خستەڕوو و جەختی کردەوە کە ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای "هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە".
وتیشی: "دەبێت حکومەتەکە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پرۆسەکە قۆناغی باشی بڕیوە و ئامانجەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی کە "دوور بێت لە هەر چەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی راگەیاند و رێنمایی تایبەت دەداتە ئەو شۆفێرانەی لە تانجەرۆوە دێن، هاوکات رێگە بە بارهەڵگرەکان دەدرێت شەقامەکە بەکاربهێنن.
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا شەقامەکە بە هەردوو ئاراستە لە رێگەی کەرکوکەوە بۆ قەرەداغ و تانجەرۆ و بە پێچەوانەشەوە بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.
وتەبێژی هاتووچۆ روونکردنەوەیەکی گرنگی بۆ ئەو شۆفێرانە بڵاوکردەوە کە لە ئاراستەی تانجەرۆوە دێن؛ بەو پێیەی هێشتا کارکردن لە "پردی تاسڵوجە" تەواو نەبووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە لە کۆتایی شەقامی 100 مەترییەکەدا دەبێت بچنە سەر شەقامی کەرکوک-سلێمانی و دواتر ئاراستەی دەرچوون لە سلێمانی وەربگرن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمەودوا شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەتوانن شەقامی 100 مەتری بەکاربهێنن لەو ئاڕاستانەی دیاری کراوە، ئەم هەنگاوەش فشار و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی راپەڕین و شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کەم دەکاتەوە.
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بە "وریاییەوە" شەقامەکە بەکاربهێنن، چونکە هێشتا تیمەکان بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کارکردنن تێیدا و پرۆژەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی دکتۆر رێواز فایەق دەکات و دەڵێت، هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لە ناخەوە نیگەرانی کردووە.
لە پەیامەکەدا خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە، بە بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی فایەق حسێن، "زۆر غەمبار" بووە، بۆ ئەو کۆستەش پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی دکتۆر رێواز و تەواوی خێزان و کەسوکارەکەی دەکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "هاوبەشی خەم و پەژارەیانم، داواکارم لە خوای گەورە کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت و ئەوە دوایین ناخۆشی بێت."
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی شەقامی (100 مەتری) لە شاری سلێمانی کرایەوە و ئاماژەیان بەوەشکردوە کاتی رەسمی کردنەوەکە مانگی داهاتوو بوە، بەڵآم بەهۆی داواکری هاووڵاتییان و و بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ئەو بڕیارەیان داوە و اواش لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنمای و خێرایی شەقامەکە بن.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ شەقامەکە لە ئاڕاستەی کەرکوک بەرەو رێگای قەرەداغ بەشێوەی راستەوخۆیە یە و و سایدی ڕۆشتوو لە رێگای قەرەداغ بۆ تاسڵوجەوە، بەهۆی تەواو نەبوونی پردی تاسڵوجەوە دەخرێتەوە سەر ڕێگای سلێمانی- کەرکوک.
شارەوانی دەشڵێت؛ هەرچەندە کاتی کردنەوەی تەواوی شەقامەکە بە رەسمی دەکەوێتە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، بەڵام بەهۆی داواکاری زۆری هاووڵاتییان و بەمەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک و قەرەباڵغی شەقامەکە بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەم بڕیارەی دا.
شارەوانی جەختیشدەکاتەوە لەوەی کارکردن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی تری پڕۆژەکە بەسەرپەرشتیی فەرمانگەی شەقامی 100م و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامی دەبێت تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم بڕگەکان و کردنەوەی بەرەسمی.
سەرۆکایەتی شارەوانی داواش لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات بۆ دوربون لە روداوەی نەخوازراو پابەندی رێنماییەکان و خێرای شەقامەکە بن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ کریستۆفەر بۆوم باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەممە 2ـی 12ـی 2025 بەڕێوەچوو، باس لەوە کرا لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کەنەدا.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی کەنەدای کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و کوردستاندا و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت بەشدارییەکی کاریگەرتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی عیراق و هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانی کوردی – کەنەدی کرا و هەردوولا هاوڕابوون ئەنجومەنەکە دەتوانێت رۆڵی باش و کاریگەر ببینێت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بووژانەوەی ئابووری گوندەکان. هاوڕابوون کە گرنگیدان بە گوندەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گوندەکان کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و فرەچەشنکردنی ئابووری کوردستان.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین، غازی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت و پێویستە بخرێتە خزمەتی هاووڵاییانی هەرێمەوە،هەروەها ئیدانەی هێرشەکەی کۆرمۆیان کرد و باسکردن لە ئاسایشی هەرێم و عیراقیش بەشێکی دیکی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.
ئەمرۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە کۆبونەوەوەکەدا، باس لە روداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا روداوەکەیان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێمی کوردستان و عیراق وەسف کرد و ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەوەی، کە لەگەڵ ئەوەدانن غازی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابوری کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە عیراق و هەرێم بەرەو گەشەپێدانی ئابووری هەنگاودەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عیراق زیاتر بووە.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ژاپۆن و عیراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی پێویست زانی و جەختیشی کردەوە کە ژاپۆن دەتوانێت رۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر ببینێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و عیراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەردوولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عیراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتربێت
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند؛ موچەی مانگی نۆی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەگەڵ بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەشدەکرێت، کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەت دارایی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ رۆژی چوار شەممە و پێنج شەمم، موچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، هەر لەو دوو رۆژەدا موچەی مانگی ئەیلوول و مووچەی مانگی ئازاری ساڵی ( 2025 )ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( 2024/7/1 )ـوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
دارایی هەرێم دەشڵیت؛ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانی سبەینێ و رۆژی دواتر موچەکانیان وەردەگرن، شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
قائیمقامیەتی قەزای رانیە، رایگەیاندوە، ئەو هاووڵاتییانەی لە سیستەمی ئەلکترۆنی خۆراک بلۆک کراون، بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانی، بلۆککردنی گەشتیاری و گەڕاونەتەوە کوردستان دەتوانن سەردانی بەشی خۆراک بکەن بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، قائیمقامیەتی قەزای رانیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی (کارتی نیشتمانی، بلۆککردنی گەشتیاری و گەڕاونەتەوە کوردستان) لە سیستەمی ئەلکترۆنی خۆراک بلۆک کراون، سەردانی بەشی خۆراک بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاووڵاتییانەی دەکەونەوە سنورەکەیانەوە و ژمارەی فۆڕمەکانیان (287 و 292)ە، سەردانی بەشی خۆراکی رانیە بکەن بەمەبەستی ایکردنی مامەڵەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هەروەها داوا لەو هاووڵاتیانەش دەکرێت کە پێویستە ئەم پێداویستیانەیان پێبێت؛
-ئەو موبایلەی سیستەمەکەی پێ ئەنجام دراوە.
-کارتی نیشتمانی ئەو هاوڵاتیەی مامەڵەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
-کارتی زانیاری سەرۆکی خێزان.
-فۆڕمی خۆراک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی گرژییەکانی گوندی لاجان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە ئامادەین کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە".
دەقی پەیامەکە...
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قووڵی نیگەرانە لەو گرژیانەی کە لەم دواییانەدا لە گوندی لاجان لە هەولێر روویانداوە. داوا لە حکومەت دەکەین کە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدات. نیگەرانییەکانی ئەو خەڵکەش مافی رەوای خۆیانە و دەنگەکەیان دەبێت ببیسترێت.
پەیامی هەرکییەکان و هەموو ئەوکەسانەی کە لەناو ئەو رووداوەدان گەیشت و داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین پابەندی یاسابن.
گرژییەکان دەبێت بوەستن. ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەین بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی ئارامی و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاونیشتمانیان. ئەمە ساتێکی هەستیارە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و دەبێت کورد بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە بەتایبەتی ئێستا کە کاتی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداد.
ئێمە ئامادەین کە کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە. وە دەبێت ناوچەکان لە هێزی سەربازی دابماڵرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نرخی کارەبای موەلیدەی گەڕەک بۆ مانگی 11 دیاریکرا و نرخی ئەمپێرێک بۆ هەر سەعاتێک 46 دینارە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا بۆ مانگی 11، نرخی ههر سەعاتێک کارەبای موەلیدە بۆ یهك ئهمپێر 46 دینارە، ئەو نرخەش بۆ ئەو قەزاو ناحیانەیە كە هێشتا كارەبایان نەبووە بە بەردەوام لە چوارچێوەی پرۆژەی روناكی و موەلیدەكانیان كاردەكەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە موەلیدەی ستییەکانیش، نرخی کیۆوات ئاوەڕێک بۆ مانگی 11 بریتییە لە 290 دینار.
کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ستییانەش كە تاكە سەرچاوەی كارەبایان موەلیدەیە و كارەبای نیشتمانیان نییە نرخی كیلۆواتیان 277 دینارە.
مانگی رابردوو زیاتر 22 هەزار منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی د. جەمال ئەحمەد رەشیدیان کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگی رابردوو لە رۆژی 1 بۆ 30ـی11ـی2025 لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید، 22 هەزار و 859 منداڵی نەخۆش لە هەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەكە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و دوو هەزار و 905 منداڵیش داخڵ كراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەکە 876 حاڵەتی سكچون و رشانەوە و ووشكبوونەوە و 827 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراوە ، 304 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 106 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 132 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون و 218 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون.
هەر بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندورستی، 19 هەزار و 830 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 474 سۆنەر و 118 ئیكۆ و 32 نازور ئەنجام دراوە و 475 تیشك گیراوە.
بە تۆمەتی لێکردنەوە و بردنی ئینگلاینی تاوەرەکانی سنوری ناحیەی ئاشتی دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەنرادوێکدا بڵاویکردەوە، دوو کەس لە سنوری ناحیەی ئاشتی و ئاغجەلەر بە تۆمەتی لێکردنەوە و دزینی ئینگلاین و ئاسنی تاوەرەکانی کارەبا دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سنورەکە دەستبەسەرن و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، تاوەری هێڵی 132 كەی ڤی بازیان – رانیە، ئینگلاین و ئاسنی لێكراوەتەوە و زیانیان پێگەیشتوە و دوێنێش تیمەكانی چاكسازیی هێڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی كارەبای سلێمانی بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسی بۆ سەر تاوەرەكان بەشێك لە ئینگلاینەكانیان داناوەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی دهاتوودا ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵەهەور، هەروەها پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ زیاتر نزم دەبنەوە.
کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە شەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور وە لە هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت.
ئاشکراشیکرد، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.
هاوکات دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاندووە، لە رۆژی هەینیەوە شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 18 پلەی سیلیزی
دهۆک : 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 18 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 19 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 18 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 20 پلەی سیلیزی
دانیشتوانی گوندی لاجان بە مەرجی كشانەوەی تەواوی هێزە ئەمنییەكان و ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوەكان دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكەیان.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، دوای ئەوەی خەڵكی گوندی لاجان بە هۆی فشاری هێزە ئەمنییەكان گوندەكەیان چۆڵكرد و لە دەرەوەی گوندەكە مانەوە، لە ئێستادا بەپێی رێككەوتنێك گوندنشینان بە مەرجی كشانەوەی هێزە ئەمنییەكان لە گوندەكە و ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوەكان لە ماوەی دوو رۆژدا دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكەیان.
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا دانیشتووانی گوندی لاجان لە سنووری هەولێر بۆ داواكردنی هەلی كار و دامەزراندن، لەبەردەم پاڵاوگەی لاناز گردبوونەوە، دواتر گردبوونەوەكە گرژی لێكەوتەوە و شەڕ و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و پاسەوانەكانی پاڵاوگەی لاناز دروستبوو.
لە قەزای خەباتی سنوری پارێزگای هەولێر گرژییەکان زیادی کردووە و دانیشتوانی قەزاکە بارەگاکانی پارتی دەسوتێنن.
هەرکییەکانی خەبات بۆ کوردسات نیوز رایانگەیاند: تاوان دژی دانیشتوانی گوندی لاجان ئەنجامدراوە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەو سنورە ئەنفالە.
دەشڵێن: چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەو هەموو زوڵمەیان نەماوە.
هەرکییەکانی خەبات ئەوەشیان خستەڕوو، دەسەڵات کرێکاریش بۆ گەنجەکانیان بە رەوا نابینێت.