قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا کۆبووەوە
سام
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ کریستۆفەر بۆوم باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەممە 2ـی 12ـی 2025 بەڕێوەچوو، باس لەوە کرا لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کەنەدا.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی کەنەدای کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و کوردستاندا و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت بەشدارییەکی کاریگەرتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی عیراق و هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانی کوردی – کەنەدی کرا و هەردوولا هاوڕابوون ئەنجومەنەکە دەتوانێت رۆڵی باش و کاریگەر ببینێت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بووژانەوەی ئابووری گوندەکان. هاوڕابوون کە گرنگیدان بە گوندەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گوندەکان کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و فرەچەشنکردنی ئابووری کوردستان.



